په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٩\٢٠١٧

تووناکردنی رەگەزی کورد لە گوندی قاڕنێ.

 


گوندی قاڕنێ یەکێک لە دێهاتەکانی خاکی کوردستانە کە بە پێی دابەشکردنی وڵات لە ئێراندا، ئەم گوندە لە باری ئیدارییەوە سەر بە شارینەغەدە و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەژمێردرێت. ڕێکەوتی ٢ی سێپتامبری ١٩٧٩ی زایینی )١١ی خرامانان ١٣٥٨ی هەتاوی(، ئەم گوندە کەوتە لە لایەن کاربەدەستانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گەمارۆ درا و خەڵکی سیویل و بێ تاوانی دانیشتووی ئەم گوندە بە دەستی ناردراوانی حکومەتی ئێران کوژران.

 

کارەساتی دڵتەزێنی تونا کردنی کورد لە قاڕنێ تەنیا بە کوشتنی ئەوان کۆتایی پێ نەهات، بەڵکوو کاربەدەستانی حکومەتی پاش کردنی جەنایەتەکە، تەنانەت بەزەییان بە تەرمی قوربانییەکانیش دا نەهات و بە چەقۆ و کێرد، سەری گیانبەختکراوەکانیان لە لەشیان جیا کردنەوە.

 

جیا لەم کردەوە وەحشیانەیە، بکوژانی ناسراوی ئەم کارەساتە لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوو دا لە لایەن حکومەتی ناوەندی ئێرانەوە پاڵپشتی کراون و هیچکات بۆ دادگایێک بانگهێشت نەکراون تا لێپرسینەوەیان تەنیا بەشێک لە دڵی پڕ لە خەمی خزم و کەسی گیانبەختکراوەکان هێمن بکاتەوە.


نەتەوەی کورد کە پاش لە سەر کار لابردنی حەمە رەزای پەهلەوی بە دڵێکی خۆشەوە دەیانڕواندە ئاسۆیێکی خۆشتر، بڕوایان نەدەکرد کە سیاسەتی کوردکوژی رژێمی پێشوو لە ڕژێمی تازە دا درێژە بدرێت بەڵام مێژوو پێشانی دا کە ئەوان لە هەڵە دابوون و سەرکردایەتی ناوەندی وڵات هەمان سیاسەتی حکومەتی پێشووی لە بەرانبەر کوردەکان لە کار گرت.

 

تەنیا چەند مانگێک لە شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران تێنەپەڕیبوو کە لە ناوچەکانۆ سۆما و برادۆست گوشار و دژایەتی کورد تا جێگایەک زەختی خستبوو سەر خەڵکی ئەم دەڤەرە، کە پتر لە ٣٠ گوندی ئەم ناوچەیە کوردی تێدا نەما. ئەم کۆچە زۆرە ملییە کە یەکێک لە هاوپۆلەکانی تواندنەوەی ڕەگەزی دەژمێردرێت لە ڕۆژنامەی “کیهان” کە لە ژێر دەستی رژێم دابوو، ڕەنگی داوە و لە بەرواری ٧ی ٤ی ١٩٧٩ی زایینی )١٨ی ١ی ١٣٥٨ی هەتاوی( بڵاو بۆوە.

 

ڕۆژنامەکانی چاپی ئێران هەر هەموویان شایەتی ئەم راستییەن کە خەڵکێکی زۆری کوردستان، بەردەوام بە شوێن ڕێگەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ بەرگری لەم کردەوە وەحشیانەی حکومەتی ناوەندی بوون، بەڵام مەخابن تەواوی هەوڵە مرۆڤایەتییەکان بە بێ ئامانج مانەوە، چون لە ڕاستیدا ئەم رژێمە بڕوای بە دانی مافە مرۆڤییەکانی نەتەوەی کورد نەبوو.

 

پاش ئەوە کە حکومەتی مەلایان ئامادە نەبوو لە نووسینی دەستووری وڵات دا، داواکارییەکانی نەتەوەی کورد لە بەر چاو بگرێت، هەر بۆیە کوردستان وەک تەنیا هێزی ئۆپۆزۆسیۆنی وڵات ئامادە نەبوو تا دەستووری بنەڕەتی بە فەرمی بناسێ. خومەینی کە بڕوای بە ڕێگە چارەی سیاسی بۆ سازان دەگەڵ کوردستان نەبوو، لە ڕێکەوتی ١٨ی ٨ی ١٩٧٩ی زایینی )٢٧ی ٥ی ١٣٥٨ی هەتاوی( فەرمانی “جهاد”ی دژ بە کوردستانی مافخواز دا و هێزەکانی سووپا ئەمری ئەوەیان پێ گەییشت تا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دا بە تانک و تۆپ و چەکی قورس و سووکی خۆیان لە کوردستان دا ئامادە بن. دەقی فەرمانی “جهاد”ی خومەینی لە ڕۆژنامەکانی “کیهان” و “اطلاعات”ی هەمان ڕۆژ بڵاو بۆوە. خومەینی لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ دا لە دانیشتنێکی کە دەگەڵ “مجلس خبرگان” لە شاری “قم” (قوم) پێک هات، لە پێوەندی دەگەڵ داواکارییەکانی نەتەوەی کورد گوتی: سنوورەکانیان ئازاد کرد، پێنووسەکانیان ئازاد کرد، گوتاریان ئازاد کرد، حیزبەکانیان ئازاد کرد، بە دڵخۆشی ئەوە کە ئەمانەش خەڵکێکن… ئەمانە خرابکارن، ئیتر دەگەڵ ئەم کەسانە ناکرێ بە نەرمی هەڵسو کەوت بکرێ… ئەمانە کۆمەڵێک خەرابکارن، کۆمەڵێکی “فاسد”ن. ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمانە هەر کارێکی پێیان خۆش بێ بیکەن.


حکومەتی ئێران کە گوشار و زەختی زیاتر بۆ سەر نەتەوەی کوردی لە سەرووی کار و بەرنامەی خۆی دانابوو، بە پێی پەرتووکی “قارنا و انقلاب” کە بەڵگەکانی فەرمی حکومەتی ئێران و ڕۆژنامەکانی ئەو کاتی لە خۆی گرتووە، ئەمە دەسەلمێنن کە “حاج عظیم معبودی” لە نامەیەک دا کە بۆ بەڕێزان “بهلول گلستان”، “عزیز بازدار” و ” خلیل خسروی” (کوردی ئەو دەڤەرە بوون) نووسی: پاش سڵاو تکام هەیە بۆ هاتو چۆی شار بە مەبەستی بە دەست هێنانی کەلو پەلی گوندی قاڕنێ، هەم خۆتان و براکانی دیکەی گوندی قاڕنێ، هاتو چۆ بکەن. هەر کەسێک کە بچووکترین ئازار بە ئێوە و براکانی دیکەی کورد بگەیێنێ، زوو خۆتان بە “انتظامات” یا خودی من بگەیێنن تا بە نێوی کەسانی دژی شۆڕش بیانگرین و بیاندەینە دەست بەرپرسانی دەوڵەت. بە کورتی هیچ نارەعەت و پەرۆش مەبن، ئێمە هەموومان براین. دانیشتوانی گوندی قاڕنێ کە بە پێی سیاسەتی دژە کوردی رژێم بە ترس و خۆفەوە لە ماڵی هەمیشە کوردستانی خۆیان دا ژیانیان دەکرد، بە گەییشتنی نامەیەکی ئەوتۆ لە لایەن بەرپرسێکی فەرمی وڵاتەوە بە ڕادەیەک هێمنی گەییشتن و بە دڵخۆشییەوە دەیانڕواندە داهاتووە. بەڵام ئەوان نائاگا بوون کە ئەمە تەنیا داوێکی رژێمە و حکومەت بۆ فریودان و بەرگری لە ڕاکردنی دانیشتوانی ناوچە، نامەیەکی ئەوتۆی بۆیان ناردبوو.

 

ڕێکەوتی ٢ی سێپتامبری ١٩٧٩ی زایینی )١١ی ٦ی ١٣٥٨ی هەتاوی (نزیکەی کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ، کاتێک کە منداڵەکان لە بەر دەرکی ماڵی خۆیان گەمەیان دەکرد، ژنان سەرقاڵی کاری ماڵێ بوون و بەشێکیش لە پیاوان و گەنجان لە دەورووبەری گوند خەریکی ئاژەڵداری و کشت و کاڵ بوون، چەکدارانی رژێمی ئێران کە بە تانک، تۆپ و چەکی قورس و سووک و گەرم و سارد کۆک و پۆش بوون، هێرشیان بردە سەر گوندی قاڕنێ.

 

لە ڕاپۆرتێک دا کە لە بەرواری ٧ی ١٢ی ١٩٧٩ی زایینی لە ڕۆژنامەی “اطلاعات” بڵاو بۆوە، ئاماژەی بەوە کرد کە چەکدارانی رژێم تانک و تۆپ و چەکی سووک و… یان پێ بوو و ئاماژەی راستەوخۆی پێ کرابوو. کاتێک کە سەربازە ناردراوەکانی وڵاتی ئێران بەو هەموو بواری چەک و شەڕەوە هێرشیان بردە سەر ئەم گوندە، مەلا “محمد” کتێبی پیرۆزی قورئانی کە بایەخدارترین پەرتووکی موسوڵمانانە، بە دەستەوە گرت، بەرەو پیری بەرپرسانی ئەرتەش ڕۆیی و ئەوانی بە “کلام اللە” سوێند دادا تا بەرگری لە کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی قاڕنێ بکا. “جلادان”ی رژێم گوللەیەکیان بە سینگی ئەم پیرە پیاوە ئیماندارەوە نا و پاش کوشتنی، سەریان لە لەشی جیا کردەوە. ئەم کردەوە دڵتەزێنە لە ڕۆژنامەی “اطلاعات”ی چاپی تاران)طهران( لە ڕۆژی ٧ی ١٢ی ١٩٧٩ی زایینی دا بڵاو بۆوە.

 

بە پێی فیلمێکی دۆکیومێنتاری کە لەم پێوەندییەوە لە لایان هێژا کاک “بهداد بردبار” کەوتۆتە دەست، لەو کات دا نزیکەی ٨٠ بنەماڵە لە گوندی قاڕنێ ژیانیان دەکرد. ڕۆژنامەی “کیهان” چاپی تاران کە ڕۆژنامەی حکومەتی مەلایانە، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ١١ی ١٩٧٩ی زایینی دا ڕاپۆرتێکی هەر لەم پێوەندییەوە بە چاپ گەیاند و ڕێژەی قوربانییەکانی قاڕنێی ٦٨ کەس ڕاگەیاند. بەرپرسانی هێزی چەکداری وڵات بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لەم گوندە دا بە شوێن هەر گیانلەبەرێک گەڕان. منداڵی ساوا، ژنان و پیر و جحێڵیان کوشت. کاتێک کە کوشتار و فەرمانی پێگەییشتراویان بە ئەنجام گەیاند، تەرمی قوربانییە بێ تاوانەکانیان لەت و پەت کرد و هەموویانیان بردە دەرەوەی گوند و فڕێیان دان تا وا بزاندرێت کە لە شەڕ دا کوژراون.

 

ڕۆژنامەی “اطلاعات” چاپی تاران لە بەرواری ٧ی ١٢٧ ١٩٧٩ی زایینی ڕاپۆرتێکی هەر لەم بارەیەوە بە چاپ گەیاند و ئاماژەی بەم شێوە دڕەندانەی بکوژان کرد کە چلۆن تەرمی قوربانییەکانیان لەت لەت کردبوو. صادق خلخالی” کە لە کەسانی سەرەکی ئێعدامی شۆڕشی بوو، لە پێوەندی بە کوشتاری قاڕنێ نامەیەکی بۆ خومەینی نارد و نووسی: کارەساتی دڵتەزێنی قاڕنێ دڵی هەر مرۆڤێک دەهەژێنێت. مەلا مەحموودی مەستوورزادە کە بە قورئانەوە بەرەو پیری خەڵک ڕۆییشتبوو، بەکرێگیراوانی “معبودی” و “سرگرد نجفی” و “عزیز قادری” و مەلا “حسنی” ئەوانیان کوشت و ٦٥ کەسیان بە شێوەیەکی قێزەوەن. گەر ”امام خمینی” بە دواداچوونەوەی ئەم کردەوە دڵتەزێنە نەکات، ئەی کام بەرپرس بە دوای دا بچێ. بە ڕێزەوە: “صادق خلخالی“.

کوشتاری وەحشیانەی کوردەکان لە قاڕنێ وەها سەرنج و باسێکی گەرمی لە ڕاگەیاندنەکان دا بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو کە نوێنەرێک بە ناوی ئاغای “مهدی بهادران” بە فەرمانی خومەینی و بڕیاری دەستنووسی “منتظری”، بۆ کوردستان و ئازەربایجان لە بەر لێکۆڵینەوەی ناوچەیی ناردرا کە لە ڕۆژنامەی “اطلاعات” ڕێکەوتی ١٧ی ٩ی ١٩٧٩ی زایینی ئاماژەی پێ کرا.

 

“مهدی بهادران” کە لێکۆڵینەوەیەکی چڕی لە مەڕ کوشتاری قاڕنێ ئەنجام دا، بەڵگەکانی پێوەندیدار و ڕاپۆرتەکانی دەگەڵ دیمانە دەگەڵ خەڵکی ناوچە لە سەر کاسێت تۆمار کردبوو، پاش کۆتایی لێکۆڵینەوەی گرنگی خۆی، ڕاپۆرتێکی پێشکەشی خومەینی کرد کە لە ڕۆژنامەی “اطلاعات” بەرواری ١٧ی ٩ی ١٩٧٩ی زایینی بە چاپ گەییشت. لە ڕاپۆرتەکە دا هاتبوو کە بکوژانی خەڵکی قاڕنێ لە لایان بەرپرسانی ناسراوی حکومەتییەوە بە ناوەکانی “دکتر چمران”، “تیمسار ظهیر نژاد”، “سرهنگ شهبازیان”)فەرماندەی لەشکەری ٦٤ی ورمێ( و باقی فەرماندەکانی سووپا و “ژاندرمری” تا ملان پڕ چەک کرابوون. “مهدی بهادران” بە “خمینی” و “منتظری” ڕاگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی کردووە و کاسێت و بەڵگەیەکی زۆری کۆ کردۆتەوە. شایەتەکان و بەڵگەکانی لیکۆڵینەوەی ئەوە دەسەلمێنن کە “معبودی” و “سرهنگ نجفی” هێزی “جوانمرد”)ترکە توندڕەوەکان(یان لە کوشتاری قاڕنێ دا سەرپەرەشتی کردبوو و لە کۆتاییش دا نووسیبووی کە پاڵپشتی “ظهیر نژاد” لە بکوژان و تاوانباران، دەرفەتی بۆ قۆڵبەست کردن و مەحاکمەی جەنایەتکاران نەهێشتووە. ڕاپۆرتی بەرباس لە لایان بەڕێز “بهادران”ەوە لە بەرواری ١٥ی ٩ی ١٩٧٩ی زایینی دا درا بە “خمینی” و دوو ڕۆژ دوایە لە ڕۆژنامەی “اطلاعات” دا بە چاپ گەییشت.

لە ڕاپۆرتێکی دیکە دا کە لە مەڕ خزم و کەسی قوربانییەکان دا پێک هاتبوو، خاڵی گرنگی تێدایە کە لە ڕۆژنامەی “اطلاعات” بەرواری ٧ی ١٢٧ ١٩٧٩ی زایینی دا بە چاپ گەییشت. کەسێک بە ناوی حەمزە گێڕایەوە کە تەواوی دەوروو بەری گوندییان بە تانک و تۆپ گەمارۆ دابوو. پاسدارەکان نزیکەی کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ هێرشیان بردە سەر خەڵکی گوند و دەستیان بە هەر کەس ڕاگەییشت، کوشتیان و سەریان بڕی. ژنێک کە منداڵەکانی ١٥ و ١٨ ساڵ تەمەنی خۆی لە کوشتاری قاڕنێ دا لە دەست دابوو گوتی کە بکوژەکان بزەییان بە کەس دانەهاتەوە، ئەم هەموو بێ ڕەحمییەمان لە هیچ کوێ نەبیستبوو. ئەوانەی [خەڵکی قاڕنێ] کە ئێستا زیندوون، لەو کاتە دا یان لە ماڵ نەبوون و یا ئەوە کە توانیبوویان خۆیان بشارنەوە.


کەسێکی دیکە بە ناوی سەید ئەحمەد کە خۆی ٩ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە دەست دابوو، گێڕایەوە کە هەندێکیان بە چەک کوشتن. هەندێکیان بە چەقۆ و کێرد سەر بڕین و هەندێکیشیان، بە تایبەتی منداڵەکانیان لە ژێر پێلاقە و پێڵاوە عەسکەرییەکانیان دا قڕ کرد. کاتێک سەید ئەحمەد لە شار را گەرابۆوە بۆ قاڕنێ، جەهەننەمی لە بەر چاوان بینیبوو، ئەمە دوایین ڕستەی ئەو بوو کە بۆ ڕۆژنامەوانەکانی گێڕاوە.


ئێستا لە ڕەگەزکوژی کوردەکان لە گوندی قاڕنێ ٣٦ ساڵ تێپەڕیوە. حاکمانی شۆڕشی تا ئێستاش بایەخیان بە ڕاپۆرتەکانی خۆیان و چاپ کراو لە ڕۆژنامەکانی سەر بە خۆشیان نەداوە. بکەران و بکوژانی قاڕنێ زۆرینەیان زیندوون و خاوەن پلە و پۆستی بەرزن لە ئێرانی ئێستا دا. هەموو بەڵگەکانی بەر دەستیش و گێڕانەوەی دیتنی باقی قاڕنێیییەکان بەڵگەن بۆ ئەوە کە ئەم کوشتارە سیاسییە لە لایان خودی حکومەتەوە ئەنجام دراوە. بەرنامەیەک کە بۆ مەبەستی تونا کردنی گروپێکی ئەتنیکی دیاریکراو داڕێژرابوو، ئەنجام درا و بەڕێوە چوو. پیلانێک کە بە پاڵپشتی زۆرینەی کەسانی ناسراوی حکومەتی چێ کرا و بەڕێوە چوو.
 

ڕووداوێکی کە ئێمە ئەمڕۆکە بە ناوی ژێنۆساید دەیناسین. پرسیار لێرە دا ئەمەیە کە لە جیهانی بە ناو شارستانی ئەمڕۆ دا، چلۆن دەکرێ لەوە تێبگەین کە نەتەوەیەک لە لایان بەرپرسانی حکومەتەوە گیانیان لە مەترسی کوشتاری لە پێش داڕێژراو دەکەوێ، کوشتاریان ئەنجام بدرێ، بەڵام نە تەنیا تا ئێستا ئەم ژێنۆسایدە کە هیچ وڵاتێک دا بە فەرمی نەناسراوە، بەڵکوو هیچ ڕاگەیاندنێکی جیهانیش هیچ باسێکیان لەسەر ناکا.
_________________________
تێبینیی:
ئەم بابەتە لە سی و چوارەمین ساڵیادی قڕکردنی هاووڵاتیانی گوندی قاڕنێ سەر بە شارستانی نەغەدە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نوسراوە و لە چەندین شوێنیتریش بڵاو کراوەتەوە لێرەش بە ئیزنی نوسەری بابەتەکە کاک سەعید سەنەندجی لە سی و هەشتەمین ساڵیادی ئەو تاوانە دژە مرۆییەدا بڵاوی دەکەینەوە.

 

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

٢\٩\٢٠١٧
info@kmmk.info

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک