|
١٠\٣\٢٠٢٦
تورکیا تۆقیوە.
|

زوسانە گوستەن |

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەڵۆ محەمەد |
باسەکە لە چەند خاڵێکدا
کورت دەکەمەوە:
تورکیا دەترسێ بکەوێتە بەرەی دۆڕاوی ئەم شەڕەی ئێستای ئەمەریکا و
ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران . تەنیا راکێت کە نرا بە تورکیاوە دەری خست
ئەم وڵاتە چەند زوو لەو شەڕەوە تێوە دەگلێ.. لە کاتێکدا تورکیا هەموو
هەوڵی ئەوەیە پریشکی بەرنەکەوێ و خۆی بەدوور لەشەڕەکە دەگرێ.
هەواڵی چەکدارکردنی کوردی رۆژهەڵات و ناردنەوەیان بۆ ناو ئێران لە
لایەن ئەمەریکاوە، تورکیای تەواو سەغڵەت کردووە.
بەتایبەت ئەردۆغان نیگەرانە کەوا باڵادەستی سەربازی ئیسرائیل لە
ناوچەکەدا زیاد بکات و ئەم وڵاتە بەپێی هێز و توانا سەربازییەکەی
نەخشەی ناوچەکە داڕێژێتەوە.
تورکیا ئیسرائیل بە بەرپرسی ئەم شەڕە دادەنێ، باخچەلی جوێن بە ئیسرائیل
دەخات وەک دەوڵەتێکی بەربەریی تیرۆریست، پارتی ئۆپۆزیسیۆنی جەهەپەش
دەڵێ ئەم شەڕەی دژ بە ئێران دژی یاسای نێودەوڵەتییە.
تورکیا بە دیوێکی تریشدا رەخنە لە بەرنامەی ئێران و بۆمبارانکردنی
دەوڵەتانی ناوچەکە وەک ستراتیژێکی هەڵە ناو دەبات.
ئێرانێکی لاواز لە خزمەتی تورکیادایە بەتایبەت لە دوای شەڕی غەززەوە، و
وەک ئەوەی لە سووریا دەیبینین لە بری ئێران تورکیا باڵادەستە.
بەڵام تورکیا رووخانی ئێران بە مەترسی دەزانێ..ئێران سەرچاوەیەکی گرنگی
گازە بۆ تورکیا .. هەروەگا بە ملیۆنان تۆریست و گەشتیاری ئێرانی ساڵانە
دێنە تورکیاوە.
شارەزای کاروباری ئێران عارف کەسکین دەڵێ: "ئەگەر رژێم بڕووخێ، شەڕی
ناوخۆ دروست دەبێت و رەنگە گرووپە تیرۆریستەکان سوود لەم دەرفەتە
وەرگرن".. بۆیە تورکیا سنووری ٥٠٠ کم خۆی لەگەڵ ئێران بە وردی چاودێری
دەکات.
تورکیا بانگاشەی ئەوەش دەکات، ترسی هەیە لە شەپۆلێکی تری پەنابەران ،
وەک ئەوەی لە شەڕی عێراق و سووریا روویان لە تورکیا کرد. گوایە لە
ئێرانیش چەند ملیۆنێ ئەفغانی دەژین، ئەوانیش روو لە ئەوروپا دەکەن..
بەم زیگنالە دەیەوێ ئەوروپا بترسێنێ.. بۆیە ئێران بە توندی جەخت لەسەر
ئەوە دەکاتەوە با ئێران نەرووخێت!
ئەردۆغان بە ئاشکرا رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێ، بەڵام خۆی دەپارێزێ لە
رەخنەگرتن لە ئەمەریکا و نایەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترامپی هاوڕێیدا
ئاڵۆز بکات!
چەکدارکردنی کوردان، تورکیای تۆقاندووە!
هەواڵی چەکدارکردن و مۆبیلیزەکردنی کورد لە لایەن یەمەریکاوە، تورکی
هەراسان کردووە. شێت و کەللەیی بوون..گوایە لەبەر ئەم هۆکارەیە کەوا
ئێران بۆمبارانی بنکەی کوردانی ئێران لە باشووری کوردستان دەکات.
گوایە تورکیا لەم کاتەدا کە خەریکە کێشەی کورد بە پرۆسەیەکی ئاشتی
چارەسەر دەکات، دەترسێ ئەمەریکا و ئیسرائیل لەرێی کوردانەوە بەرەیەکی
نوێ بکەنەوە. ئەمە قسەی کەسکینە.
ململانێی و رکەبەرایەتی و دوژمنایەتی نێوان
ئیسرائیل و تورکیا.
خاڵێکی تر ئەوەی تورکیای تۆقاندووە، باڵادەستی تەواوی ئیسرائیلە بەسەر
ناوچەکەدا.. بەتایبەت کە پەیوەندی ئەم دوو دەوڵەتە دوای شەڕی غەززە پێی
ناوەتە قۆناغێکی تری ئاڵۆزییەوە. هەردوو گومانیان لە یەکتر هەیە دەست
بەسەر رۆژهەڵاتی ناویندا بگرن.. لە سەر گۆڕەپانی سووریا ئەم ململانێی و
شەڕە ساردە ستراتیژییە بەتەواوی رەنگ دەداتەوە، کەواتە دەشێ ئێران
ببێتە مەیدانێکی تری رەنگدانەوی ئەم ململانێییە.
تورکیا وای دەبینێ کەوا وەک شارەزای کاروباری تورکیا خاتوو ئاسلی
ئایدینتاسباس دەڵێ: "ئیسرائیل دەیەوێ نەخشەی ناوچەکە بە پێی بەرژەوەندی
و لێهاتوویی سەربازیی خۆی دابڕێژێتەوە".. وەک ناوبراو دەڵێ: یارییەک و
هاوکێشەکە بەم جۆرەیە: "سەرکەوتنی هەر لایەک مانای دۆڕانی لایەکەی
ترە"، ئەم شەڕە هەتا بێت ململانێی نێوان هەردوو دەوڵەتی تورکیا و
ئیسرائیل زیاتر دەکات، هەروەها بەدیدی خاتوونی ناوبراو: " ئەم شەڕە لە
مەودایەکی دووردا ئەم دوو دەوڵەتە بەرەو رووبەرووبوونەوەی یەکتر دەبات".
____________________________________________________
سەرچاوە:
رۆژنامەی دێر تاگەسشپیگلی
ئەڵمانی.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|