٢٣\٤\٢٠١٤
توندوتیژیی لەناو
خوێنمان وەک هیمۆگلۆبین.

هێمن عـوسمان عەبدوڵا
هیچ ژینگە و سەنتەر و ناوەندێک هێندەى خێزان کاریگەرى لەسەر تاک دانانێ.
ئەم تاکە وەک مەعدەنێکى خاو ، یەکەم کارگەى خێزانە قاڵبەکانى بۆ
دادەنێ بێ ویست و ئاگاى خۆت لە قاڵبێک دەنێ ، پێتدەڵێ منى باوک منى
دایک دەمانەوێ بەم چەشنە بیربکەیتەوە بەم چەشنە لەگەڵ دۆست و نزیکانت
ڕەفتاربکەیت، ئەوە خێزانە تۆ پەروەردە دەکات بەو ئاراستەیەى خۆى دەیەوێ
، لەدایکبون لە دامێنى دایکەوە لەو دەمەى ڕا مامانێک هەردوولاقتى
گرتووە و ڕاتدەکێشێ، هێزێکیش لەناو ڕەحمى
دایکەوە پاڵت پێوە دەنێ دێییتە بوون ،مامانەکە سەرەونگون دەتگرێ و
دوجار دەکێشێ بەپشتتدا مرۆڤ توندوتیژیی تێدا دروست دەبێ، ڕەحمى دایک
ئەو جێگەیەى کە ئیدى نۆ مانگ زێدەتر ناتوانى تێیدا بمێنیتەوە هەندێک
جار چەند ڕۆژێکیش ناخایەنێ و تۆ دەبێ بڕۆیت و جێى بهێڵى ، لەم پرۆسەى
لەدایکبونە مرۆڤ بێ ویست توندوتیژیی تا دواهەمین چرکەساتى تەمەن لەگەڵی
دایە. نۆ مانگ هەڵمگرتویت تەنانەت بۆ یەک مانگى دیکەیش ناتوانم لەناو
ڕەحمم بمێنیتەوە لە بەرانبەر ئەمەدا ئێمە دەبێ بێ ویست ملکەچى گەورەکان
بین ، گەورە ناتەندروستەکان ، ئەو گەورانەى دەروونیان پڕیەتى لە کەلێن
و درزى گەورە چى بکات تەنها ئەوەندەى لە دەستدێ چونکە خۆیشى بە هەمان
چەشن و ڕێسا و یاساى توندوتیژیی بە ژیاندا هەنگاو دەنێ . لەو یەکەم
چرکەساتەوە مرۆڤ کۆتێکى گەورەى لەمل دەکرێ لەسەرى نووسراوە "خێزان" نە
ئێمەش و نە ئەوانەى دەوروپشتمان نە دەزگە و نە سیستەم ئەو پەت و زنجیرە
دەبینێ تا هەوڵێک بۆ قرتاندن و دەربازبونمان بدات لێى، ئیدى لێرەوە
توندوتیژیی وەک هیمۆگلۆبین دەچێتە ناو خوێن لەگەڵ دەست و لاق و سینگ و
پێیەکان لەگەڵ ژیریمان گەورە دەبێ و گەشە دەکا . ئێمە نازانین لەسەر
وەختى لە دایکبونمان بە توندوتیژیی پێمان بە دونیا کەوتووە ، تا هەوڵى
نەگەیاندنى خۆراک بدەین بەو بەشەى توندوتیژیی کە لە خوێنمان و لە ناو
ژیریمان گەورە دەبێ ، تا پێنج ساڵى لەو تەمەنە منداڵ کەسایەتى و
بونیادى خۆى دروست دەکات بەر بەهەموکارێکى چاک یان خراپ تێیدا دەگیرێ ،
لەو تەمەنە بەو لاوە ئەو منداڵە هەر مەعدەن و ڕەفتار و گوفتارى
دەروبەرەکەى تێدا بووبێ دەبێتە هەڵگر و میراتى ئەوان ، وەک ئەوان
توندوتیژ ، چاک خراپ ڕەفتار شیرین بە ئیلتیزام بە بە پێچەوانە دەبێ.
ئەوە تەنها خێزان نییە توندوتیژە سروشت ئەفسانە و ئاینەکانیش کۆڵەکەى
گرنگى بەرهەم هێنانى توندوتیژین ، لەنێو پەیامى هاتووە خوارێى ئاینەکان
توندوتیژیی و ناکۆکى نێوان ڕەگەزەکان و مرۆڤەکان دەگەڕێنەوە بۆ هابیل و
قابیل ، کوشتى ئەویان بەدەستى ئەوى دیکەیان . مرۆڤ وا تەماشاى
توندوتیژیی کردووە کە گەنمێکە و زۆر لە مێژە تۆوەکەى ڕژاوە ، ئەو
بۆچوونەى ڕاستەوخۆ لە هزریدا دەچەسپێ ئیدى ئەمە بە من ناسڕێتەوە ڕەگى
داکوتیوە ، بەمن و ، بە ئەو و ، ئەوى دیکەیش دەر ناهێنرێ ، وەک هێزێکى
دەرەکى و بان سروشتى لێى دەڕوانێ . دروستبوونى مرۆڤ دروستبوونى
توندوتیژییە ، ئەوەتا ئادەم و حەوا لە بەهەشت دەردەکرێن بە زەبرى هێز
بە زەبرى توندوتیژیی دەخرێنە زەمینێکى نا هەموار ، لەیەک دوور
دەخرێنەوە لە پاش ئەوەش ئەم مرۆڤە بە شوێن نان و ئاو ژیانى خۆیدا
گەڕاوە و چاوەڕێى سروشتى کردووە بەڵام سروشت بێ ڕەحمانە بەرامبەرى
توندوتیژ بووە ، گەر سەرما و گەرمى باران و لافاوى زۆر و دۆخى
ناهەموارى نەبووبێ پەناى نەدەبردە بەر کوشتنى ئاژەڵ تا پێستەکەى بکاتە
بەرى و گۆشتەکەیشى بکاتە خوانێکى ڕازەوە ، ئەوە تەنها مرۆڤ نییە
بەرامبەر مرۆڤ توندوتیژە بەڵکو سروشتیشە . ڕەنگە ئاینەکان و دەسەڵات و
فەرمانڕەواکانیش لە سروشتەوە فێرى توندوتیژیی بووبێتن . گەر بڕوانین
ئەو مرۆڤە سەرەتاییانەى کە ئاوا و هەوایان لەبار بووە بۆ بۆ خۆراک و
داپۆشینیشیان گەڵاى درەخت و ڕووەکیان بەکار هێناوە.
خواستى مرۆڤ لە بننەهاتووە و بەپێى هێزى باز و تواناى خۆى هەوڵى
بەدەستخستنیان دەدا تەماشا دەکا تا چەند توندوتیژ بێ چەند زیاتر
کوتەکەکەى گەورە بێ و چەندێ بتوانێ باشتر بیوەشێنێ خواستێکى زیاتر دێتە
دى ، زۆرێک لە شادى و کەیفسازى مرۆڤ لە حەجمى تێڵاکەى دەستیدایە ، پێى
وایە چەند گەورە تربێ و چەند زیاترى پێ بخاتە ژێر ترس و بیمەوە
بەرامبەرەکەى تێڵاتڕێن بکات ئەوەندە زیاتر کەیفساز و دڵخۆشترە . هیچ
کارەسات و ڕووداوێک نییە هێندەى جەنگ گەورە و دڵتەنگکەر بێ تەنانەت بە
بینینى ڤیدۆییەکەى بچوک لە تیڤییەوە ئەزموونى دەکەیت ، وادەزانى لەناو
جەنگەکەدایت لە گەڵ کاراکتەر و مرۆڤەکانیدا برسى و ناڕەحەتدەبیت ،
گەرورەترین و کوشندەترین ژەهرێک توندوتیژیی بەرهەمى هێنابێ جەنگە ، کە
نەتەواو دەبێ و نە بەر بە بەرهەمهێنانیشى دەگیرێ ، دەگێڕنەوە دزێک پاش
بڕینى چەندین مالڕ و پاش تۆبە کردن و وازهێنانى لە دزى بڕیار دەدات
دەست لەوکارە هەڵبگرێ ، بەڵام هەموو شەوێک ماڵەکەى خۆى بە کۆڵیدا دەدات
و لە گردۆلکەیەکى نزیک دایدەنێ و بەیانیان دەیهێنێتەوە ، ناتوانێ واز
لە دیکردن بهێنێ ! مرۆڤیش جۆرێکە و لەو چەشنە گەر کەسى دەست نەکەوێ
بەرانبەرى توندوتیژبێ دەکەوێـتە توندوتیژیی بەرانبەر بەخۆى.
ماڵپەڕی هێمن عوسمان
عەبدوڵا
|