په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٥

لە یادی ١١٧ی ڕۆژنامەی کوردستانی دایک دا.

''تۆ''یەکەی فرمێسک مستەفا.

- خوێندنەوەیەکی شیعری -.

سەباح        


شیعر ئەو ئەوینە سیحرییەیە کە لە پەنجەرەی خەمەکانەوە دێت و شنەبای فریادڕەسی پێیە!! فرمێسک بە نیشتمانێک پڕ لە وەنەوشەوە دێت و خۆی دەکات بە ڕۆحماندا. زمانی شیعر لە قسەکردنی ئاسایی جیاوازە، چونکە پێوەندی دروست دەکات لەنێوان ئەو شتانەدا کە دەرکیان پێکراوە، لەگەڵ ئەو شتانەی کە ناتوانرێت دەرکیان پێبکرێت. ئەگەر وشەکان عەشقبازی لەگەڵ یەکدیدا بکەن وەک "ئەندرێ بریتۆن" دەڵێت، ئەوا شاعیریش دڵداری لەگەڵ وشەدا دەکات. فرمێسک زۆر ڕاستگۆیانە بە نێو کووچە و پێچاوپێچەکانی ژیاندا دەگەڕێت، بە کۆمەڵێک وشە و دەبڕینی جوان شیعرێکی ناسک پێشکەش دەکات، سیمۆن دی بۆڤوار لە کتێبەکەیدا"ڕەگەزەکەی تر" دەڵێت:" کە نێر و مێ لە دایک دەبن وەک یەکن، بەڵام پەروەردە و کۆمەڵگە جیایان دەکاتەوە بۆ دوو ڕەگەزی جیاواز." شاعیری داھێنەر زیندەوەرێکە لە کەس ناچێت و کەسیش لە ئەو ناچێت، ڕەنگە شیعر، جیاواز لەژانرەکانی تر، کەمتر بتوانیت لەگەڵی ھەڵبکەیت و بەبەردەوام تێیدا بمێنیتەوە، واتە لەشیعردا شیاوە ئەزموونێکی بەرفراوانی ساڵانێکی دوورودرێژ، ببێتە چەند بەیتێک، یان دەق و چامەیەک.


تۆ
دڵرەقیت دەموەرێنێت
با
دەمھێنێتەوە بۆ لای
تۆ


ئەدەبی ڕاستەقینە ڕۆڵی دایک دەبینێت دەتوانێت خوێنەر و شاعیریش پەروەردە و گۆش بکات. شیعر حەز، ئارەزوو، خەم، ھیوا و داخوازی ئەم خانمە شاعیرەی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە. ئەمڕۆکە شیعر، بەرەو لاساییکردنەوە و زۆری و بۆری دەڕوا، ئەم ڕەوتە مەترسیدارە، شاعیرانی تووشی بەنداوێک کردووە و دەربازبوون لێی ئەستەمە، شیعر ئەگەر دۆزینەوەی جیھانێکی نوێ و پردێک نەبێت، نەبووونی لە بوونی پیرۆزترە. زمانی شیعر ھەوڵی ئەوە دەدات کە سیستەمێکی تایبەت بە خۆی بخولقێنێ، تایبەتمەندی ئەم خولقاندنەش پەیوەستە بە شاعیرەوە. شیعر وەک ئەفراندن کارێکی شۆڕشگێرانەی قاڵبشکێنە و ھیچ یاسا و ڕێساسەک قەبووڵ ناکات، "ئەحلام موستەغانمی" گوتەنی: " ئەدەب بۆ ئەوەیە فێری خۆشەویستی بین.".


بێ تۆیی سڕم دەکات
بەفر
دەمباتەوە بەر پەنجەرەکەی
تۆ


دەقی شیعر ژانرێکی دیاری دونیای ئەدەبە، خودان زمانی تایبەتی بە خۆیەتی، بە وێنەی جوان و ڕوون خۆی دەرازێنێتەوە، زمانی شیعر، زمانێکی خودییە و ئامانجی یەکەمی ئەفڕاندنە، زمانی ئاسایی ئاماژە بۆ جیھان و شتەکانی ناوی دەکات، بەڵام زمانی شیعر ئەو جیھانە سەر لە نوێ بونیاد دەنێتەوە، ئەزموونی خودی و تاکەکەسی لە شیعردا، بە تایبەتی لە شیعری تازەدا، یەکێکە لە نیشانەکانی تازەخوازی و تازەبوونەوە و پێداگرتن لەسەر شیعرییەت و گوزارشتی شیعری. ئەزموونی کەسی واتا بایەخدانی پتر بە جیھانی ناوەوە، دونیای ھەست و نەست و خولیا کەلەکەبووەکانی مرۆڤ، ئەرستۆلە کتێبی "ھونەری شیعر"ەییەکەیدا دەڵێت:" شیعر لاساییکردنەوەی سروشتی شتەکانە بەتایبەتیش سروشتی مرۆڤ." شیعر بۆ زۆرینە نانووسرێت و ڕووی دەمی لە کەمینەیە، بۆیە خوێنەرێکی کەمیشی ھەیە، چونکە شیعر خۆی لەخۆیدا داھێنانە، نەک ھەر شیعر بەڵکوو سەرجەم ژانرە ئەدەبییەکانی دیکەش، لەمیانی تێکستە زیندووەکانەوە لەجەنجاڵی ژیان دوورمان دەخەنەوەو ئیدی لەمیانی میکانیزمە جیاجیاکانی ئەدەبیاتەوە، دونیایەکی جیاوازترمان لەبەرچاودا بەرجەستە دەکەن خۆم حەز بە شیعری سادە و بێ گرێوگۆڵ دەکەم، بەڵام سادە بەمانای ساکار نا، بەڵکوو ئاسانێک کە درەنگ خۆی بدات بەدەستەوە.


بێ باکیت دەمگرێنێت
باران
لە دڵمدا
دادەکاتەوە سەر ئەشقی
تەنیا
تۆ......


شیعر ڕەنگدانەوەی ھزر، خەیاڵ، ژینگە و ڕووداوەکانە، کردنەوەی دەرگەیەکە، تەواوی دیاردەکانی بوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەز باوەڕم بەوە نییە ئەدەب بە زمانی بازاڕی بنووسرێت. یەکێک لە شتە جوانەکانی ئەدەب زمانە، ئەوەی ئەدەبی خراپ لە ئەدەبی چاک جیادەکاتەوە، تەنیا زمانە. زمان کە بنچینەی شیعرە، شاعیر نەک ھەر پێویستە بە چاکی ئەو زمانە بزانێت کە پێی دەنووسێت، بەڵکوو دەبێت، گەشەی پێ بدات و مانای تازە و جیاواز لە مانا کۆنەکانی، تێدا بدۆزێتەوە. شیعر کارێکی تاکەکەسە و ئیش لە سەر زمانێکی گشتی دەکات، کەواتە شیعر جیھانبینییە، ئەم جیھانبینییەیش تەنیا لە ڕێگەی زمانەوە دێتەدی، ئەم تایبەتمەندییەش بەرھەمی سەلیقە و لێھاتووی شاعیر و شارەزایی لە دونیا و تێڕوانینی بۆ چەمکەکان دێتەدی. شاعیر لە رێگەی زمانەوە، جیھانمان بۆ ھەڵدەوەشێنێتەوە و جارێکی دیکە سەر لەنوێ دروستی دەکاتەوە. زمانی شیعرییەت، بە بێ ئەرک خۆیمان پیشان دەدات، کارێکی وا ئەنجام نادات کە ھەموو دونیا لەسەری تەبا بن. جۆرە ئیشکردنێکە لە سەر زمان بەڵام لە قووڵاییەکان ڕوو دەدات، بێدەنگ دەھێنێتە زمان، ئاماژەکان بەیان دەکات، دەنگەکان ڕووت دەکاتەوە و ژیان بە جۆرێکی دیکە دەنووسێتەوە. وەک "فۆکنەر" دەڵێت:" ئەگەر نووسەر باش و بەتوانا بێت، ھیچ شتێک نییە زیان بەنووسینەکانی بگەیەنێت، خۆ ئەگەر نووسەرێکی خراپیش بوو، ھیچ کەس و شتێک نییە بتوانێت ھاریکاری بکات." بۆ شیعر یەک شت ھەیە دانووستانی لەسەر ناکرێ ئەویش جوانی و شیعریەتە.

 

ھیچ ھەڵوێست و بڕوا و پیرۆزییەک شەفاعەت بۆ شیعری خراپ ناکەن، ناتوانن ناشیعرێک بکەن بە شیعر. شیعر دەبێ بخوێنرێتەوە، چێژی لێوەربگرێت و گەلێ جاریش بتخاتە ناو سەرسامییەکی قووڵەوە. پرسیارت تێدا بووروژێنێ. شیعری بێ خوێنەر یان دوور لە خوێنەر لە پردێکی ڕووخاو دەچێ، چون شیعر و خوێنەر یەکتری تەواو دەکەن. شیعر ئەو خەیاڵەیە، کە زمانێکی سەرسامکەر و سیحراوی دەخوڵقێنێ، ئەم زمانەی ھەموو مانا قامووسییەکان تێدەپەڕێنێ. شیعر ھەمیشە زمانی ھەڵبژاردەی ناو خەڵک بووە.

_________________________
سەرچاوە:
١- شیعری "تۆ" ی فرمێسک مستەفا، رۆژنامەی ھەولێر، ژمارە (٢٠٩٩) رۆژی سێشەم ١٧ی ئاداری ٢٠١٥، ل ٢٤.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک