تۆزێکیش سیاسه‌ت.
فه‌رهاد شاکه‌لی
دوو حه‌فته‌ی تر ئیدی هه‌موو دنیا ده‌زانێت سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ماوه‌ی چوار (یا هه‌شت) ساڵی داهاتوودا کێ ده‌بێت. ئه‌مه نهێنییه‌کی گه‌وره نییه من ئاشکرای بکه‌م، زانینیشی زیره‌کییه‌کی زۆری پێویست نییه. ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌رۆک یه‌کێکه له دوو که‌س: یا جۆن مه‌ککه‌ین یا باراک ئۆباما. له ڕووی هۆش و بیر و ژیری و گه‌لێ به‌هره‌ی که‌سه‌کییه‌وه ئۆباما زۆر له مه‌ککه‌ین له‌پێشتره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌دات زۆر له‌و پێوه‌رانه‌وه دووره. ئه‌مه یه‌که‌مین جاره له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا که‌سێکی ڕه‌شپێست ده‌بێته کاندیدی یه‌کێک له دوو پارتییه سیاسییه‌که. ئه‌گه‌رچی ده‌ستگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌مه‌ریکا ئاشکرای ناکه‌ن، به‌ڵام شه‌پۆلێکی یه‌کجار به‌هێزی ڕه‌گه‌زپه‌رستی دژی ئۆباما په‌یدا بووه و کۆسپێکی وای دروست کردووه که ناکرێ له به‌رچاو نه‌گیردرێت.
ئۆباما ئه‌گه‌ریش سه‌ر بکه‌وێت، به‌ڵام به هیچ جۆرێک ناتوانێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو هێزه شه‌ڕانی و پاوانخواز و ده‌سته‌ڵاتداره ڕابوه‌ستێت و سیسته‌می سیاسی و ئابووری و عه‌سکه‌ریی ئه‌و وڵاته بگۆڕێت. ئه‌و ته‌نیا دوو ڕێگه‌ی له به‌رده‌مدایه: 1. یا ئه‌وه‌یه ده‌بێ هه‌وڵی گۆڕینێک له شێوه‌ی کووده‌تایه‌کدا بدات، کووده‌تا له‌ناو کۆشکه‌وه، به‌ڵام کووده‌تایه‌کی فکری و سیاسی و کارگێڕی، نه‌ک کووده‌تای سه‌ربازی، که پێم وا نییه هیچ سه‌رکه‌وتنێک به ده‌ست بهێنێت، مالکۆلم ئێکس (1925-1965)
چونکه ئۆباما خۆی که‌سێکی بیریار و ڕووناکبیرێکی قووڵ و به‌ئه‌زموون نییه و له‌ناو کۆمه‌ڵی ئه‌مه‌ریکا و له‌ناو کاربه‌ده‌ست و کارمه‌ندانی ئیداره‌که‌یدا ئه‌وه‌نده خه‌ڵکی هاوبیری له‌گه‌ڵ نییه پشتیان پێ ببه‌ستێت و گۆڕانێکی قووڵ جێبه‌جێ بکات. ئه‌گه‌ر ئۆباما خه‌ونی گۆڕینێکی وه‌ها به بیر و مێشکیدا ڕاببوورێت، به دووری نابینم ده‌ستگای جاسووسیی ئه‌مه‌ریکا (CIA) زۆر به شێنه‌یی بیکوژن و دوای چه‌ند ساڵێک که‌سێکی نه‌خۆش و سه‌رشێت وه‌ک بکوژه‌که‌ی به دنیا بناسێنن. پێش ئۆباما، که‌سانێک هه‌بوون خاوه‌نبیر و ڕیفۆرمخواز، ده‌یانویست سه‌ره‌تای گۆڕانێک دابمه‌زرێنن، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌ناو بران، بۆ نموونه مارتین لوته‌ر کینگ (1929-1968) و ماڵکۆڵم ئێکس (1925-1965). ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئۆباما، تا ئێستا، نه به‌رنامه‌یه‌کی وای هه‌یه و نه خه‌ونیشی پێوه ده‌بینێت؛ 2. ڕێگه‌ی دووه‌میش ئه‌وه‌یه ئه‌و سیسته‌مه ئیمپه‌ریالیست وسه‌رمایه‌دار و شه‌ڕانی و پاوانخواز و نامرۆڤانه‌یه قه‌بووڵ بکات و دڵی خۆی به‌وه خۆش بکات وه‌ک یه‌کێک له سه‌رۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ناوی له مێژوودا تۆمار بکرێت.
ئه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریکا حوکم ده‌کات و بڕیار ده‌دات سه‌رکۆمار نییه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه که ته‌نانه‌ت کاتێک که‌سانێکی ده‌به‌نگ و ناشاره‌زا و نه‌زان و گه‌مژه‌یش ده‌بن به سه‌رۆک (بۆ نموونه ئه‌م جۆرج و. بوشه‌ی ئێستا)، که‌س خۆی تێک نادات و به‌رنامه سیاسی و عه‌سکه‌رییه‌کانیش گۆڕانێکیان به‌سه‌ردا نایه‌ت. ته‌نیا گۆڤار و ڕاگه‌یاندنه گاڵته‌جاڕه‌کانه که ده‌رفه‌تێکیان ده‌ست ده‌که‌وێت بۆ گاڵته‌کردن به سه‌رۆک و ڕابواردن پێی، ئه‌وه‌یش دیسان خزمه‌تی سیسته‌مه‌که ده‌کات.
بوش کۆمه‌ڵێ به‌ڵێنی دا به‌ڵام درۆی کرد: ئوسامه بینلادن و قاعیده، که له سه‌ره‌تادا هه‌ر خۆیان درو‌ستیان کردن، ئێستا له جاران به‌هێزتر و ئازادترن، ئه‌فغانستانی وێران کرد، به‌ڵام دروستی نه‌کرده‌وه، ئێستایش سه‌رۆک کارزای به بێ پاسه‌وانی ئه‌مه‌ریکی ناتوانێ بچێته ده‌ره‌و‌ه و ده‌ست به ئاو بگه‌یێنێت. بوش، سه‌ددام حوسه‌ینی هاوڕێی هه‌ره مارتین لوته‌ر کینگ (1929-1968) خۆشه‌ویستی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوای ڕووخاند، به‌ڵام له ترسی ئاشکرابوونی نهێنیی هاوکاری و هاوپه‌یمانیی خۆیان و عیراقی به‌عس، هه‌ر زوو سه‌ددامیان هه‌ڵواسی و عیراقێکی دێمۆکراتیشیان دانه‌مه‌زراند. سه‌رکرده‌کانی عیراقیش، وه‌ک کارزای، ناتوانن ته‌نانه‌ت به‌ناو شاری به‌غدادا به ئازادی بسووڕێنه‌وه. جۆرج بوش به‌ڵێنی دا له سه‌رده‌می خۆیدا چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین جێبه‌جێ بکات، به‌ڵام له‌م ڕۆژانه‌دا، بۆ پاساودانی درۆکه‌ی، داوای لێبووردنی له ئه‌بوو مازنی سه‌رۆکی فه‌له‌ستین کرد.
هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا هه‌ره‌سێکی ئابوورییش له‌و وڵاته‌دا ده‌ستی پێ کرد و دواتر سیسته‌می دارایی و بانکیی زۆربه‌ی وڵاته سه‌رمایه‌داره‌کانی گرته‌وه. ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریکا و به دوای ئه‌وانیشدا ده‌سته‌ڵاتدارانی وڵاته گه‌وره‌کانی سه‌رمایه‌داری و پیشه‌سازی هه‌زاران میلیارد دۆلاریان ته‌رخان کردووه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م هه‌ره‌سه، به‌ڵام هه‌موو نیشانه و پێشبینییه‌کان وای نیشان ده‌ده‌ن که ئه‌م هه‌نگاوانه هیچیان ده‌ردی سیسته‌می کرمۆڵی سه‌رمایه‌داری تیمار ناکه‌ن و ڕه‌نگه ئه‌مه ببێته سه‌ره‌تای ڕووخان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه بۆگه‌ن و نامرۆڤانه‌یه. ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ بوووه‌ته گه‌وره‌ترین کێشه‌ی ڕۆژاوا، ده‌رفه‌تێکه بۆ ئه‌وه‌ی زۆر که‌س چاوێک به هه‌ڵوێست و بیرکردنه‌وه‌ی خۆیاندا له‌باره‌ی ڕۆژاواوه بگێڕنه‌وه. ده‌زانم زۆربه‌ی خه‌ڵک هه‌ر ئاگایشیان له‌وه نییه چی ڕووی داوه و چی ڕوو ده‌دات، به‌ڵام من به ڕاده‌ی یه‌که‌م مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه که ڕۆڵی ڕووناکبیریان له شانۆگه‌رییه‌کی بێتامدا پێ سپێردراوه و باشیش ده‌ڕۆستی هاتوون. ڕه‌نگه سیاسه‌تمه‌دارانیش پێویستیان به جۆرێک خۆخوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان هه‌میشه په‌رژینێکی خۆکردی شکۆ و پیرۆزییان به چوارده‌وری خۆیاندا هه‌ڵچنیوه، که له شیر و تیر و چاوه‌زار ده‌یانپارێزێت.
ئه‌رنێستۆ چێ گێڤارا (1928-1967) ئازادی و ئاشتیخواز، کوشتنی ئه‌رنیستۆ چێ گێڤارا، پشتگیریی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین، پشتگیریی بێسنووری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دژی گه‌لی ئازادیخوازی فه‌له‌ستین، فریودانی گه‌لی کوردستان و هه‌ره‌سپێهێنانی شۆڕشه‌که‌ی ساڵی 1975 و پشتگیریی ده‌یان ڕێژیمی کۆنه‌په‌رست و بێداد و خوێن‌ڕێژ، هه‌موو ئه‌مانه بڕگه به بڕگه‌ی مێژووی ئیمپه‌ریالیزمی ئه‌مه‌ریکایه.
ساڵی 1986، به سه‌ردان چووبوومه یه‌کێتیی سۆڤیێت. ئێوارانێک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ دۆستی کورددا، که له‌وێ ده‌یانخوێند، دانیشتبووین، باسی سیسته‌می سۆڤیێتمان ده‌کرد. من وتم هیوادارم ڕۆژێک بێت ئه‌م سیسته‌مه بۆگه‌نه بڕووخێت و گه‌لانی سۆڤیێتیش ئازاد ببن. هه‌موویان پێکه‌نینیان به قسه‌که‌م هات و پێیان وا بوو ئه‌وه‌یش به‌شێکه له بیروباوه‌ڕی ماویستانه‌م. به‌ڵام هه‌ر پێنج ساڵ دواتر، سۆڤیێت به جۆرێک هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ڕووخا، که شوێنه‌واریشی نه‌ما. به‌و هیوایه‌ی ڕووخانی سیسته‌می ئیمپه‌ریالیست و سه‌رمایه‌داری ئه‌مه‌ریکایش ببینین. به‌ڕاستی له دڵه‌وه پێم خۆشه سیسته‌می سیاسی و ئابووری و ئه‌خلاقی و عه‌سکه‌ریی ئه‌مه‌ریکا سه‌روژێر ببێت و به جۆرێ هه‌ره‌س بهێنێت و بڕووخێت که داری به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه نه‌مێنێت و جارێکی دیکه له‌و ڕووخانه زیندوو نه‌بێته‌وه و هه‌ڵنه‌ستێته‌وه. ده‌زانم هه‌ندێ ڕووناک‌بیری هه‌لپه‌رست و ترسنۆک هه‌ر به بیستنی قسه‌یه‌کی وه‌ها له‌رزیان لێ دێت، چونکه نان‌بڕاو ده‌بن و ناز و نیعمه‌تیان لێ تێک ده‌چێت. به‌ڵام دڵنیایشم سبه‌ینێ هه‌ر زلهێزێکی دیکه جێگه‌ی ئه‌مه‌ریکا بگرێته‌وه، ئه‌و ڕووناکبیره زیت و زرنگانه پێش هه‌موو که‌سێکی دیکه خۆیان ده‌گه‌یێننه نزیکترین باره‌گای ئیمپه‌ریالیزمی تازه و خۆیان ناونووس ده‌که‌ن. ژمارە (٣٩١) ی ٢٠/١٠/٢٠٠٨ ی (هه‌ولێر)
|