په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٣

یوئێن و راگەیاندنەکان

بێ ئاگان لە بارودۆخی هەزران کۆچبەری رۆژئاوای کوردستان.


فوئاد زیندانی    

ژیانی هەژاریی و کۆچبەریی و دەربەدەریی واقیعێکی نامرۆڤانەیە.  

لە باخچەیەکی شارۆچکەی قوشتەپە (پارکی قوشتەپە) بە سەدان خێزان کە ژمارەیان زیاتر لە ١٠٠٠ کەس دەبێ و زۆربەیان ژن و منداڵن لەسەر زەوی بە بێ چادر دانیشتوون، پلەی گەرما ٤٢ پلەیە هەر لە بەیانیەوە تا رۆژئاوا دەبێ گەرمای هەتاو دەچێژن، بۆ پێداویستی رۆژانەی تایبەت پیاوەکان ئاو و ئاودەستی مزگەوتێکی بەرامبەر پارکەکە بەکادەهێنن و ژنانیش خانووەکی تەنیشت مزگەوتەکە!! دوای ئەوەی لە چەندین کەس پرسیارمان کرد ئایا ئێوە کەی هاتوون؟ لە وەڵامەکانیان دەرکەوت هەندیکیان لە ١٨ی ئابەوە هەندێکیان هەفتەیەکە و یا چەند رۆژێکە لەوێن، تا ئێستا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەو شوێنانەی نەکردووە، بە تایبەتی یونسێف تەنانەت ئاگادار نییە کە لەو شوێنە کۆچبەران نیشتەجێن، بە هەمان شێوە لە لایەن راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ خراون.

 

لەگەل زۆربەی خێزانەکان قسەمان کرد هەموویان دەیانگوت منداڵەکان بەدەست گەرماوە پەرێشانن، زۆربەیان باری تەندروستییان نالەبارە، بە تایبەتی منداڵان کاریگەریی گەرمای هاوینیان پێوەدیارە. هیچ مەترێکی چوارگۆشە نەماوە لەو پارکە بە بەتاڵیی، تەنانەت رێگایە باریکەکانی ناو پاڕکەکەش هەمووی خەڵکی لێدانیشتووە بەو هۆیەوە چەندین جار لە کاتی ڕۆیشتنماندا رێگامان دەگۆڕی لەبەر ئەوەی جێگا نەبوو پێیدا بڕۆین! ئەوەی تا ئێستا لەو پاڕکە بۆیان دابینکراوە بریتییە لە دابەشکردنی خواردنی هەر سێ ژەمەکە بۆ هەموویان کە لە لایەن هێزێک دابەشدەکرێ کە ئاسایشی کەمپەکە دەپارێزن، بەڵام وەکو تر هیچیان نییە تا ئەمڕۆش لەسەر زەوی و لەبەر هەتاو چەندین ڕۆژە بەو شێوەیە دەژین، خێزانێک خاوەنی منداڵێکی کەمئەندام بوون گوتیان منداڵەکەمان پێویستی بە دکتۆرە چونکە نەخۆشە، خێزانێکی تر تەواوی ئەندامەکانی خێزانەکە کەمئەندام بوون دیاربوو پێویستیان بەوەبوو بگوازرێنەوە بۆ خانەی کەمئەندامان، ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکە لەبەر گەرمای هەتاو بە بێ ئومێدیی پاڵکەوتبوون، ژیانی هەژاریی و کۆچبەریی و دەربەدەریی واقیعێکی نامرۆڤانەیە، بە بەراورد لەگەل کەمپی کەورگۆسک هیچیان بۆ نەکراوە.

پرسیارمان کرد ئایا بارودۆخی ئەو کۆچبەرانە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە؟ پێیان ڕاگەیاندین وا خەریکە کەمپێکیان بۆ ئامادەدەکرێ . بە هەمان شێوە پرسیارمان لە ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانەکرد ئێوە بۆ کوردستانی ڕۆژئاواتان جێهێشت؟ لە وەڵامدا دەیانگوت لە لایەک بە هۆی تیرۆری ئیسلامیەکانی بەرەی نوسرە و دەولەتی شام و عیڕاق کە دەستدرێژی دەکەنە سەر نامووسی کوردان و کوردان تیرۆر دەکەن وە لەلایەکی تر ڕژێمی بەشار ئەسەدیش ناوچەکان بۆمباران دەکا، لەپێناو پاراستنی ژیانی خۆمان هاتووین بۆ ئێرە. جگە لەو پارکەش بەهەزاران کۆچبەری کوردستانی رۆژئاوا لە شارۆچکەی قوشتەپە لە ناو قوتابخانەکان نیشتەجێن.

رێکخراوی ئۆڕتە بڕیارە سبەی رێکخراوی یونیسێف کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە ئاگاداربکاتەوە، لەپێناو یارمەتیدانی کۆچبەرانی شارۆچکەی قوشتەپە.
_______________________________________

تێبینیی: خۆم وەک سەرۆکی (رێکخراوی ئۆرتە) و وێنەگر و رۆژنامەنووسی نەمساویی (فلۆ سمیت) ئەمڕۆ سەردانی کۆچبەرانی کوردستانی رۆژئاوامان کرد لە شارۆچکەی قوشتەپە.
شارۆچکەی قوشتەپە بە دووریی ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری شاری هەولێرە.

 


٣١\٨\٢٠١٣

fuadzindani@yahoo.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک