٦\٤\٢٠١٢
تورکیا
ھۆشداریی دا بە باڵیۆزی ئێران لە ئهنکهره.
هێمن
حەفتەیەک دوای سەردانەکەی ئۆردوگان لە تاران، داۆد ئەحمهد ئۆغۆلو
وەزیری دەرەوەی تورکیا باڵیۆزی ئێرانی لە ئهنکهرهی بۆ
وەزارەتخانەکەی بانگکرد و داوای ڕوونکردنەوەی سەبارەت بەقسەکانی تاران
لەپەێوندی کۆنفرانسی دۆستانی خەڵکی سوریە لە ئستانبولی لێکرد.
داوای کۆنفرانسی دۆستانی خەڵکی سوریە لە ئستانبول دەسەلات لە تاران
نارەزایی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری کۆنفرانسەکە ڕاگەیاند، زیدە لەوەش
جەزایری جێگەری فەرماندەی ھێزەکانی سپای پاسدارن پێوایە دەبێ ئەو
وڵاتانەی دەستێوردانی باردۆخی ناخۆی سوریە دەکەن جەزابەدرین.
یەکەم پرسیار لەو ڕابەتەدا ئەوەیە، ئایا بانگکردنی باڵیۆزی ئێران بۆ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کۆتایی دۆستایەتی تاران و ئهنکهرهیە، و
ئایا تاران لە بارودۆخی ھەنوکەدا، سوریە بەسەر بەرژەوەندیەکانی دەرگای
کراوەی پێشێلکردنی ئابلوقەی ئابووری غەربو ئەمەریکا پەسەند دەکا؟
بێگومان تورکیا بۆ دەسەڵاتی ئیسلامی لە تاران پڕ گرنگە، و بەتایبەت
ئیستاکە ئێران لە ژێر گۆشاری ئابلوقەی ئابووری غەربو ئەمریکادا لە
بادۆخێکی ئەستم و زۆر نالەبار کەوتوە، و تورکیایش تاکە دەرگای ئاوەڵەی
پێشێلکردنی ئابلوقەی ئابووری و ناردنی کەرستەی پێویستیی بۆ ئێرانە،
دژوارە ئێران بەتوانێ پەیوەندی لە گەڵ ئهنکهره بەتەواوی بەبڕێ.
لە لایەک پڕ ئاشکرایە، نیزامی بەعسی ئەسەد باڵێکی گرنگوکۆریدۆرێکی
کراوەی بۆ ئێرانە بۆ دەستپێگەیشتن بە حیزبۆڵڵەو حاماس لەو ناوچە
ھەستیارەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە و ھەروەھا سوریە ئامرازێکە بۆ ئێران
بۆگەمەی سیاسی لە گۆرەپانی نێودەوڵەتی لە مەڕ وڵاتانی ١+،٥ کەوابوو
ئێران بە زەحمەت دەتوانێ ئەو پوێەندیە لەدەست بەدا.
لەلایەکەی تر ئاشکرایە تورکیا بە ھۆی پەیڕەو بوون لە سیاسەتی
پێشێلکردنی ئابلوقەی ئابووری ئەمریکا و غەرب بەرامبەر بە ئێران،
داھاتێکی ئیجگار زۆری لەو ڕێگەوە بۆ دروست بووە و نایھەوێت پەێوەندی
لەگەڵ تاران بە تەواوی بە پچڕینێ.
ھەربەرئەوەش تورکیا لە سیاسەتێکی نێوان نێوان پەیڕەو بوو و ھەموو
ھەوڵێکی داوە لە چارەسەریکردنی کێشەی نێوان دەسەڵاتانی ١+٥ و تاران
دەوری نێوبژوانی بەگێڕێ، ھەرچەندە دوێنی ھۆشیارزێباری وەزیری دەرەوەی
عێراق ڕاگەیاند ئێران دەێھەوێت دانوستانی ئەومانگە لەسەر کێشەی ناوەکی
نێوان غەربو ئێران لە بەغدا بێت، تاکو لە ئیستانبول.
ڕێپێدانی تورکیا وک ئەندامێکی ناتۆ لە دامەزراندنی ویستگەی موشەکی
ئەمریکا لە ناوخاکی تورکیا، بێگومان لە لایەن ئێران وەکو مەترسیەکی
جیدیە دەبینرێ، و تاران دەمێکە نارەزایی خۆی لە مەڕ ئەو بڕیارەی تورکیا
دەبڕیەوە.
ھەرچەندە تاران بە ناچار بە ھۆی دژواریی بارودۆخی ئابلوقەی ئابووری
غەرب و ئەمریکا ماوەیەک بوو بێدەنگ بوو، بەڵام ھەڵوێستی تورکیا
بەرامبەر بە ڕاپەرینی خەڵک سوریە و لێدوانی لەمەڕ بەشار ئەسەد و باوکی،
و ھەروەھا گرتنی کۆنفرانسەکانی دۆستانی خەڵکی سوریە لە ئیستانبول
تارانی بە ناچار بردە خانەیەکی دژواری سیاسیەوە.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئۆردوگان دەمێکە ھەستی بە نەفۆزی ئێران لە
ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کردوە، و ھەربۆیە ئهنکهره گەراو ڕێرەوی
سیاسەتی دەرەکیی خۆی چەق بەستراوەی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت
عەرەبەستانی سەعودی کردوە، و ئاواش ئهنکهره جارێکی تر بەتەمای
بەڕێخستنی ئیمپراتۆری عوسمانیەکانە.
گرژی پەێوەندی نێوان ئیسرائیل و داکۆکیی کردنی ئەنکار لە جوڵانەوەی
فەڵەستین و ڕوداوەکەی بەرواری ٣١/٠٥/٢٠١٠ واتە ھێرشی ھێزەکانی
ئیسرائیلی بۆ سەر کەشتیەکەی تورکیا کە یارمەتی بۆ خەڵکی فەڵەستین دەبرد،
پەشتڕاستکەرەوەی سیاسەتی نوێ تورکیا و گرنگی سەرەنجدان بە پەێوەندی
نێوان تورکیا و وڵاتانی ئیسلامیە سوونە لە ناوچەی کەندوا، و پێشگرتن بە
سیاسەتی پەرەپێدانی گەرای شعیەی ئێران لەو ناوچەیەیە.
بەڵام ئایا تورکیا و ئێران وەکو دوو ھێزی ئیسلامی سوونە و شیعە لە
خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دۆستی ئەوڕۆ و دوژمنی دوێنی لەو قۆناغەدان
بەربەرەکانی یەکتر بکەن، و مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی و تەوەری
شاھەنشایی فارسەکان، و شەڕی چاڵدۆران دوپات کەوەنە، ئەوە پرسیارێکی پڕ
دژوارە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەنیەکانی دولایەن لە قۆناغێکی پڕ ھەستیار و
گرنگ دان؟
ئاشکرایە سوریە کەوتۆتە قۆناغێکی دژواری سیاسیەوە، وبەرەوھەڵدرێکی
سیاسی دەچی و ڕۆژەکانی رژیمی بەعسی میشێل ئەفلەق و بەشار ئەسەدی کوری
حافەز ئەسەد داوی بڕیاری کۆنفرانسەکەی ئیستنبول بەرەوکۆتایین.
ودوای ھەرەس ھێنانی رژیمی بەعسی سوریە، ئێرانیش باڵێک بە ھێزی خۆی لە
دەست دەدا، و تورکیاش بە کۆمەکی ئەمریکاو غەرب دەورێکی سەرکیی لە
گۆرەپانی سیاسی ناوچەی ھەستیاری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە داھاتودا
بەردەکەوێ.
لەو ناوەدا کورد پێویستە لەو باردۆخە بۆ بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی خۆی
کەڵکی لێ وەرگرێت و وەکو نەتەوەیەکی یەکگرتو و یەریز لە گۆرەپانی
سیاسیی ناوخۆ، و مەیانی ھەڵسوارنی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەشداری ئەو
گەمایە بێت.
مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورد ئەوەی بە ئێمە سەلماندوە ئەگەر
بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی عەرەب، فارس و تورک بکەونە مەترسیەوە،
دوژمنانی گەلی کورد لە ھیچ پیلانێکو ڕێککەوتنێک بۆ لە بەین بردنو
سرینەوەی ھەستوسۆزی نەتەوەیی کورد کۆتایی ناکەن.
٥\٤\٢٠١٢
ماڵپهڕی هێمن
|