په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢٥

تورکیا: بەرهەڵستی، ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵات.


ئەرسەلان مەحمود      


ئەوەی چەند ڕۆژێکە لە تورکیا دەبیندرێت، دەرکەوتنی ڕووکەشی گرژییەکان نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پارادۆکسی بنەڕەتی سیستەمی سەرمایەداری نوێ-لیبڕاڵە.

ئەردۆغان کە خۆی وەک نوێنەری "خەڵک" پێناسە دەکات، لە ڕێی بونیادی ڕەمزی ڕێژیمەکەیەوە سەپاندنی دیکتاتۆریەتەکەی بە دیموکراسی واقیعی ناو دەبات. ئەمە بەرجەستەکردنی ئەو شتەیە کە سلاڤۆ ژیژەک لە تیۆرییەکانیدا بە "تۆتالیتاریزمی پۆپۆلیستی" ناودێری کردووە.

دەستگیرکردنی 'ئیمام ئۆغلو' وەک 'کردارێکی سیمبولی' پەیامێکی ڕوونە. ئەمە تەنها ئۆغلو نییە کە دەستگیر دەکرێت، بەڵکو خودی دەنگی دیموکراسی و بەرهەڵستییە سەرکوت دەکرێت. ئەردۆگان و ڕژێمەکەی وەکئەوەی کەوتبێتنە گیانەڵاوە، چەپ و ڕاست دەستیانداوەتە پاکتاوکردنی بەرهەڵستکارەکانی. ئەم کردارە بەشێکە لە ستراتیژیەتی 'ترس و فۆبیا'ی پۆست-سیاسی کە تیایدا خودی ئۆپۆزسیۆن بوونی وەک هەڕەشەیەکی تیرۆریستی پێناسە دەکرێت.

هەڵوەشاندنەوەی سەندیکای پارێزەران، بەرجەستەکردنی "پارادۆکسی نەزمی یاسایی"ـیە. لە کاتێکدا ئیشی یاسا هەر پاراستنی ماف نیە، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ بنیادنانی مافەکان. لێرەدا لە ڕێی چەمکی "نەزمی گشتی"ـیەوە، ئەردۆغان دێ و مافەکان هەڵدەپەسێرێت، بۆچی؟ بۆ پاراستنی سیستەمێک کە گوایە ئەو مافانە دەپارێزێ. ئەمە هەمان ئەو لۆژیکەیە وتمان ئەواتا یاسا نەک کەلێنەکانی ناو سیستەمەکە، بەڵکو خودی سیستەمەکە دەپارێزێت.

خۆپیشاندەران داوای چیدەکەن؟ وەرچەرخانی ڕادیکاڵی لە سیستەمی سیاسی یان گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ باری ئاسایی؟ ئەو ئاسایی بوونەی کە هەرگیز بوونی نەبووە لە وڵاتەکەدا. خەڵکی تورکیا ئێستا لەگەڵ پەرەسەندنێکی دیالەکتیکی بەرەوڕوون، کە تیایدا بەرهەڵستکاری خۆی بووەتە بەشێک لە ئایدیۆلۆژیای حوکمڕانی.

ئەو سەدان هەزار خۆپیشاندەرەی ڕژاونەتە سەر شەقام، بەتایبەت لە گەنجان و خوێندکاری زانکۆکان، هاوکات قەدەغەی خۆپیشاندان و داخستنی پردەکان و تەقەکردن لە سەفارەتخانەکان،بەرجەستەبوونی "سوبژێکتی سیاسی" نوێن و ڕووبەڕووی مەترسی "بوتکردنی دیموکراسی" بوونەوە. ئەم بە پیرۆز کردنە کاتێک ڕوودەدات کە بەرهەڵستی وەک ئامانجی کۆتایی، نەک وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری ڕادیکاڵ، دەبینرێت.

ئەردۆغان تەنها دیکتاتۆرێکی کلاسیک نییە. ئەو نوێنەری "سینیزمی پۆست-ئایدیۆلۆژی"ـیە. لە کاتێکدا کە بە ڕواڵەت سەروبەری زمانی بووە داکۆکیکردن لە "نەزمی گشتی"، دەزانێ کە ئیشی "نەزمی گشتی" لێرەدا تەنها پەردەپۆشکردنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیەتی. کەواتا دەزانێ چی دەکات و بۆچیش بەردەوام دەبێت لە کردنی.

ئەم قەیرانە دەکرێ وەک هەڵپەساردنی "ڕیاڵ"ی کۆمەڵایەتی تورکیا ببینرێت. ئەو "ڕیاڵ"ـەی لە ژێر چەتری ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی-ئیسلامی شاردراوەتەوە، ئێستا لە ڕێی ئەم ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەوە دەردەکەوێت. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێ ئەم دۆخە بەرەو ئەم ئاراستانە پەرە بسەنێت:

١- ئەردۆغان بەردەوامی زیاتر بداتە هەوڵی سەرکوتکردنی بەرهەڵستکارەکانی، کە ئیشی خۆیەتی، بەمەش پێگەی نێودەوڵەتی تورکیا بکاتە قوربانی پاراستنی پێگە و دەسەڵاتەکانی.
٢- خۆپیشاندانەکان پەرەبسەنن بۆ بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی کە دواجار داوای گۆڕانکاری بنەڕەتی دەستوری و ئیداری و جڤاکی بکات.
٣- سەرەنجام فۆرمێکی نوێی پۆپۆلیزم بۆبەرگرتن بە ئەگەری سێیەم دەربکەوێت کە کێشەکانی سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخ بشارێتەوە، لە ڕێگەی قایل کردنی شەقام بە هەندێک گۆڕانکاری ڕووکەشی سیاسی.

کورت و پوخت، ئەوەی لە تورکیا دەبیندرێت، نەک هەر دەربڕی قەیرانێکی سیاسی ناوخۆییە، بەڵکو بەرجەستەکاری قەیرانێکی سەرتاسەری دیموکراسی لیبڕاڵی هاوچەرخە. ئەمە نیشانەیەکی بەرچاوە بۆ 'نەخۆشییە بوونناسییەکەی سەرمایەداری' کە لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت. لێرەدا چارەسەرەکە نەک لە گەڕانەوە بۆ دیموکراسی لیبڕاڵی کلاسیکدا، بەڵکو لە داهێنانی فۆرمێکی نوێی سیاسەت و کۆمەڵایەتیبووندا بەرجەستە دەبێت کە تیایدا 'ڕیاڵ'ی سەرکوتکراو بەرجەستە دەبێت. ' ئێمە خەون بە دیموکراسییەتێکەوە دەبینین کە لە خەودا بەخەبەر بین.'
_____________________________________________________
پەراوێز:
- تۆتالیتاریزمی پۆپۆلیستی: چەمکێک کە لە سلاڤۆ ژیژەکەوە وەرگیراوە، ئاماژە بە دەسەڵاتێک دەکات بە ناوی "خەڵک"ەوە سەپاندن و کۆنتڕۆڵی تەواو جێبەجێ دەکات.
- کرداری سیمبولی: کردارێک وەک دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغلو، کە کەسێکی دیار دەکاتە ئامانج و لە ڕێگەیەوە دەیەوێت پەیامێکی گشتی بدات.
- پارادۆکسی نەزمی یاسایی: ناکۆکییەک کە یاسا دەکاتە ئامرازێک بۆ پاراستنی دەسەڵات، نەک مافەکانی هاوڵاتیان، وەک لە هەڵوەشاندنەوەی سەندیکای پارێزەراندا دەبیندرێت.
- سینیزمی پۆست-ئایدیۆلۆژی: دووڕووییەکی ئەردۆغان کە دەزانێت "نەزمی گشتی" تەنها نمایشە، بەڵام بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی.
- ڕیاڵ: واقیعی کۆمەڵایەتی تورکیا کە لە ژێر ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی-ئیسلامی شاردراوەتەوە و ئێستا لە ناکۆکییەکاندا دەردەکەوێت.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک