٤\١٢\٢٠٢٤
تورکیا لە سوریا بەدوای چیدا دەگەڕێ؟
ئەرسەلان مەحمود
زیاتر لە دە ساڵە، تورکیا بە ژێر لێوی پاراستنی سنورەکانی خۆی، ڕۆڵێکی
شەیتانی لە قوڵکردنەوەی قەیرانی سوریادا دەگێڕێ و دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە
شوێنپێیەکانی لەسەر ڕەوت و ئاراستەی ڕووداوەکان دابنێت، لە نووسینەدا
هەوڵدەدەین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە "تورکیا لە سوریا بەدوای چیدا
دەگەڕێت؟"
گۆڕینی هاوکێشەکان لە سەرەتای قەیرانەکەدا:
کاتێک شۆڕشی سوریا لە ٢٠١١دا دەستیپێکرد، تورکیا یەکێک بوو لە وڵاتانی
پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی دژە ئەسەد. ئەم هەڵوێستە چەند هۆکارێکی هەبوو،
لەوانە:
خراپی پەیوەندییەکانی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد، کە سەرەتاکەی بۆ کۆتایی
٢٠١٠و ناکۆکی لەسەر پرسی ئاوی فورات دەگەڕایەوە، لەگەڵیدا بڕوای تورکیا
بەوەی کە ئەسەد دەبێت وەک زۆرینەی سەرۆکە عەرەبەکانی تر دەڕوا و باشتر
وایە دەرفەت بۆ هاتنە سەرکاری ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی دروست خۆشبکرێت، تا
لە ڕێگەیەوە ئەو ترسەش بڕەوێنێتەوە کە بەهۆیەوە ڕەنگە بەهێزبوونی
کوردەکان و دروستبوونی هەرێمێکی سەربەخۆی بۆ ئەوان لێنکەوێتەوە..
لەبەر ئەم هۆکارانە، هانی ئۆپۆزسیۆنی دا و لە بوارەکانی لۆجیستی و چەک
پێدانەوە کەوتە هاوکاری و پشتیوانی کردنیان و کردنەوەی دەروازە
سنورییەکانی بۆ هاتنەناوەوەی چەکدارە بیانییەکان بۆ سوریا. بەڵام
بەدرێژایی کات، ئەولەوییەتەکانی تورکیا گۆڕانیان بەسەردا هات.
ئامانجە ڕاستەقینەکان:
دوای دەرکەوتنی داعش و بەهێزبوونی هێزە کوردییەکان، سیاسەتی تورکیا لە
سوریا بەرەو ئاراستەیەکی تر شۆڕبووەوە. سەرەڕای درێژەپێدانی پشتیوانی
لە گرووپی ئۆپۆزسیۆنەکان، ئێستا ئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا لە سوریا
بریتین لە:
سنوورداركردنی نفووزی کوردەکان.
تورکیا بە توندی دژایەتی دامەزراندنی هەر کیانێکی کوردی دەکات، ئەمە
نەک هەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەنانەت لە خەونی هەر تاکێکی کورددا جا
ئەو کوردە لە هەر کوێیەکی دنیا بێت، هۆکارەکە وەک ئەوەی بەردەوام بگۆی
دەکات (پ*ەک*ەک*ە) نییە، سەدان ساڵ لەمەوبەر شتێک بەو ناوە بوونی نەبوو،
بابەتەکە کوردبوونەو بەس، چونکە خۆی لەسەر خاکی کوردان بوونیادو
بیناکردوە، لای وایە بوونی کورد یەکسانە بەنەمای خۆی.
گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.
تورکیا پێیوایە گەڕاندنەوەی ملیۆنان ئاوارەی سوری کە گلیداونەتەوە لای
خۆی دەکات، یەکێکە لە ڕێگەکانی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە لە ڕێگەی
دەستەبەری ناوچەیەکی ئارامە لە باکووری سوریا کە تورکیا کۆنترۆڵی بکات
و ئەو ئاوارانەی بۆ بگوازێتەوە، بەمەش هەم کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی
لەسەر تورکیا کەم دەکاتەوە، هەم دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکانیش
دەگۆڕێت.
سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێران.
تورکیا بۆ دۆزینەوەی بەدیلێک بۆ متمانەی ئێران بە ڕژێمی ئەسەد دەگەڕێ،
پشتیوانی کردنی لە هێزە ئیسلامییە چەکدارە توندڕەوەکان بە ڕێگەیەک بۆ
تەحقیقی ئەم ئامانجە دەبینێت.
پاراستنی ئەمنی سنوورەکان.
لەڕووی ئەمنییەوە، تورکیا دەیەوێت سنوورێکی درێژی ئارام و کۆنترۆڵکراوی
لەگەڵ سوریادا هەبێت. ئەمەش وەک ئەوەی ئیدیعای دەکات پێویستی بە
نەهێشتنی پێگە و هەیمەنە کوردییەکە هەیە.
هەماهەنگی لەگەڵ هێزە جیهانی و هەرێمییەکان.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، تورکیا پێویستی بە ڕەزامەندی یان لانیکەم
بێدەنگی وڵاتانی کاریگەر هەیە لە ململانێی سوریادا. لەم ڕووەوە،
دانوستاندن و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران بەشێکی گرنگن
لە ستراتیژی تورکیا.
سەرەتا پشتی بە تەفاهم لەگەڵ ئەمریکا بەست بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە
سنوورییەکان، بەڵام پشتیوانیی ئەمریکا لە هێزەکانی سوریای دیموکرات
هیوا شکاوی کرد. ئێستا تورکیا زیاتر هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیا و ئێران
دەکات تا ڕێگری لە پڕۆژەی کورد بکات، ئەمە سەرەڕای ناکۆکییە
تاکتیکییەکان لەسەر پرسی ئیدلیب و چارەنووسی ئەسەد.
بێگومان تورکیا بەپەلە نییە لە تێکدانی پەیوەندییە ئابووری و
دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران، ئەگەرچی لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە دژایەتی
هەیە. ئەمە وادەکات تورکیا هاوکێشەیەکی هەستیار بپارێزێت لەنێوان ئەم
هێزانەدا لەپێناو بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی خۆیدا.
ئەگەری دیزاینکردنەوەی نەخشەی ناوچەکە:
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تری تورکیا کێشمەکێشی نفوز و دەسەڵاتە لە
پێکهاتنەوەی سیستەمی سیاسی و جیۆگرافیای وڵاتانی ناوچەکە دوای شەپۆلە
نوێیەکانی ئەگەری گۆڕانکاری و دیزاینکردنەوەی ناوچەکە، لێرەدا چەند
مەسەلەیەک دەردەکەون:
پرسی دەوڵەتی نەتەوەیی و سنوورە دەستکردەکان.
زۆرینەی سنوورەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەردەمی
کۆلۆنیالیزمدا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی واقیعی کۆمەڵایەتی و ئیتنی دانراون.
سەرهەڵدانی قەیرانەکان و شەڕە ناوخۆییەکانی ئەم دواییە، بەژێر پرسیاردا
بردنی ئەم سنوورانەیە.
کێشەی پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکان.
کۆمەڵگەکانی ناوچەکە فرەئاینی و فرەنەتەوەن، دابەشبوونی دەسەڵات و
ململانێی نێوانیان، بووە بە تەحەدایەکی گەورەی بەردەم سەقامگیریی
وڵاتانی ناوچەکە.
هەژموونی هێزە ناوچەییەکان.
ئێران و تورکیا و ئیسرائیل و عەرەبستان، هەریەکەو هەوڵدەدات ڕۆڵ و
پێگەی خۆی لە ئاستی ناوچەکە مسۆگەر بکات و ڕێگر بێت لە بەهێزبوونی
لایەنەکانی تر.
ململانێ لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و ئاو.
بەهۆی کەمی ئاو و سەرچاوە سروشتییەکان، ئەگەری ململانێی قووڵتر
لەسەریان لە داهاتوودا زۆر دەبێت، مەسەلەن لەنێوان تورکیا و سوریا و
عێراق لەسەر دابەشکردنی ئاوی دیجلە و فورات.
ئەمانە تەنها چەند نموونەیەکن لەو فاکتەرانەی کاریگەرییان دەبێت لەسەر
داهاتووی سیاسی و جوگرافی وڵاتانی ناوچەکە. سوریا تەنها بەشێکە لەو
هاوکێشە ئاڵۆزانە، دەکرێت بڵێین شەڕی سوریا تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ
یەکڕیزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئامادەییان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی
ڕیشەیی لە فۆڕمی ئێستادا.
ئەگەر و پێشبینییەکان:
ئایا شەڕی سوریا بەکوێ دەگات؟
شەڕی دە ساڵە، زیانێکی ئێجگار زۆری بە ژیان و ئابووری و ژێرخانی سوریا
و ناوچەکە گەیاندووە، هەروەها سەرچاوەیەکی سەرەکیش بووە بۆ هەڵکشانی
ڕەوتی پەنابەرێتی و ئاوارەیی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لەناوخۆ و دەرەوەی
وڵاتەکە، ئەمانە کارەساتی مرۆیین کە شوێنەوارێکی قووڵیان دەبێت لە
ئایندەدا.
لەبەر ئاڵۆزی بارودۆخ و زۆری ئەکتەرە دژبەرەکان، پێشبینی کردنی
داهاتوویەکی یەکلاکەرەوە ئاسان نییە، بەڵام دەکرێت چەند ئەگەرێک
بخرێتەڕوو:
ئەگەرێک ئەوەیە کە هیچ لایەنێک نەتوانێت سەرکەوتنێکی یەکجارەکی و
بنەبڕکەر بەدەست بهێنێت، بەمەش ململانێکە درێژە بکێشێت، بەڵام بە
گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز و ناوچەی ژێر کۆنترۆڵدا. ئەمە ئەگەرێکی زۆر
ئەستەمە چونکە ماندووبوون لە جەنگ لەهەموو لایەکەوە بەدیدەکراوە.
ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا لایەنە شەڕکەرەکان
ناچار بن دانوستاندن بکەن و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە چوارچێوەی
یەکپارچەیی خاکی سوریادا.، بەڵام ئەمەش زەحمەت دێتە بەرچاو لەبەر زۆری
و دژایەتی بەرژەوەندییەکان.
ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە سوریا دابەش ببێت بەسەر چەند هەرێم و کانتۆنێکی
کۆنفیدراڵی یان فیدراڵیدا، بەشێوەیەک کە پێکهاتە سەرەکییەکانی وەک
عەرەب و کورد و دروزییەکان، ئۆتۆنۆمی و مافی زیاتریان هەبێت لە
بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا، ئەمەشیان ئەگەرێکی ئاڵۆزە چونکە ڕەزامەندی
تەواوی لایەنەکانی لەسەر نییە.
ئەگەرێکی تریش تەشەنەکردنی ململانێکەیە بۆ ناو وڵاتانی دراوسێ بەهۆی
ئاڵۆزی پەیوەندییە ئیتنی و سیاسی و ئایینییەکانی ناوچەکە، ئەمەش دۆخەکە
زۆر مەترسیدارتر دەکات و ئەگەری هاتنە ناوەوەی هێزی ئیقلیمی و
نێودەوڵەتی زیاتر دەکات.
ئەنجام:
وەک بینیمان ئەم شەڕە، گۆڕەپانی کێبڕکێی زۆرێک لە هێزە ناکۆکەکانە،
هەریەکەو هەوڵدەدات داهاتووی سوریا و ناوچەکە بەگشتی لە ئاراستەی
بەرژەوەندییەکانی خۆی بگۆڕێ یان ڕاستبکات.
ئەگەرەکانی داهاتوو جۆراوجۆر و ئاڵۆزن، بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەکان،
پێویستە هەوڵی جدی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیشتن بە سازانێکی
سیاسی کە ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا ڕەچاو بکات.
هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەسئولیەتی ئەخلاقی و یاساییان لەسەر شانە
بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردن.
دەبێت لەبیرمان بێت کە سوریا وڵاتێکی دێرینە و پێکهاتەکانی ماوەیەکی
زۆر درێژە پێکەوە ژیاون. لەبەر ئەمەش هیچ چارەسەرێکی سەپێنراو
سەرکەوتوو نابێت و پێویستە خودی گەلی سوریا بڕیاردەر بێت لەسەر
داهاتووی وڵاتەکەی کە خۆی لە نەخشەیەکی نوێ و ڕەنگین بۆ ناوچەکەدا
دەبینێتەوە.
بەکورتی، دەتوانین بڵێین تورکیای ئەردۆغان بەدوای خۆ سەپاندنەوەی خۆیدا
دەگەڕێت بەڵام لە دەرەوەی خۆی، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەش ئەوەتا
سیاسەتێکی چەند لایەنە پەیڕەو دەکات کە لەیەککاتدا لەگەڵ چەپ و ڕاست،
دوور و نزیک کاردەکات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|