٩\٤\٢٠٢٣ وام لێروکانە!
دارا خونچە وام لێروکانە؛ لە نێو حەسرەتە رەنگاوڕەنگەکانی خۆم خۆم دایتە بەر چڕایی چۆڕاوگەی چێژەکانم لێ هەنووکەش هەر سەرم لە خرۆشی حەزەکانم دەرنەکرد؛
لە کێندەرێی رەنگە گەرمەکان وە تامەزرۆیی لەپ لە ئارەزووەکانم دەنێم و چەند گۆلمە رۆشنایی فڕدەکم! هەر نەمزانی چەند بست چەند قولانج چەند باڵ چەند پێ لە چارەنووسی بێ چارە و خەونە مێخۆشەکانم دوورم! هەر نەمزانی کێهان دەنگ دەچڕم کێهان رەنگ لە خۆ هەڵدەسووم کێهان جەنگ رادەگرم کێهان چرا رۆشندەکەم! وەستیامە و پڕ شەکەتم؛ لە دەریایەک مەلەدەکەم درێژ درێژ.. بەرین بەرین.. گەلەک قۆل و فرە مەنگە سەرگەردان و وێڵ و هەڵوەدای کەسەکەم زۆر نایاب و فرە قۆز و شۆخوشەنگە وە زمانی زلۆر گۆدەکەم زۆر بەرباد و شکستەیە.. فرە لەنگە وە شێوازەک بەرخورد دەکەم.. خۆدەنوێنم شەرمئاوەر.. شوورەییە.. فرە نەنگە رەوش و رەوند و کەوشەن و کەتواری ژیان ئەستەم.. ئاڵۆز.. پڕ پڕ سەخت و زۆر بەرتەسک و فرە تەنگە.. ئاخر هێشتا لە تەک دەعبایەک بەرزەفتم بەرلەوەی مرۆڤ بی پیاوە.. زڕتە زەلامە.. مەردە.. مامۆستایە.. بەرخی نێرە... سوار و سالار و سەردارە لاسار و سەرسەریی و ساختەکارە سوارچاکە.. شاسوارە و داشی سوارە وە پێی فەرهەنگی جەنگەڵان سوارمدەبی.. ئاخر هێشتا لە تەک دەعبایەک دەربەستم بەرلەوەی مرۆڤ بی ژنە.. لاوازە.. بێ هێز و بێ پێزە.. خینساردە.. گان ساردە دیندارە.. کۆلەوارە.. بەندەوارە.. دەردەدارە.. زۆر بێ بارە.. هەموو خۆشییەکی ئەوەیە هەر تەنێ خۆی خاوەنی گەڵوگونم بی.. بەندی بکا و سزای بدا.. وام لێروکانە دەگەڵ ئەوەی پڕ درەنگە و زۆر لەپاشین لێ هەر باشە؛ ئیدی لە نێو چەق و بازنەی بەندوباوی ''چاو تێبڕین و واق وڕمان و لێو کرۆشتن'' ناخولێینەوە ئێستاکانێ لە قۆناغی ''ئازادیی ماچ'' پێکوڕە دەکەین.. ئەز یەک وە خۆم - کە هیچ سوندتان لەسەرم نییە -* لەوەتەی لێوانم وە لێوانیان تەڕدەکەمەوە ئەو پەیڤانەی لە نێوانی لێوانمدا دادەبارن؛ لە ناسکیی لە ململانێی پەپوولە و کوریکە سۆرەی بەهارانن لە شیرینیی لەتەک مێش هەنگ و زەرگەتان لە کێبڕکێن لە جوانییشدا پەلکەزێڕینە و تاوسی باڵ نەخشین و چینوماچین لە ئاستیاندا شەرمەزارن.. وام لێروکانە دەگەڵ ئەوەی پڕ درەنگە و زۆر لەپاشین لێ هەر چاکە؛ ئیدی ئێستاکە لەنەوپاش باغ چ حەوجەی بەو دووپێگەلانە نییە تەنێ خۆیان دەبێژنە خۆیان باغەوان گیان لەسەر دەست ئامادەنە لە پێناوی خواست و خولیای خاوەنداران گوڵ لەوپەڕی گەشانەوەی خشت سەرببڕن! وە تیغ و تەوران نەمامان دابپاچن دار و دەوەنان پەلبدەن! پارچە پارچە نیشتیمانی مێرگ و چیمەنان هەڵدڕن چەو و چەمەنتۆڕێژیان کەن! ئیدی ئێستاکە.. وام لێروکانە سەردەم سەردەمی پاکانە و بێبەرییبوونی باغانە لەو سوورتک و لەو چەرچییانە! وام لێروکانە ئێستاکانێ لە قۆناغی ''ئازادیی ماچ'' پێکوڕە دەکەین.. _______________________________________ * مەبەست لە سوندی دینیی نییە، بەر لە پەیدابوونی خواناسیی و دینەکان سوند هەر هەبووە، پاشان و ئێستاکەش کە دینەکان پتر وەک دابونەریت هەن خەڵکانەکی زۆر چ لە دینداران چ لە بێدینان سوند بەو تشتانە دەخۆن کە لە کنیان چاک و جوان و شیرین و خۆشەویستن.
ئاداری ٢٠٢٣ - لەندەن
|