٢٠\٨\٢٠١٧
توانەوە

فەتاح حەسەن
ئەو رۆژەی ناوی
نەبەم..
شەو - و رۆژ،
بیستوچوار سەعات نییە، نا.
* * *
تا ئەو ساتەی دڵ ئۆقرە دەگرێ
درەنگ نییە بۆ عاشقبوون.
خۆشی لەخۆم.. ئەمنیش
تا ئەبەد ئۆقرەناگرێ دڵم.
* * *
ئەوەندە کاتم هەیە بۆ عاشقبوون
بۆ مردن کاتم نییە،
دەسا مەرگ چاوەڕوان بە
ئەو دەمەی نەمتوانی عاشق بم
بێ منەت بە..
ئەوجا وەرە بکێشە گیانم.
* * *
کە، گوێبیستی دەنگی دەبم
گیانم دێتە جۆش و خرۆش
هەروەك.. مۆسیقارێکی مەشلول
کە، گوێبیستی،
ئاوازێکی ناوازەی خۆی دەبێ.
* * *
لەبەرئەوەی لەحاڵەتی مەستییدا،
هەر ئەوم لەیادە
هاوار دەکەم خۆشمدەوێ
بەوێنەی دەروێشێك،
کە، دەگاتە حاڵی حەلوەلا و
هاوارداکا یا خودا.
* * *
کە، خۆم لەبیرکەم
مانای وایە، ئەو لەبیردەکەم
دەبێ بوونم مانای چیبێ؟
ساتێک.. کە، خۆم لەبیربکەم.
* * *
ڕێمکرد و رامکرد بەدوای عیشقا
کەوتمە حاڵی حەلوەلا و
هیچی لێ حاڵیی نەبووم،
ئای لەبۆ حاڵزانێ..
بزانێ حاڵم.
* * *
لێیانپرسیم:
عیشق مانای چییە؟
وتم:
نازانم.
ئێستا کە، گیرۆدەی داوی عیشقم
ناوی خۆشم چییە..؟
نازانم.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|