په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠٢٢

توركیا بەرەو كوێ دەڕوا؟


ئەرسەلان مەحمود    


دەوڵەتی ئێستای توركیا، ئەگەرچی وەك هەمیشە بەرامبەر بەكورد هەر هەمان دەوڵەتە دوژمنكارەكەی سەرەتاو سەردەمی مستەفا كەمال توركە، بێگومان بەچەك و جبەخانەو هێزی زیاترەوە، بەڵام لەخۆی و سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا هەر هەمان دەوڵەتەكەی ئەوساو تەنانەت بیست ساڵ لەمەوبەرو بەر لەهاتنە سەركاری ئەردۆغان و پارتە كۆنەپارێزە ئیسلامییەكەی نییە، توركیای ئەمڕۆ دەوڵەتێكە بەدەستور سكۆلارو بەئایدیاو ئەجێندا فاشیزمی ئیخوانی!!

سەرەڕۆییەكانی ئەردۆغان لەسەرۆكایەتی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، گۆڕانكاریەكی گەورەو سووری بەسەر دۆخی ناوخۆو سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەدا هێناوەو بەردەوام پێداگری لەسەر فراوانكردنی شوێنگەی سەربازی و پێگەی دیپلۆماسی و فراوانخوازی جوگرافی دەكاتەوە، لەم پێناوەدا ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، بێگومان لەژێر پەردەو ناوی جیاو بەشێوازی جیاواز دەستی بەدەستوەردانی سەربازی و فەرهەنگی و ماركێتینگ لەبەرژەوەندی ئامانجە شاراوەكانی خۆی و پارتەكەی كردوە.

توركیا، ئەندامی ناتۆیە، بەڵام بەناوی ڕاپەڕاندنی ئەركی هاوبەشی ئاشتیپارێز لەگەڵ ڕوسیادا، هێزی سەربازی لەئازەربایجان جێگیر كردوە، بەبیانووی دژایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان لەعیراقدا، جگە لەوەی بەدەیان كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوەو بەئاشكرا ئۆپەراسیۆنی ئەرزی و ئاسمانی دەكات، دەیان بنكەی سەربازی و هەواڵگریشی جێگر كردون، گوایە پشتیوانی لەحكومەتی تەڕابلوس دەكات، لەو ڕێگەیەوە هێزی سەربازی لەوڵاتی لیبیا جێگیر كردوە، لەسوریا بەشێك لەسنوری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤای داگیركردوەو شەڕی هەمەلایەنە دژی ئەو دەسەڵاتە كوردییە بەڕێوە دەباو تەنانەت لەهەوڵی ئەوەدایە مسوڵمانە ئیگۆرەكانی چین لەوێ‌ جێگیر بكات، لەبۆسنیاو هەرزەگۆڤینا بەناوی هاوكاری یەكێتیی ئەورپا بۆ چاودێری ڕێكەوتنی ئاشتی دایتۆن هێزی سەربازی جێگیر كردووە، لەسڕبیا بەناوی هاوبەشیكردنی ناتۆو هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەكگرتووەكان هێزی سەربازی هەیە، لەدەریای ناوەڕاست گوایە هاوكاری هێزەكانی ناتۆ دەكاو هێزی سەربازی داناوە، باكوری قوبڕسی داگیركردووە، لەلوبنان بەناوی هاوكاری هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەكگرتووەكان هێزی سەربازی جێگیر كردوە، لەقەتەڕ بەناوی مەشقكردن بەهێزە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە، هێزی سەربازی و بنكەی هەواڵگری دامەزراندووە، لەسۆماڵیا بەهەمان شێوە هێزی سەربازی داناوەو بنكەی هەواڵگری دامەزراندووە، وەك ئەوەی ئەردۆغان خۆی دەڵێت لەڕێگەی دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هاوكاری هاوبەشەكانیەتی لەئەسیوپیاو ئۆكرانیا، لەبەرامبەر گولەن و هەیمەنە پێكردنی هزری فاشیزمی ئیخوانی، خەریك بەدامەزراندنی هۆبەو قوتابخانەو كۆلێژی ئیسلامییە لەدەرەوەی توركیا.

لەناوخۆدا، بەتایبەت لەماوەی ئەم دە ساڵەی ڕابردودا، ئەردۆغان تەلارسازیی یاسادانانی توركیای بەتەواوی لەبەرژەوەندی فراوانكردنی دەسەڵات و ئەجێنداكانی خۆی و بەهێز كردنی پێگەی پارتەكەی بەتەواوی تێكداوە، هەژموونی ئاكەپە لەهەر كات زیاتر بووە لەم وڵاتەدا، دەسەڵاتی بەسەر دامەزراوەو ناوەندەكانی میدیاو ڕاگەیاندن بەهێزتر بووە، بەردەوامە لەپاكتاوكاری هێزو گروپە سەربازی و مەدەنییە دركپێكراوە بەرهەڵستكارەكانی، سیستمی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوەتەوەو كردویەتی بەسەرۆكایەتی، ئۆفیسی سەرۆك وەزیرانی نەهێشتووە، سەرەڕای ئەوەی لەڕێگەی ئایدیا ئیخوانییەوە دەیەوێ‌ سعودیا بخاتە دواوەو خۆی بكاتە جێگرەوە بانگەوازی نوێنەرایەتی كردنی جیهانی ئیسلامی دەكات، بێگومان بەئامانجی هەڵخڕاندنی ڕای گشتی توركیا جەخت لەسەر ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی توركیزم دەكاتەوە، ئێستا خۆی بەخاوەن و تەنها هێزی میراتگری ڕاستەقینەی دەسەڵاتی وڵاتەكەی دەزانێ.

توركیا دوا جار بەرەو كوێ دەڕواو سەرئەنجام چجۆرە سیستم و ئایدیاو ئەجێندایەك هەر بەكردەوە نا بەفەرمی دەبێت بەجێگرەوە، ڕەنگە پرسیاری هەمووان بێت، بەڵام وڵامەكەی لای هەمووان نییەو كەوتووەتە دەرەوەی شرۆڤەو لێكدانەوەكان، پتر پەیوەیستە بەهاوڵاتیانی توركیاو هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ و دەنگی دەنگدەرانی وڵاتەكەوە، ئەوەی پێشبینیكراوە بەدڵنیاییەوە ئەردۆغان و پارتەكەی دەكەونە بەر كاردانەوەو پرینگانەوەی خەڵك و دەنگی دەنگدەرو تەنانەت هاوبەشەكانیشی، ئێستا هەمووان دەتوانن لەوە تێبگەن سەرەڕۆییەكانی ئەردۆغان دواجار دەتوانێت تەواو مەترسیدار بێت لەسەر توركیا، لەنوێترین لێدواندا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەڵسوكەوتەكانی توركیای بەرامبەر بەناتۆو هاوبەشەكانی بەنامۆو سەیر وەسفكرد، هێشتان ئەگەری هەڵەی جدی تری هەیە لەحوكمكردن و حوكمدان.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک