ڤالانتاین و ڕەوشی
خۆشــەویستى کوردى.
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
ئەگێڕنەوە و ئەڵێن، کە لە کۆتایی سەدەى سێیەمداو لەژێر سایەى
ئیمپراتۆیەتى رۆمانیى کلاودیس دووەمدا ، ڤالانتاین ناوێکیان لە 14 ى 2
دا لەسێدارەدا..چونکە ئەم قەشەیە بەدزییەوە ئەو گەنجە زگورتیانەى لە
بەرەکانى جەنگ سەربازبوون، لە کڵێسەکەی خۆیدا لە دەستگیرانەکانیان مارە
دەکرد وئەوجا سەرو یەک گوڵى سووریشی دەدایە دەستیان.. کە ئەوەش سەرپێچی
بوو لە فەرمانى ئیمپراتۆرەکەى ئاوەهاش یەکەمین شەهیدى خۆشەویستى لە
مێژوودا تۆمارکرا..بۆ یەکەمین جاریش کە ئاهەنگى فەرمیی بۆ ئەم بۆنەیە
سازدرابێت لە شارى نۆرێنبێرگى ئەڵمانیادابووە لە ساڵى1950 دا ناونرا
رۆژى ڤالانتاین.. ئیدى لەو بەروارەوە هەموو 14 ى 2 یەک لە رۆژاواى گۆى
زەوى ئەم رۆژە بە رۆژى خۆشەویستى و عەشق ناوزەدکراوە..کە وەکو سیمبوڵێک
وایە بۆ بەرز ڕاگرتنى خۆشەویستى بە گشتى، ئەو خۆشەویستییەى کە ژیان و
بەهاى مرۆڤى لەسەر بەندە، کە خۆشەویستى نێوان دایک و باوک و برا و خوشک
وژن و مێرد وهاوڕێ و دراوسێ وخزم و کەسو ڕەنگە سەرۆکى وڵاتیش بگرێتەوە..
ئەمڕۆ لە رۆژاواوە بۆ رۆژهەڵات بووەتە شتێکى عادەتى کە لە ڤالانتایندا،
کارتى تایبەتى عاشقانە بەوپەڕى وێنەى جوان و وتەى ناسک و هۆنراوەى
رۆمانسییانەوە بڕازێتەوە ...ئەوا لاى ئێمەى کوردیش : خۆشبەختانە باهۆزى
جیهانگیرى و عەولەمە کەوتۆتە گەڕ و هەندێک گۆڕانکاری شەرمنى هێناوەتە
پێش، هەروەها لەمبوارەوە لە هەوڵداین کە لەجیاتى فیشەک و گووللە.. گوڵى
سوور پێشکەش یەکتر بکەین.... لەجیاتى جنێو و توانج، نامە و مەسیجى
رازاوە بۆیەک بنێرین.. کردنەوەى باخچە گەورەکانى شاریش لێرە و لەوێ
موژدەى دەرکەوتنى مانگەشەوى خۆشبەختین...!
بەڵام ئەفسوس ئاکار و نەریت و بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتیمان هێشتاکە رێگرن
لە بەردەم ئازادیى مرۆڤى کورد و پەیوەندى خۆشەویستیدا، لە مێژە
کۆمەڵگەى کوردى مەشخەڵى دژ بە عەشق و خۆشەویستى بەرز کردۆتەوە.. هەر لە
ئەزەلەوە، هەرزەکارێکى نێو خێزانى کورد وشەى ئەوین و خۆشەویستى لێ
حەرامکراوە، چەمکى حەزلێکردن و پەیوەندى سەدان ماڵى کردۆتە دۆزەخ و
هەزاران ئاشق سەرى لە بەردى ئەلحەد دراوە، جەخار و ئەفسووس ، لە مێژە
پەیوەندى نێوان کوڕ و کچ وەکو پەیوەندى نێوان فریشتە و شەیتان
تەماشاکراوە و هێندەى کفرێکى چاو زەق حسێبى توندى بۆکراوە..
خۆشەویستى کە خۆى لە خۆیدا رەمەک و غەریزەیەکى گرنگى مرۆڤە، بۆتە یاساغ
و قەدەغە، بەردێک نا بەڵکو تاشەبەردێکى خراوەتەسەر و لە نێو قاسەى پڕ
نهێنى دەروون و خەیاڵدا هەڵگیراوە، ئیدى هێواش هێواش دەستاڕى چەپاندن و
کەپتکردن خولیا و خەون و ئارەزووەکان تێک ئەشکێنێ و تێڕوانین و
بیرکردنەوەو دواجار پەوەندى پراکتیکى نێوان هەردوو رەگەزى نێر و مێ
چەواشەو هەڵە ئامێز دەخەمڵێنێ. سەرەنجام بونەوەرێکى کوردى لێ خەلق
دەکەین کە پێى دەڵێین: گەنج، کە نیواونیوى و بگرە زیاتریشى پڕە لە
نهێنى و لە تاریکى و لە کۆڵانى بنبەست، لە پەرچەکردار و رەنگدانەوەى
ئەو فشارە دەرونیەدا، رق جێگەى خۆشەویستى ئەگرێتەوە و ترس و دڵەڕاوکێ
لە جێى متمانە و باوەڕبەخۆکردن و بەختەوەرى دادەنرێت..!
ئەم جێگۆڕکێ نالۆژیکى و ناماقوڵەى کە کەلتوورێکى نەریتخوازى کۆن
سەپاندویەتى و لە مێشکى هەر یەکەماندا رەگى داکوتیوە، یەکێکە لە هۆکارە
گرنگەکانى لە دەستدانى ئازادیى و ویست و ئیرادەمان... کەواتە قۆرخکردن
و زنجیرکردنە ملى عەشق و خۆشەویستى قۆرخکردنى هەناسەى ئیرادە و
ئازادیمانە وەکو مرۆڤێک، کە بێگومان لە ژیانى واقیعیماندا بە ئاسانى
هەستى پێدەکەین.. شایانى وتنە، لەمبارەیەوە یەکەمین وانە کە لە
خێزانمانەوە فێری ئەبین، راستگۆى نەووتنمانە و شاردنەوەى پەیوەندى
خۆشەویستیمانە، چونکە خۆشەویستى شاردراوەتەوە، وەک حەرام و تابوو
تەماشاى دەکرێت، بۆیە ناچارین درۆزن و ترسنۆک بین، خۆمان ملکەچ دەکەین
بەرامبەر بە چەپاندن و کەپتکردنى وشەى خۆشەویستى، ئەم قوڕە سوورەش
لەوەدا خەستتر ئەبێتەوە کە ئاریشە و گرفتى کۆمەڵایەتى و دەرونى لە
پێکهاتەو وردەکارییەکانى ناو کیمیایى ستراکتۆر و بونیادى کەسایەتیماندا
چەکەرە پێدەکات، زۆر خێرا و نێگەتیڤانە تەشەنە دەکات، گرێ لە دواى گرێ
و هەتا دەگاتە گرێکوێرەى دەرونیش و لە نێو کورەى ناخماندا دروستدەبن،
کە ئەمەش دەبێتە فاکتەرى لە دەستدانى هێمنى و ژیریمان کە لەگەڵ هەست و
سۆزدا هاوکێشەى خۆشەویستى تەواودەکەن....
بەڵام سەبارەت بە قەیرانى خۆشەویستى و پەیوەندى نێر مێ لە ئەمڕۆدا،
خەسڵەت و سیماى تایبەتى هەیە و بە لێکدانەوە و راڤەى کۆمەڵناسییانە
دەتوانین هۆکارەکان دەستنیشان بکەین... بە تایبەت دیاردەى کاڵبوونەوەى
خۆشەویستى پاش پرۆسەى هاوسەرگیرى کە بە رێژەیەکى بەرچاو لە بەرز
بونەوەدایە، لەوەدایە کە پرۆسەى هاوسەرگیرى بە حەز دەستپێدەکات (نەک
خۆشەویستى) و لە سێکسدا تەواو دەبێت و دەکوژێتەوە..هەروەها پێبەپێى
ئاکار و دابونەریتى کەلتوور و بیرکردنەوەمان، پیاو دان بە ئەوى ژندا
نانێین و حیسابى بونەوەرێکى مرۆیى بۆ ناکەن، ئەوەندەى کە پیاوان
ستەمکارى پیادە دەکەن، ئەوەندە ژن و پیاوى کورد یەکتر تەواو ناکەن ..
قەیرانى خۆشەویستیمان لەوەدایە کە هەمیشە تاى تەرازووەکە لاسەنگە، نێر
و مێى کورد دوو لایەنى هاوبەش نین، کە مرۆڤایەتیبونى یەکتر قبوڵ بکەن،
ئەم هۆکارە نابەجێیە وادەکات کچ و کوڕ یان ژن و مێرد هەمیشە لە شەڕ و
جەنگ و جەدەلێکى بەردەوامدا بن و بەڵام ئەفسووس هەمیشە کچ یان ژنى کورد
دۆڕاون .. کۆمەڵگەى کوردى رێگرە لەبەردەم دروستبوونى تاکدا وەکو
بونەوەرێکى سەربەخۆ، چ جاى تاک بتوانێت مومارەسەى خواست و ویستى خۆی
بکات ... تاکى کورد لێوانلێوە لە ئیشکالیەتى هزرى و کۆمەلایەتى و گرێ و
زەبرى دەرونى و کەپتى سێکسى، ئەو چەپاندنەش وەکو دیسپلین و میکانیزمێک
ئامادەیە و هۆکارێکە بۆ لاوازبوونى خۆشەویستى، گەنجى گورد خەیاڵى و
رۆمانسیانە تەماشاى پەیوەندى خۆشەویستى دەکات و لە عەقڵ و راڤەکارى
واقیعیەوە دوورە، کاتێک دەگاتە ژیانى واقیعى و دژوارى هاوسەرگیرى لە
کوردستاندا، ئیتر خەونەکان نایانەدى، دڵى سارد دەبێتەوە و شەڕ دەفرۆشێ
و هێلانەکەى خاپوور دەکات !
خاڵێکى دیکەى قەیرانەکە لەوەدایە کە نێرسالارى لە نێو هەموو کایەکانى
ژیانماندا وایکردووە، رەگەزەکەى دیکە کە ژنە ، نەبینرێت .. تەنها وەکو
شتێکى غەریزى دەرئەکەوێت، لاى ئێمە ژیانى هاوسەرگیرى بۆ حاڵەتى
بەرهەمهێنانى منداڵ کورت کراوەتەوە، ژن وەکو مرۆڤێک پەراوێز کراوە، ئەى
ئەگەر وا نییە، ئەو رێژە بەرزە چییە لە خۆسووتاندن ..دیاردەیەکى دیکە
کە ئەمڕۆ برەوى هەیە پێوەرى دەوڵەمەندى و پارە پەرستییە و گۆڕینەوەى
خۆشەویستى و هەست و سۆزى مرۆڤایەتییە بە پارە.. هەروەها دیاردەى روخسار
و جوانى کوڕ یا کچ بووەتە پێوەرێکى هەڵە لە نێو گەنجانى کوردا و خۆى
سەپاندووە و بووەتە کۆڵەکەى یەکەمى ئەوین، کە هێندە نابات کەسێکى
جوانتر دەتوانێت پەیوەندى خۆشەویستى هەردوولا نغرۆبکات !
ئێریک فرۆم وتوویە: ( تەنها ئەوکاتە خۆشەویستى راستەقینە ئیمکانى هەیە،
کە دووکەس لە کانگاى بوونى خۆیانەوە لەگەڵ یەکتردا گفتوگۆ بکەن).
لە کۆتاییدا، منیش دەڵێم لە جێى رق با خۆشەویستى بکەین بە پەیامى
ژیانمان، جیاوازى رەگەزیی نێر و مێ قبوڵ بکەین و بەیەکسانیان دابنێن ..
لەبەرخاترى خۆشەویستى، چاوپۆشى و لێبووردن و تەنازوول لە زۆر شتى
نابەرامبەر و ناکۆکى نێوان خۆماندا بکەین... رێز لە یەکترى بگرین وەکو
مرۆڤ.... با ئیتر رەگەزى نێر و سیستمى پیاوسالارى نیکرانى زاتى خۆیان
بکەن و پەیوەندى خۆشەویستی بۆ رەگەزى مێ پێ رەوا و رێپێدراو بێت... با
وشەى خۆشەویستى خەتەر و بڤە نەبێت، بە ترس و لەرزەوە یان بە شەرمەوە
باسى لێبکەین ! بیرمان نەچێت، ساڵانە لەم نیشتمانە هەناسەساردەدا، بە
سەدان و هەزاران ژن بە بڕیارى پیاوى بەتاڵ لە خۆشەویستى تەلاق دەدرێن.....لەوەش
جەرگبڕتر ئەوەیە ساڵانە سەدان لە کچ و لە ژن دەبنە هاوڕێى ئاگر و باوەش
بە مەرگ و سووتاندا دەکەن، بەوەش بووینەتە تاقانە میللەت لە جیهاندا....!
hemea.rasoel961@yahoo.com
|