٩\٧\٢٠٢٣
توندڕەویی و
پەڕگیریی لە ئەڵمانیا.

هەڵۆ محەمەد
مێژووی ئەڵمانیا لای زۆربەمان زانراوە، بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی
ڕابووردووە و بە هەڵگیرسانی دوو جەنگی جیهانی و دەسەڵات گرتنەدەستی
نازییەکان.. هیتلەر کە ناوێکی دیاری ئەم ژینگە و مێژووەیە، هێندە
بەرچاوتەنگی سیاسی و مرۆیی هەبوو، کارێکی کرد لە ١٩٤٩ وڵاتەکەی گەیشتە
ئەوەی بێتە دوو دەوڵەت!
بەشی رۆژئاوا لەژێر سایەی هێزە هاوپەیمانەکاندا زوو کەوتنە خۆ و
خوێندنەوە و کاری زۆریان بۆ ڕابووردووی خۆیان کرد و هەنگاو بەهەنگاو
بەرەو چەسپاندنی دیموکراسی و کرانەوەیان بە ڕووگ ئەوروپا و جیهاندا
خستە گەڕ..تا پێش یەکگرتنەوەش یەکێ بوو لە وڵاتە هەرە پێشکەوتوو و
دیموکراسییە بەهێزەکانی جیهان.
بەشی رۆژهەڵات کەوتە ژێر دەستی سۆڤیەت و بووە بەشێک لە سیستەمی
سۆسیالیستی بلۆکی رۆژهەڵات. ساڵی ١٩٨٩ شورەوی هەرەسی هێنا و دیواری
بەرلین داڕما.. ئەڵمانیا یەکی گرتەوە.
لەو ڕۆژەوە تا ئیمڕۆ ئەڵمانیا رۆژئاوا بە هەموو هێزی ئابووری و
فەرهەنگی خۆی خەریکی خزمەتی ئەم بەشەی وڵاتە، بەڵام هێشتا شوێنەواری
زۆری سەردەمی کۆنی پێوە دیار ماوە. خراپترین و ترسناکترینیان بەرەو
ڕادیکال چوون و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و باوەڕهێنان بە سیستەمی
دیکتاتۆری و خەون بینینیانە بە ڕابەڕێکی وەک هیتلەرەوە!
لە نوێترین ڕاپرسی و لێکۆڵینەوەدا لە لایەن
Else-Frenkel- Brunswik- Institute
زانکۆی لایپزیک کە دوێنێ ئاکامەکەی
بڵاوکرایەوە بەم جۆرەیە: ٤٢،٦٪ ئاسوودە نین لە سایەی ئەو
دیموکراسییەی ئەڵمانیادا.. ٣/٤ پێشیان وایە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر
سیاسەتی وڵاتەکەیان نەماوە. لە ڕاپرسییەکەدا کە لەم هەرێمانەی بەشی
رۆژهەڵاتدا کراوە
Mecklenburg- Vorprommern,
Brandenburg,Sachsen-Anhalten Sachsen,Thüringen
& Ostberlin
.. خەڵکەکە
هەڵوێستی توندیان دژ بە جولەکە و بێگانە دەربڕیوە..[خواستی یەک تاکە
حیزب و ئەڵمانیایەکی بەهێز دەکەن].
١٤٪ خەڵک باوەڕیان بەو بۆچوونە هەیە.. [ ئێمە ڕابەرێکمان دەوێ
کە بە چنگێکی پۆڵایینەوە خۆشگوزەرانی بۆ هەموو ئەڵمانیا بوێت و وڵات
بەڕێوەبەرێ].. تەنانەت ٩٪ [ بوونی دیکتاتۆرێک لە فۆرمی دەوڵەت
دا بە باش دەزانن. پارتی ئەڵتەرناتیفی ئەڵمانیا ئافد کە زۆر ڕادیکالن و
ئێستا بوونەتە پارتی دووەم و سێیەم دوای کریست دیموکراس و سۆسیال
دیموکراتەکان، ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا کاندیدیان بۆ ڕاوێژکاری
ئەڵمانیا هەبێت!!، لەناو خەڵکدا ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردنەکانیش ناکەن
بەهێزە…٢١٪ خەڵک باوەڕیان وایە ئەم قسانە دروستن.
ڕاپرسییەکە لەتەک ٣٥٦٤ دا کراوە لە نێوان مانگی پێنج تا نۆی ساڵی ٢٠٢٢.
٤١،٣٪ پێیان وایە[ بێگانەکان تەنیا دەیانەوێ سیستەمی سۆسیالی
دەوڵەت دادۆشن].. ئەم خاڵەی هاوشێوەی باوەڕی ٧٠٪ە و زۆرینە
ئەمەیان پێ ڕاستە، هەروەها ٣٦،٦٪ ئەڵمان پێیان وایە کەوا [
ئەڵمانیا بە هۆی زۆری ژمارەی بێگانەوە لە دۆخێکی ترسناک و ژێر هەژموونی
بێگانەدایە].
ئەمە بە تێکڕا وێنەیەکی گشتی ئەم وڵاتەیە بەتایبەت بەشی ڕۆژهەڵاتەکەی
کە جاران بە
DDR ناسراوبوو
واتە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا، سەربە شورەوی و سیستەمی سۆسیالیستی
بوو.
ئێستا دەردەکەوێ هیچ کەوا سۆسیالیستی نەبوو، بەڵکوو بایی گەردیلەیەکیش
دیموکراسی نەبووە، ئاخر کەسی پەروەردە نەکردووە و هیچی لێ شین نەبووە،
دەنا ئەم دیاردە ترسناکە چییە؟، دوای ئەو هەموو تاوانە گەورانەی
هیتلەر، تۆ هێشتا چاوەڕی نازی و رابەرێکی سیمبۆلیی وەک هیتلەر بیت و بە
ئاشکرا بانگاشەی بۆ بکەیت.. لە کاتێکدا مێژوو و جیهان ئەم کەس و
سیستەمەی بە نەفرەت کردووە! ١١٪ پێیان وایە (دەبێت ئەڵمان
نەتەوەی باڵادەست بێت بەسەر ئەوانی تردا).
دەروونناسی کۆمەڵایەتی
Elmear Brähler
دەڵێ :(لەبری دروشمی
بەرژەوەندی هەمەچەشن و پلورالیزم، خواستی کۆمەڵگەیەکی داخراو
گەورەترە).
پارتە چەپەکان هۆشداری دەدەن و دەڵێن: (ئەم دیاردەیە بەس لە بەشی
ڕۆژهەڵاتدا نییە، بەڵکوو لە رۆژئاواش هەیە). ئەمە راستە لە رۆژئاوا تاک
و تەرا هەن و خراپتریش بیر دەکەنەوە بەس لە رۆژهەڵات زۆر زەق و زیاترە
و کولتوورە و خۆی لە چوارچێوەی رێکخراو و پارتدا ڕێکخستووە!
ڕاپرسییەکی زۆر توندە بەرانبەر بە جولەکە و سیخناخە بە
Antisemitisch
دژەجولەکە.. تەنانەت نزیکەی ١١٪ لەوانە پێیان وایە جولەکە
کاریگەرێتی خراپیان لەسەر ئەڵمانیا هەیە و ٢٠٪ لەو باوەڕەدان
لەسەر هەموو جیهان هەیە… هەربۆیەشە هیتلەر لەناوی بردن.
٦٢٪ ئەڵمانیای رۆژهەڵات وێنەیەکی رادیکالانەی جیهانیان لە
مێشکدایە.. هەروەها جێی سەیروسەمەرەیە کەوا هێشتا ٦٠٪ خۆیان وەک
هاوڵاتی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا دەبییییییییییینن؟!
من زۆر ڕەشبین نیم بەرانبەر بەم دیاردەیە لە ئەڵمانیا بەڵام بە
هەڕەشەیەکی ئامادەیشی دەبینم . ڕەنگە مێژوو دیسان خۆی بەشێوە
گاڵتەجاڕییەکەی دووبارە بکاتەوە!
___________________________________________
سەرنج: داتاکانم
لەرۆژنامەی دێر تاگەسشپیگلی ئیمڕۆوە وەرگرتوە.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|