١٥\٤\٢٠١٣
تۆزێک مۆراڵ و
بەسە سووکایەتی!

جیهاد محەمەد
هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی و بەرپسە سەر زلەکانییان رۆژانە ئەگەر
سوکایەتیەک، یان چەند سوکایەتیەک نەکەن بە خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی
تر ئۆقرە ناگرن. ئەمانە سوکایەتی و بێحورمەتیکردنییان کردووە بە کار و
پیشەی رۆژانەیان. رۆژێک هەموو گەلی کوردستان بە سەگ دەچوێنن، رۆژێکیتر
بە تەمەڵ و تەوەزەل و کارنەکەر دەیچوێنن، رۆژێکتر بەو پەڕی بێشەرمییەوە
یادی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە شایلۆغان و هەڵپەرکێ و گۆرانی
وتنەوە دەکەنەوە (گوایە هونەرمەندەکانی دەربار پێیانخۆشە ژیانی زیندوو
پیشان خەڵکی هەڵەبجە بدەنەوە)!. رۆژێکیتر دوای نابیناکردنی ٣٠ هاوڵاتی
بە دەستی ئەنقەست وەزیری تەندروستیەکەیان دێت و بەوپەری خەمساردییەوە
دەڵێت ئەوە (پیاوێکی تورک ئەو دەرزیانەی بەقاچخ هێنا بوو، ئێستا
زیندانە لە زیندانی محەتە). ئەم وەزیرە بەڕێزە زۆر بە سانایی دەڵێت،
زانیبووشمان کە ئەو دەرزیە بە قاچخ هاتووە و پشکنینی پزییشکی و
تاقیگاییشی بۆ نەکرابوو، وەک ئەوەی بڵێت پێمان خۆشبوو لەسەر ئەو کەسانە
تاقیبکەینەوە.
لەوەتی سەرۆکی هەرێمیش بڕیاری دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکانی داوە،
دەستبەجێ هەردوو زل حیزب کەوتنە سوکایەتیکردن بە هەست و نەست و
ڕاوبۆچوونی خەڵک و هەموو چاودێرانی سیاسی و رۆژنامە نووسان و هەموو
خەڵکی کوردستان.
خانمی یەکەم، هیچ پێی شەرم نییە، دەچێت بۆ خانەقین و بە خەڵکی خانەقین
دەڵێت، ئەمڕۆ تەلەفوونم بۆ مام جەلال کرد و پێم راگەیاند کە دەچم بۆ
خانەقین و ئەویش زۆری پێخۆش بوو، سڵاوی هەبوو بۆتان!. ئەگەر مام جەلال
ئەوەندە تەندروستی باشە، بۆ خۆی تەلەفوونێکی بۆ جێگرەکەی نەکرد و
پێیبلێت بڕۆن وەک هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ دەنگ بدەنەوە بە کاک مەسعود؟ بۆ ئەو
دەستەگوڵە دەداتە دەستی کاک بەرهەم و دەیکات بە دەستکەوت و خەڵات بۆ
ئەو؟ ئاخر لە مناڵێکی پۆلی یەکی ناوەندی بپرسیت دەزانێت دەبێت ئەو
خەڵاتە لە مام جەلالەوە بێت، مادام مام شکور توانای تەلەفوونکردنی هەیە
دەبوو خۆی تەلەفوونی بکردایە بۆ کاک مەسعود و پێیبوتایە ئەو
سەرۆکایەتییە لە کوردستاندا تەنیا شایستەی جەنابتە. ئەمەی خانمی یەکەم
کردی لە بانگهیشتکردن بۆ هەڵبژاردن زیاتر هیچیتر نەبوو. ئەوەش
عەیبەیەکی گەورەیە بە ناوی مام جەلال وە کە ئێستا ئەو نەخۆشە و پێویستە
ڕێزی لێبگیرێت نەک بەکاربهێنرێت بۆ بانهێشتکردنی هەڵبژاردنەکان.
جەنابی سەرۆکی هەرێم، لە میانەی چاوپیکەوتنی کۆمەڵێک رێکخراوی تایبەت
بە ئەنفال دەڵێت: کاتێک روفاتی ئەنفالکراوێکم هەڵگرت هەستمکرد ئەوە
کوڕمە، کچمە، خوشکمە. ئەوە خێرە جەنابت وا تەنیا لە کاتی
هەڵبژاردنەکاندا ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوان و کەسوکارە
رزگاربووەکانییانت بیردەکەوێتەوە؟ ئەوە چۆن بیرت چوەوە کە حیزبەکەت
دەستماچکردنی ژنە گەرمیانیەکەتیان کردبوو بە بانگهێشتکردنی
هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ چۆن ئەو ژنە لێتان ڕاپەریی و قبوڵینەکرد ئەو
سوکایەتیی و بازرگانێتیە بکەن پێوەی. حەق وایە باش بزانییت کە خەڵکی
گەرمیان و کەس وکاری ئەنفالکراوان ئەوەیان بیر ناچێتەوە لە ماوەی ٤ ساڵ
سەرۆکایەتیکردنی هەرێمدا بۆ یەکجاریش بە دڵ و دەرونەوە نەچوویت
سەردانێکیان بکەیت، تەنانەت لە کاتی هێنانەوەی ڕوفاتی
ئەنفالکراوەکانیشیاندا سەردانت نەکردن. لە ماوەی ٤ ساڵ سەرۆکایەتیکردنی
جەنابتا، هەزاران گەنجی گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد، مانیانگرت، داوایان
بەرزکردەوە، سکالایانکرد، هاواریان بۆ هێنایت، لە کۆنفرانسەکەی ناوەندی
چاک لە سلێمانی لە مانگی ١١ ی ٢٠١٢دا دەیان کەس لە خەڵکی گەرمیان
پێشنیار و ڕەخنە و داواکارییان خستە بەردەمی مامۆستا ئارامی وەزیری کار
و باری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەوە خێرە لە هیچ کاتێک لەو کاتانەدا
ئەمانەت بیرنەکەوتەوە؟ کەچی تەنیا لەبەر ئەوەی کاک عارف قوربانی لەسەر
ڕەخنەگرتنی لە حیزبەکەی خۆی گوایە مام جەلال هەرەشەی دەرکردنی کردبوو،
جەنابت یەکسەر ڕاتگەیاند کە عارف قوربانی سەنگێکی گەورەی هەیە لای ئێمە.
هەموو هاوپەیمانی ستراتیژیی خۆتان و یەکێتییت بیرچوەوە تەنیا لەبەر
ئەوەی کاک عارف قوربانی ڕابکێشیت بۆ لای حیزبەکەی خۆت. ئەمەی ئێستا
دەیکەیت ئەوە سوکایەتیە، ئەوە کڕینی هەست و سۆزی خەڵکی گەرمیانی
ستەمدیدەیە. بڕوا ناکەم خەڵکی گەرمیان ئەوەندە بە سنایی و بە ئاسانی
ڕادەستی حیزبەکەی ئیوە بن و دەنگ بە ئێوە و یەکێتی بدەن.
ئەوەی وتەبێژی پارتی و بەرپرسەکانی یەکێتی وەک بەڕێز (ئیمینکی و وەستا
رەسوڵ) ڕایدەگەیەنن کە گوایە بە هەردوو لایان نزیکەی ٩٠ کورسی یان
زیاتر دەهێنن، ئەوە سوکایەتیکردنە بە هەموو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان.
ئەوە گاڵتەکردنە بە ناڵەی سەدان هەزار کەسی کوردستان کە لە ژێر ستەمی
ئێوەدا دەناڵێنن و هاواریانە تۆزێک ویژدان، تۆزێک دڵ و دەرون، هەندێک
مۆراڵی سیاسی و بەرێوەبردنی حوکم. دوای ئەو هەموو سکاڵاکردنە، دوای ئەو
هەموو ناڕەزایەتییە، دوای ئەو هەموو خەباتی پەرلامانییەی
پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسوێن، دوای ئەو هەموو ڕاپۆرت و لێدوان و نوسینی
کەسانی بیانی و رێکخراوەکانی ئامنستی ئینتەرناشوناڵ و ڕێکخراوی مافی
مرۆڤی جیهانی لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا بە پلەیەکی
یەجگار بەرز، دوای کوشتن و هەرشەکردن و لێدان لە دەیان رۆژانامە نووس،
دوای ئەو هەموو سوکایەتیی و کوشتن وبرینەی بە ژن دەکرێت لە ژێر سایەیی
حوکمی ئێوەدا، کە کوردستان ناودەبرێت بە ولاتی ژن کوژ. دوای ئەوەی کە
لە ١٧ شوباتی ٢٠١١دا خوێنی چەندین گەنجی سلێمانیتان ڕشت،
خۆپیشاندەرانتان سەرکوتکرد، دەبابەتان هێنا بۆ گیانی خەڵکی. دوای ئەوەی
کە بە دەیان کەستان لەسەر مەسەلەی سیاسی و هەڵوێستی سیاسی نانبڕاوکرد،
بە دەیان کەس تا هەنووکە دناڵینن لە زیندانە سیاسییەکانتاندا. دوای
ئەوەی بە هۆکاری ململانێ سیاسییەکان چەندین جار بارەگا و نوسینگەی
یەکگرتوو و گۆرانتان سوتاند. دوای ئەوەی کە بە سەدان ملوێن دۆلاری نەوت
دیار نییە و کەس نازانێت چی لێدێت و بۆ کوێ دەچێت و وەڵامی کەس
نادەنەوە. دەیان لێدوانی ناکۆک و نابەجێ لە هەردوولاتانەوە(هەردوو زل
حیزب) دەردەچێت. دوای ئەم هەموو تاوان و کارەساتە دێن و دڵێن، ئێمە ٩٠
کورسی دەهێنین!، ئەمە ئەوپەری سوکایەتیە بە عەقڵیەتی خەڵکی، ئەگەر
خەڵکی کوردستان خۆیان خۆشبوێت، دەربەستی ژیانی خۆیان بن، ئارەزویان لە
ژیانێکی شایستە بێت بۆ ماڵ و منداڵیان ئەوە دەنگ بە ئیوە نادەنەوە
جارێکیتر ناخەڵەتێن بە پەیامەکانتان. ئێوە دەبێت بەجۆرێک تێکبشکێن لە
هەڵبژاردنەکاندا چواریەکێکی ئەو کورسیانەش نەهێنن کە خۆتان بانگهێشتی
بۆ دەکەن.
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|