٢٢\١٠\٢٠١٦
تورکیا و ھەوڵە نەزۆکەکانی.
ئهحمهد رهجهب
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لەکۆنگرەی زانست وتەکنۆلوجیا
لە ئەنکەرە باسی لەدەستپێکردنی شەڕی موسڵ کردو رایگەیاند ھێزەکانی
سوپای تورکیا بەشداری ئەکات و کەس ناتوانێت رێگری لێبکات و،
جەختیشیکردەوە کە ھێزەکانیان لەبەعشیقە ئەمێننەوەو، نابێت کەس چاوەڕێی
ئەوەیان لێبکات پاشەکشە بکەن وتی. : با ھیچ کەسێک چاوەڕێ نەبێت ئێمە
لەباشیک دەرچین. ئێمە لەباشیکین و تا ئەمڕۆ دژایەتی رێکخراوی
تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) مان کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆگان لە کۆنگرەی ناوبراودا وتی: ئێمە ھیوای جیھانی
تورکیاو جیھانی ئیسلامین و، ھەست بە لێپرسراوەتی خۆمان ئەکەین و، ئەبێ
بەھێزبین و، موسڵمانانی جیھان متمانەیان بە ئێمەیەو، ھەر لە ھەمان
کۆنگرەدا ئەردۆگان رەخنەی لە تیرۆرو وڵاتانی رۆژئاوا گرت و، ئاماژای بە
نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە لەلایەن پێنج وڵاتەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش
بەرێوە ئەچێ، ئەم وتەیەی ئەردۆگان گاڵتەئامێزە.
ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا بێشەرمانە دەست ئەخاتە ناو کاروباری
وڵاتان و، سەبارەت بە موسڵ دەستێوەردانی دیارەو ئەڵێت : پەیوەندیمان لە
گەڵ موسڵدا ھەبووەو، لە ئێستاشدا ھەمانەو، لە داھاتووشدا ھەر ئەبێت و،
تورکیا پەیوەندی لە گەڵ بنەماڵەی نوجەیفی ھەیەو، ھەروا تەماحی لە
گەراندنەوەی ویلایەتی موسڵەو، تورکیا ھەوڵئەدات بۆ دامەزراندنی ھەرێمی
موسڵ و، تا ھنوکە حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی داواینەکردووەو،
بەڵام ھەندێ لە ""سیاسەتمەدارانی"" تورک کە بە ""عوسمانییە نوێیەکان""
ناوزەدکران، داوای دامەزراندنی ویلایەتێک لە موسڵ ئەکەن.
کاتێک " بەھاری عەرەبی" لە تونس و چەند وڵاتێکی تر دەستیپێکرد،
ئەردۆگان وەک کەسێکی ئاینی دیموکراسیخواز ئاسا ، پشتگیری لە گەلانی
عەرەبی کرد، بۆ لەناوبردنی بەرپرسە دیکتاتۆرەکان و، ئەوە بوو
زەینلعابدین بن عەلی و حوسنی موبارەک و موعەمەرئەلقەزافی لابران، بەڵام
لە ھەموو شتێک سەیرتر ئەوەیە ھەڵگەرانەوەی خودی ئەردۆگانە لە
دیموکراسییەتە پەرۆێنەکەی و، کەمە کەمە تورکیای بردە ریزی وڵاتە
دیکتاتورییەکان و، لە ئێستادا ئەردۆگان دیکتاتۆرێکی روورەشی ئاینی بێ
وێنەیە.
ھیچ بوارێک بۆ فرت و فێڵ لە بەردەم رەجەب تەیب ئەردۆگان و شێوەی
دەسەڵاتەکەی نەماوەو، ئەم گومرایە حەزی لە چارەی ئۆپەزسیۆن نییەو، لە
رووی سیاسییەوە ئیمان و باوەری بە بەشداری حزبەکانی تر نەماوەو، ئەوەش
لە حزبێک ئاین بکات بەبەر خۆێدا چاوەروانکراو بوو، بە بەرچاوی دونیاوە
ئەردۆگان تەرو وشکی پێکەوە سوتاندو، باکووری کوردستانی کردە دۆزەخ و،
ھێرشێکی سەربازی بەر بڵاوی کردە سەر گوندو شارەکان و، دەیان ھەزار
سڤیلی بێتاوان کوژران و، دەیان ھەزاری تر لە سەر خاکی باوباپیرانیان
دەربەدەرکران و، پەرلەمانەکەی دیکتاتۆر ئەردۆگان دەستیانکرد بە
لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارانی کوردو، ئەردۆگان ھێرشی
توندیکردە سەر ئازادییەکان و، لە پاش داخستنی رۆژنامەی ( ئەلزەمان)
دەیان ویستگەی رادیۆو ژمارەیەکی زۆر کەنالی کوردی داخست.
خەیاڵی تێکڵاوبوونی ئەوەی پێی ئەوترێت ئیسلامی میانرەوو دیموکراتییەت
لە سەر دەستی ئەردۆگان و حزبەکەی "" دادو گەشەپێدان"" ھەرەسی ھێناو،
ئۆپەزسیۆنی سیاسی کورد لە پێناو کپکردنی دەنگیان لێدانی کوشندەی
لەلایەن دەزگاکانی ئاسایش و سەربازی بەرکەوت و، بزوتنەوەکەی فەتحوللا
گوێلن بوو بە دوژمنی سەرەکی و ئەندامەکانی و یاوەرانیان لە دەزگاکانی
ئاسایش و دادو فەرمانگەکانی تر دەرکران و، ئەردۆگان ھەوڵ ئەدات ئیسلام
بکاتە بەر دەوڵەت و، دەوڵەت ببێت بە ئەمرازێک سەر بە خۆێی و حزبەکەی
بێت و، ئەردۆگان تورکیای گواستەوە بۆ دەوڵەتێکی دیکتاتۆری و،
ئازادییەکان ئەخنکێنێت و دەسەڵات و کورسییەکەی و حزبەکەی لای خۆشەو
یستەو، لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی گەلی تورکیایە.
ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پاش کودەتاکە ویستی وێنەی خۆێی بە
جوانی دەرکەوێت، وەک کابرایەکی بەھێزو چالاک و، دڵسۆز بۆ ئاسایش
وسەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بەڵام چاودێران جەخت لەوە
ئەکەنەوە کە ئەردۆگان لاوازو شکستیخواردووەو، بووەتە گومرایەکی فێڵبازو،
دووروو، راراو، تایفەچی و درۆزن و، لە کاتێکدا رایئەگەێنێت دەست لە
وڵاتان وەرنادات، بە ئاشکرا پاڵپشت و یارمەتی گروپە توندرەوەکان ئەدات
بۆ لاوازکردنی دەوڵەتی سوریاو، داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی وەک لە
جەرابلوس و دابق ئەنجامیداو، تا ئێستا ، نایەوێت ھێزەکانی لە عێراق
بکێشێتەوە، ئەزانێت حکومەتی عێراق چەند جارێک داوای لێکردووە بەڵام بێ
گۆێیەو و خۆی کەرو کوێر کردووەو، و زۆر بێشەرمانە لە بەر خاتری ئێخوان
ئەلموسلمینەکان دەست لە کاروباری ناوخۆێی میسر وەرئەدات و، ھەوڵئەدات
بەینی شیعەو سوننە تێکبدات.
دەربارەی شەری موسڵ ئەردۆگان سەرۆکی کۆماری تورکیا جەخت ئەکاتەوە کە
شەرەکە دەستیپێکردووە و ئێمەش بەشدار ئەبین و، ناکرێت لەدەرەوەی
بازنەکە بین، چونکە بەشێک لەمێژووی ئێمە لەوێیەو، خوشک و برایانمان
لەمووسڵن، لەوێ برا و خوشکە عەرەب، تورکمان و کوردەکانمان بوونیان ھەیە،
بەھەمان شێوە لەو ناوچانەی بەرەو باکوور، کە لەسنووریش نزیک ئەبینەوە،
کەس وکارمان لەوێن، بەدڵنیاییەوە ناکرێت ئێمە ھەستیار نەبین
لەوبارەیەوە.
ئەمرۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ھێزێکی سەرەکییە بۆ بەرنگار
بوونەوەی داعش و لەناو بردنیان و، بە خوێنی خۆیان کوردستان ئەپارێزن،
بەڵام جێی داخە لە ھەولێرەوە بەعسییەکان دێنە سەر سەتەلایتەکان و،
پێشمەرگە بەداگیرکەری گوندە عەرەب نشینەکان ناو ئەبن و، ئەو جۆرە
کەسانە ھەمان کەسن کە موسڵ کەوتە دەست داعش، پیرۆزباییان کردو وتیان،
ئێستا خەڵکی موسڵ بە ئاشتی و خەیروبەرەکەت ئەژین و، حوکمی داعش لە
حوکمی حکومەتی عێراق باشترە.
لە ساڵانی پێشوو بەعسیە ھەڵاتووەکان و، کەسانی ھەڵاتوو لە دەستی دادگا
بە ھۆی کوشتن و پارە دزین وەک: تارق ئەلھاشمی و رافع العیساوی لە
ھەولێر کونگرەیان ئەبەست و، لەم رۆژانەشدا پێشمەرگەو گەڵی کوردستان
تاوانبار ئەکەن و، رێگا بە خۆیان ئەدەن دەمدرێژی و چەنەبازی و،
ناوزراندنی کورد بکەن و، ئەوان بە ئاشکرا دژی شیعەن، بەڵام باجەکەیان
ئێمەی کورد ئەیدەێن.
تورکیا مەبەستیەتی بەشداری لە شەری موسڵدا بکات و، ئەردۆگانی دیکتاتۆر
نەیشاردووەتەوەو، بە رۆن و ئاشکرا ئەڵێت : کەس وکارمان لەوێن و،
سنوورمان لە گەڵ موسڵدا ھەیەو، ئەبێت بەشداربین و نابێت لە دەرەوەی
بازنەکە بین و، بۆ ئەو مەبەستە لە ١٧/١٠/٢٠١٦ شاندێکی تورکیا گەیشتە
بەغداو، داوایاکردووە بەشداری لە شەرەکە بکەن و، بەغداش وتی شاندەکە بە
گۆێرەی بارودۆخە نەبوو، بۆیە لە وڵامدا وتوویان لەم رۆژانەدا شاندێکی
عێراق ئەگاتە تورکیاو وەڵامیان پێێەو، ئەردۆگان وەک وتمان رێوییەو
فێڵبازەو ھەموو کارێک ئەکات بۆ ئەوەی بەشداری شەری موسڵ بکات و، بگاتە
ئاواتەکانی و، موسڵ بکەن بە ھەرێم و، خێڵی ئەسیل و ئوسامە نوجەیفی ببن
بە خاوەنی و، لە پاش جێگیربوونیان رایئەگەێنن ھەرێمی موسڵ ئەیەوێت لە
گەڵ تورکیا بێت و، ئەو کارەش لە خەڵکانی چروک وترسنۆک و وڵاتفرۆش
خێڵەکی دوور نییە.
تورکیا لە باشیک و تەلەعفەر ناگشێتەوەو، ھەرەشە ئەکات و، نیازی ناردنی
ھێزی ترەو، عێراق نارازییە بە بەشداربوونی تورکیا لە شەری موسڵداو،
شیعەکانیش داوا ئەکەن بچن بەگژ تورکیاداو، ئەگەر ئەوە رووبدات خوێن زۆر
ئەرژێت و، ئەگەر داعشیش ھەڵھاتو ، موسڵی چۆڵکرد، شەریی شیعەو سوننە
سەرھەڵئەدات و، شەرەکە درێژخایەن ئەبێت و، کەس نازانێت کەی و چۆن
کۆتایی پێدێت و، بەرھەمی ھەوڵە نەزۆکەکانی رەجەب تەیب ئەردۆگان چیان
لێدێت؟
١٩\١٠\٢٠١٦
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|