٢٢\١\٢٠١١ تونس سەرهەڵدان و شۆڕشی نان..!
ئەوەی زۆر گرینگە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ ئەو هەڵچوونە پڕ لە جوانیەیە کە مرۆڤ دەخاتە نێو چوار چێوەی ئەندێشەی ژیانەوە، ئەویش ترۆپکی قوربانیدانە لە پێناو ژیان. بێکاری و برسیەتی وا تەنگی بە هاوڵاتیانی تونس هەڵچنیوە تا ئەو ئاستەی قوربانی ژیانی لە پێناو ژیان لێبکەوێتەوە، تەنانەت ئەو شۆرشەی کە لە تونس روویدا هێندە پشت ئەستوور بوو بە متمانە بە خۆبوون دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە شێوەی (زەین العابدین بن علی) بەو دەسەڵاتە دیکتاتۆریەی23ساڵە حکومرانی دەکات نەیتوانی بەرگەی چەند رۆژێکی کرێکاران و پێشکەوتنخوازان بگرێت.
ناچمە سەرئەوەی ململانێ چینایەتیەکان لەسەر ئاستی جیهان گەیشتۆتە چ ئاستێک، بەڵام نموونە برسیەتی و بێکاری گەلی تونس بەسە بۆ وێناکردنی سیستەمی مرۆڤ کوژی سەرمایەداری. شاعیرێکی عەرەب دەڵێت (ئەگەر میللەت ئیرادەی ژیانی ببێ دەتوانێ دڕ بەشەوە زەنگ بدات و کۆت و بەندەکان چەندەش بن دەیشکێنێ) ئەوەیە ئیرادەی گەل گەر بیەوێ گۆڕانکاری بنەرەتی و بنچینەیی لە سیستەمە سەپێنراوەکان بکات (بێ گومان نموونەی تونس) هیچ بەربەستێک نابێتە روخاندنی قەڵای خواستی مرۆڤ. لە لایەکی دیکەوە ئەو شێوازە حکومڕانیەی کە لە ناوچەکەدا بەزۆری سەپێنراوە ئەگەر پێرەوەکەى تا ئاستى نیو سەدەیەکیش بخایەنێ دەبینین کەچارەنووسیان چ چەشنێکە، وێرای ئەوەی تا دێ دەرفەتی ژیان لەم دەوڵەتانەی کە چەوسانەوە وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی سیستەمی دەسەلاتیان پەیڕەو دەکەن ئایندەیان باش نابێ و ئەو خۆسەپێنی و گوشینی هێزو بازووی میللەت زۆر ناخەیەنێ،ئەوەی مایەی خۆشحاڵیەشێوازی شۆرشی ڕووبەڕووبونەوەوسەرهەڵدانیش جیهانبینییەکى دیکەی بەخۆیەوە بینیووە لە شێوەی خەباتی مەدەنی وەک ئەوەی کە دەبینین تێکۆشانی سەندیکاکان بەچ ئاراستەیەک کاریگەری خۆی دەچەسپێنی لە گۆڕانی شێوەی بەرێوەبردنی وڵات.
برسیەتی و بێکاری و گەندەڵی و دیکتاتۆریەت چەند شێوازێکی ئەم دەوڵەتە چەوسێنەرانەن کەوا لە گەلەکانیان دەکەن بەدوای جێگرەوەی دیکەدا بگەرێن، هەڵبەت باشترین جێگرەوەی دەسەڵاتى خۆسەپێنەریش دەسەڵاتی گەل و کارگەرانە. گەرانەوە بۆ گەل پتەوکردنی پێگەی هەر دەسەڵاتێکە بیەوێت لە نێو برک و ژانەکانی گەلەکەیدا گوزەر بکات ، گوێنەدان بە خواست و ویستی گەل و چەوساوەکانی وڵات هۆکاری سەرەکی هەڵتەکاندنی رۆحی دەسەڵاتی سەرمایەدار و خۆسەپێنیە لە رێگەی خەباتی چینایەتی و کرێکاری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
|