٢٩\٣\٢٠٢٥
تورکیا و ئەردۆغان
لە نێوان رۆژهەڵات
و رۆژئاوادا.

ئەرسەلان مەحمود
تورکیای بە پێگە ستراتیژی رۆژهەڵات - رۆژئاوایی، لە سەردەمی رەجەب تەیب
ئەردۆغاندا بووەتە ناوەندێکی گرنگی شەڕی دەسەڵات لە ئاستی ناوخۆیی و
نێودەوڵەتیشدا. گیرانی ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانی
ئەستەنبوڵ،و خۆپیشاندانەکانی دواتر، تەنها نیشانەیەک لەو ناکۆکییە
گەورەترەن کە تورکیا لە نێوان دوو جەمسەری جیهانیدا - رۆژئاوا بە
سەرۆکایەتی (ئەمریکا و ناتۆ) و رۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی (رووسیا و چین)
- تێیدا دەژیەت.
تورکیا وەک یەکەیەکی ستراتیژی.
تورکیا لەژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان وەک یەکەیەک دەبینرێت کە هەم رۆژئاوا و
هەم رۆژهەڵات هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی بکەن. ئەمریکا و ناتۆ تورکیا وەک
هاوپەیمانێکی گرنگ دەبینن، نەک تەنها بەهۆی شوێنەکەی لەسەر نەخشە،
بەڵکوو بەهۆی رۆڵە سەربازی و سیاسییەکەی لە دژایەتی رووسیا، ئێران، و
جووڵانەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەمانکاتدا، ئەردۆغان بە
شێوەیەکی زیرەکانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا و چین پەرەپێداوە - بۆ
نموونە لە رێگەی کڕینی سیستمی موشەکی (ئێس-٤٠٠) لە رووسیا - کە ئەمەش
نیشانەیەکی سەربەخۆیی سیاسییە لە رۆژئاوا.
گیرانی ئۆغڵو، کە سیاسەتمەدارێکی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە و وەک دژبەرێکی
بەهێزی ئەردۆغان دەبینرێت، لەم چێوەیەدا وەک هەوڵێک دەخوێندرێتەوە بۆ
پاراستنی دەسەڵات لە ناوخۆ و نیشاندانی هێز بە دەرەوە. بەڵام، رەخنە
نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئەورووپاوە، کە دەڵێن ئەمە نیشانەی لاوازبوونی
دیموکراسییە، زیاتر وەک پڕوپاگەندەی ساختە دەبینرێن. رۆژئاوا لە پشت
پەردەدا پشتگیری لە ئەردۆغان دەکات، چونکە سەقامگیری تورکیا بۆ
بەرژەوەندییەکانی ناتۆ گرنگە، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ئاشکراش
رەخنەی لێبگرن.
ناکۆکییە ناوخۆییەکان و سەرکوتکردن.
لە ناوخۆی تورکیا، گیرانی ئیمام ئۆغڵو بە تاوانەکانی گەندەڵی و هاوکاری
لەگەڵ پەکەکە، و خۆپیشاندانەکانی دواتر کە سەدان هەزار کەسی گرتەوە،
نیشانەی دووبەرەبوونێکی قووڵن لە کۆمەڵگەی تورکیدا. ئەردۆغان تاهاتووە
بە شێوەیەکی سیستماتیک دەسەڵاتەکەی لە رێگەی سەرکوتکردنەوە بەهێزتر
کردوە، مەش لە قەدەغەی خۆپیشاندانەکان، سنووردارکردنی میدیا (وەک ئێکس
و یوتیوب)، و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستگیرکردنی هەزار و ٣٤٣
خۆپیشاندەرەوە دەردەکەوێت. ئەمە بەشێکە لە شێوازێکی باوی دەوڵەتە
ئۆتۆریتارەکان کە چۆمسکی زۆرجار تەحلیلی کردووە، بەکارهێنانی زەبر و
زەنگ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نارەزایەتی، لەگەڵ پڕوپاگەندە بۆ شاردنەوەی کێشە
بنەڕەتی و سەرەکییەکان وەک بێکاری و هەڵاوسان.
بەڵام، سەرکەوتنی ئیمام ئۆغڵو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جەهەپە لە ٢٣ی
ئاداری ٢٠٢٥، کە ١٥ ملیۆن دەنگی بەدەست هێنا، لەو دەنگانە کە (١٣)
ملیۆنیان لە دەرەوەی پارتەکەی بوون، نیشانی دەدات کە پشتگیری گشتی بۆ
گۆڕانکاری هێشتا بەهێزە. بەڵام بەبێ رێکخستنێکی بەهێزتر و پلانێکی
سیاسی تۆکمەتر، ئەم نارەزایەتییە ناتوانێت ببێتە شۆڕشێکی ریشەیی، و
دەشێت کە ئەردۆغان لە کورت مەودادا بە سەرکەوتوویی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات.
ئابووری وەک فاکتەرێکی گرنگ.
ئابووری تورکیا لە دۆخێکی لاوازدایە، کەمبوونەوەی "لیرە" دوای گیرانی
ئیمام ئۆغڵو نیشانەیەکی ئاشکرایە، تاوانەکانی گەندەڵی کە خراونەتە پاڵ
ئیمام ئۆغڵو تەنها بەشێکن لە هەوڵی حکوومەت بۆ شاردنەوەی کێشە
گەورەترەکان، وەک هەڵاوسانی بەرز و کەمی وەبەرهێنانی بیانی. نائارامییە
سیاسییەکان، بەتایبەتی لە ئەستەنبوڵ کە ناوەندێکی ئابوورییە، دەشێت ئەم
دۆخە خراپتر بکات. لە هەمانکاتدا، ئەردۆغان هەوڵ دەدات لە رێگەی
پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو وەک "سعوودیە و قەتەر" پشتگیری
ئابووری بەدەست بهێنێت، کە ئەمەش دەشێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی
فشارەکانی رۆژئاوا.
لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا: پێشبینییەکان.
تورکیا لەژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان لە کورتماوەدا دەتوانێت لە نێوان
رۆژهەڵات و رۆژئاوادا وەک ئەوەی کە تا ئێستا کردویەتی لێرەشەوە درێژە
بەهەمان ئەو یارییە بدات و هاوسەنگی بپارێزێت. چونکە سەرەڕای ڕەخنەکانی
رۆژئاوا هێشتا ناتوانێت بە تەواوی تورکیا لەدەستبدات، شوێنە
ستراتیژییەکەی و سوپاکەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە گرنگن. لە هەمانکاتدا،
رووسیا و چین دەشێت بەردەوام هەوڵ بدەن تورکیا بکەنە هاوپەیمانێکی
نزیکتر، بەتایبەتی ئەگەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا خراپتر
ببن.
بەڵام لە درێژماوەدا، ئەگەر ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەردەوام بن و
ئابووری زیاتر لاواز ببێت، تورکیا دەشێت ناچار بێت یەکێک لەم دوو
جەمسەرە هەڵبژێرێت. ئەگەر ئیمام ئۆغڵو یان ئۆپۆزسیۆنێکی دیکە سەربکەون،
دەشێت تورکیا بەرەو رۆژئاوا بچێت، بەڵام بە شێوەیەک کە لەژێر کۆنتڕۆڵی
ناتۆدا بێت، نەک وەک دەوڵەتێکی رەسەن و سەربەخۆ. لە بەرامبەردا، ئەگەر
ئەردۆغان دەسەڵاتەکەی بپارێزێت، دەشێت بەرەو رۆژهەڵات بچێت، کە ئەمەش
دەشێت هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت.
پوختەی باس.
تورکیا و ئەردۆغان لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا لە دۆخێکی سەختدان کە
هەم دەرفەت و هەم مەترسی تێدایە. ئەم دۆخە نیشانەیەکی گەورەترە لە شەڕی
دەسەڵات لەجیهاندا کە دەوڵەتەکانی وەک تورکیای تێدا دەبنە قوربانی و
بکەری ئەم شەڕە لە یەککاتدا. گیرانی ئۆغڵو و خۆپیشاندانەکان تەنها
سەرەتایەکن، و ئاکامەکانی پەیوەستن بەوەی کە تورکیا چۆن لە نێوان ئەم
دوو جەمسەرەدا دەجووڵێتەوە، ئایا کۆمەڵگەی ناوخۆیی دەتوانێ بەرگەی
فشارەکانی دەسەڵات و ئەو ئابوورییە خراپە بگرێت یان نا.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|