٢٤\٣\٢٠١٤ تورکیا ١٠ رۆژ پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان تویتەری داخست.
داخستنی تویتەر لە تورکیا داخستنی گرنگترین کەناڵی کۆمۆنیکاسیۆنی دژبەرانی ئەردۆغانە ، تورکیا هاوشێوەی ئەو چەند ووڵاتەی کە چاودێری ئینتەرنێت دەکەن و تۆڕە کۆمەڵایەتیان سانسۆر دەکەن ، لەڕێگەی پاڵەپەستۆ خستنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەیەوێ شۆڕش لەڕێگەی تویتەر و فەیسبووک (نەجریوێنی - نەخوێنێ) یاخود خۆپیشاندان ئەنجامنەدرێ و هەموو کلیکێکی هاووڵاتیان بخاتە ژێر چاودێریەوە.
لە سی ئادار واتە کۆتایی ئەم مانگە لە تورکیا هەڵبژاردن دەستپێدەکات، داخستنی تویتەر دە ڕۆژ پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن حکومەتی ئەردۆغان شکستێکی تری دیموکراتیەتە لەو وڵاتەدا، پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات بەو کردارەی هەنگاوێکی تر پاشەکشەی بە تورکیا کرد، چونکە تویتەر لە تورکیا دوازدە ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، تەنانەت خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ) جگە لەفەیسبووک دوو پرۆفایلی لە تویتەر هەیە!!
ئەردۆغان دوور نییە دوای هەڵبژاردنەکان دووبارە مۆڵەت بدات تویتەر لەتورکیا بەکاربهێنرێت . عەبدوڵا گوڵ سەرۆک کۆماری تورکیا لەلایەن خۆیەوە داخستنی تویتەری ڕەخنەکرد ، بەڵام وادیارە دەسەلاتی ئەردۆغانی نییە، هەرچەندە ئەردۆغان لەڕیگەی دادگا وە هەڕەشەکانی بەئەنجام گەیاند بۆئەوەی کەس نەتوانی ڕەخنەبگرێ و گوایە بابەتەکە یاساییە و کەس لەیاسا بەرزتر نییە، واتە بەکارهێنانی ڤیتۆی سەرۆک کۆماریش ڕۆڵی نەما!
|