ئومێد بە کۆرپەلەى
پێنجەم.
ئیسماعیل عبدولڕەحمان
میللەت دایکى حیزبە حیزبیش دایکى شۆڕشە، لەم دایکەوە شۆڕش دێتەبون و
چاوبە دونیاى خەبات هەڵدێنێت و گەل لەژێردەستەیى ڕزگار دەکات ، دیارە
میللەتیش وەکو هەموو دایکێک ناتوانێت تەواوى ڕۆَڵەکانیان پێبگەیەنن
بەڵکو تەنها هەندێک لەدایکان ڕۆڵەکانیان پێدەگەن کەئەو پێگەیشتنەش
پەیوەستە بەو بارودۆخەى کەکۆرپەلەى تێیدا لەدایک دەبێت ، جاروایە بارو
دۆخەکە خۆى لەبارە بۆ ئەوەى ڕۆڵە وشیارەکان تیایدا هەڵکەون ، میللەتیش
بەهەمان شێوەیە هەندێک حیزب لەهەلومەرجێکى والەدایک دەبن کەمیللەت
پێویستى پێیانە ئینجا هەرحیزبێک بەپێویستى میللەت لەدایک ببێت ئەوە
لەدایک بونێکى تەواو تەندروستە ، بۆیە ئەم حیزبانە کاریگەری
بەردەوامیان لەناو کۆمەڵگادا دەبێت و میللەتیش ئەم حیزبە هەڵکەوتوانە
بەڕۆڵەى خۆى دادەنێت.
بەڵام کاتێک حیزب گەشەى کردو پێگەیى و منەتى بەمیللەت نما ، ئەوە خەتا
لەحیزبە کەبێ وەفاو لاسار دەردەچێت ، ئینجا بۆ ئەوەى میللەت لەدەست
ڕۆڵە هەڵگەڕاوەو لاسارەکانى نەجاتى بێت ئەوە سەرلەنوێ پێویستى بەلەدایک
بونى حیزبى ترە چونکە ڕۆڵە لاسارەکان گەرهاوتاى خۆیان نێتە مەیدان و
بەرانبەریان لێنەگرێت ئەوە بەبۆڵە بۆڵ و نوزانەوەى میللەت واز
لەسەرکێشى ناهێنن ، بەڵکو وازهێنانیان تەنیا پەیوەستە بەلەدایک بوونى
ڕۆڵەیەکى چاک و چەلەنگ کەلە هەناوى میللەتەوە سەر دەربێنێ و ڕیشەى
لاسارەکان دەربێنێ، هەروەک چۆن لەکۆمەڵگاى کوردەوارى لەکوردستانى باشور
لەڕەحمى ئەو کۆمەڵگایەدا چەندین حیزب لەدایک بوون بەڵام تەنها دوان لەو
حیزبانە ڕسکان و بوونە وجاغى میللەت دیارە لەسەرەتاوە میللەت دڵى بەو
دوو وجاغە زۆر خۆشبووە بۆیە زۆرینەى ڕۆڵەکانى میللەتیش لەڕیزەکانى ئەم
دوو حیزبە خۆیان بەکوشت داوە.
کەچى پاش ئەم هەموو قوربانیەدا ئەو دوو حیزبە تەواو لەخۆبایى بوون لە
وجاغ زادەیى میللەت چونە دەروەو بێمنەتانەش بەمیللەت دەڵێن ئێمە
نەبوایەین ئێوەش ئەو ڕۆژگارەتان بەچاوى خۆتان نەدەبینى کەلەوپەڕى
ئازادى دان و خزمەت دەکرێن بەڵام هەموو خزمەتەکەیان بەعامودى کارەباو
بینایەى قوتابخانەکان ناگاتە ئەو پارەى ئەوان دەیبەن کەسەفتەى
لەعامودەکان بەرزترەو لەڕوبەرى قوتابخانەکان فراوانترەو لەقورسى بلوکى
بیناکان گرانترە، ئینجا جگە لەو دەسکەوتە زۆرەشیان بەڵکو شەڕى ناوخۆش
بەدەسکەوت دەدەنە قەڵەم وەک پیاهەڵدانى سەقامگیرى ئاشتى دواى شەڕو موچە
بڕینەوەو خانوو دروستکردن بۆ کەس و کارى کوژراوەکانى خۆیان.
ئەم دو حیزبە گەورەیە مافى خۆیانە ڕقیان بەرانبەر یەک نەرم بێت ، بەڵام
ئەى بۆ ڕقى ڕەقەیان بەرانبەر میللەت بەهیچ شێوەیەک نەرم نابێتەوە؟
ئەوەى نەیناسن و لەگەڵیان نەبێت هەست بەبونى ناکەن و هیچیشى بۆ ناکەن ،
کەچى ئەوانى زۆرزان و لێزان بەئاسانى ڕقى میللەتى فەقیرحاڵ دەتوێنەوە
هەتا ئەو ڕادەیەى بۆ شەڕو ئاهەنگیش بەکاریان دێنن ، ئەوەنییە بۆ
پەردەپۆشکردنى دەسەڵاتى بێ سنوریان و سەرقاڵکردن و خافڵاندنى میللەت
بەناوى ئازادى و دیموکراتیەوە ، مژدەى لەدایک بونى کۆرپەلەى خۆیان
بەمیللەت ڕادەگەێنن گوایە ئەم کۆرپەلەیە دەبێتە خزمەتکارى میللەت ،
کەچى حیزب دایکى چوار ڕۆڵەى کاراو گرنگەو دەستبەرداریان نابێت کە هێزە
چەکدارەکان و دەزگاى ههواڵگریی و داد و داهاتە ، بەڵام میللەت
بێئاگایە لەوەى تاکو ئەم چوار ڕۆڵەیە کوڕى گەورەى ماڵبن و نەبنە خاوەن
ماڵى سەربەخۆ و لەدایکانەى حیزب جیانەبنەوە، ئەوە کۆرپەلەى پێنجەم
کەناوى پەرلەمانەو نیوەى زیاترى لەخۆیانە ئینجا گوایە ئەم پەرلەمانە
بەهەڵبژاردن و ڕەزامەندى میللەت لەڕەحمى حیزب لەدایک دەبێت.
لەبەرئەوە پێویست ناکات میللەت بۆ لەدایک بونى کۆرپەلەى زگماکى حیزب
بەسەما بکەوێت یان شەڕى لەسەربکات و پۆستەر بدڕێنێت ، بەڵکو شین و شایى
بۆ لەدایک بونى کۆرپەلە لەکاتێکدایە کەتەنیا ڕۆڵەى دایکانەى حیزب
هەرخۆى بێت و کوڕە گەورەى وڵات بێت ، نەک ژمارەى پێنجەمى کوڕە بێ
دەسەڵاتەکەى حیزب بێت.
گەر حیزبیش بەڕاستى دەیەوێت خزمەتى میللەت بکات ئەوە بایەکەمجار چوار
ڕۆڵەکەى لەماڵەکەى دەرکات و لەژێر چاودێرى ڕۆڵى پەرلەمان دایبنێت ،
بەڵام ئایا حیزب هەرگیز ئەو جۆرە خزمەتە گەورەیەى لێدەوەشێتەوە (پارەو
پاسەوان و حاکم و حکیم)لەماڵەکەى دەربکات و بیداتە دەست میللەت ؟
بێگومان هەردوحیزب هەرگیز شتى واناکەن ، چونکە ئەوانە لەسەر پاراستنى
دەسەڵاتیان بەسەدان کەسیان لەیەک کوشتوەو ئێستاش کەهاوپەیمان و هاوسۆزو
هاوڕێى یەک ڕێگان هەرلەبەرمانەوەى دەسەڵاتیانە.
ئەم دەسەڵاتە پتەوەى ئەم دوحیزبە بەبابى پەرلەمانیش لەق ناکرێت چ جاى
بەکۆرپەلەى حیزب خۆى ، کەواتە ئەوەى میللەت چاوەڕێى دەکات:
کۆرپەلەى پێنجەمە و
ژێردەستەى چوارەمە و
جولانەوەى بێ پرسى حیزب ئەستەمە و
بڕیارو ڕاسپاردەى کورت و کەمە و
لەڕاست مەکتەبى سیاسى ناوێرى بڵێ من هەمە !
ary_esmail@yahoo.com
|