١٧\١\٢٠١٢
تورکیا و قۆناخێکی
ترسناک.

هۆشیار حوسێن
هێدی هێدی ئەو تروسکاییانە کزدەبنەوە کە
هیوای ئاسۆی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کوردی لە تورکیا
لێدەکرا.
بە تەواوەتی ئاشکرا بوو کە حکوومەتی ئاکەپە
نەک هەر چارەسەری ئاشتیانە - دیموکراتیانە، بەڵکو بەهەمان شێوەی
حکومەتەکانی پێش خۆی، لە بەرامبەر کێشەی کورددا رێبازی توندوتیژیی
سەربازییانەی گرتۆتە بەر، ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ ئاکەپە بەڕێوەیدەبات،
کۆمەڵکوژی سیاسییە و تەنانەت لە کۆمەڵکوژی جەستەییش بەدەر نییە.
ئاک پارتی و عەسکەرتارییەت .
ئیدی ناتوانین ئەو هیوایە بخوازین کە ئاکەپە نیازی چارەسەری ئاشتیانەی
کێشەی گەلی کوردی هەیە لە باکوری کوردستان، هەر نەبێت - بۆ ئێستا راستە-
گەر بڵێین هەموو دەرگاکانی دایالۆگی داخستووە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو
تەنانەت پەلاماری دەزگا سیاسی و مەدەنی و کەلتووری و مرۆییەکانیش دەدات.
تەنیا لە هەڵمەتی دوو ساڵی دواییدا نزیکەی 5000 کوردی خستۆتە
زیندانەکانەوە، ئەو بیانوانەی دەیکاتە هۆکاری هەڵمەتەکەیشی، تەنانەت
پێچەوانەی یاساکانی خۆیشیانە.
ئیدی کەم کەس هەیە لە تورکیا نەزانێت کە ئاکەپە لە دەسەڵاتی خۆیدا
مەغرور بووە، لەبەرامبەر کوردانیش سیاسەتێکی نەژادپەرستیانە پەیڕەو
دەکات.
دیموکرات و چەپ و مافپەروەر و گەلێک لە کەسانی دیاری نێو کۆمەڵگای
مەدەنی بەڕەسەن تورکیش، وا خەریکە دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕن و بێدەنگیان
شکاندووە.
پەکەکە و ستراتیژییەتی نوێ .
لە بەرامبەردا پەکەکە (شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل)ی راگەیاندووە و رێبازی
زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانەی هەڵبژاردووە، بێگومان هەڵبژاردنی ئەو رێبازە
لەسەردەمی ئێستادا بێئەنجام دەبێت، چونکە شەرت و مەرج و
تایبەتمەندییەکانی ئەو رێبازە لە گەڵ رەوشی ئەمڕۆدا ناگونجێت،
بەکارهێنانی چەک لە ئێستادا، مەگەر تەنیا بەکەڵکی خۆپاراستن بێت .
پەکەکە لەوانەیە بتوانێت شەڕ گەورە و بەرفراوان بکات، تەنانەت شەڕ
بخاتە نێو شارەکانیش، بەڵام ئەو شەڕە، یەکەم ناتوانێت دەوڵەتی تورک
بڕوخێنێت، دووەمیش رک و کینە زیاد دەکات و زمانی دایالۆگیش لە نێو
دەبات.
گوڕبوونی توندوتیژیی و دەرەنجامەکانی.
دەتوانین دوو خوێندنەوە بۆ گرتنەبەری توندوتیژیی ئاک پارتی بکەین:
یەکەم: ئەگەر ئاکەپە لەو توندوتیژییەی بەرێوەی دەبات نیازی لە ناوبردنی
کوردان، یان لەناوبردنی پەکەکە، یان سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردن بێت، ئەوا
گومانی تێدا نییە، کە سەرکوتوو نابێت، لەوەش زیاتر جیا لە لایەنی کوردی،
زیانێکی گەورەیش بە میللەتی تورک دەگەیەنێت و پارتەکەی خۆیشی بەرەو
لاوازی و شکست دەبات.
دووەم: نا، ئەگەر نیازی ئاکەپە لەو هەڵمەتە توندوتیژییە ئەوەبێت کە
دەسەڵاتی خۆی و هێزی خۆی پیشان بدات و دواتر ئەگەر دیالۆگ ئەنجام بدات
بە پێگەیەکی بەهێزەوە دانیشێت و مفاوەزات بکات و مەرجەکانی خۆی
بسەپێنێت، ئەوا لەوەشیاندا رێگەی هەڵەی هەڵبژاردووە، چونکە ئاستی
توندوتیژییەکە، واز لەوە بێنە گەریلاکانی پەکەکە یان سیاسەتمەدارانی
کردووەتە ئامانج، تەنانەت کۆڵبەر و کاسبکارە گوندییەکانیش بە ناپاڵم و
بۆمبی قەدەغەکراو لە ناو دەبات، بۆیە هەرچەندە ئاستی توندوتیژیی و
جووڵەی سەربازی پتر بێت، ئەوەندەش برینەکان قووڵتر دەبن و چارەسەریش
نەک هەر دوادەکەوێت، بەڵکوو بێواتا دەبێت.
پهکهکه.
دەتوانین هەڵوێستی پەکەکەش بەم شێوەیە بخوێنینەوە:
یەکەم: ئەگەر پەکەکە ئەو ستراتیژییە نوێییەی شەڕ (شەڕی شۆڕشگێڕانەی
گەل)ەی، رایگەیاندووە، بە نیازی ئەوە بێت دەوڵەتی تورک بڕووخێنێت، ئەوا
زیاتر نزیکی خەیاڵە، یان ئەگەر بە نیازی لەدەسەڵات لابردنی ئەکەپە بێت،
دیسان گەرەنتی نییە، چونکە دەوڵەت بە شەڕی چەکداری کەمینە ناڕووخێت و
حکوومەتێکیش کە بە رێژەیەکی زۆری دەنگی خەڵک هاتبێتە دەسەڵات، دیسان
ناڕووخێت، چونکە بەو شەڕ و چالاکییانەی پەکەکە ئەنجامی دەدات، ئەوەندەی
دیکە هەستی شۆڤینیەتی تورک لەبەرامبەر کوردان زیاد دەبێت و دوور نییە
ئاکەپە لە نێو تورکەکاندا دەنگی زیاتر بهێنێت، بەڵام ئەوەی کاریگەر بێت
لەسەر ئاکەپە کەمبوونەوەی دەنگی کوردانە لە کوردستان و تورکیاشدا، کە
دوور نییە یەکێک لە ئامانجەکانی پەکەکە بێت.
دووەم: ئەگەر پەکەکە لە پێناو بەهێزبوونی پێگەی خۆی ئەم شەڕە بەرفراوان
بکات، بۆ ئەوەی لە دیالۆگ و مفاوەزاتەکاندا هێزی خۆی پیشان بدات، ئەوا
لەوەشدا دیار نییە، کا گەر ئاکەپە زەبری کوشندەی بەرکەوێت، ئامادەی
دایەلۆگ دەبێت، یان چاوسوورتر دەبێت.
سێیەم: ئەو کاتە شەڕی چەکداری پەکەکە رەوایی و کاریگەری خۆی زێدەتر
دەبێت، کە شەڕی بەرگری لە خۆکردن بێت، کاتێک دەوڵەت هیچ رێگا چارەیەکت
بۆ نەهێڵێتەوە و تەنیا رێگای تەسلیمکاری و پەشیمانی، یان لەناوچوونت
لەبەردەم دابنێت، ئەوا بەرگری کردن لە خۆت بەڕێبازی چەکدارانە و (شەڕی
شۆڕشگێڕانەی گەل) شەڕێکی رەوا و ژیانییە، تەنانەت مرۆییشە.
ماڵپهڕی هۆشیار حوسێن
|