تورکیا له‌ڕیگه‌ی هه‌ره‌شه‌وه جارێکی
تر کێشه‌ی کوردی هێنایه‌وه ناوه‌ندی قسه‌وباس.

د. بورهان یاسین
ئینته‌رڤیو: سیروان ره‌شید
دکتۆر بورهان یاسین، لێکۆڵه‌ری سیاسیی کورد پێی وایه سه‌رکردایه‌تی
سیاسیی کورد له‌و کێشه‌یه‌ی که له‌گه‌ڵ تورکیادا رووبه‌ڕووی بۆته‌وه
ده‌بێت زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نی سیاسی و دیبلۆماسی و یاسا نێو
نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بکاته‌وه، نه‌ک زمانی زه‌بر و زه‌نگ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه،
ناوبراو له‌و بڕوایه‌شدایه: زێده‌ڕۆییکردن وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ئاشکرا په‌نجه‌ی
گوناهبارکردن بۆ په‌که‌که درێژبکرێت به‌زیانی دیبلۆماسیی کوردی ته‌واوده‌بێت.
د.بورهان یاسین له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی سایتی سبه‌ی و رۆژنامه‌ی
رۆژنامه‌دا که رۆژی 29ی تشرینی یه‌که‌می2007 له گه‌ڵی ئه‌نجامدراوه،
به سوپاسێکی زۆره‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی داوه‌ته‌وه.
* پارله‌مانی تورکیا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌دژی
په‌که‌که بڕیاری له‌شکرکێشیدا بۆ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان، به‌بۆچوونی
ئێوه تورکیا په‌لاماری کوردستان ده‌دات، ئه‌گه‌ر په‌لامار بدات، جۆری
په‌لاماردانه‌که چۆنه؟ ئایا داخڵی ناو شاره‌کانی هه‌رێم ده‌بێت؟
- ئه‌م پرسیاره ناکرێت به ئه‌رێ یا نه‌رێ وه‌ڵام بدرێته‌وه،
راسته بڕیاری پارله‌مانی تورکیا گۆڕانکارییه‌کی چۆنایه‌تی بوو له
مه‌سه‌له‌ی له‌شکرکێشی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
ئه‌و بڕیاره به ته‌نیا ناتوانێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌کلایی
بکاته‌وه، به هه‌ر حاڵ، مه‌سه‌له‌ی له‌شکرکێشی چیتر به‌ستراو
نییه ته‌نها به خواستی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی و بڕیاری پارله‌مان،
به‌ڵکو مه‌سه‌له‌کان ره‌هه‌ندی کوردستانی‌و ئیقلیمی و به‌تایبه‌تی
عیراقی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌رگرتووه، ناکرێت تورکیا ئه‌م هه‌موو
ره‌هه‌نده گرنگانه له‌به‌رچاو نه‌گرێت، هه‌ڵبه‌ته له ره‌هه‌ندی
نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵوێستی یه‌کێتی ئه‌وروپا و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی
ئه‌مه‌ریکا گرنگی تایبه‌تییان هه‌یه.
به‌باوه‌ڕی خۆم تائێستاش بوار و په‌راوێزی کرانه‌وه‌یه‌کی
دیپلۆماسی بۆ ئه‌و قه‌یرانی له‌شکرکێشیه ماوه، له‌ڕاستیدا ده‌بێت
تێبینی ئه‌وه بده‌ین که له‌ناو بڕیاری پارله‌مان دوو په‌راوێزی
گرنگ دیارکراون:
یه‌که‌م: ئه‌وه‌ی که بڕیاره‌که ماوه‌ی ساڵێکی دیاریکردووه بۆ
ئه‌وه‌ی له‌شکری تورکیا ببپه‌ڕیته‌وه دیوی باشووری کوردستان، تۆ
بڵێت عیراق.
دووه‌م: په‌رواێزی دوا هه‌نگاو بۆ حکومه‌تی تورکیا به‌جێهێشتراوه.
له‌شکرکێشی تورکیا بۆ سه‌ر باشووری کوردستان یا راستتر بڵێن "په‌ڕینه‌وه"،
ئه‌گه‌ر رووبدات، ئه‌وا تاڕاده‌یه‌کی زۆر به هۆی ئه‌وه‌وه
ده‌بێت که دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی هه‌ست به‌وه ده‌کات که
ململانێ ناوه‌خۆییه‌کان، له نێوان لایه‌نگرانی که‌مالیزم له
لایه‌ک و لایه‌نگرانی چاکسازی و گۆڕانکاری به‌ره‌و پڕۆژه‌ی
لیبرال - دیمۆکراسی (که دیاره بوون به ئه‌ندام له یه‌کێتیی
ئه‌وروپادا ده‌ربڕی ئه‌و ره‌وته‌یه)، گه‌یشتۆته راده‌یه‌ک
که وایکردووه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی هه‌ست نه‌ک هه‌ر به که‌مبوونه‌وه‌ی
هه‌یبه‌ت و کاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی تورکیا بکات، به‌ڵکو
له‌وه‌ش ده‌ترسێت که ئیتر ئه‌و دامه‌زراوه‌یه خه‌ریکه هه‌موو
شت له‌ده‌ست ده‌دات.
له‌ڕاستیدا هه‌ندێ شاره‌زا بگره وشه‌ی "هیستریا" بۆ ئه‌و حاڵه‌ته
به‌کارده‌هێنن، ئا له‌و حاڵه‌ته‌دا که ره‌هه‌نده سیاسی و
سایکۆلۆژییه‌کان له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا به‌توندی تێکه‌ڵاو به‌یه‌کتربوون
له ململانێکانی ناو تورکیا به خۆی، له‌وه‌ش زیاتر دامه‌زراوه‌ی
سه‌ربازیی هه‌ست به پاشه‌کشه و لاوازبوون ده‌کات، ئا لێره‌دایه
که به بۆچوونی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ده‌بێت شتێک بکرێت (که
له‌و حه‌ڵه‌ته‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه به رووی ره‌هه‌ندی کوردییه‌وه)
بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر ئه‌و جێگایه بگرێته‌وه یا وه‌رگرێته‌وه
که هه‌ست ده‌کات له‌ده‌ستی داوه.
له‌لایه‌کی تره‌وه من باوه‌ڕم وانییه که ئه‌گه‌ر هات و
تورکیا هاته ناوه‌وه‌ی باشووری کوردستان مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بێت
که شاره‌کانی کوردستان داگیربکات، ئه‌وه به مانای ئه‌وه
نایه که تورکیا، به‌تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی، ناخوازێت
مه‌رگی ئه‌زموونی باشووری کوردستان ببێت، به‌ڵکو پڕ به‌دڵێش بۆ ئه‌وه
کاریکردووه و کاریش ده‌کات، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی ره‌هه‌نده‌کانی
کێشه‌که، که ئه‌گه‌ر لایه‌نی تورکی خۆی سنوور بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی
خۆی دانه‌نێت، ئه‌وا به ئه‌گه‌ری زۆر به‌زیانی خۆی ته‌واوده‌بێت.
که‌واته مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه نییه که هێزی له‌شکر
و توانای سه‌ربازیی تورکیا (له هه‌موو رووێکه‌وه) تێری ئه‌و
له‌شکرکێشیه ده‌کات یا نا، به‌ڵکو ئه‌وه ره‌هه‌نده سیاسی
و دیپلۆماسیه‌کانن له‌ئاسته جۆراو جۆره‌کاندا، که زۆربه‌یان به‌شێوه‌یه‌ک
یا شێوه‌یه‌کی تر له خزمه‌تی کورددان، که تواناکانی جوڵانه‌وه‌ی
تورکیا، به تایبه‌تی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه سنووردار ده‌که‌ن،
هه‌ر لێره‌وه‌یه که سه‌رکردایه‌تی سیاسی له باشووری کوردستان
ده‌بێت زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسی و دیپلۆماسی و
یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی بکاته‌وه نه‌ک زمانی زه‌بر و زه‌نگ و
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، به‌ڵام زێده‌ڕۆییکردن وه‌کو ئه‌وه‌ی به‌ئاشکرا
په‌نجه‌ی گوناهبارکردن بۆ په‌که‌که درێژ بکات، ده‌کرێت به‌زیانی
دیپلۆماسی کوردی ته‌واو ببێت.
به‌ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ک خاڵی لێوه‌ده‌رچوون، من باوه‌ڕم
وایه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی له‌دوای ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌کردنه
جار دوای جار هه‌ر له‌کاتی که‌وتنی رژێمی سه‌ددامه‌وه به‌جێنه‌گه‌یاندنی
ئه‌و هه‌ڕه‌شانه، وایکردووه که ئیتر دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی
ده‌بێت شتێک هه‌ر بکات، جا ئه‌و شته چه‌ند سنوورداریش بێت، ئا
لێره‌وه‌یه ئه‌گه‌ری هێرشێکی سنووردار یا چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێکی
سنووردار له‌ئارادایه. له‌لایه‌کی تره‌وه خۆڕاگری لایه‌نی کوردی،
به‌ڵام به‌مه‌رجێک ئه‌و لایه‌نه خۆی دووربگرێت له‌زمانی زه‌بر و
زه‌نگ و هه‌ڕه‌شه، ده‌توانێت قه‌یرانی ئه‌مڕۆی نێوان تورکیا
و باشووری کوردستان به‌سوودی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ کورد (به گشتی)
ته‌واو ببێت.
گوتاری کوردی ده‌توانێت زیاتر سوودبه‌خش بێت، ئه‌گه‌ر وێنه‌ی
قوربانی به کورد بدات، له‌ڕاستیدا ئیسرائیل ئه‌و کاتانه زیاتر له
فه‌لستینیه‌کان ترساوه کاتێ ئه‌و میلله‌ته توانیویه‌تی وێنه‌ی
خۆی وه‌کو قوربانی به‌جیهان بناسێنێت.
* ئایا یاسای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و مافه به تورکیا ده‌دات له‌شکرکێشی
بکاته سه‌رخاکی وڵاتێکی تر، ئه‌گه‌ر تورکیا ئه‌و مافه به‌خۆیبدات
ده‌وڵه‌ته دراوسێکانی تریش ئه‌و مافه به‌خۆیان ناده‌ن؟
- ده‌قی یاسایی به‌گشتی و یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌کو هه‌ر ده‌قێکی
تر ته‌فسیر و تێگه‌یشتنی جۆراو جۆر هه‌ڵده‌گرێت، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه
به‌ڵکو زۆر جار ده‌قی یاسایی دژایه‌تیه‌کی زۆریش له‌خۆ ده‌گرێ.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه زۆرجار هه‌مان په‌ره‌گرافی یاسایی به‌مه‌به‌ستی
دژایه‌تیکردنی یه‌کتر له‌لایه‌ن دوو لایه‌نی دژ به‌یه‌کتر، جا چ
که‌س یا ده‌وڵه‌ت، به‌کاردێت، یه‌کێ له‌و مه‌سه‌لانه‌ش له‌یاسای
نێونه‌ته‌وه‌یی پره‌نسیپی به‌رگری له‌خۆ کردنه.
له‌حاڵه‌تی ململانیی کوردی - تورکیدا ئه‌وه به‌س نییه که
تورکیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکات که هێرشه‌که‌ی ئه‌و بۆ سه‌ر
باشووری کوردستان ته‌نها به مه‌به‌ستی به‌رگری له‌خۆکردن دێت،
ئه‌وه گرنگه ئایا ئه‌و بۆچوون و ته‌فسیر و لۆژیکه‌ی تورکیا چه‌نده
کۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی، پێشتر وڵاتانی دۆست به تورکیا و له‌پێش
هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وانی تر رازیده‌کات، هێماکان هه‌مووی
ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که کۆمه‌ڵگه‌ی نێو نه‌ته‌وه‌یی خه‌ریکه
زیاتر لۆژیکی کورد له چاره‌سه‌ری ئاشتییانه قه‌بوولده‌کات تا
لۆژیکی ده‌وڵه‌تی تورکیا، که‌واته بۆ ئه‌وه‌ی یاسا بتوانێت
پشتگیرییه‌کی گرنگ بێت بۆ بانگاشه‌کانی لایه‌نێک له‌م یارییه
سیاسیه جیهانییه‌دا، ده‌بێت ئه‌و کۆمه‌ڵگای جیهانییه بێته سه‌ر
باوه‌ڕی ئه‌و لایه‌نه که بانگه‌شه‌ی ئه‌و یاسایه ده‌کات.
لایه‌نی دووه‌م ئه‌وه‌یه که به‌درێژایی مێژووی مۆدێرن وڵاتان
ده‌ستدرێژییان کردۆته سه‌ر وڵاتانی تر، هه‌رچه‌نده که ئاشکراو
روون بووه، که ئه‌م وڵاتانه ده‌ستدرێژییان کردووه، له‌به‌ر
ئیعتبارێک یا یه‌کێکی تر، نه‌ک هه‌ر چاوپۆشی له‌و ده‌ستدرێژیه
کراوه، به‌ڵکو بگره لایه‌نی ده‌ستدرێژکار پشتگیریشی به‌ده‌ستهێناوه
بۆ ده‌ستدرێژییه‌که‌ی.
لێره‌وه‌یه به‌مانایه‌کی تر، یاسا به‌جۆرێک که له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه
سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی وڵاتێک بگونجێ‌ت، ده‌توانێت هه‌ر
شتێک بکات، به‌ڵکو له‌و یاسایه گرنگتر قه‌بووڵکردن یا ره‌تکردنه‌وه‌ی
کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیته بۆ ئه‌و خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنه.
شتێکیش هه‌یه له یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ناوی ئه‌مری واقیع:
ده‌وڵاتێک ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هێزه و ده‌شزانێت هێزی
نه‌یارانی ناتوانێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته بترسێنێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته
نه‌ک هه‌ر کاتێ ویستی ئه‌وا یاسا به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یخوازێت
ته‌فسیری ده‌کات و خۆی ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵکو له‌ڕاستیدا هه‌ندێ
جاریش به‌بێ گوێدانه ئه‌و یاسایه/یاسایانه هه‌رچی ده‌خوازێت
ده‌یکات، باشترین نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته هه‌ڵسوکه‌وتی
ئیسرائیله، به‌پێی هه‌ندێ بۆچوون هی ئه‌مه‌ریکاشه لێره‌و له‌وێی
جیهان به‌تایبه‌تی له زه‌مانی ئه‌مه‌ریکای دوای 11ی سێپته‌مبه‌ری
2001وه له رۆشنایی دۆکترینی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا جۆرج بوشی کووڕ
(Pre-emptive Actions)ناسراو به مه‌بده‌ئی،
له‌ڕاستیدا ئه‌م مه‌بده‌ئه له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا جێگا‌ی
نه‌بۆته‌وه و پشتگیریشی نییه، به‌ڵکه له‌باشترین حاڵه‌تدا
ده‌ربڕی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکایه، دوای 11ی سێپتێمبه‌ر
ئه‌مری واقیعه نه‌ک یاسا.
له‌ڕاستیدا ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ی دوایی ته‌نها بۆ به‌رچاوڕوونی
نییه، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ش نییه که تیشکێکی زیاتر بخه‌ینه
سه‌ر پرسیاره‌که‌تان، به‌ڵکو رێک یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ زیاتر
تێگه‌یشتن له خوێندنه‌وه و هه‌ڵوێستی تورکیا له‌و په‌یوه‌سته‌دا،
ئه‌وه‌ی راستیبێت له ساڵانی دواییدا تورکیا جار دوای جار ناڕه‌زایی
خۆی بۆ ئه‌مه‌ریکیه‌کان ده‌ربڕیووه، به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی دوای
رووداوه‌کانی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001، هه‌ر به‌ئاماژه بۆ ئه‌و
راستیه‌ی سه‌ره‌وه: به‌پێی لۆژیک و تێگه‌یشتنی تورکیا - ئه‌مه‌ریکا
ئه‌وپه‌ڕی سیاسه‌تێکی دووڕوویی ده‌نوێنێت، کاتێک رێگا به
ئیسرائیل ده‌دات هه‌ر کاتێک و له‌هه‌ر شوێنێکه‌وه هێرشبکات، به‌ڵام
هه‌مان ماف به تورکیا ره‌وا نا‌بینێت، به‌م مانایه‌ش ئه‌م
دووڕووییه‌ی ئه‌مه‌ریکا بۆته یه‌کێ له خاڵه هه‌ره
گرنگه‌کانی هه‌ڵوێسته و بگره ته‌وژمی ئه‌نتی ئه‌مه‌ریکانیزم
له تورکیا.
* ئێستا به‌پێی یاسا ئه‌مه‌ریکا سیاده‌ی عێراقی له‌ئه‌ستۆیه و خۆی
به داگیرکه‌ر ناساندووه، له‌و لاشه‌وه ئه‌مه‌ریکا هاوپه‌یمانێکی له‌مێژینه‌ی
تورکیایه، ئایا ئه‌مه‌ریکا له پێناوی کورددا قوربانیی به‌دۆستایه‌تی
له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌دات، یاخود واز له کورد ده‌هێنێت بۆ تورکیا، یان
پشت له هیچ لایه‌کیان ناکات؟
سه‌ره‌تا، جارێکی تر یاسا شتێکه و ئه‌مری واقیع شتێکی تره، له‌دوای
که‌وتنی رژێمی دکتاتۆر په‌نجه‌ی گوناهبارکردن جار دوای جار
درێژکراوه بۆ پشتگیریکردنی سوریا و ئێران له هێز و لایه‌ن و
گروپه چه‌کداره‌کانی ناو عیراق له‌لایه‌ن ئه‌و دوو وڵاته‌وه،
ئه‌مه به‌ر له‌هه‌ر شتێک ده‌ستدرێژیکردنی ئه‌و دوو وڵاته‌یه
بۆ سه‌ر ئاسایشی عیراق. ئه‌وه‌ی راستیبێت ئه‌مه‌ریکا نه‌یتوانیووه
به‌پێی ئه‌م گوناهبارکردنه به‌رپه‌رچی سه‌ربازیی پڕ به پێست به‌و
دوو وڵاته بداته‌وه، ئه‌گه‌رچی ده‌شیتوانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته
سوود له بڕیاره‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان وه‌ربگرێت که
ئه‌م وڵاته وه‌ک هێزێکی داگیرکه‌ری عیراق له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات،
نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو له‌ماوه‌ی دواییدا، وه‌کو پاشه‌کشه‌یه‌کی
جددی، هه‌ندێ هێز و لایه‌ن به‌تایبه‌تی کۆمیسیۆنه‌که‌ی بیکه‌ر
هاملتن بانگه‌شه‌ی دیالۆگیان کردووه له‌نێوان ئه‌مه‌ریکا له‌لایه‌ک
و سوریا و ئێران له‌لایه‌کی تره‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر
ئه‌مه بۆ حاڵه‌تی په‌یوه‌ندیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا به‌دوو وڵاتی
ناحه‌ز راستبێت، واته له‌به‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی واقیعی، ئه‌مه‌ریکا
نه‌توانێت رووبه‌ڕووی ئه‌و دوو وڵاته ببێته‌وه، چۆن رووبه‌ڕووی
تورکیای دۆست ده‌بێته‌وه، جا له‌به‌ر "خاتری" کورد بێت یا له‌به‌ر
هه‌ر هۆیه‌کی تر.
من هه‌ر نه‌بێت له‌کاتی ئێستادا، زۆر به‌دووری ده‌بینم که
ئه‌مه‌ریکا به‌ره‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی سه‌ربازیی له‌گه‌ڵ
تورکیادا بکات، به‌ڵام مانای وانیه ئه‌گه‌ر به‌بێ گوێدانه (یا
دژی) هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا، تورکیا کارێک بکات نابێته هۆی ته‌نگه‌ژه‌و
گرژبوونی په‌یوه‌ندیه ستراتیژیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و تورکیا، له‌و
حاڵه‌ته‌دا پێشبێنی ئه‌وه‌ش ده‌که‌م که بێ گوێدانه هه‌ڵویشتی
ئه‌مه‌ریکا په‌یوه‌ندیه‌کانی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا به‌ره‌و
گرژیه‌ک بچن که ببێته هۆی گۆڕانکاریه‌کی چۆنایه‌تی ستراتیژی له‌و
په‌یوه‌ندیانه‌دا.
له‌ڕاستیدا تورکیا له قه‌یرانی به‌ره هه‌ڵبژاردن (دووڕیان)دایه
له ململانێ ئیقلیمی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، هه‌نگاوێکی چه‌وت
له‌م کات و ساته‌دا له‌وانه‌یه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی که
تورکیا به زه‌روره‌ت بکه‌وێته به‌ره‌یه‌که‌وه که به
قازانجی ئه‌و وڵاته ته‌واو نه‌بێت.
ده‌رباره‌ی به‌شه پرسیاره‌که‌تان، ئایا ئه‌مه‌ریکا چ لایه‌نێک
هه‌ڵده‌بژێرێت کورد یا تورکیا؟ ئه‌مه‌ریکا تا بۆی بکرێت خۆی له‌دوو
هه‌ڵوێستی "توندڕه‌و و نا عاقلانه" ده‌پارێزێت که ئه‌وانیش: یه‌که‌م
به‌زه‌روره‌ت هه‌ڵبژاردنی لایه‌نێکیان له‌م دوانه، دووه‌م، ئه‌وی
تریشیان ده‌ست هه‌ڵگرتن له هه‌ردووکیانه، به لۆژیکێکی "ئاسان"
که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و دوو لایه‌نه به یه‌که‌وه
ناسازێن و ئه‌مه‌ریکا توانای ئه‌وه‌ی نییه که له هه‌مان ئان
و کاتدا دۆستایه‌تی هه‌ردوولا بکات.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه، ئه‌مه‌ریکا هه‌وڵده‌دات تا ده‌توانێت
دۆستایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ردووکیان بپارێزێت به پێی ئه‌وه‌ی
من پێمگوتووه لۆژیکی "ته‌کامولی ستراتیژی" باشووری کوردستان، کورد
به‌گشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌توانێت رۆلێک به‌په‌یوه‌ندی
له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ببینێت، که له‌وانه‌یه
تورکیا نه‌خوازێت یا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت نه‌توانێت بیبینێت،
به‌م مانایه‌ش باشووری کوردستان ده‌توانێت ته‌واوکه‌ری رۆلی ته‌قلیدی
تورکیا ببێت له ناوچه‌که‌دا، به‌پێی بۆچوونی تازه‌ی ئه‌مه‌ریکیه‌کان
دۆستایه‌تی تورکیا ده‌توانێت زۆر موفاجه‌ئه له‌خۆ بگرێت، هه‌ر
وه‌ک بۆ نموونه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی که تورکیا له 1ی مارسی 2003
نواندی به رێگانه‌دان به‌هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که له‌و وڵاته‌وه
بچن بۆ ناو "عیراق".
به مانایه‌کی تر له‌به‌ر نه‌بوونی متمانه‌ی ته‌واو به تورکه‌کان،
به‌تایبه‌ت له‌کاتی پێویستدا، بوونی کورد وه‌کو دۆست گرنگه بۆ ئه‌مه‌ریکا،
هه‌روه‌ها به‌پێی ته‌قلیدێکی ستراتیژی و دیپلۆماسی ئه‌مه‌ریکی، به‌تایبه‌تی
په‌ره‌پێدراو له‌لایه‌ن هینری کیسینگه‌ره‌وه، دوو لایه‌ن ده‌توانن
دۆستی ئه‌مه‌ریکابن و ئه‌مه‌ریکا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی له‌مه‌ڕ
ئه‌و دوو لایه‌نه بپارێزێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو لایه‌نه (له‌م
حاڵه‌ته‌دا کورد و ده‌وڵه‌تی تورکیا) به زه‌روره‌ت دۆستی یه‌کتر
نه‌بن، به‌ڵکو بگره دژایه‌تی یه‌کتریش بکه‌ن، له گۆشه
بینینێکی سیاسییانه‌وه، من باوه‌ڕم وایه نه کورد ده‌بێت چاوی
له ئه‌وه بێت که ئه‌مه‌ریکا له‌به‌ر "خاتری" ئه‌و ده‌ست له
تورکیا هه‌ڵگرێت؛ هه‌رگیز ته‌نها له‌بری کورد و گرنگی فاکته‌ری
کوردی ئه‌مه‌ریکا ئه‌و کاره ناکات، نه تورکیا چاوی له‌وه‌بێت
له‌به‌ر دۆستایه‌تیه کۆنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا، ئه‌مه‌ریکا
ده‌ست له کورد هه‌ڵگرێت.
له‌م باره‌یه‌وه جگه له‌وه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا
به ڕاده‌ی یه‌که‌م مه‌حه‌کن، تورکیا و کوردیش ده‌توانن رۆلی
به‌هارمۆنیکردنی په‌یوه‌ندیه‌کان ببینن، سازانی ئه‌و سێ ئه‌کته‌ره
(ئه‌مه‌ریکا، کورد، تورکیا) به‌یه‌که‌وه ده‌توانێت زۆر ده‌رگا
بۆ هه‌رسێکیان بکاته‌وه، یه‌کێ له سیناریۆکان ده‌توانێت هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی
ده‌وڵه‌تی عیراق بێت به‌ئاقاری زیندوکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی موسڵ،
دواجار شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی کۆنفیدرالی له‌نێوان باشووری
کوردستان و تورکیا، که له چوارچێوه‌یدا کێشه‌ی کورد له
باکووری کوردستانیش به‌چاره‌سه‌ر بگات، به‌ڵام سیناریۆیه‌کی ئه‌وها
بۆ ئه‌وه‌ی ببێته راستیه‌کی سیاسی، کاری زۆری ده‌وێت و به‌ر له‌هه‌ر
شتێک وه‌رچه‌رخان له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی کورد خۆیدا ده‌خوازێت.
* له ئێستادا که ئه‌گه‌ر زۆره تورکیا له‌شکرکێش بۆ ناو خاکی هه‌رێم
بکات، حکومه‌تی هه‌رێم چیبکات باشه، ئایا له ئه‌گه‌ری دابه‌زینی
سوپای تورکیا بۆ ناو شاره‌کانی هه‌رێم هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان
به‌رگری بکات، یان نا؟
-من باوه‌ڕم وانییه تورکیا هێرشی سه‌ربازیی بکاته سه‌ر شاره‌کانی
کوردستان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نییه که دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی
تورکیا ئه‌وه ناخوازێت، به‌ڵکو زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که
ئه‌وه‌ی بۆناچێته سه‌ر، ئه‌ویش به‌هۆی ره‌هه‌نده، یا راستتر
بڵێین ده‌رهاوێشته دیپلۆماسی و سیاسیه‌کانی کارێکی ئه‌وهاوه‌یه.
ئایا حکومه‌تی هه‌رێم چی بکات باشه؟ ئه‌م پرسیاره وه‌ڵامدانه‌وه‌ی
ئاسان نییه، یا راستتر بڵێم له‌به‌رده‌م ئه‌م پرسیاره مرۆڤ ده‌بێته
دوو "که‌سایه‌تی" یه‌کێکیان حه‌ز ده‌کات رای خۆی به‌ڕاشکاوی بڵێت
و خۆشبه‌خت ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و راو بۆچوونه بتونێت به‌شداریه‌کی
بیناکار بێت له گفتوگۆکاندا، له‌لایه‌کی تره‌وه که‌سایه‌تیه‌که‌ی
تر ده‌ڵێت حکومه‌ت گه‌ر گوێ نه‌گرێت ئه‌ی رای ئێمه و مانانی
بۆچییه؟ به هه‌ر حاڵ چه‌ند خاڵێک گرنگن:
یه‌که‌م: چالاکردنی دیبلۆماسی کوردی له ده‌ره‌وی وڵات و له‌ڕێگای
ئه‌و دیپلۆماسیه‌وه کورد، تا بۆی ده‌کرێت وێنه‌ی قوربانی و
ئاشتیخواز له‌خۆی پیشانبدات، به داخه‌وه چوار ساڵ زیاتره
دیبلۆماسی کوردی، به‌تایبه‌ت هی باشووری کوردستان، ته‌جمیدکراوه،
ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ هێماو بڕیاریی سه‌رکردایه‌تی سیاسیش (به‌تایبه‌ت
دوای ده‌رچوونی راپۆرتی بیکه‌ر هاملتن) هه‌ن به ئاڕاسته‌ی
چالاککردنه‌وه‌ی ئه‌م دیپلۆماسیه.
به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆو ناڕه‌سته‌وخۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م
به حکومه‌تی هه‌رێم‌و رای گشتی گه‌یاندووه.
دووه‌م: له‌ڕاستیدا له‌جیهانی گلۆبالیزمدا و له جیهانێکدا که
تورکیا خه‌ونی هه‌ره ستراتیژی ئه‌وه‌یه به‌شێکبێت له جیهانی
پێشکه‌وتوو، به‌تایبه‌ت ببێ به‌ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئه‌وروپا، ئه‌وا
ره‌هه‌نده هه‌ره هه‌ستیاره‌کانی سیاسه‌تی تورکیا له‌ڕاستیدا
له برۆکسل و ستۆکهۆڵم و له‌نده‌ن و پاریسن، نه‌ک هه‌ر له قه‌ندیل،
هه‌تا بگره که‌متریش له قه‌ندیلن.
له‌به‌ر ئه‌وه له قه‌یرانێکی ئه‌وهادا کورد له‌ڕێگای
دیپلۆماسیه‌کی چالاک ده‌توانێت له‌و پایته‌خته‌کانی وڵاتانی یه‌کێتیی
ئه‌وروپادا، تورکیا زێتر ئیحراج بکات، تا به شه‌ڕێکی ناهاوسه‌نگی
ته‌قلیدی.
سێهه‌م: ئه‌گه‌ر عیراق ده‌خوازێت کورد به‌شێک بێت لێی، ئه‌وا ئه‌ویش
ده‌بێت چۆن به‌رگری له هه‌ر جێگا‌یه‌کی عیراق ده‌کات به‌رگری
له کوردستانیش بکات، راستیه‌که‌ی لایه‌نی کوردی نه‌یتوانیووه به
باشی سوود له‌م خاڵه وه‌ربگرێت، جگه له سه‌فه‌ری هه‌ره
دوایی شاندی عیراقی بۆ ئه‌نقه‌ره، که هه‌رچه‌نده تورکه‌کان
مامه‌له‌ی ناشایسته‌یان به‌رامبه‌ر به‌شی کوردی له‌و شانده‌دا
کرد، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ده‌رهاوێشته‌ی ته‌واوی هه‌وڵه‌که به‌وه
ته‌واو بوو که عیراق له هه‌ڵوێستی کورد زیاتر نزیکبوویه‌وه، ئه‌ویش
زیاتر به هۆکاری ره‌قی و توندڕه‌ویی هه‌ڵوێستی تورکی، نه‌ک به
زه‌روره‌ت تێگه‌یشتنێکی پۆسه‌تیڤانه‌ی عیراقی - عه‌ره‌بی له هه‌ڵوێستی
کورد.
چواره‌م: لایه‌نی کوردی ده‌بێت زیاتر و چالاکانه‌تر له هه‌وڵی
ئه‌وه دابێت که ئه‌مه‌ریکا رازیبکات، یا راستتر بڵێین ئه‌و باوه‌ڕه‌ی
لابه‌هێزتر بکات که به‌ڵێ هه‌ر کارێکی سه‌ربازیی تورکیا ده‌کرێت
ببێته هۆی له‌ده‌ستدانی کورد و پاشه‌کشه‌یه‌کی جددی بۆ هه‌وڵه‌کانی
ئه‌مه‌ریکا له چه‌سپاندنی هێمنی و ئاسایش له عیراق و سه‌رخستنی
پڕۆسه‌ی سیاسی له‌و وڵاته‌دا.
پێنجه‌م: قورساییه‌کی زیاتر بخرێته به‌ره‌ی یه‌کێتیی ئه‌وروپا.
شه‌شه‌م: ده‌بێت لایه‌نی کوردی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ک ده‌رفه‌تێکی
سیاسی - دیپلۆماسی که‌م وێنه بۆ کورد ببینێت، له‌ڕاستیدا تورکیا له‌ڕێگای
هه‌ڕه‌شه‌وه کێشه‌ی کوردی جارێکی تر هێنایه‌وه ناوه‌ندی قسه‌وباس،
نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و قه‌یرانه ده‌بێته
هۆی ده‌رهاوێشته‌یه‌کی پۆسه‌تیڤانه بۆ کورد، ئه‌گه‌ر له‌م
ئاسته‌شدا له‌شکری تورکیا پاشه‌کشه‌بکات، ئه‌وا دیسان بۆ کورد به
راده‌یه‌ک یا راده‌یه‌کی تر "سه‌رکه‌وتن" ده‌بێت، به‌ڵام گرنگه
لایه‌نی کوردی له گۆشه‌ی ته‌سک و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و له
ئاستێکی هه‌ستیاریه‌وه له‌م ده‌رهاوێشته‌یه نزیک نه‌بێته‌وه،
به‌ڵکو بیکات به‌بنه‌مایه‌ک بۆ بزواندنی شته‌کان به‌ره‌و پێشه‌وه...
حه‌وته‌م: لایه‌نێکی هه‌ره گرینگ له‌م کێشه‌یه‌دا دوو دانه
هاوئاهه‌نگی کوردی - کوردین: یه‌کێکیان له نێوان په‌که‌که و ده‌سه‌ڵاتی
باشووری کوردستان، گرنگه ئه‌و هاوئاهه‌نگیه به‌نهێنی نه‌بێت (جگه
له‌وه‌ی له ناو کولتوری سیاسی کوردا نهێنی پاراستن ئاسته‌مه، من
گومانم هه‌یه نهێنیه‌کانی په‌که‌که پارێزراو بن)، هاوئاهه‌نگی
دووه‌ه‌میان له ئاستی هێزه سیاسه‌کانی باشووری کوردستانه، له
پێش هه‌موویانه‌وه پارتی و یه‌کێتی، له‌م باره‌یه‌وه گرنگه
ئه‌وه بڵێین که قه‌یرانی ئه‌مڕۆ هه‌موو ئاستێکی وه‌رگرتووه و
به‌ر له هه‌ر شتێکیش گرنگ ئه‌وه‌یا که لایه‌نی کوردی به‌عه‌قلیه‌تی
ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تکردن له‌م قه‌یرانه نزیکبێته‌وه، نه‌ک
به‌عه‌قلیه‌تی خێڵ و ته‌سکبینی ته‌قلیدی...
هه‌شته‌م: زووربه‌مان تێده‌گه‌ین که سه‌رکه‌وتنی ره‌جه‌ب ته‌یب
ئه‌ردۆگان و حزبه‌که‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مساڵدا، به‌گشتی
پێشوه‌چوونێکی پۆسه‌تیڤانه بوو بۆ کورد، خۆشم باوه‌ڕم وایه ئه‌گه‌ر
ئه‌ردۆغان ده‌رفه‌تی هه‌بێت ئه‌وا کرانه‌وه‌ی زیاتر له
کێشه‌ی کورددا له تورکیا به ئه‌نجام ده‌گه‌یێنێت، به‌ڵام له‌لایه‌کی
تره‌وه، سه‌رانی کورد له باشووری کوردستان هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره
ده‌که‌ن که جار دوای جار له‌ڕێگه‌ای ئامرا‌زه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه
به شێوه‌یه‌کی پۆسه‌تیڤانه باس له ئه‌ردۆغان ده‌که‌ن، که
گوایه بۆ نموونه لایه‌نی کوردی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان
هاوکاری بکات، به‌باوه‌ڕی خۆم ئه‌و شێوه راگه‌یاندنانه ده‌کرێت
ده‌رهاوێشته‌ی زۆر نێگه‌تیڤانه‌یان بۆ کورد لێبکه‌وێته‌وه، بۆ
نموونه،
ئه‌و هێمایانه له وانه‌یه دواجار وا بکه‌ن که ئه‌ردۆغان له
چاوی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی و ناسیۆنالیسته تورکه‌کان وه‌ک
خیانه‌تکارێک ده‌ربکه‌وێت (چونکه دووژمنانی تورکیا جار دوای جار
به باشه باسی ده‌که‌ن)، ئه‌م ده‌رهاوێشته‌یه له‌وانه‌یه
وا بکات که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان نه‌که‌وێته به‌ره‌ی خیانه‌تکاری
به تورکیا و نه‌که‌وێته گۆشه‌یه‌کی ته‌سکی سیاسیه‌وه، بۆ
سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که ئه‌ردۆگان وه‌ک هه‌ر ناسیۆنالیستێکی
تورک به‌رگری له وڵاته‌که‌ی ده‌کات به‌ته‌واوه‌تی بخزێته ناو
به‌ره‌ی ناسیۆنالیست و شه‌رخواز، به‌باوه‌ڕی من ئه‌و ترسه ده‌بێت
به‌جددی وه‌ربگیرێت، سه‌رانی کورد له باشووری کوردستان هه‌ندێ جار
له‌نێوان ئه‌وه‌ی که تێگه‌یشتن و ته‌حلیلی سیایسیه له‌لایه‌ک
و ئه‌وه‌ی که دیبلۆماسیه له‌لایه‌کی تر له یه‌ک جیاناکه‌نه‌وه،
ئه‌م کاره له هه‌ندێ مه‌قته‌ع و مه‌سه‌له‌دا ده‌توانێت
پشتشکێن بێت، باشترین شێوه‌ی موخاته‌به له گه‌ڵ تورکیا ئه‌وه‌یه
که له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا بیکه‌یت، به مانایه‌کی تر تۆپ له
یاریگا‌ی دیبلۆماسیدا بخه‌یته یاریگا‌ی ئه‌وانه‌وه، ئه‌وجا ئه‌وان
دواتر چۆن یارییه‌که ده‌که‌ن ئه‌وه شتێکی تره!
نۆیه‌م: لێره‌و له‌وێ باس له‌وه ده‌کرێت که کێشه‌ی تورکیا له‌گه‌ڵ
باشووری کوردستاندا چڕبۆته‌وه بۆ کێشه‌ی تورکیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی
هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی، لێره‌وه زۆر گرنگه که کورد له‌لای
خۆیه‌وه ئه‌و هێمایه نه‌دا که مه‌سه‌له‌که به‌و شێوه‌یه‌یه،
له‌ڕاستیدا تا بکرێت ره‌هه‌ندێکی کوردستانی هه‌ره فراوان بدرێت به‌کێشه‌که
و راستیه‌که‌شی هه‌ر وایه: تورکیا نه‌ک هه‌ر دژی (په‌که‌که)یه،
به‌ڵکو به‌پله‌ی یه‌که‌م دژی ئه‌زموونی باشووری کوردستانه و
به‌گشتیش دژی ئه‌وه‌یه که خه‌ونی کورد له هه‌ر به‌شێکی
کوردستان بێته دی: تورکه‌کان خۆیان وتوویانه که ئه‌وان دژی هه‌ر
ده‌وڵه‌تێکی کوردی راده‌وه‌ستن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته له
به‌رازیلیش دابمه‌زرێت، که‌وابوو زۆر گرنگه لایه‌نی کوردیش خۆی
له چوارچێوه‌ی ره‌هه‌نده هه‌ره کوردستانییه فراوانه‌که‌وه
به‌رامبه‌ر به تورکیا بجوڵێته‌وه، به‌یه‌که‌وه گرێدانی
باشوور و باکوور له‌و ئاراسته‌یه‌دا نه‌ک هه‌ر زیانبه‌خش نییه،
به‌ڵکو ئه‌و به‌یه‌که‌وه گرێدانه ده‌توانێت زۆریش خزمه‌ت به‌دۆزی
کورد‌و به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ستراتیژیه‌تی به کوردستانیکردن و به
نێونه‌ته‌وه‌ییکردنی ئه‌و دۆزه، ماوه ئه‌وه‌ش بڵێم که تا ده‌کرێت
کورد پێ له‌سه‌ر خیتابی ئاشتی و دیالۆگ و به‌یه‌که‌وه ژیان
جه‌خت بکاته‌وه، چونکه ته‌نها ئه‌و شێوه گوتاره‌یه که به‌هانه‌کان
له‌ده‌ست دامه‌زراوه‌ی له‌شکر و به‌ره‌ی شه‌ڕخوازی له
تورکیا ده‌رده‌هێنێت، هه‌ر ئه‌و شێوه گوتاره‌ش ده‌توانێت گه‌ماڕۆری
سیاسی و دیپلۆماسی ئیقلمی و نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر تورکیا
زێده بکات.
* ئه‌وه‌ی که حکومه‌ت و پارله‌مانی تورکیای زۆر توڕه کرد که
بڕیاری له‌شکرکێشی بدات، کوشتنی 21 سه‌ربازی تورک بوو له ناوه‌ڕاستی
ئه‌م مانگه‌دا له شاری شرنا‌خ، به‌رای ئێوه شێوازی خه‌باتی چه‌کداریی
ئێستای په‌که‌که تاچه‌ند له خزمه‌تی کێشه‌ی کورددایه، له‌م
رۆژانه‌دا نێچیره‌ڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم وتی: "په‌که‌که
20 ساڵه شه‌ری چه‌کداریی ده‌کات چی ئه‌نجامێکی هه‌بووه"؟
- کوژرانی ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌ربازانی تورکیا، ته‌نها به‌شێکه
له هاوکێشه‌که، له‌وانه‌شه له بۆچوونێکی تره‌وه رووداوی
هه‌ره گرنگیش نه‌بێت، به‌بڕوای من رووداوی هه‌ره چاره‌نووسساز
سه‌رکه‌وتنی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان به سه‌رۆکایه‌تی ره‌جه‌ب
ته‌یب ئه‌ردۆگان بوو، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌چه‌ند ساڵی
دواییدا شێوه نیگه‌رانیه‌ک له تورکیا په‌ره‌ی سه‌ندووه، ده‌رباره‌ی
دواڕۆژی ئه‌و وڵاته، له‌ڕاستیدا ئه‌و نیگه‌رانییه، که راسته‌وخۆ
خۆی ده‌ریبڕیوه له هه‌ندێ بۆچوونی جیاجیای دژ به یه‌کتر له
تورکیا، زۆر له نیگه‌رانییه‌که‌ی تورکه عوسمانیه‌کانی کۆتایی
سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌چێت، ئا
له‌و حاڵه‌تانه‌دایه وڵاتانێک هه‌نگاوی ناعه‌قڵانی ده‌هاوێژن له‌ژێر
کاریگه‌ری ئه‌و نیگه‌رانییه نه‌فسیه‌ی که به‌شێکی گرنگ له
نوخبه‌ی ده‌وڵه‌ت له مه‌ڕ چاره‌نووسی وڵاته‌که‌یان تێیده‌که‌ون.
له‌ڕاستیدا بڕیاری تورکه گه‌نجه‌کان، که ده‌وڵه‌تی عوسمانیان
پاڵدایه ناو جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی، بڕیاری بێچاره‌یی بوو به
مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یران هه‌ره قوڵی عوسمانییه‌کان
بوو که ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی مان یا نه‌مانیان بوو.
ئه‌گه‌ر وه‌ک که‌سێکی له ده‌ره‌وه‌ڕا ته‌ماشای هه‌ڕه‌شه‌کردنه‌که‌ی
ئه‌و دواییانه‌ی تورکیا بکه‌یت، ئه‌وا به‌هه‌موو پێوه‌رێک (سه‌ربازیی،
سیاسی، دیپلۆماسی) بۆت ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌م له‌شکرکێشیه
کێشه‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر ناکات، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو
دوور نییه به‌شێوه‌یه‌کی جددی کێشه‌کانی ئه‌و وڵاته بچنه
ئاستێکی ترسناکه‌وه که دواجار ده‌توانێت کاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر
ته‌واوی چاره‌نووسی ئه‌و وڵاته.
به بۆچوونی خۆم ئه‌و کاره سه‌ربازییانه‌ی ئێستا په‌که‌که به‌جێیده‌گه‌یێنێت
ده‌توانێت زیان به‌کورد بگه‌یێنێت، به‌ڵام ئایا په‌که‌که بۆ ئه‌وه
ده‌کات، گه‌رچی لایه‌نی کوردی و زۆر له دۆستانی بیانی، ئه‌وه
به راشکاوی به‌په‌که‌که راده‌گه‌یه‌نن؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و
پرسیاره ئاسان نییه هه‌تا بگره بۆ که‌سێکیش که زۆر شاره‌زایی
هه‌بێت له بواری په‌که‌که و سیاسه‌ته‌کانی، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر
هۆیه‌کی زۆر ئاسان ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که سیاسه‌ت له تورکیا له‌لایه‌ن
دوو ده‌وڵه‌ته‌وه موماره‌سه ده‌کرێت: یه‌کێکیان ده‌وڵه‌تی
ره‌سمی تورکیایه، ئه‌وه‌ی تریش ده‌وڵه‌تی شاردراوه‌ی تورکیا: په‌که‌که
ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و بیناسازیه‌یه! به‌هه‌رحاڵ ئه‌نجامدانی په‌که‌که
بۆ هه‌ندێک کاری سه‌ربازیی له‌و دواییانه ده‌توانێت ره‌نگدانه‌وه‌ی
ئه‌و ئاڵۆزییه سیاسیه بێت، که بێگومان وێنه‌که ئاڵۆزتریش ده‌بێت،
ئه‌گه‌ر ده‌وری ئیمرالی دوای گیرانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ببه‌ستینه‌وه
به‌مێتودی تێگه‌یشتنمان، لایه‌نی تری گرنگی کێشه‌که ئه‌وه‌یه
که ئه‌م کاره سه‌ربازییانه، به‌هه‌رحاڵ من باوه‌ڕم وایه
و هیوادارم له‌م بۆچوونه‌مدا راستبم، دوور له حه‌ز و ره‌غبه‌تی
سه‌رکردایه‌تی سیاسی له باشووری کوردستان ده‌کرێت.
به‌شی تری پرسیاره‌که‌تان ده‌رباره‌ی خه‌باتی چه‌کداریی په‌که‌که
دیسان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاسان نییه، به‌هه‌ر حاڵ دوو بۆچوون هه‌ن
که هه‌ردووکیان، هه‌ر یه‌که‌یان به‌شێوه‌ی خۆی، ئه‌و په‌ڕن
و ترسناکن له سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیدا، به‌تایبه‌ت سیاسه‌ت و
ئایدیۆلۆژی نه‌ته‌وه‌یی:
یه‌که‌م: ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که به‌گشتی له‌لای په‌که‌که باو بووه
و ئێستاش باوه، ده‌ڵێت په‌که‌که له هیچه‌وه کوردی دروست کرد و
به‌بێ په‌که‌که ته‌نانه‌ت کورد له‌ناو ده‌چوو و مێژووی سیاسی خه‌باتی
کوردایه‌تی بریتیه له‌و مێژووه‌ی که په‌که‌که دروستیکرد (به
مانای سڕینه‌وه‌ی رۆلی هه‌موو ئه‌وانی تر)...هتد، ئه‌م شێوه
بۆچوونه زۆر نا دیموکراتییانه و تاکڕه‌وانه‌یه و به‌تایبه‌تی
له سیاسه‌تی عه‌مه‌لیدا زۆر زه‌ره‌ربه‌خش بووه و به‌رده‌وامیشیدا
هه‌ر ده‌یبێت...
دووه‌م: بۆچوونه‌که‌ی تر که ئه‌ویش هی ئه‌وپه‌ڕه ئه‌وه‌یه
که ده‌ڵێت په‌که‌که به‌خه‌باتی چه‌کداریی خۆی هیچ شتی به‌ده‌ست
نه‌هێناوه.
مرۆڤ هه‌ڵوێستی رخنه‌گرانه‌ی هه‌بێت له په‌که‌که یان نا، ئه‌وا
له هه‌ر حاڵه‌تێکدا ناتوانرێت ئه‌و راستیه بشاردرێته‌وه، که
له خه‌باتی په‌که‌که کۆمه‌ڵی ده‌رهاوێشته که‌وتۆته‌وه که
به‌بێ ئه‌و خه‌باته ده‌کرێت بڵێین به‌ده‌ستهاتنیان ئاسته‌م
بوو، له‌ڕاستیدا هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی خه‌باتی ئه‌ویتر له‌ناو
جیهانبینی دیموکراتیکردن و کوردستانیکردن و به‌نه‌ته‌وه‌ییکردنی
سیاسه‌ته کوردیه‌کان جێگا‌ی نابێته‌وه، به‌مانایه‌کی تر هه‌وڵدان
بۆ گونجاندنی سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ مێژوو یان گونجاندنی مێژوو له‌گه‌ڵ
سیاسه‌ت له گۆشه‌بینێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ته‌سک و تایبه‌تدا
ده‌توانێت زۆر زیانبه‌خش بێت بۆ خه‌باتی کوردستانی و دیموکراتی نه‌ته‌وه‌یی
کورد.
به‌م مانایه هه‌ردوو بینینه ئه‌وپه‌ڕییه‌کانی په‌که‌که، ئه‌وه‌شی
ده‌ڵێت په‌که‌که 20 ساڵه شه‌ڕی چه‌کداریی ده‌کات چی ئه‌نجامێکی
هه‌بووه؟ ده‌توانن له ره‌هه‌نده‌کانی هوشیاری مێژووی و سیاسه‌تی
عه‌مه‌لیشدا زۆر زیانبه‌خش بن: چونکه هه‌ردووکیان روحی ره‌دکردنه‌وه‌ی
ئه‌ویتر له‌خۆ ده‌گرن.
ماوه ئه‌وه بڵێم له رخنه‌ماندا له خه‌باتی چه‌کداریی
ناکرێت "ئینتیقائی" بین، به باوه‌ڕی خۆم خه‌باتی چه‌کداریی به
درێژایی مێژووی "مۆدێرنی" کورد کۆمه‌ڵێ زیانی لێکه‌وتۆته‌وه، که‌م
یا زۆر هه‌مان میکانیزمی دووپاتکردۆته‌وه، که گرنگترین ره‌هه‌ندی
ئه‌و میکانیزمه‌ش هاوپه‌یمانی جوڵانه‌وه‌ی چه‌کداریی بووه له
به‌شێکی کوردستان، له‌گه‌ڵ رژێمێکی تری دیکتاتۆری و داگیرکه‌ری به‌شێکی
تری کوردستان: له‌م حاڵه‌ته‌دا زێده‌ڕۆیی نییه گه‌ر بڵێین هه‌ر
ئه‌و هاوپه‌یمانییه "ناسروشتییه - تۆ بڵێت ناموقه‌دده‌سه" به‌رپرس
بوو له کۆمه‌ڵێ ده‌رهاوێشته که گرینگ‌ترینیان ئه‌م دووه‌ن:
یه‌که‌م: ئه‌و هاوپه‌یمانییه جوڵانه‌وه چه‌کدارییه‌که‌ی
گۆڕیوه به جوڵانه‌وه‌یه‌کی "نائازاد" و تا سه‌ر ئێسقان وابه‌سته.
دووه‌م: ئه‌و هاوپه‌یمانییه بۆ کاتێک هۆی مانه‌وه بووه بۆ
جووڵانه‌وه‌که، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هه‌ڵگری ته‌ور و خاکه‌ناسی
قه‌برلێدان بووه بۆ هه‌مان ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه.
له‌ڕاستیدا من له دوو بابه‌تی جیادا، به‌ڵام به هه‌مان مێتودی
لێکۆڵینه‌وه پێشتر جوڵانه‌وه‌ی چه‌کداریی له باشووری کوردستان
(1961 - 1989) و جوڵانه‌وه‌ی چه‌کداریی په‌که‌که (1984 - 1998)م
خستۆته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی "رخنه‌گرانه".
* ئێستا له تورکیادا حزبی فه‌رمانڕه‌وا باس له گۆڕینی ده‌ستوور ده‌کات،
به‌ڕای ئێوه گۆڕینی ده‌ستوور له تورکیا له قازانجی کورده، یان
له قازانجی ئیسلامیزم؟ ئاماژه‌کانی پشت گۆڕینی ئه‌و ده‌ستوره چۆن
ده‌بینیت؟
- ئاسان نییه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره هه‌روا پێشت وه‌خت به ئه‌رێنی
یا نه‌رێنی بده‌ینه‌وه، گۆڕینی ده‌ستوور پڕۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزه و
ده‌کرێت ئه‌و پڕۆسه‌یه به شێوه‌ی جۆراو جۆر ته‌واو ببێت، له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا مرۆڤ هه‌ر له ئێستاوه ده‌توانێت چه‌ند خاڵێک بخاته‌ڕوو
که په‌یوه‌نیدارن به‌گرنگی گۆڕینی ده‌ستووره‌وه که له
تورکیا هه‌یه:
یه‌که‌م: یه‌کێک له ره‌هه‌نده گرنگه‌کانی که‌مالیزم (واته
به تایبه‌تی ئه‌و 6 یا 7 (ئه‌ستون- پره‌نسیپه‌ی)ی که فکری
دامه‌زرێنه‌ری تورکیا مـسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورکی له‌سه‌ر دامه‌زراوه)،
ئه‌وه‌یه که ئه‌و پره‌نسیپانه له 1930 یه‌کانی سه‌ده‌ی
رابردوو بوون به به‌شێک له ده‌ستوور، به‌م مانایه‌ش ئه‌م پره‌نسیپانه
نه‌ک هه‌ر گرنگ بوون له سیستمی فێرکردن و په‌روه‌رده و له
پێگه‌یاندن و راهێنانی دامه‌زراوه‌ی له‌شکر و له بۆچوونی
ئایدیۆلۆژیانه‌ی خه‌ڵک، به‌ڵکو ئه‌م پره‌نسیپانه
بوون به کۆڵه‌که‌ی ده‌ستووری ته‌واوی ده‌وڵه‌ت.
ئه‌وه‌ی له‌م باره‌یه‌وه لایه‌نگرانی فکری که‌مالی و به
تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی تورکیا زۆر نیگه‌ران کردووه، له
مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی ده‌ستور، ئه‌وه‌یه که له‌وه ده‌ترسن
ئه‌و گۆڕانکارییه ببێته هۆی ده‌رهاوێشتنی ئه‌و پره‌نسیپانه
له ده‌ستور، هه‌رچه‌نده بۆ هێورکردنه‌وه‌ی ئه‌و توخمانه ئه‌ردۆغان
زۆر جار دووپاتیکردۆته‌وه که ئه‌م کاره ناکات، به‌هه‌رحاڵ ده‌رهاوێشتنی
ئه‌و پره‌نسیپانه له ده‌ستور یا به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان
کاڵکردنه‌وه‌یان و که‌مکردنه‌وه‌ی رۆلیان ده‌توانێت خزمه‌ت به‌کورد‌و
نزیکبوونه‌وه‌ی تورکیا له پڕۆژه‌ی لیبرال - دیمۆکراسی جیهانی
رۆژئاوا بکات.
دووه‌م: هه‌ر به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵه‌ی پێشتر، وا هه‌ست
ده‌کرێت که شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی یه‌کانگیربوونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان
له نێوان کورد‌و ره‌وتی ئیسلامی میانڕه‌و به‌سه‌رکردایه‌تی ئه‌ردۆغان
هه‌بێت. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه که هه‌ر یه‌که له کورد
و ئیسلامی میانڕه‌و له تورکیاوه، هه‌ر یه‌ک به‌شێوه‌ی خۆی
توانیویانه دوو کۆڵه‌که‌ی هه‌ره سه‌ره‌کی له کۆڵه‌که‌کانی
فیکری که‌ماڵی بهه‌ژێنن:
کورد توانیویه‌تی کۆڵه‌که‌ی ناسیۆنالیزم له که‌مالیزمدا بهه‌ژێنێت.،
ئیتر کورد نه‌ک هه‌ر بوونی هه‌یه له تورکیا، به‌ڵکو بگره
بووه به‌ژماره له هاوکێشه سیاسیه‌کانی ناو تورکیا و
گرێدراوه به‌قوڵاییه‌کی کوردستانیه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی تورکیا،
هه‌روه‌ها گرێدراوه به‌بوونی پشتگیری و تێگه‌یشتنێک له ئاستی
جیهانییه‌وه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.
له‌لایه‌کی تره‌وه ئیسلامی میانڕه‌و له تورکیا، به‌تایبه‌تی
له کاتی ئه‌ردۆغان، نه‌ک هه‌ر توانیان ببن به‌ژماره‌یه‌کی گرنگ
له هاوکێشه‌ی سیاسی‌دا له تورکیا، به‌ڵکو حوکمڕانیش بگرنه ده‌ست
له‌و وڵاته، به‌و شێوه‌یه پره‌نسیپی (سیکۆلاریزم)ی له پێکهاته‌ی
فیکری که‌مالی و ده‌ستووردا هه‌ژاند، پارادۆکس (موفاره‌قه) نییه
گه‌ر بڵێین له‌م یه‌کانگیربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان له‌نێوان
بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی له تورکیا و ئیسلامی میانڕه‌و له‌و
وڵاته ده‌گاته راده‌ی "هاوپه‌یمانییه‌کی" نه‌نووسراو.
گۆڕینی ده‌ستور به‌مانای پاشه‌کشه دێت بۆ دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی
له تورکیا، جا راده و قوڵایی ئه‌و پاشه‌کشه‌یه چه‌نده، ئه‌وا
دوای گۆڕانی ده‌ستور ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وه ده‌ڵێم چونکه له
50 ساڵی رابردوودا زووربه‌ی کات تورکیا له رۆشنایی ده‌ستوورێکی
نووسراو له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازییه‌وه یا ئاماده‌کراو
دوای کوده‌تای سه‌ربازییه‌وه ئیداره‌کراوه، ده‌ستوری هه‌ره
دوایی له 1984ه‌وه بنه‌مای حوکمه له تورکیا، ئه‌و ده‌ستوره‌ی
که له دوای کوده‌تای سه‌ربازیی 1980 و به‌ڕێنوێنی دامه‌زراوه‌ی
سه‌ربازیی نووسرایه‌وه.
به‌کورتی‌و به‌چڕی لایه‌نی کوردی یا "ئیسلامیه‌کان" له تورکیا چه‌ند
له به‌رژه‌وه‌ندیانه ئه‌و ده‌ستوره بگۆڕێت، ئه‌وا ده‌که‌وێته
سه‌ر ده‌رهاوێشته‌ی گۆڕانکارییه‌که، ده‌توانێت ببێته بنه‌ما
بۆ سه‌رله‌نوێ خه‌مڵاندنه‌وه‌ی ناسنامه و ماهیه‌تی ئایدیۆلۆژی
و سیاسی ده‌وڵه‌تی تورکیا.
* دۆستایه‌تی نێوان کورد و تورک تاچه‌ند پێویسته به‌ڕای ئێوه
دۆستایه‌تی کوردی باشوور له‌گه‌ڵ کام له نه‌ته‌وه‌کانی عه‌ره‌ب و
فارس و تورک گرنگ تره؟
- دۆستایه‌تی کورد له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ نه‌ته‌وه گرنگه، نه‌ک هه‌ر
له حاڵه‌تی مانه‌وه‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی تورکیا
و ئێران و عیراق و سوریا، به‌ڵکو بگره زیاتریش پێویسته له
حاڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کورد. نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌حوکمی داخراوه‌یی
جیۆ - ستراتیژی وڵاته‌که‌ی ناتوانێت به‌ئاسانی ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ
ئه‌و دۆستایه‌تیانه بدۆزێته‌وه.
دیاره دۆستایه‌تی حاڵه‌تێکی سیاسی - ستراتیژی نه‌گۆڕاو نییه، به‌ڵکو
ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه له گۆڕانکارییه‌کی به‌رده‌وامدایه،
بائاوڕێکی به‌په‌له له مێژووی مۆدێرنی ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی
نۆزده‌هه‌م و بیسته‌هه‌م، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که دۆستایه‌تی‌و
هاوپه‌یمانی له نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا به‌رده‌وام گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی
به‌خۆوه بینیوه، (دوژمنی دوێنێ بووه به‌دۆستی هه‌ره نزیکی
رۆژی دواتر).
به‌گشتی دوو هۆی هه‌ره گرنگی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش پێیان له دوو
فاکته‌ری سه‌ره‌کی هه‌ڵده‌گرت:
یه‌که‌میان: ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که له‌ڕووی ناوه‌وه به‌سه‌ر
ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌هاتن و کاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه داده‌نا، دووهه‌میشیان
هاوسه‌نگی هێز له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا‌و جیهان.
به بۆچوونی خۆم، به‌بێ ئه‌وه‌ی که گرنگی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ
فارس و عه‌ره‌بمان به‌که‌م له قه‌ڵه‌م دابێت، بڕوام وایه که
په‌یوه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ تورکیا "تورکه‌کان" گرنگییه‌کی زۆر
تایبه‌ت (هه‌نوووکه‌یی و دواڕۆژی) وه‌رده‌گرێت، قورسایی کورد له
تورکیا (له‌ڕووی ژماره و جوگرافیاوه) زۆر زیاتره، به به‌راورد
له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر، هه‌رچه‌نده نابێت ئه‌وه‌ش له بیر بکه‌ین
که ئه‌و قورساییه له‌ڕووی سیاسی و پێشکه‌وتنی ئابووری - کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه
زۆر له په‌راوێز ئه‌و وڵاته‌دا ماوه‌ته‌وه.
به به‌راووردکردنێکی به‌په‌له له‌ڕووی گه‌شه‌کردنی ئابووری و
کۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان باکووری کوردستان و به‌شی رۆژئاوای تورکیا،
جگه له په‌راوێزکردنی سیاسی، به جوانی حاڵه‌تی په‌راوێزبوونی
کوردمان له تورکیا بۆ روونده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌کرێت
بڵێین دوای هه‌ندێ گۆڕانکاری له هه‌ڵوێستی تورکیا به‌رامبه‌ر به‌کێشه‌ی
کورد ده‌کرێت ره‌هه‌ندێکی ستراتیژی به‌هێز (تۆ بڵێ ده‌روازه‌یه‌ک)
به‌ڕووی جیهانی پێشکه‌وتوو و پڕۆژه‌ی لیبرال-دیمۆکراسی به‌رامبه‌ر
نه‌ک هه‌ر کورد له تورکیا بکرێته‌وه، به‌ڵکو به‌رامبه‌ر به‌ته‌واوی
کورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆ نموونه بوونی تورکیا به‌ئه‌ندام
له یه‌کێتیی ئه‌وروپادا کرانه‌وه‌یه‌کی گرنگ و مێژووی ده‌بێت
بۆ کورد له تورکیا، به‌تایبه‌تی‌و کورد له هه‌موو پارچه‌کانی
کوردستان به‌گشتی.
ئێمه ده‌توانین زۆر خاڵی پۆزه‌تیڤ بژمێرین له‌و بوون به ئه‌ندامیه‌دا،
به‌ڵام ناشکرێت هه‌ر له ئێستاوه کورد سیاسه‌تی خۆی بۆ 30-50
ساڵی داهاتوو به‌ئه‌گه‌رێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامێتی تورکیا
له یه‌کێتیی ئه‌وروپادا مسۆگه‌ربێت، به‌باوه‌ڕی خۆم ئه‌م مه‌سه‌له‌ی
به‌ئه‌ندامبوونه گه‌یشتۆته راده‌یه‌کی زۆر هه‌ستیار و له‌وه
ده‌چێت که به ئه‌گه‌ری زۆر مامه‌ڵه‌ی تورکیا له‌لایه‌ن ئه‌و
یه‌کێتیه‌وه ئه‌وها بکرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی نه به‌ته‌واوه‌تی
ببێت به‌ئه‌ندام و نه‌داواکه‌یشی به‌ته‌واوه‌تی ره‌دبکرێته‌وه،
من له‌وه‌ش ده‌ترسم که تورکیا ئه‌سله‌ن ده‌رفه‌تی ئه‌ندامبوونی
ده‌مێکه له‌ده‌ست دابێت، ئه‌گه‌ری هه‌ره نزیک ئه‌وه‌یه
که له دواییدا (دوای چه‌ند ساڵێک) یه‌کێتیی ئه‌وروپا چوارچێوه‌یه‌کی
تایبه‌ی به‌تورکیا بخه‌مڵێنێت وه‌کو سیغه‌ی پێیه‌ک له ناوه‌وه
و پێیه‌ک له ده‌ره‌وه، واته تورکیا به‌ته‌واوه‌تی ببێ به‌ئه‌ندام،
به‌ڵام بکه‌وێته شه‌راکه‌تێکی تایبه‌تیه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و
یه‌کێتییه که له ئه‌ندامایه‌تی نزیکه، به‌ڵام ئه‌ندامایه‌تی
به‌ته‌واوه‌تیش نییه.
ده‌مێکه من باسم له نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی ستراتیژی کوردی – تورکی
- رۆژئاوا (به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریکا) کردووه، له کاتی ئێمه‌دا سێ
شت به‌یه‌که‌وه یا دوویان له‌و سێ شته یا هه‌تتا بگره یه‌کێکیان
به ته‌نیا، به‌ڵام به‌توندی، ده‌توانن ئه‌و نزیکبوونه‌وه‌یه
فه‌راهه‌م بکه‌ن:
یه‌که‌م: تورکیا شێوه چاره‌سه‌ریه‌ک بۆ کێشه‌ی کورد له تورکیا
بکات، یان ده‌روازه‌یه‌کی جددی له‌و ئاراسته‌یه‌دا بکاته‌وه،
هه‌نگاوێکی ئه‌وها له ناوه‌وه‌ی تورکیا ده‌توانێت هه‌ڵوێستی
تورکیای به‌رامبه‌ر/دژ به‌کورد (جا له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌و
جیهانه بن) بگۆڕێت، له‌سه‌ر ئه‌م گۆڕانکارییه ده‌کرێت هه‌نگاوی
به‌ئاساییکردنی په‌یوه‌ندیه کوردی - تورکییه‌کان بهاوێژرێت.
دووه‌م: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌توانێت حاڵه‌تێکی
ئه‌وها بێنێته گۆڕێ، که ئیتر تورکیا نه‌ک هه‌ر نه‌توانێت ده‌سته‌و‌ئه‌ژنۆ
دابنیشێت، به‌ڵکو پلانی خۆی هه‌بێت و بشجوڵێته‌وه به‌ره‌و خه‌مڵاندنه‌وه‌ی
نه‌خشه‌ی سیاسی، له‌و حاڵه‌ته‌دا و له‌به‌ر هۆیه‌کی زۆر
ئاسان که ئه‌ویش دواڕۆژی باشووری کوردستانه، ده‌که‌وێته حاڵه‌تی
وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی عه‌مه‌لی، له‌وه ده‌چێت که ئه‌گه‌ری
زیندووکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی موسڵ سیناریۆی هه‌ره نزیک بێت، هه‌روه‌ک
ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له ئێستا‌و زووتریش تورکه‌کان ده‌ربڕینی
فه‌رمی له‌و جۆره‌یان هه‌بووه، به‌بۆچوونی خۆم زیندووکردنه‌وه‌ی
کێشه‌ی موسڵ نه‌ک هار نابێت کورد بترسێنێت، به‌ڵکو ده‌توانێت ده‌رفه‌تێکی
جددیش بداته کورد بۆ هێنانه‌گۆڕێی ئه‌لته‌رناتیڤی کۆنفیدڕالی
باشووری کوردستان، له‌گه‌ڵ تورکیا به‌مه‌رجێک ئه‌وه له
چوارچێوه‌ی ته‌رتیباتێکی فراوانتر دابێت که تیایدا کێشه‌ی کورد له
تورکیا چاره‌سه‌ربکرێت.
سێهه‌م: ئه‌مه‌ریکا بگاته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه که له‌یه‌کتر
نزیکبوون و دۆستایه‌تی کورد و تورکیا خزمه‌ت به‌ستراتیژی هه‌ره
باڵای ئه‌مه‌ریکا ده‌کات له داهاتوویه‌کی دوورودرێژدا، ئه‌وا
مومکینه ئه‌مه‌ریکا له ئاستێکی تر و به‌توانایه‌کی تر له‌وه‌ی
تائێستا بیرۆکه‌ی له یه‌کگه‌یشتنی کوردی - تورکی - ئه‌مه‌ریکی به‌ڕه‌سمی
ته‌به‌ننا بکات و به‌جددی کاری بۆ بکات.
شایه‌نی باسه ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ئێستا پڕۆژه‌یه‌کم ده‌رباره‌ی
ئه‌و ئه‌گه‌رانه داوه‌ته حکومه‌تی باشووری کوردستان!
به‌گشتی لایه‌نی کوردی حه‌ز بکات و حه‌ز نه‌کات، ئه‌وا به‌شێکه
له هاوکێشه‌ی سیاسی له ناوچه‌که و باشترین رێگا له مه‌ودایه‌کی
کورتخایه‌ندا پاراستنی په‌یوه‌ندیه‌کانیه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موو
لایه‌ک، به‌مه‌رجێک ئه‌م پاراستنی په‌یوه‌ندییانه زیانبه‌خش
نه‌بن بۆ ره‌هه‌نده هه‌ره فراوانه کوردستانییه‌که، له‌ڕاستیدا
له قه‌یرانی هه‌ره دواییدا ده‌رکه‌وت که به کوردستانیکردنی
سیاسه‌ته کوردیه‌کان له دیوه کوردیه‌که‌ی هاوکێشه‌دا کۆمه‌ڵێ
سوودی هه‌بووه و هه‌یه بۆ به‌هێزبوونی هه‌ڵوێستی کوردی، به‌تایبه‌تی
کاتێک که لایه‌نی کوردی به‌بێ جیاوازی ئه‌و دیو و ئه‌و دیوی
سنوور توانیویه‌تی دیپلۆماسی خۆی له چوارچێوه‌ی ئاشتی خواستن و
دیالۆگ و دیپلۆماسی شه‌فافدا بخه‌مڵێنێت.
____________________________________
پرۆفایل:
د. بورهان یاسین
*
له ساڵی 1956 له باشووری کوردستان له‌دایک بووه.
*خوێندنی
زانکۆی له ساڵی خوێندنی 1979-1980 ته‌واوکردووه.
*له
ساڵی 1983 وه له ولاتی سوید نیشته‌جێیه.
*له
ساڵی 1995 به پله‌ی دکتۆرا خوێندنی باڵای له زانکۆی لوندی سوێد
ته‌واوکردووه،
له‌و کاته‌وه خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه و ده‌رس وتنه‌وه‌یه له
هه‌مان زانکۆ.
*
کۆمه‌ڵێ باسی به زمانی جیا جیا هه‌یه، دوایینیان بابه‌تێکی
بڵاونه‌کراوه‌یه له دووتوێی په‌رتوکێکدا ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی
گاپ و کێشه‌ی کورد له تورکیا.
|