په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٦

تورکیا و پاسەوانی بەردەرگای ئەوروپا.

- کێشەی سنوورەکان -


جەمال کۆشش      

 

دیمترۆس پاپا دیمتروس ، لێکۆڵەری ئەمەریکی بۆ کاروباری پەنابەران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەفتەنامەی دیستایتدا دەلێت ((من کاتێک بەرپرسانی بروکسل و ئەوروپا دەبینیم،کەدۆشداماون لەبەرامبەر کێشەی کۆنترۆلکردنی سنوورەکانیاندا، دەحەپەسێم))، ئەمەریکا ئەم کێشەیەی بە درێژایی هەزار وپێنچ سەد کیلۆمەتر بە مەکسیکەوە لەماوەیەکدا بە لێدانی دیواری بەرزووتەلەبەند و بەرزکردنەوەی ژمارەی حەرەس وزیادکردنی ژمارەی کامێرای چاودێری کۆتایهات .بەڵام بە گوێرەی ئەوروپا وەها نیە. مانای جەوهەری پاراستنی ئەوروپا ئەوە نیە. سەرەڕای ئەوەی چەندین دەوڵەت سنورەکانی خۆیان قایمکرد و تەلەبەندییان کرد، بەڵام هێشتا پەنابەران ڕێگای تر دەگرنە بەر وکەلێن وکەلەبەری تر پەیدادەکەن هەرچەند پڕمەترسی وگرانیش بێت. بەڵام پێشمەرجی بوونی یەکێتی ئەوروپا خودی لابردنی سنورە نێوخۆییەکانیەتی ودابینکردنی ئازادی هاتوچۆی هاوڵاتیانە. لە ڕاستیدا ناشکرێ وعەمەلی نیە لە نێوان هەموو دەوڵەتەکاندا ئەم دیوارو تەلبەندە بەرزبکرێتەوە..فشاری دەوڵەتانی ئەوروپا بە تایبەت نەمسا لەسەر یۆنان بۆ ئەوەی دەردەکرێت لە یەکێتی ئەوروپا ئەگەر سنورەکانی خۆی پێنەپاریزرێت، لە سنوری مەکەدۆنیا کەمپی گەورەی پەنابەرەی دروست دەکەن. بەشێکە لەم تووڕەبونە بێدەسەلاتانەیەی ئەوروپا(بەتایبەت نەمسا) بۆ کۆنترۆلكردنەوەی کێشەی پەنابەران. گوزارشت لە بێتوانایی دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا دەکەن بۆ چارەسەری ئەم تەنگژەیە.بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ولەوانە (گیرنالد کناوس لە تاگس ئەنتساگەری )دا لە چاوپێکەوتنێکیدا گومان لە شەرعیەتی بونی دیموکراتی ئەو دامەزراونە دەردەبرێت کە بۆچی ناتوانن بگەنە چارەسەرێکی ئەوروپیانە وتەنانەت ئەوەبوو مارک شولتزی سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفرەنسی ئاسایشی مونشندا، بێمتمانەیی خەڵکی بەدەولەتە ئەوروپاییەکان دەربڕی ئەمەش پەککەوتنی لەیەکێتی ئەوروپاش دا دەردەکەوێ . قسەکەرێکی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند لەوەتەی ئێمە چاودێرییەکی ووردتر دەکەین، پەنابەران بەڕێگایەکی ئاوی دوورترو پڕ مەترسیدارترا هەوڵدەدەن بپەڕنەوە، هەرئەمەش هۆکاری خوڵقانی کارەساتەکانە.

وەک ئاگادارن مەسەلەی قاچاخکردن بە پەنابەرانەوە، دەیان تۆڕی مافیایی وتاوانباری پێکهێناوە، وەک ڕۆژنامەکانیش باسیدەکەن کە زۆر لەتلیاک فرۆشی و بازرگانی بە مەوادەبێهۆشکەرەکانەوە پڕ سودترو قەهراوی ترو خوێناوی ترە. زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس لەپەنابەرانی سوریا ، ٣٠ هەزار عێراقی و٤٠٠٠ ئەفگانی لە ئەستەنبوڵ چاوەڕێی ئەم باندانە دەکەن.


پلانی ئاکسیۆنێکی قێزەون.*

سەنتەری توێژینەوەی پرسەکانی پەنابەرانی سەر بە پەرلەمانی ئەوروپا، خاوەنی ئەم پرۆژەیەیە کە ئێستا دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا لە شێوەی ڕیککەوتنامەیەک لەگەڵ تورکیا لە چەند خاڵێکدا گەڵالەیان کردووە. دەقی ڕێککەوتنامەکەم نەبینیوە، وە هیچ کام لەو رۆژنامەو گۆڤار وسایتانەش کە لەبارەی ئەم ڕێککەوتننامەیەوە لێدوان و نوسینیان بڵاوکردەوە تەنها گۆڤاری شتیرنی ئەلمانی لە شێوەی خاڵبەندیدا خستیوتە ڕوو. وە هەر ئەوانەش کرۆکی ڕێککەوتنامەکە پێکدەهێنن.


١- ١. لەلایەن .تورکیا سنورەکانی خۆی لەگەڵ یۆنان بەتوندی چاودێری بکات وئەو پەنابەرانەش وەربگرێتەوە کە دەگەنە خاکی یۆنان. ٢. دەولەتی تورکیا لەسەریەتی باندەکانی قاچاخچیانی گواستنەوەی پەنابەران سزا بدا وتێکیان بشکێنێ. ٣. باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی پەنابەرانی سوریا لە ڕێگای مۆڵەتی کار ودامەزراندنی قوتابخانەو بنکەتەندروستیەکان.
٢-
٣- ١. لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا بڕی ٣ ملیارد ئۆیرۆ دەخاتە خزمەت ئەو پرۆژانەی هەلومەرجی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا باشتر دەکەن. ٢. هەوڵبدریت کارئاسانی یان هەر پێویستی فیزە نەمینێت بۆ هاوڵاتیانی تورکیا. ٣. کردنەوەی دۆسیەی ئەندامەتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا.


زۆرێک لە سەرۆکی دەوڵەتانی ئەوروپا(نەمسا و فەرەنسا وئەلمانیا) ویەکێتی ئەوروپا (جونکلود) و لیژنەی پەرلەمانی ئەوروپا (دۆنلد توسک) و دامەزراوە جۆراجۆرەکانیان، لەو بڕوایەدان بەبێ هاوئاهەنگی وپێکەوەکارکردنی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا ، کێشەی پەنابەران چارەسەر نابێت. {کەمبونەوەی ڕێژەی داواکاری مافی پەنابەری لەئەوروپا، خنکانی پەنابەران لەدەریاکاندا}. ئەنجیلا میرکل یەکەم سەرۆکی گرنگترین دەولەتی یەکێتی ئەوروپا ودڵکراوەترین دەولەت لەبەرامبەر پەنابەران بڕوایەکی پتەوی بەم سیاسەتە هەیە و دەیەوێت بە ئەنجامی بگەیەنێت. لەسەردانەکانی بۆ تورکیا و لە کۆبونەوەکانی لە یەکیتی ئەوروپا ولە سەردانی دواتئۆغلۆ بۆ بەرلین ئەم سیاسەتەی دووپات کردۆتەوە وبە شێوەی جۆراجۆر لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا هەنگاوی ناوە.


یەکەم: رۆژنامەی دی فیلت و هەفتەنامەی دیر شپیگل،** باسیان لە داوای تورکیا بۆ ٦ ملیۆن ئیرۆ کردووە لە یەکێتی ئەروپا ، ئەوەش ڕاست دەرچوو. لە سەردانی داود ئوگلۆ بۆ بەرلین بە ئاشکرا ووتی ئێمە سواڵ لە ئەوروپا ناکەین بەڵام ئەگەر بیانەوێت بەشداری جددی بکەن ئەوە دەکرێت ئەم بڕە پارەیە وەک بەشی یەکەم بێت. هەروها ووتی ١٠ ملیارد ئیرۆمان ئیمە تا ئێستا کۆمەک کردووە. پاش ئەوەی پارەکە کۆکرایەوە لەلایەن دەولەتانی ئەوروپاوە کە بەپلەی یەکەم ئتالیا ناڕازی بوو بری ٢٢٥ ملیۆن ئیرۆ بدات. میرکل سەردانێکی تری تورکیای کرد ولەوێش ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئەو مەسەلەیەی دوبارە باس کردەوە. بەڵام میرکل بەجۆرێک خۆی لەو بابەتە گێلکرد وبڕی پارەکەی نەخستە نێو قاسەی تورکیاوە، بەڵکە دابەشیکرد بەسەر چەند پرۆژەیەکدا بۆ دوو ساڵ ولەژێر چاودێری یوئینئیچسئاردا بێت.


دووەم: مەسەلەی سنورەکانی تورکیا یۆنانیش کە نزیکەی ٢٠٠٠ کیلۆمەتری ئاوییە،بە هاوبەشی فرۆنتیکس و ناتۆ ، بەسەرپەرشتی و سەرکردایەتی ئەلمانیا و بەهاوکاری یەختە خێراکانی یۆنان و تورکیا لە سنورە ئاوییەکانی بەری تورکیادا چالاکیەکانیان درێژە پێدەدەن بۆ سنورداشکردنەوەی پەنابەران و تێکشاندنی باندەکانی قاچاخچیەکان.


سێیەم: کە بەڕادەیەک هەر لەو سەردانەی میرکلیشدا هەندێک لایەنی تری ئاشکرا بوون بەوەی کە تەنها دەروازەیەکیش بۆ ئاسانکردنی باری شانی دەولەتی تورکیا، گوستنەوەی پەنابەران ڕاستەوخۆ لە تورکیاوە بۆ دەولەتانی ئەوروپا و دابەشکردنیان و نیشتەجێکردنیان ئەمەش دواتر لە میدیاکاندا بە ٤٠٠ هەزار کەس خەمڵێنرا بۆ ساڵی ٢٠١٦.


رەخنەگرانی ئەم ئاکسیۆنە.


ڕێکخراوەی پرۆ ئەسیلی ئەڵمانی پێوایە دەوڵەتانی ئەوروپا، مامەڵەیەکی قێزەون وپیسیان لەگەڵ تورکیا ئەنجامداوە، چونکە تورکیا ئەو دەولەتە نیە کە ئەوروپا وەها دەمی خۆی لە ئاست مافەکانی مرۆڤدا لەتورکیا دابخات. ئۆرهان پامۆک ، وەرگری خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی لای وایە ئەوروپا لەم ڕێککەوتنەدا پرەنسیپ وبایەخەکانی خۆی لە بیرکردووە. زیاتر لە ٢٠٠ نوسەر وهونەرمەند نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی ئەنجیلا میرکل کردووە تیایدا هاتووە، تکایە لەگەڵ تورکیادا بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتی تێبکۆشە. دەیان رۆژنامەنوس وژورنالیستی تەلەفزیۆنی نیگەرانیان لەسیاسەتی ئەوروپاگرت وبەئۆپتۆنیست وچاوداخستنی ئەوروپا لەسیاسەتی تورکیا دەربڕی (رامس سپیک لە ئیس ئیف ئار ومیکا سینکی لە تاگسئەنتاسیگەر) سەرانی حزبی سەوز وسەرۆکی ئەو حزبە ئوزدەمیر ڕەخنەی توندی گرت لە سەردانی مانگی نۆڤەمبەری ئەنجیلا میرکل، تاوانباری کرد بەوەی بویتە ریکلامی هەلبژاردنەکانی ئاکەپە لەو کاتە ناسکەدا، کە ئۆپۆزسیۆنەکان بیرۆیان دەسوتێنرێت، بۆمباران دەکرێت، دەرفینرێن و ئازادی هەلسوڕانیان نیە.


بەڵام لە هەمووان کاریگەرتر کۆنە دبلۆماتیكی سویسری وئێستا لە زانکۆی سەنتگالین دەرس دەلێتەوە پاول فیدمەر لە ووتارێکی کورتی دا لەئین زیت زیت دا بەسەردێری(( ئایا ئینسان دەتوانێت چاوەنواڕی لە ئەردۆگان هەبێت، ئەوروپا بپارێزێ ؟)) دەنووسێت {بابگەڕێینەوە بۆ بنچینە؛ لە سەرۆکێکی ئۆتۆکرات، پەکی دادگان دەخات ودەیخاتە خزمەتە خۆیەوە، دەنگی رۆژنامەکان دابخات، لەباشوری رۆژەهەڵاتی تورکیا،(کوردستانی تورکیا) تەقە لەهاوڵاتیانی خۆی بکات و پشتیوانی گروپە سونە توندڕەوەکانی سوریا بکات، لای ئەو شەڕی کوردەکان بکات باشترە لە دەوڵەتی ئیسلامی ، ئەمەش جێگای سەرسوڕمان نیە، چونکە بەو بوایە ئەو خۆی خەلیفەی دەوڵەتە گەورەکەی ئیسلامی بوایە. ...وەها نابێت ئەوروپا ،پێویستە خۆی بۆبریاری توند ئامادە بکات، ئینسان ناتوانێ بەدەووری دوو شتدا بسورێتەوە، یەکەم شت پێویستە دەولەتانی ئەوروپا خۆیان سنووری دەرەوەیان بپارێزن، ئەمەش بە فرۆنتێکس بسپێرن کە لەئێستادا زیاتر لە کەمپی مەشقپیکردن دەچێت نەک ڕێکخراوەیەکی بە توانا وئامادە بێت، دووەم شتیش کەمپی گەورەگەورە لەسەر خاکی یەکێتی ئەوروپا دابمەزرێنن وئەم کارەش بە ڕێکخراوەمرۆییەکانی وەک ڕێکخراوی یوئین بۆ کاروباری پەنابەری بدەن.}.


پێ بەپێی پێشهات و پێشچوونەکان خاڵەکانی تر دەڕۆنە پێشەوە.


ئەم پلانی ئاکسیۆنە، یان ئەم لاپەڕەیە وەک پاکێجیکی تەواوکراوە وخاڵ بەخاڵەکانی یەکتری تەواو دەکەن. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڵێنیان داوە کە پلانەکە بە پێی توانا جێبەجێ بکەن وداود ئۆگلۆ ، رۆژەکەی بە رۆژێکی مێژووی چواند ونەتەوەی تورکیای وەک نەتەوەیەکی ئەوروپایی ناساند وهیوای خواست نەتەوەی تورکیا ببێتە بەشێک لەخیزانی ئەوروپا، بەڵام گومانەکان وپرسیارەکان ومامەڵەکان یەکجار قورسن. دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ یۆنان لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوڕێککەوتنی وەرگرتنەوەی پەنابەرانیان هەیە، بەڵام لەلایەن تورکیاوە جیبەجی ناکرێت.


تورکیا لەگەڵ ئەلمانیاش لە سالێ ٢٠١٣ ەوە ڕێککەوتنێکی هەیە بۆ هاوڵاتیانی خۆی وەربگرێتەوە، ساڵی ٢٠١٥ دا ١٧٦ کەس لەئەلمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە، بریار وایە یانی بەپێێ ڕیکەوتنامەکە لەمانگی ٦ تا ١٠ ئەمساڵدا(٢٠١٦) دەست بە دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەش کە تورکیان وەک ووڵاتی سێیەم بڕیوە بکرێت. تا ئەو دەمەی تورکیا نەتوانێت ئەم پلانە جێبەجی بکات، مەرجەکانی تری ڕادەوەستێ، کەوەک پێشبینی دەکرێت ودۆنلد توسکیش ڕایگەیاند لەمانگی ١٠ ئەمساڵدا پێویستی فیزە هەلبگیرێت. بەڵام سەرجەم ووڵاتانی سربیا، مەکەدۆنیا، بۆسنیا، ئەلبانیا، کەڕێژەیان لە ١٦ ملیۆن کەس تێپەڕ ناکات لە کاتێکدا تەنها تورکیا ٧٨ ملیۆن کەسە، وەبەپێی ڕاگەیاندنی دەزگای پاسەپۆرتی تورکیا نیوەی زیاتریان هێشتا هەر پاسەپۆرتیان نیە،لەلایەکی دییەوە پەیوەندی بە داواکاری پەنابەرییەوە هەیە، لە وڵاتانی بەڵکان سەدا یەکیان داوای مافی پەنابەرییان نەکردووە، لەکاتێکدا هاوڵاتیانی تورکیا، لەساڵی ڕابردوودا ٥٠٠٠ کەسیان داواکاری مافی پەنابەرییان کردووەو ١٧٪ مافی پەنابەرییان وەرگرتووە. ئەمەش هەمان رێژەی پاکستانی وئازەرباینجانەکانە.


لەمیدیای نزیک لەئاکاپا وهەندێک میدیای تر کردنەوەی دۆسیەی ئەوروپایان بە شایی لۆغان پێشوازیکرد وموژدەیان دەدا کە ساڵی ٢٠٢٠ ئەندامەتیان قەبوڵکراوە.


بەڵام مێژووی تورکیا لە پەیوەند بەم دۆسیەیە شتێکی تر دەلێت، ٥٧ ساڵ لەمەوبەر لە کۆمەڵگەی ئابووری ئەورپاییدا تا دەگاتە شەوی٣مانگی ١٠ساڵی ٢٠٠٥ کە پاڵیوراوی ئەندامەتی قەبوڵکرا، بەچەندین قۆناخی جیاواز جیاوازدا ڕۆیشتوە. هەر دەم وداواکە بەرزکراوەتەوە وپاشان کودەتا سەربازییەکانی ساڵانی ١٩٦٠ و١٩٧١ و ١٩٨٢ ڕێگرییان پێک‌یناوە تا ساڵی ١٩٨٧ تەجمید کراوە، وە بەهەوڵی تورگوت ئوزال دەورەیەکی نوێی گفتوگو دەستپێکرایەوە، جاڕیکی تە لەساڵی ١٩٨٨ دا بۆ ماوەیەکی زۆرتا سەرەتای مانگی ١٠سالێ ٢٠٠٥ دووبارە وەستێنرایەوە. بەم پێیە مەسەلەی بایەخ و نۆرم و مۆرال و کۆمەڵگاو دامەزراوە سیاسی وقانوونیەکانی دەوڵەتی تورکیایە ڕێگریە لەبەردەم ئەندامەتی لە یەکیتی ئەروپادا.


تەنانەت کاتێک لە یانیوەری ٢٠١٦ شدا ١١٢٨ نوسەروڕۆشنبیرانی جیهانی ونێوخۆیی نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی سەرۆکی دەوڵەت کرد ،دەستبردنەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکەو ڕێگا چارەسەری ئاشتیانە هەڵبژێرن، بە خیائن وتیرۆریست لە قەڵەمدران. لەسەر کار وزانکۆکان لابران و زیندانی و ئەشکەنجە دران.


بەم سیستەمە سیاسی یەوە دەتوانێت مامەڵەیەکی ناشرین وبەد لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا بکات وەک هاوسەنگیەک بۆ لەدەستدانی روسیا ومەنفەزێکی ئابووری وسیاسی، بەڵام خەڵکی ئەوروپا لە سیستەمی سیاسی تورکیا زۆر ناڕازین وچ هەڵوێستی لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعش، کوشتارولەخوێنگەوزاندنی مناڵان ولاوان وگەمارۆدانی ناوچە کوردستانیەکانی ، لەبەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینیەکانی رۆژنامەگەری و دادگا وتیرۆردا. بەم ریتم و نەزمە سیاسیە لانی کەم ٥٧ سالی تری دەوێت لە پاڵێواراوی بەرزبێتەوە بۆ ئەندامەتی.


لەڕاستیدا دەوڵەتیک خۆی بەشێک بێت لەکێشەکانی ووڵاتێکی هاوسنووری ، لایەنێک بێت لە پاڵ بەرەی نوسرەو سعودیە وداعش، توندوتیژی وجەنگ وشەڕ، ئامڕازی ملکەچکردنی نەیارانی بێت، لەلایەکی ترەوە، ڕێگا بگرێت لە بەرەیەکی ئازادیخوازو ئینسانی بۆ بەشداریکردنی لە چارەسەری کێشەی شەڕ وماڵوێرانی ووڵاتەکەی خۆی ، بە دیکتاتۆرترین دۆگمای سیاسی کە ئەوانیش کوردن، نابێت پێمان وابێت دەتوانێت دەستی لەکەمکردنەوەی ئازارو مەینتیەکاندا هەبێت، پێویستە هەوڵبدرێت قوراسایی کەمتر بکرێتەوە.

__________________________
ژێرنوسەکان:
* ساڵی ٢٠١٠ قەزافی لە کۆبونەوەیەکی دەولەتانی ئەوروپا داو دواتر لە کۆبونەوەیەکی سەرانی یەکێتی ئەفەریکا بە ئەوروپیەکانی ووت ئەگەر ٥ ملیارد ئۆیرۆم نەدەنی بۆ پاراستنی سنورەکانم، ئەوا کیشوەری سپیەکان، دەبێت ڕەش بچێتەوە، ئەوەبوو بە نابەدڵی هاوپشتی کۆچبەران ئیتفاقیەکی پڕ کێشمەکێسیان ئەنجامدا.
** ئەم پرۆژەیە بەپێی بڵاوکراوەیەک کە بەزمانی یۆنانی بەدەقە ئەسڵێەکەی بڵاوکراوەتەوە ولە سایتی دیر شپیگل ئەلمانیدا دەست دەکەوێت باس لەچاوپێککەوتنی جون کلود سەرۆکی کۆمسیۆن و دۆنالد توسکی سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی ئۆکتۆبەر لەکۆنگرەی گ ٢٠ دا لەگەل تەیب ئەردۆگان باسیان کردبێت، لەوەڵامدا ئەردۆگان وتویەتی ئەگەر ٦ ملیارد بۆ ٣ ملیارد ئۆیرۆم بدەنێ ئەوا سنورەکانتان بۆ دەگرم ئەگەرنا دەتوانم تەواوی سنوورەکانم لەگەڵ بولگاریا و یۆنان دەکەمە سەرپشت. کاتێک یەکێک لەوان ڕازی بوە بە ٣ ملیارد ئیرۆ، ئەوا ئەردۆگان هەڕەشەی کردووە کە ڕێگا دەکەمەوە بەڕووی پەنابەراندا، دۆنالد توسک پێدەلێت ئەگەر ئەو سەودایەمان لەگەڵت نەکرد، خۆ پەنابەران ناکوژی؟ ئەو دەلێت نا بەڵام دەبینین چۆن ١٠ هەزار و ١٥ هەزار دەخنکێن.
 

١٤\٢\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک