٣\٥\٢٠١٢
ڤانکا.

ئەنتۆن چیخۆف
لە فارسییەوە: ئازاد نەجم
کوڕیژگەیەکی
تەمەن نۆ ساڵەیان بەنێوی (ڤانکا ژۆکۆف) ، لەسێ مانگ لەوەوبەرەوە بە
شاگردی ناردبوە لای (ئەلیاخین) ی سەڕاف. لەشەوی سەری ساڵی لەدایک بونی
مەسیحدا خەوی لێ نەدەکەوت. چاوەڕوانبو تا وەستاکەی لەگەڵ ژن و منداڵ و
کرێکارەکانیدا ، بۆ نزای شەوی جەژن لەماڵێ وەدەرکەوتن و چونە کلیسا.
دوای ڕۆیشتنی ئەوان شوشەیەک مەرەکەب و قەڵەم و سەر قەڵەمێکی ژەنگگرتوی
وەستاکەی دەرهێنا و کاغەزێکی نوشتاوەی لێک کردەوە و بەرلەوەی دەست
بەنوسین بکات ، بەحاڵەتێکی تێکەڵ بەترسەوە سەرنجێکی دایە دەرگاو
پەنجەرەکان و چەندجارێک لەو شەمایلەی - کە لە نێوان دو تاقچەی پڕ
لەقاڵبی پێڵاو - بەدیوارەکەوە هەڵواسرابو، ورد بۆوە و ئاهێکی قوڵی پڕ
لەخەمی هەڵکێشا و لەسەر ئەو پارچە کاغەزەی کە لەسەر نیمکێتەکە پانی
کردبۆوە و خۆشی لەسەر زەویەکە چۆکی دادابون و بەسەریدا نوشتابۆە ،
دەستیکرد بەنوسین: (باپیرەی خۆشەویستم کۆنستانتین ماکاریچ! ئەم نامەیە
بۆ تۆ دەنوسم ، جەژنی لەدایک بونی مەسیحت پیرۆز بێت ، خودا هەمو هیوا و
ئارەزوەکانت بەدیبێنێ ، خۆ من نەباوکم هەیە نەدایک! تۆ هەمو کەسێکی
منیت! ).
لە پەنجەرە تاریکەکە - کە بڵێسەی ڕوناکایی مۆمەکە بەسەریەوە سەمای
دەکرد - وردبۆوە و لەودەمەدا ، ڕوخسار و شێوەی (کۆنستانتین ماکاریج) ی
باپیری - کەشەوانە ئێشکی لە ماڵی (ژیوارۆف) دەگرت - هێنایە بەرچاوی خۆی.
باپیری ڤانکا ، پیرەمێردێکی شەست و پێنج ساڵەی کورتەباڵا و ڕەقەڵە ،
بەڵام لەهەمان کاتدا گورج و بەڕاپەر بو، چاوانی خومار و هەمیشە دەم
بەخەندە بو. شەوانە ، ئێشکی لەماڵی (ژیوارۆف) دەگرت و بەڕۆژەوەش لە
ئاشپەزخانەکە دەنوست ، یان سەری دەخستە سەر کارەکەرەکان و دەیکردە
گاڵتە و پێکەنین.
شەوانە ، باڵتۆیەکی لەچەرم دروستکراوی دەڵبی لەبەر دەکرد و بەدەوری
باخچە و خانوەکەی ماڵی ژیوارۆفدا دەخولایەوە و بە (دار خەبەر*)
ەکانی دەستی ، دەنگە دەنگ و تەقە تەقێکی زۆری وەڕێ دەخست.
دو دانە سەگ ، کەیەکێکیان پیر بوو و نێوی (کاشتانکا) و ئەوەی تریان کە
سەگێکی ڕەش و درێژ بوو و هەرکاتێ مرۆڤ چاوی پێبکەوتایە جانەوەری (ڕاسۆ**)
ی وەبیردەهاتەوە و بەو هۆیەوەشەوە نێویان لێنابو (ڤیۆن) ، هەمیشە
بەدوایەوە بون.
ڤیۆن ، سەگێکی بەوەفا و گوێڕایەڵ بو ، لەگەڵ کەسانی نامۆ و غەریبەشدا
بەهەمان ئەندازەی خۆمانەکان ، گوێ لەمست بو. هەربۆیە هیچ کەس نرخ و
بایەخێکی ئەوتۆی بۆ دانەدەنا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەتوێی ئەو
گوێڕایەڵی و میهرەبانیەیدا ، چەپەڵی و حەرامزادەییەکی شاراوە ، بەدی
دەکرا. هیچ سەگێک بەئەندازەی وی نەیدەتوانی لە کات وساتی خۆیدا ، دزانە
هێرش بەرێ و گاز لەقاچ و قولی خەڵک بگرێ ، یان شتێک لە گەنجینەی ماڵێ
بڕفێنێ ، یان مریشکی موژیکێک بدزێ. ، چەند جارێک دارکاریەکی باش کرابو
، هەفتە نەبو نەکەونە گیانی و تا نیوە گیان دەبو تێڵا تڕێنی نەکەن ،
بەڵام دوبارە گیانی وەبەر دەهاتەوە و برینەکانی ساڕێژ دەبونەوە و
سەرلەنوێ قیت دەبۆوە.
ڤانکا ، شێوە و ڕوخساری باپیری هێنایەوە بەرچاوی خۆی: لەنزیک دەروازەی
باخچەکە ڕاوەستاوە و بەچاوانی خەواڵوەوە دەڕِوانێتە پەنجەرە سور و
درەوشاوەکانی کلیسای گوندەکە ، چەکمە لبادیەکانی ئاڵوگۆڕ دەکات ،
سەرمایەتی و لەگەڵ کارەکەرەکاندا کەوتۆتە گاڵتە پێکەنین ، کەشێکی خۆشی
خوڵقاندوە و دارخەبەرەکانی بەکەمەریەوە کردون و لەسەرمان دەستەکانی لێک
دەسوێ و پیرەمێردانە لەقاقای پێکەنین دەدا و جار جار کارەکەرەکە و جار
جاریش ژنی چێشت لێنەرەکە ، دەاتە بەر تانە و توانج و پیرەمێردانە
لەقاقای پێکەنین دەدات. ئەمجا توتنەکەی دەنێتە بەرلوتی ژنەکان و دەڵێ:
تۆزێک بۆنی ئەم توتنە بکەن گەرم دەبنەوە. ژنەکانیش بۆنی دەکەن و
دەکەونە پژمین. باپیرەش شاگەشکە دەبێ و لەقاقای پێکەنین دەدات و هاوار
دەکات: ورچ زا. دواتر قتوی توتنەکەی دەخاتە بەرلوتی سەگەکان و کاشتانکا
پژمین دەیگرێ و لمۆزی وەردەگێڕێ و بەڕەنجاویەوە لەباپیرە دوردەکەوێتەوە.
بەڵام ڤیۆن بەهۆی بەوەفاییەکەیەوە بەر بەپژمینی خۆی دەگرێ و تەنیا
هەندێک دەمولمۆزی ڕادەوەشێنی. کەش و هەوایەکی خۆشی هەیە ، دونیا ساف و
ئارام و ساردە ، شەوێکی تاریکە و درەختەکان بە بەفر داپۆشراون ،
سەرانسەری سەربانی خانوەکانی گوندەکە ، بەفر دایپۆشیون و دوکەڵ لە
لولەی سۆبەکانەوە بەباقە دێنە دەرێ و پێچ دەخۆن و بەرەوە ئاسمان
هەڵدەکشێن. ئاسمان ، یەک پارچە ئەستێرەیە و بەشادیەوە دەتروسکێنەوە.
ڕێگای کاکێشان ، هێندە ڕونە دەڵێی بەر لە جەژنی کریسمس ، بەبەفر
شوشتویانە و وەبریسکەیان خستوە ...
ڤانکا ، ئاهێکی هەڵکێشا و سەری قەڵەمەکەی لەمەرەکەبەکە هەڵکێشا و دەستی
کردەوە بەنوسین: (دوێنی لێیاندام ، خاوەن کارەکە بەپرچ ڕایکێشامە نێو
حەوشە و بە قامچیەکی چەرم هەمو لەشی شین و مۆر کردمەوە ، تەنیا تاوانم
ئەوە بو بەدەم ڕاژەندنی لانکی منداڵە پیسەکەیانەوە ، خەوم لێکەوتبو.
هەفتەیەک لەمەوبەریش ژنەکەی پێی گوتم ماسی بۆ خاوێن بکەمەوە و منیش
نەمزانی و لەکلکیەوە دەستم بە پاککردنەوەی کرد ، ئیدی ئەوەبو ماسیەکەی
لەدەستم دەرهێنا و کێشای بەسەرمدا. شاگردەکانیش سەر دەنێنە سەرم و
گاڵتەم پێدەکەن. دەمنێرن ڤۆدکایان بۆ بکڕم و زۆرم لێدەکەن لەماڵی
وەستاکەمان خەیارشۆریان بۆ بدزم. وەستاکەشم ، بەهەرچیەکی بکەوێتە بەر
دەستی دەستم لێناپارێزێ و دەکەوێتە وێزەم. نان و ژەمەکانیش ئەوە هیچ!
بەیانیان پارچەیەک نان ، نیوەڕۆیان شیربرنج ، دوا نیوەڕۆیانیش پارچەیەک
نان ، باسی چای و ئاو گۆشتیش هەرمەکە! ئەمە تەنیا خواردنی خۆیانە و
خۆیان قوزەڵەقورتی دەکەن. شەوانە جێگام لەداڵانەکە بۆ ڕادەخەن. کاتێ
منداڵەکەیان دەگری ، دەبێ بچمە سەری و لانکەکەی ڕاژێنم. خەوم هەر نیە!
بابەگەورە تو خودا بەزەییت پێمدا بێتەوە و بمبەرەوە بۆ گوندەکەی خۆمان
، بمبەرەوە بۆ ماڵ ، ئیدی لەتوانامدا نەماوە ... قاچەکانت ماچ دەکەم!
تکاکارم لەخودا ئاگادارت بێت ، لێرە ڕزگارمکە ، دەنا چیتر لەتوانامدا
نەماوە و دەمرم).
ڤانکا ، بە بەری دەستە ڕەش و چڵکنەکەی ، چاوەکانی پاک کردنەوە و ئاهێکی
هەڵکێشا و بەدەم هەنیسکی گریانەوە ، درێژەی بەنوسیندا: ( توتنت بۆ ورد
دەکەم ، نزات بۆ دەکەم ، ئەگەر کارێکی خراپم کرد ، تادەتوانی لێمدە!
ئەگەر پێشتوایە لەوێ کارێکم وەگیر ناکەوێ ، دەچمە لای پێشکارەکە و
بەخودا و بەمەسیح سوێندی دەدەم تا پێڵاوەکانی بۆ بۆیاغ بکەم ، یان
لەبری (فیدکا) دەچمە لای شوانەکان و لە لەوەڕاندنی مەڕەکاندا یارمەتیان
دەدەم. بابەگەورەی خۆشەویستم! ئیدی من توانام نەماوە ... خەریکە دەمرم
... جاری وایە دەڵێم بڕۆم هەڵێم و خۆم ڕزگارکەم و خۆم بگەیەنمەوە گوند
، بەڵام پێڵاوم نیە ، زۆر لەو سەهۆڵبەندان و بەستەڵەکەش دەترسێم ،
هەرکاتێ گەورەش بوم وەڵامی ئەم چاکەیەت دەدەمەوە و بەخێوت دەکەم و
ناهێڵم کەس ئازارت پێبگەیەنێ. دوای مردنیشت نزای بەخێرت بۆ دەکەم ، وەک
ئەو نزایانەی کە بۆ پێڵاگێیای دایکم دەیانکەم. ئەگەر لەبارەی مۆسکۆشەوە
دەپرسی ، مۆسکۆ زۆر گەورەیە ، تەواوی خانو و باڵەخانەکانی ئاغایانەن.
ئەسپێکی یەجگار زۆری لێیە ، بەڵام مەڕت بەرچاو ناکەوێ. سەگیشی زۆر لێن
، بەڵام بێ ئازارن و گاز لەکەس ناگرن. لێرە منداڵان لەشەوی جەژندا بۆ
کۆکرنەوەی پارە بەکۆڵاناندا ناگەڕێن. لەنێو کلیساشدا غەریبەکان بۆیان
نیە خۆیان تێکەڵی گروپی ئاواز خوێنەکان بکەن. ڕۆژێکیان لێرە ، لەپشتی
شوشەی دوکانێکەوە جۆرە قولابێکی ماسی گرتنم بینی بە دارەکەیەوە
دەیانفرۆشت کە بۆ گرتنی هەمو جۆرە ماسیەک دەشیا ، بەهێز و قایم.
تەنانەت قولابێکم بینی کە دەکرا ماسی (ئەسبێلا) ی سێ مەنیی پێبگریت.
دوکانی واشی تێدایە جۆرەها تفەنگی فرۆشتنی تێدا دەفرۆشرێ. تەنانەت
تفەنگی وەک تفەنگەکانی ئاغای دێیەکەی خۆشمانی لێیە. کە لەوانەیە نرخی
هەریەکێکیان سەد ڕۆبڵ بێت ... لەدوکانی گۆشت فرۆشەکانیشدا هەرچی
گۆشتێکی تۆ دەتەوێ لێیەتی ، لەگۆشتی کەڵەشێری قەرەجە گەڕۆکەکانەوە بگرە
تا گۆشتی سوێسکە و کەروێشک ، بەڵام گۆشت فرۆشەکان شوێنی ڕاوکردنیان
بەکەس ناڵێن ... بابەگەورەی خۆشەویست ، کاتێ درەختی جەژن لەماڵی ئاغا
دەڕازێننەوە ، بیرت نەچێ گوێزێکی زێڕین لەدرەختەکە بکەرەوە و لە سندوقە
سەوزەکەی خۆَتدا بۆم بشارەوە. بەخانمە بچکۆلە (ئۆلگا ئیگناتیۆڤنا) بڵی
کە ئەو گوێزەت بۆ منە).
ڤانکا ، ئاهێکی خەمناکی هەڵکێشا و جارێکی تر چاوی بڕیە پەنجەرەکە و
بیری کەوتەوە کە هەمو جارێ باپیری بۆ هێنانی درەختی کریسمس دەچوە نێو
جەنگەڵ و ئەویشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد. چ ڕۆژگارێکی خۆش بو! هەم دەنگی
باپیرە دەبیسترا و هەم بەفر لەژێر پێیدا دەکەوتنە قرچەقرچ ، هەم ڤانکاش
لەخۆشیان هاواری دەکرد. باپیرە بەرلەوەی دار کاژێک بۆ درەختی کریسمس
ببڕێتەوە ، قەنەیەکی ساز دەکرد ، ماوەیەک بۆنی بەتوتنەکەوە دەکرد و
پێکەنینی بە ڤانکا دەهات - کە لەسەرمان دانەچۆقەی پێکەوتبو. کاژە تازە
هەڵچوە بەبەفر داپۆشراوەکان ، چاوەڕوانبون ئاخۆ لەونێوەدا کامەیان
بەزەویدا دەدرێ و دەبڕدرێتەوە. لەناکاو کەروێشکێک لەپەنایەکەوە لەنێو
ئەو بەفرەدا دەردەپەڕی و ... بابەگەورەش دەیکردە هاتوهاوار بەدوایدا:
بیگرە ... بیگرە ... ئەی شەیتانی کلک بڕاو!
دواتر دارکاژە بڕاوەکەی بەڕاکێش ڕاکێش دەهێنایەوە ماڵی ئاغا و دواتر
دەکەوتنە ڕازاندنەوەی. ئۆلگا ئیگناتیۆڤناش - بونەوەرێک کە ڤانکا
لەهەموان زیاتر هۆگری ببو - لەهەموان زیاتر بە جوانکردنی درەختەکەوە
ماندو دەبو. ئەو کاتەی کە هێشتا دایکی ڤانکا نەمردبو و لەماڵی ئاغادا
کارەکەری دەکرد ، ئۆلگا هەمیشە ئاونەباتی دەدایە و هەر لەو
سەروبەندەشدا بو لەبەر بێکاری ، فێری نوسین و خوێندنەوە و ژماردن هەتا
سەد و تەنانەت فێری سەمای کادریشی کرد. ئیدی ئەوەبو دوای مردنی دایکی ،
ڤانکایان بۆ ژوری خزمەتکارەکان ، بۆ لای باپیری ڕەوانە کرد و دواتریش
لەوێوە ڕەوانەی لای ئەلیاخینی سەڕافیان کرد لە مۆسکۆ ...
ڤانکا ، دەستی بەنوسین کردەوە: ( باپیرەی خۆشەویست ! توخوا وەرە بۆ
ئێرە و ڕزگارمکە! تۆ پیرۆزیی مەسیح وەرە و ڕزگارمکە! بەزەییەکت بەمنی
هەتیوی کەساسی بەدبەختدا بێتەوە ، ڕۆژ نیە دارکاریم نەکەن! خەریکە
لەبرسان دادەهەزێم! ئەوەندە دڵم پڕە لەباسکردن نایەت ، بەردەوام دەگریم!
لەم ڕۆژانەدا وەستاکەم قالبێکی پێڵاوی کێشا بەسەرمدا ، کەوتمە سەر زەوی
، ئاگام لەخۆم بڕا ، بەزۆر چاوی خۆمم کردەوە. ژیانم زۆر ناخۆشە، ژیانی
سەگ زۆر لەژیانی من خۆشترە ... سڵاوم بگەیەنە بە (ئێلینا) و (یۆگۆرکا)
ی یەکچاو و گالیسکەڕانەکە. مەهێڵە کەس دەسکاری ئۆکۆردیۆنەکەم بکات.
نەوەی خۆت / ئیڤان ژۆکۆڤ. توخودا زوتر وەرە و ڕزگارمکە).
ڤانکا ، دوای ئەوەی نامەکەی نوسی ، قەدی کرد و نوشتاندیەوە و کردیە ناو
ئەو زەرفەی کە ڕۆژی پێشتر بەکۆبیکێک کڕیبوی ... دوای کەمێک بیرکردنەوە
، سەری قەڵەکەی تەڕ کرد و ناونیشانەکەی لەسەر نوسی: بگاتە خزمەتی
بابەگەورەم لەگوند ... دوای ئەوەی هەندێک سەری خوراند و هەندێک بیری
کردەوە ، لێی زیاد کرد: کۆنستانتین ماکاریج.
زۆر خۆشحاڵ بو لەوەی کە هیچ کەسێک لەکاتەدا نەهات و نەبوە ڕێگر
لەبەردەم نوسینی نامەکەی.
دواتر کڵاوەکەی کردە سەری و بێ ئەوەی باڵتۆکەی لەبەرکات ، بەکراسێکەوە
، تا لای نزیکترین سندوقی پۆستە ڕایکرد ...
شەوی ڕابردو ، پرسیاری لە شاگردەکانی قەسابەکەی سەری کۆڵانەکە کردبو و
ئەوانیش وەڵامیان دابۆوە و گوتبویان دەبێ نامە بخرێتە سندوقی پۆستەوە و
پاشان چەند تەتەرێک سندوقەکان دەکەنەوە و بەسواری (ترۆیکا***)
ی زەنگوڵەدارەوە ، ئەگەر تا ئەوسەری دونیاش بێت ، نامەکە دەبەن و
دەیگەیننە دەستی ئەو کەسەی کە بۆی ڕەوانەکراوە.
ڤانکا ، بەرەو یەکەمین سندوقی پۆستە ڕایکرد و نامە بەنرخ و
خۆشەویستەکەی لەدرزی سندوقەکەوە ئاودیو کرد ...
کاتژمێرێک دواتر ، بەئاوازی لایلایەی ئومێدێکی شیرینەوە ، چوە نێو
خەوێکی قوڵەوە...
لەخەونیدا: بابە گەورە لەسەر کوانویەکی بەخشتی سور دروستکراو ،
دانیشتبوو و قاچە ڕوتەکانی شۆڕ کردبونەوە و نامەکەی ئەوی بۆ
کارەکەرەکان دەخوێندەوە ... ڤیۆنیش بە تەنیشت کوانوەکەدا دەهات و دەچو
و کلکی دەلەقاند...
_______________________________________________________________
*
دار خەبەر: دارێکە
لەشێوەی کەوچک ، پاسەوان و ئیشکچیەکان ، جار جار شەوانە دەنگە دەنگێکی
پێ دروست دەکەن.
**
ڕاسۆ: مشکی خورما ، گیانەوەرێکی گواندارە
، لەمشکی ماڵ گەورەترە ، ڕەنگی خۆڵەمێشیەکی تێکەڵ بەزەردە ، دەم و
لمۆزێکی باریک و درێژی هەیە ، لەئاسیا و ئەفریقا و بەتایبەتی هیندستان
زۆرە.
***
ترۆیکا: خێشکێکە
بە سێ ئەسپ ڕادەکێشرێ.
سەرچاوە/
مجموعة اسار چخوف / داستانهای کوتاه / ترجمة سروذ استثانیان / انتشارات
توس.
nagmkaya@yahoo.com
|