٢٨\٤\٢٠١٧
تورکیای فاشیست
ھێرشەکانت رابگرە و لە کوردستان برۆ دەرەوە.

ئهحمهد رهجهب
لە کاتژمێری ٢ ی بەرەبەیانی رۆژی ٢٥/٤/٢٠١٧
لە لایەن ٢٦ فرۆکەی جەنگی تورکیا بە چری بۆردومانی بۆردومانی شنگال و
دەوروبەریان کردو بەوھۆیەوە پێنج پێشمەرگەو شەڕڤانێک شەھیدو یانزە
پێشمەرگەو سێ شەڕڤانی تریش، برینداربوون، ھەروەھا بەھۆی بۆردومانی
فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوەندی گشتیی یەپەگە لە چیای قەرەچۆغ لە
دێرک، ٢٠ شەڕڤان شەھیدبوون و ١٨ شەڕڤانی تریش برینداربوون و، ئەو کارەی
تورکیای رەگەزپەرستی خوێنرێژ دەست درێژییە بۆ سەر سەروەری خاکی ھەرێمی
کوردستان بە گشتی و دەڤەری شنگال بە تایبەتی و دەستتێوەردانە لە
کاروباری ناو وڵاتێکی ترو ئەمەش پێشێل کردنێکی ئاشکرای یاسا و رێسا
نێودەوڵەتیەکانە و، بۆیە پێویستە ھەموو خەڵکی بە شەرەف و مرۆڤدۆستانی
ئازادیخوازی دونیا ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان ریسواو
شەرمەزار بکەن و، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان سنورێک بۆ ئەو
دەستدڕێژیانەی تورکیا دابنێت و چیتر ڕێگەی پێ نەدرێ بە ئارەزووی خۆی لە
ناو باشوری کوردستان تەراتێن بکات.
دوو ساڵە فرۆکە جەنگییەکانی تورکیای فاشیست بەچری ناوچە جیاجیاکانی
باشوری کوردستان بۆردومان ئەکەن بە تایبەتی قەندیل و سیدەکان
وباڵاکایەتی و بەرواری بالاو ئامێدی و، تا ئەگاتە گوندەکانی سەر بە
قەزای زاخۆو، بە ھۆی بۆردوومانەکان مەترسی لە سەر ژیانی خەڵک
دروستبووەو، زەرەرو زیانێکی زۆری بە ھاوڵاتیانی سڤیلی ناوچەکانەوە
گەیاندووە.
بۆردوومانکردنی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان لە لایەن فرۆکە
جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیای دوژمن لە ناو خاکی کوردستان بێ رێزی
و سوکایەتییە بە گەل و نیشتمان و، ھەرلایەنێک ڕێگە بەو بۆردومانکردنە
بدات ئەوە بێشک خیانەتێکی نەتەوەییە و جێی ریسواو شەرمەزارییە و، لە
راستیدا بەردەوامی ئەو بۆردوومانانە بە ھەموو شێوەیەکانی کارێکی نارەوا
و نامرۆڤانەیە و ئاسایشی وڵات و خەڵکی گوندەکانی خستوەتە مەترسییەوە بە
جۆرێک ناتوانن لە شوێن و زێدی باوباپیرانی خۆیان بە ئارامی بژێن و،
ئازادانە بەردەوام بن لە کاری رۆۆژانەیان وەک: کشتوکاڵی و بەخێوکردنی
ئاژەڵ و ھەنگ و بایخدان بە باخ و رەزەکانیان.
تورکیای شۆڤەنیست بەھۆی داگیرکردنی چەندین ناوچەی باشووری کوردستانی
بووەتە خاوەن دەسەڵات و سەربەستانە ھاتووچۆ ئەکات و، سیخورەکانی لەناو
خاکی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو، پەیوەندی تورکیاو ھەرێمی کوردستان لە
خزمەتی تاقمی ئەردۆگانی تیرۆریست و ئاگپارتییەو، بە پێی بەرپرسانی
تورکیاو کوردستان پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، پەیوەندی
غازو نەوتەو، ھیچ پەیوەندییەکی بە سەربەخۆیی کوردستان نییە وەک
بانگەشەی بۆ ئەکەن و، راستییەکەی ئەوەیە ڕوسیا غاز لە تورکیا ئەبرێت و،
ئەوانیش لە ھەرێمی کوردستان بە مفت و ھەرزان وەریئەگرن، ھەروەک چۆن
نەوتی ھەرێمیشیان بە تاڵان وەرگرتوە، شایانی وەبیرھێنانەوەیە پێشتر (بەرپرسانی
پارتی دیموکراتی کوردستان، باسیان لەوە کردووە کە تورکیا یارمەتیی
ھەرێم ئەدات بۆسەربەخۆیی).
کردەوە چەپەڵەکەی تورکیای رەگەزپەرست بۆ لێدانی شەنگاڵ بە ٢٦ فرۆکەی
جەنگی لە مێژەوە پلان و نەخشەی بۆ دانرابوو، زوربەی ھاوڵاتیان لە
بیریانە ھەریەک لە مەسرور بارزانی ( راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی
نەتەوەیی ھەرێمی کوردستان) و نێچیرڤان بارزانی ( سەرۆکی حکومەتی بنکە
فراوانی کوردستان) داوایان لە میوانەکان کرد سەری خۆیان ھەڵگرن و برۆن
و، مەبەست لە میوانەکان (پارتی کرێکارانی
کوردستان)ە و ئەو
بەرپرسە باڵانە بە روونی وتیان: ئەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان قەندیل
جێبھێڵێت، چونکە لەنێو خاکی عیراقدایە!! (بەڵی ئەوە قسەی ئەوانە کە
شەوو رۆژ ئەڵێن عێراق نەماوە) و، بە ئاشکرا وتیان: ھێزەکانی (پەکەکە) و
(یەپەگە) میوانن و، میوانەکان ئەبێت بچنەوە شوێنی خۆیان و خاکی ھەرێم
بەجێبھێڵن و، ئەوەی سەیرە کورد لە سەر خاکی باوباپیرانیان میوانن؟
بەڵام تورکیای داگیرکەر خاوەن ماڵن و، دیارە ئەم داوایە پر شەرمەزارییە
لە سەر خواست و ئارەزووی رەجەب تەیب ئەردۆگانی شۆڤەنیست و تاقمە
رەگەزپەرستکانی حزبی "" دادو گەشەپێدان"" و ئیخوان الموسلیمن بووەو،
ھەر ئەو داوایەش بووە زەنگی ھەڵگیرسانی شەر لە دژی شەنگال و پارتی
کرێکارانی کوردستان.
رژێمی تورکیای فاشیست توانیویەتی ھەندێ کەناڵ وژمارەیەک رۆژنامەنووس و
حزب و سەرکردەی حزب ئەوانەی لە سەر بیرو بۆچوونی ئیخوان ئەلموسلمین و
حزبی دادو گەشەپێدان گۆشکراون لە باشووری کوردستان بکرێت و، شەو رۆژ لە
خزمەتی ئاغا تۆرانییەکانیان بن و، ئەم رژێمە داپلۆسێنەرە بە ھیچ
شێوەیەک لە کوشتنی رۆڵەکانی کوردستان دەست ناپارێزێت و، بۆ لە ناوبردن
و نەمانی دانیشتوانی ئەم خاکە بە ئاشکرا ھاوکاری چەتە روورەشەکانی
دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) ی کردو لە ئێستاشدا ئەیکات
و، تورکیای فاشست سیاسەتی ئاگرو ئاسنی لە باکووری کوردستان بەکارھێناو،
شارە کوردییەکانی خاپور کردو، خەڵکی کورد ناچار کران خاک و ماڵ و
سامانیان بەجێبھێڵن و سەرگەردان ببن و، دەیان و سەدان و ھەزاران
ھاوڵاتی کوردی سڤیل گیران و کوژران و، ئەم فاشستە روورەشانە لە پاش
ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە ئەندامانی حزبی گەلانی دیموکراتی { ھەدەپە}
شاڵاویان ھێنا بۆ باشوورو رۆژانە بە فرۆکەی جەنگی و بە تۆپ کوردستان
کاول ئەکەن و، ھەندێ لایەن و حزب دژی کردەوەکانی تورکیای رەگەزپەرست
ھەڵوێستیان دەربریوە بەڵام تا ئێستا بەرپرسێکی بوێرمان نەدی کردەوەکانی
تورکیای دوژمن ریسوا بکات و، بەرپرسە باڵاکانی باشووری کوردستان ناوێرن
بەرنگاری تورکیا ببنەوە، چونکە خاکەکەی لەلایەن دوژمنانەوە داگیرکراوەو،
وناتوانن بڵێن: تورکیا بۆ دەرەوەو ھۆکارەکان زۆرن: یەکەم - بوونی ھێزی
سەربازی و تانک و تۆپ وچەکی مۆدێرنی جۆراوجۆر، دووەم - ھاتنی سوپای
تورکیای دوژمن بۆ بەعشیقەو، سێیەم - بازرگانی بە نەوت و غازو، چوارەم
ھەر ھەموویان شەریکن و، جێی ئاماژەیە ھاوڵاتیانی کوردستان بەھۆی دزی و
گیرفان پرکردن لەلایەن بەرپرسانەوە بێبەشەنو کوردستان دووچاری قەیران
بووەو، ئەوانەی کار ئەکەن موچە وەک ساڵانی پێشوو وەرناگرن.
لە ٨/١/٢٠١٧ مەسعود بارزانی لە ھەولێر پێشوازی لە بینالی یەڵدرم سەرۆک
وەزیرانی تورکیا کردو، لەو دیدارەدا ( تەئکید) کرایەوە کە ئاسایش و
سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و تورکیا پێکەوە بەستراوە و نابێ ڕێگە
بدرێت ئەو سەقامگیرییە بکەوێتە بەر ھەڕەشەو باسی ( تەحەدییاتی ئەمنی و
ئابووری) کرا، کە وابوو پێویستە دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
پارێزگاری لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان بکات بە بێ جیاوازی و سەروەری
خاکی کوردستان بپارێزێت و، پێویستە بانگھێشتی نوێنەری وڵاتانی ئەوروپاو،
نوێنەری ئەمریکاو وڵاتانی ھاوپەیمان دژ بە داعش و، نوێنەری کۆمەڵگەی
نیودەوڵەتیو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێن بۆ ھەرێمی کوردستان و
لەو ھێرشانەی تورکیا ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی فشارێک دروستبکرێت بۆ
ڕێگیریکردن لە دەستدرێژییەکانی وڵاتی تورکیا بۆ سەر خاکی ھەرێمی
کوردستان و، ئەم کردەوانەی تورکیای فاشیست پێشێلکردنی خاکی وڵاتێکی ترە
و تورکیا بەم کردەوانەی ئەیەوێت کێشە ناوخۆییەکانی بگوێزێتەوە بۆ
وڵاتانی تر بە مەبەستی چارەسەرکردن.
لە بەرامبەر کارە قیزەونەکانی تورکیا پێویستە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان
و، ئازادیخوازان و ھەموو دڵسۆوانی گەل و نیشتمان و، ئەوانەی قسەی
بریقەدار ئەکەن و، بە دەمھەراشی لافوگەزافی ریفراندۆم و سەربەخۆیی
لێئەدەن بێنە دەنگ و، ھەموو دەنگەکان یەکبخەێن و، ئەو کارە ملھورانەی
تورکیای رەگەزپەرستی فاشیست ریسواو شەرمەزار بکەێن و، رێگە بە شەری ،،کوردکوژی،،
نەدەین و، وڵاتەکەمان بپارێزین و، ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە
ھەڵوێستی بتەوو تەواوی ھەبێت لە ئاست پاراستنی ھاووڵاتیانی کوردستان و
ئاسایشیان و، لێرەوە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەکرێت دۆسیەی
دەستدرێژییەکانی تورکیاو بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیلی بێ تاوان و، خاپور
کردنی دێھات و، سوتاندنی پوش و دارستان وباخەکانی وڵاتەکەمان بگەیەنێتە
نەتەوە یەکگرتووەکان و، بە فەرمی سکاڵا بەرامبەر بە تورکیای فاشیست
تۆمار بکات و، ھاوکات داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
ئەکرێت ھەڵوێستی راشکاوانە بەرامبەر بەم تاوانانە دەرببڕن و ئەم
تاوانانە ریسوا بکەن کە بەرامبەر بە گەل و نیشتمان ئەکرێن و، پێویستە
حکومەتی کوردستان و ھەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی بە شەرەفی
کوردستان بە یەک دەنگ بڵێن: سوپای تورکیای داگیرکەر بۆ دەرەوە.
سەرکەوتن لە یەکگرتندایە.
٢٦\٤\٢٠١٧
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|