٥\٣\٢٠٢١
وانەکانی ژیان.

ئهحمهد رهجهب
- بەشی
سێزدە -
ھەڵگرتنی
بازۆکا بە بێ راھێنان.
لە مانگی کانونی دووەم ( جەنیوەری) ١٩٨٠ لە زەڵی بەرەو دۆڵی جاڤایەتی
بەرێکەوتین و لە یەکەمین رۆژدا لە دێی بێتوش بووین و لە پاش دوو رۆژ
گەیشتینە چۆخماخ وشەو لەوێ ماینەوەو، بەیانی زوو بەرەو قزلەر چووین
لەوێ نان و چامان خواردو لەو رۆژانەدا مێرگەپان بە گوڵ و گولزار زۆر
قەشەنەگ و رازاوە بوو لەپاش قاوەڵتی و پشوودانێکی کورت روومان لە شاخی
پیرەمەگرون کردو بەفر ھەمووی داگیرکردبوو زۆر سارد بوو من لولەیەکم پێ
بوو بەناو بازۆکا لە گەڵ سێ گوللەی زۆر قورس و بۆ یارمەتیدانم گولەی
جوارەم بە ھاورێ وەست جەمال بوو، زۆر ناخۆش بوو بەفر تا بینەقاقەم
ھاتبوو ھاورێ دوکتۆر فارس رەحیم قسەخۆش بوو بۆ خۆشی لە ناوەراستی
شاخەکە بووین وتی ئێستا شوڵێک لەو شاعیرە ھەڵنەگرین کە وتوویەتی (
پیرەمەگرون موقەدەسی) و ھەرچۆنێک بوو گەیشتینە سەر شاخ و گزە بایەکی
زۆر ساردی ھەبوو بە پەلە سەرەوخوار بووینەوە بەرەو دێی زێوەو نانی
نیوەرۆومان خواردو بۆئیوارە بزنێکمان کری و دەستمانکرد بە گۆشت پرژاندن
وھاورێ عەلی بچکۆلی شەھید مام عوسمان لە گەڵ دوکتۆر فارس بە قسەی خۆش
دانیشتنەکەیان خۆش کردبوو.
لە زێوێ چووین بۆ دێی قەرەچەتان لە نزێک رێگای دۆکان ــ سلێمانی و شەو
لەوی خەوتین و بەیانی زوو لە دێ دەرچووین بەرەو داماێنی شاخی
پیرەمەگروون نەوەک سوپاو جاش دەوری دێکە بگرن و دێکە زۆر لە رێی سەرەکی
دۆکان ـ سلێمانی نزیک بوو سوپاو جاش بە ئاسانی دەورەی دێکەیان ئەداو ،
لە شوێنی مانەوەکەمان بووین ھاورێ شیخ رەسول بانگی کردم و وتی گۆێ بگرە
و منیش گۆێم گرت و تم گوێم لە دەنگی کارەبزنە و ھاورێ مەناف و یەکێکی
ترمان نارد بۆ ئەو شوێنە دەنگەکەی لێوەیێت و لە پاش کەمێک لە گەڵ بێچوە
ئاسکێک ھاتنەوەو بە ھۆێ ئەوەی دەستی بەر تەڵە کەوتبوو دەستی شکابوو،
ھاورێ حەمە کەریم وتی سەری نەبرن و خاوەنی ھەیە و لە دەورو بەری نیوەرۆ
پیاوێک ھات و لێمان پرسی بۆ کوێ ئەرۆێ و، لە وەڵامدا وتی تەڵەم
ناوەتەوەو ئەرۆم بزانم ھیچی گرتووە و، ھاورێ حەمە کەریم وتی تەڵەکە ئەم
ئاسکەی گرتووە فەرموو بیبەو پیاوەکەش یەکسەر وتی سوپاستان ئەکەم سەرتان
نەبریوەو بۆ من پارەیەکی باش ئەکات و ھەر ئیستا ئەچم و نان مەخۆن
خرتێکتان بۆ ئەھێنم و، زۆری پێ نەچوو پیاوەکە لە گەل خرتەکەو نان و خوێ
گەرایەوەو خرتەکە سەربراو دەستمان کرد بە گۆشت برژاندن و ئیوارە درەنگ
گەراینەوە ناو دێی قەرەچەتان و شەو خەوتین و بۆ بیانێیەکەی دیسانەوە
زوو دەرچووین و لە دامێنی شاخەکە ماینەوەو لە پاش نیوەرۆ ھەواڵێک گەیشت
کە سوپاو جاش نیازیان وایە ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن و ، ئێمەش ژمارەمان
کەم بوو و چەکەکانمان خراپ بوون بۆیە بریاردرا بگەرێنەوە بۆ دوڵی
جافایەتی چونکە ئەوێ سەخت و دوورترە لە دوژمن.
بە ھۆی زۆری بەفر لە سەر شاخی پیرەمەگرون بریاردرا لە دوڵی نادر
بگەرێنەوە بۆ قزلەرو، ناچار بووین ئەو بریارە بدەێن و، دۆڵی نادر نزیکە
لە کانە بەردەکانی سەرچناری سلێمانی و، دەوری کاتژمێر چواری ئێوارە لە
قەرەچەتان کەوتینەری و لە پاش چوار پینج کاتزمێر گەیشتینە دۆڵی نادرو
ئەوەندە دوورو درێژ بوو ھەر ئەرۆیشتین و کۆتایی نەدەھات و، ھاورێیان
زۆر ماندوو شەکەت بوون و ھاورێ شیخ رەسوڵ وریا بوو بانگی کردم و وتی
ھەندی لە ھاورێیان خۆیان لێکەوتووەو رێئەکەن و، منیش سەیری ھاورییانم
کرد خەوتبوون و بەدەم خەوەوە رێیان ئەکردو بەو بارودوخە دژوارە
بەردەوام بووین تا گەیشتینە دۆڵی ئەباسان لە نێوان سەرچنارو مێرگە پاان
و لە کازێوەدا دەوروبەری کاتژمێر پێنجی بەیانی کۆمەڵە دارێکمان بەدیکردو
ھەندێ پوش و پڵاشمان ھێناو ئاگرمان کردەوەو ئەو جۆرە کارانەش لەو
کاتانەدا مانای شەر ھەڵگیرساندنە لە گەڵ رژێمی بەعسی عەرەبی دوژمنداو
خۆمان ئامادە کردو وتمان ئێستا تۆپ باران ئەکرێن بەڵام ھیچ رووی نەداو،
لە ماوەی نیوکاتژمێر خۆمان گرم کردەوەو درێژەمان بە رێکردندا تا
گەیشتینە قزلەرو و لەوێ لامان نەدا نەوەک سوپاو جاش و
ھەلیکۆپتەرەکانیان بگەنە ناو دێی وئێمەش شەکەت و ھیلاک بووین و تاقەتی
شەرمان نەمابوو، بۆیە نەوەستاین تا گەیشتینە دێی چوخماخ و لەوێ لە پاش
شازدە کاتژمێر رێکردن پشوومانداو شەویش ھەر لەوێ ماینەوە.
چەند رۆژێک لە ناوچەکە ماینەوەو و سەردانی ئەم دێھاتەمان کود: مێوڵاکە،
ھەردو دێی قەیوان (سەروو خوارو)، گاپیلۆن، گەرەدێ ، مالومە، و
یاخسەمەر، ھەلەدن و لە پاش جەولەیەکی دوورو درێژ گەراینەوە بۆ دێی
وەڵاغ لوو شەو لەوێ بووین و بەیانی زوو بە دۆڵی سەفرەو زەرون گەراینەوە
بۆ ھەرزنەو بیتوش، دەرمان ئاوا، بیوران و بنوخەڵەف تا گەیشتینەوە
بارەگای خۆمان لە زەڵێی.
شایانی باسە ماوەی بیست رۆژ لولەیەک (بازۆکا) و سێ گوللەم ھەڵگرتبوو
زۆر قورس بوون و، بازۆکە چەکێکی کۆنی ئەمریکایە لە جەنگی دووەمی جیھانی
بەکارھێنراوەو ، لە گەرانەوەوە وتم بە ھاورێیان من بەبێ راھێنان و ھیچ
زانیستییەک ئەم لولەیەم ھەڵگرتبوو دەبا گولەیەک بۆ خۆشی بتەقێنین و،
ھەموو وتیان باشەو، کوللەمان خستە ناو لولەکە و فشارم خستە سەر
پەلەپیتکەی شێرە بازۆکاو گوللەکە چروک بوو بەو شێوەیەش گوللەکانی تریش
چروک بوون و، ئەمەش بووە رەخنە لە سەر (نوسینگەی سەربازیی).
٧\١٠\٢٠٢٠
- بەشی
چواردە -
رووداوەکان لە
رۆژانی پێشمەرگایەتیدا.
سیخور : بارەگای حیزبمان لە ساڵی ١٩٨٠ ــ ١٩٨١ لە مەزری نزیک لە دێی
بێتوش بوو من ھاوری حەمە کەریم قەرەچەتانی ( حەمە ساڵح) پێکەوە چووین
بۆ دێی پێتوش و ھەندێ وردەواڵەمان کریی و لە چایخانەی دێکە دانیشتین و
لە پاش کفتوگۆ کردن لە گەڵ دانیشتوانی چایخانەکە سەبارەت بە پرس و
ھەواڵەکانی رۆژ ھەڵساین و بەرەو بارەگا کەوتینەرێ و لە دووری ٥٠ ــ ١٠٠
مەترێک لە بارەگا زەلامێکم دی و وتم ھاورێ حەمە کەریم بروانە ئەو
زەلامە چاکێت و پانتوڵ لە بەرە چۆن سەیری بارەگا ئەکات وابزانم تازە
ھاتوو بۆ پێشمەرگایەتی یان سیخورە نیردراوە بۆ ئەم ناوچەیەو ھاورێ وتی
با لێی نزیک ببینەوەو کە گەیشتینە لای سڵاومان لێکردو زمانی تەتەڵەی
ئەکردو وتی ئەمە بارەگای حیزبی شیوعی عێراقە؟ وتمان بەڵی ئەی تۆ کێێت ؟
وتی لە عێراق لەلایەن سوپاوە گیرا بووم و ھەلم بۆ رەخساو رامکردووەو
بەرەو ماڵەوە بۆ بلوجستانی ئێران ئەرۆم.
ــ ئەی ئەم کتێبانەی دەستت چین؟ وتی من مامۆستام و حەزم لە خوێندنەوەیە.
وتمان فەرموو کاتی نان خواردنە . وتی سوپاستان ئەکەم برسیم نییەو نیازی
وا بروات و، نەمانھێشت وگلماندایەوەو بردمانە بارەگاو ھاوری بەھادین
نوری بەرپرسمان ئاگادر کردەو وتی : بەڵگەتان چییە ئەم کابرایە سیخورەو
ھاورێ حەمە کەریم وتی ھاوری سیروان (ئەحمەد رەجەب) ئەزانێت.
با لێکۆڵینەوەی لە گەڵدا بکەین ، من بووم بە خاوەنی لێپرسینەوە بە
ئامادەبوونی ھاوریی کۆچکردو بەرپرسی عەسکەری ئیسماعیل دیکتاریۆڤ وتم :
راستمان پێ بڵێ لە کوێوە ھاتووتیت؟ بۆچی ھاتوویت؟ ئەم کتیبانەی
راگەیاندنی حیزبی بەعسە و راست ناکەیت وئەڵێت حەزم لە خویندنەو چونکە
لە ھەر کتێبێک ٦ دانەت پێیە و، چیتر ھەیە ھەمووی بخەروو پێش ئەوەی
رووتت بکەێنەوە.
لە وەڵامدا وتی : لە سەربازگەی ژاراوا ھاتووم و، منیان ناردووە بۆ
ئەوەی بزانم ئەو شەرەی نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستان ـ ئێران لە گەڵ
سوپای ئێران لە سەر رێگای شاری بانەو شاری سەردەشت چۆنەو زیانیان چەندە
و، ئەفسەرێکی عێراقی ئەم کتێبانەی پێدام و وتی پرۆپاگەندەی شۆرش و
حیزبی بەعسە بڵاوی بکەرەوەو ھیچی ترم پێ نییەو لە پاش کەمێک وتی رووتم
مەکەنەوە تەنھا پسوڵەی دەرچوون و گەرانەوەم بۆ کراوەو لە دەرپێ ژێرەوە
ھەڵمگرتووە.
پرسیارەکانمان لە گەڵ وەڵامەکانی سیخورەکە دا بە ھاورێ بەھادین نوری و
کابرامان ھێشتەوەو بۆ رۆژی دووەم ئێمە بە مەفرەزەیەک بەرەو دۆڵی
جافایەتی رۆشتین و، پاشان بیستمان ھاورێ بەھادین ئاگاداری برایانی
حیزبی دیموکراتی ئێران ( حدکا) کردووەو لە سەر داوای ئەوان بەرەڵاکراوە.
ھاورێ عەتا ئەناسم : لە گەرمەی تێکۆشان دژ بە دیکتاتۆرییەتی سەدام حسین
و حیزبی بەعس لە دێی زێوەیی بناری شاخی پیرمەگرون بووین و ژمارەمان کەم
بوو لە پاش گفت وگۆ بریاردرا کەمین دابنێن بۆ ئۆتۆمێلێکی جێب قیادەو
ئۆتۆمبیلێکی زیل ئێواران سەربازەکان کۆ ئەکاتەوەو ئەیانباتەوە بۆ
سەربازگەی سوسێ ، ئەوە بوو لە دێ دەرچووین بەرەو رێگای گشتی نێوان
سلێمانی ــ دۆکان شۆربووینەوە و، بریارەکە وابوو ھاورێیان حەمە کەریم و
ھیوا ( محەمەد قادر) بە دوو کلاشینکۆڤ بۆ پردی سەر رێکاکە و ئەحمەد
رەجەب بە (ئار بی کەی) و مولازم ماجد (عەلی مەھدی) کە لە ئێستادا
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراقە بە کلاشینکۆڤێک لە دووری
١٥٠ مەتر لە رێگاکە بۆ پشتگیری و مامۆستا جەمال محەمەد ئەمین و یاسین
قادر (لە شەری سۆێلەمیش) شەھید بوو لە گەڵ ستار عەرەب کە لەو رۆژەدا
نەخۆش بوو ـ ٢ ـ ھاورێی تر (بەداخەوە) ناوەکانیان لە یادم نەماون بە
چەکی جۆراوجۆر لە دووری ٣٥٠ مەتر خۆیان قایم کرد.
ھاورێیان حەمەکەریم و ھیوا گەیشتنە بن پردکە خۆیان حەشارداو لە پاش ١٥
ـ ٢٠ خولەک ئۆتۆمیلێکی بەرازیلی لە رێی گشتی سلێمانی ـ دۆکان لایداو
ھاورێیان زۆر بە پەلە چوونە ناو ئۆتۆمبیلەکەو یەکێکیان بە دەستی
ئاماژەی کرد بچین بەرەو لای ھاورێیانی ترو لەوی ھەمومان یەکمان گرتەوەو
دڵمان خۆش بوو یەکێک لە پیاوەکانی رژێم و ھاوسەرەکەی کەوتنە دەستمان و،
یەکسەر لیژنەیەکمان پێک ھێنا لە ٣ من و مامۆستا جەمال و ئەوی تر لە
بیرم نەماوەو دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە. من کچەکەم ناسییەوەو قوتابی
زانکۆی سلێمانی بوو پێموت : ئەمناسیت وتی نەخێر : لە پیاوەکەمان پرسی
تۆ کێێت و رۆڵت لە حیزبی بەعسدا چییە؟
وتی : ناوم (ع . ا) بەعسی نیم ئاسنگەرم ، وتمان ئەی ئەگەر بەعسی نیت
چۆن ئەتوانن لە رێی سەرەکی لابدەن و بوەستن و خەیرە بەم ئێوارەیە
ھاتوویت؟ ، ئەم کچە بۆ لە گەڵتایە ؟ وتی : من و ئەم کچە حەزمان لە
یەکتر کردووەو جێ شک نابەین لە شار روومان لەم دەشتە کردووەو قەت بەعسی
نەبووم و من ھاورێ عەتا ئەناسم و ئەمناسێت ، لە ناوخۆمان گفتوگۆمان
کردو ئەم پیاوە ئەڵێت ھاورێ عەتا ئەمناسێت ھەردوکیان ئازاد بکرێن. کە
سوار ئۆتۆمبێلەکە بوو بە دەنگیکی بەرز وتی سوپاسی حیزبی شیوعی عێراق و
ھەموو شیوعییەکان ئەکەم جگە لەو ئەبو شواربە و بەدەستی ئاماژەی بۆ
ھاوری حەمە کەریم کرد دیارە ھاوری حەمە کەریم بە دەنگی بەرز قسەی
ناشیرینی پێی وتبوو.
٢\١٢\٢٠٢٠
- بەشی
پازدە -
لە
دولکانەوە بۆ پشتاشان.
لە کۆتایی مانگی نیسانی ١٩٨٢ بارەگای حیزبمان (حیزبی شیوعی عێراق) لە
دێی دولکان بوو من ھاورێ نەسرەدین عابید ھەورامی پێکەوە بووین و
رۆژێکیان نامەیەکی سەرکردایەتی ھات و نەسرەدین نامەکەی کردەوەو وتی لە
سەرکردایەتی داوات ئەکەن بە زووترین کات بگەێتە پشتاشان و، لە پاش یەک
دوو رۆژ کەوتمەرێ بەرەو نۆکان و، لەوێ لە گەڵ ھاورێ ابراھیمی سۆفی (
بابی تارا) یەکمانگرتەوەو ئەویش داواکرابوو، شەو لە نۆکان نووستم کە
رۆژ بووەوە کەوتینەرێ ، من و سێ چوار ھاورێ و دیلێک بە پیادەو بابی
تارا بە سواری ھێستر لە بەر ئازارەکانی قاچی کە لە شەری سنە تووشی بوو،
بۆ ئێوارە گەیشتینە پشتاشان و، لەوێ ھاورێ بابی تارا بوو بە لێپرسراوی
جولە پێکردنی سەربازی ( حرکات عسکریە) و، منیش بۆ راگەیاندنی ناوەندی ـ
بە شی سەربازی (پێشمەرکاتی) لە گەڵ ھاورێیان شاعیری گەورە گەلەکەمان
ئەحمەد دڵزارو ئەفراسیاو سدیق شاوەێس (حەمە رەشید) و ھاوری سەلیم
ئیسماعیل ( ابو عوگف) ئەندامی کۆمیتە ناوەندی بوو بە بەرپرس.
لە گەرمەی ھاویندا لە سەرەتای مانگی ئاب ١٩٨٢ کۆمەڵێک لاوی ھەولێرو
دەورو بەری ھاتن بۆ پێشمەرگایەتی و، ئەو کات ھاوری بابی سەلام (
بەھادین نوری) بەرپرسی سیاسی ھێزی پێشمەرگە بوو ھات بۆ لام و وتی :
خەلکێکی زۆر پەیوەندییان کردووەو پێویستە ببیت بە لێپرسراوی سیاسی و،
وتم ئەی ئیشەکەی راگەیاندن یەکسەر بەبێ وەستان وتی ئەبێ ھەردووکیان
ئەنجام بدەێت و حاریکی تر وتم ئەی ھاورێ ابو عواگف بەرپرسم رازی ئەبێت
؟ وتی خۆم قسەی لە گەڵدا ئەکەم.
سکرتێرو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ناوەندی و بەشی سەربازی و راگەیاندن
پێکەوە بووین و، خێوەتی ئەوانەی لە ھەولێرەوە ھاتبوون زۆر نزیک بوون و
ئێمە ٣ ھاورێ بووین بۆ یارمەتیدانیان : ئەحمەد رەجەب (سیروان) بەرپرسی
سیاسی، مولازم حامد بەرپرسی عەسکەری و عبودە رەش بەرپرسی ئیداری.
لە مانگی ئاب ( ئۆگۆستی) کۆبوونەوەی فراوانی کادری حیزبیی (سیاسی و
سەربازی) کراو، لە کۆتاییدا ھاورێیان گەرانەوە بۆ سەر کاروباری خۆیان و
منیش ئەو دەرفەتەم قۆستەوەو داوام لە ھاوری بەھاءالدین کردو وتم : گەر
بکرێت بۆ یەک مانگ مۆڵەت وەربگرم و برۆم بۆ شارباژێرو ھەوڵبدەم ھەواڵی
خێزانەکەم و کەسوکارم بزانم ، ھاورێ وتی برۆ بەڵام ھەوڵبدە زوو بە زوو
بگەرێتەوە.
لە پشتاشان ھاورێ سلیمان یوسف ئیستیفان (ئەبو عامل) بەرپرسی سەربازی
پێشمەرگەکانی حیزب وتی ئەم دوو ھاورێیە لە گەڵ خۆت ببە بۆ شارباژێرو
لەوێ بیاندە بە دەست ھاورێیانی بەرپرسی رێکخراوەکانی شارەکان ( مەدەنی)
لە ناوچەکەداو، بەیانی زوو دوو ھاورێکە ئامادە بوون : عەلی عۆدە
ئەلعەقابی ( ئەبو پراڤد) ١ و، سامی عەبدولرەزاق ئەلجبوری ( ئەبو عادل)٢
و، کەوتینەرێ بەرەو نۆکان و شەو لەوێ لای ھاورێیان ماینەوەو، لە رۆژی
دواتر بەرەو دولکان رێگامان گرتەبەرو ئێوارەگەیشتین و لەوێ دوو شەو
ماینەوە.
ھاوری ئەبو پراڤدا بۆ یەکەمین جار ئەو رێگا سەختانە ببێنێت و، زۆر
ھیلاک بوو ، لە پاش دوو رۆژ ئێوارەیەکی درنگ گەیشتینە دێی چاڵە خەزێنەو،
خۆشبەختانە تەراکتۆرێک شتومەک و کاڵای ئێرانی بارکردبوو بەرەو سنووری
چوارتا ئەرۆیشت و ئێمەش بە سواری تەراکتۆر گەیشتینە شوێنێک و تراکتۆر
پەکیکەوت و، ھەواڵی ھاورێیاانمان پرسی یەکێک خەڵکی ناوچەکە وتی
ژمارەیەکی زۆر لە ھاورێیانتان بەرەو چنگیان ئەرۆیشتن و، ئێمەش نزێک
بووین ھەر چۆنێک بوو لە نیوە شەودا گەیشتینە چنگیان و روومان کردە
مزگەوت و ھاورێی پاسەوان بەدەنگێکی بەرز وتی: کێی زەلام ؟ منیش وتم
ھاورێ خۆمانین و دەنگی یەکترمان ناسی و ھەندێ ھاورێ ھاتن بە پیرمانەوەو،
چوون بەتانیان لە ماڵێک بۆ ھاورێیان ئەبو پراڤداو ئەبو عادل ھێناو منێش
لە گەڵ ھاوری ( مامۆستا خالد) ٣ پشتمان نا بە پشتی یەکترەوەو نووستین و
کە رۆژ بووەوە نان و چای پەیانیمان خواردو ھەردوو کادریرەکەی حیزب
تەسلیم بە ھاورێ خالد کردو وتم نامەیان پێیەو، منیش ھەواڵی ماڵی ھاورێ
نەسرەدینم پرسی وتیان لە باراوەو پاشان من بەرەو باراو کەوتمەرێ و
ھاورێیانم بەحێھێشت و گەیشتمە باراوو لەوێ بە یارمەتی ھاورێیان لە پاش
دوو رۆژ دایکم ھات.
دوای دوو رۆژ من و ھاورێ شیخ رەسول لە باراو بەرەو دێی بەزێنان
کەوتینەری بۆ ئەوەی فریای ئۆتۆمبیل بکەوین و دایکم بگەرێتەوە بۆ
سلێمانی ، لە نزیک دێی شوکێ دوو ھەلیکۆپتەر دەرکەوتن زوو من و شیخ
رەسوڵ چووینە بن دارێکی بچوک و بە دایکم وت تۆ بەردەوام بەو برۆ ناو دێ
و خۆت بکە بە ماڵێکداو بەڵی دایکی پێشمەرگەم و،ھەلیکۆپتەرەکان دوو سێ
دەسترێژی لە دەوروبەری دێی وەندرێنە کردو ناوچەکەیان بە جێھێشت و ئێمەش
( من و دایکم و شێخ) بە سەلامەتی گەیشتینە دێی بزەینان و لەوێ ناچار
بووم و بە پیکاپێکی پر لە بار دایکم ناردەوە بۆ سلێمانی و خۆشم لە گەل
شیخ رەسوڵ بەرەو دێی گورگەیەر رۆیشتین و لەوێ مامەوە و کاکە شیخ
ژورێکی لە مالێک بە کرێ گرتبوو، لە پاش ھەفتەیەک چوومە دێی سیتەک بە
یارمەتی و چاوساغی ھاورێیان ئارام عەلی و شەھید ئاسو نایب و مەفرەزەیەک
لە پێشمەرگەکانی حیزب بە سەلامەتی لە جادەی سلێمانی ـ چوارتا پەرینەوەو
شەو لە دێی خەمزە نووستین و دوای خواردنی نان وچای بەیانی کوتینەری
بەرەو گاپیڵون و دۆڵی جافایەتی و شەو لە مالومە ماینەوەو لە پاش نیوەرۆ
لە دێ دەرچووین و بۆ ئێوارە گەیشتینە ولاغ لوو شەو لەوێ ماینەوەو لە
پاش خواردنی قاوەڵتی بە چەمی سەفرەو زەرون شۆربووینەوە و گەیشتینە سەر
ئاوی زێی بچوک و پەرینەوە بۆ دێی ھەرزنەو چووینە دێی ئەشکان ولە پاشان
دێی بێتۆش و من لە مەفرەزەکە جیابوومەوە چووم بۆ بارەگای حیزب لە دێی
دولکان.
لە دولکان بیستم ھێزی پێشمەرگەی حیزب دابەش کراوە بە سەر سێ مەڵبەند (
بادینان ، ھەولێر ، سلێمانی و کەرکوک و ھاورێ بەھاءالدین نورێ بووەتە
بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک و، ھاورێ بەھا وتی لێرەبەو مەرۆ بۆ
پشتاشان و وتم حەز ئەکەم لیرە بمێنمەوە بەڵام ئایا ھاورێیان لەوێ رازی
ئەبن و، ھاورێ وتی خۆم چارەسەری ئەکەم.
______________________________________________
تێبینیی:
١ ــ عەلی عۆدە ئەلعەقابی ( ئەبو پراڤد) کادرێکی
لێھاتوو ، بوو بە ئەندامی کۆمیتەی حیزبی شیوعی عێراق. ھاورێیەکی ئازاو
پێشمەرگەیەکی چاونەترس جوامێرو لەخۆبوردو ھەمیشە ئامادە بوو خزمەتی
خەڵک بکات و لە رووی ئەکادیمییەوە بەڵگەنامەی دکتۆرای ھەبوو مامۆستای
زانستە سیاسییەکان بوو لە کۆلیجی زانست لە زانکۆی موستەنسرییە و، لە
پاش نەخشییەکی سەخت کۆچی دوایی کرد.
٢ ـ سامی عەبدولرەزاق ئەلجبوری ( ئەبو عادل) کادرێکی پێشکەوتوو لێھاتوو
قسەخۆش و پێشمەرگەیەکی ئازاو یە ساڵی ١٩٧٨ چەکی مەردایەتی دژ بە رژێمی
دیکتاتری سەدام حسەێن و حیزبی بەعسی عەرەبی ھەڵگرت و لە سوید کۆچی
دوایی کرد.
٣ ـ مامۆستا خالد ( سلاح الدین حەسەن) ئەندامی مەکتبی محەلی پاریزگای
سلێمانی و کادری بە تواناو پێشمەرگەیەکی ئازاو چالاک و یەکێک بوو لە
قارەمانەکانی داستانی قزلەرو، لە پاش پرۆسەکانی ئەنفالی چەپەڵ و بۆ
راپەرندنی ئەرکەکانی حیزب لە ناو شاری سلێمانی گیراو شەھید کرا.
- بەشی شازدە -
وەرن بۆ
پشتاشان چەک وەربگرن.
ھاورێ عەدنان عەباس ئەلکوردی(١) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی
عێراق لە رۆژێکی ساردو بەفراوی بانگھێشتی من و بابی تارای کرد بۆ نان
خواردنی نیوەرۆو ئەوکات ماڵیان لە گوندی دولکان بوو نانمان خواردو لە
گەرمەی قسەوباس بووین و وتم قەت ئەم رۆژە لە یاد ناکەم ورێکەوتێکی
جوانەو بروانە ١٢/١٢/١٩٨٢ وەو لەو کاتانەدا ھاورێیەک لە بارەگای حیزب
ھات و نامەیەکی دا بە ھاورێ بابی تاراو ونامەکەی ھەڵیپچرێ وخوێندییەوەو
سەرکردایەتی حیزب لە نامەکەدا ئەڵێت بە زوترین کات وەرن بۆ پشتاشان چەک
وەربگرن.
گەراینەوەو شەو لە گەڵ بابی تارا باسی ئەوەمان کرد کێ بنێرین بۆ
وەرگرتنی چەک و ھاوکات ژمارەمان زۆر کەم بوو زۆربەی ھاورێیان لە گەڵ
ھاورێ بەھاءالدین ( بابی سەلام) رۆیشتبوون بۆ کردنەوەی بارەگای حیزب لە
گوندی حاجی مامەند و، لە نێوان قسەو باسدا وتم خۆم ئەرۆم و یەکسەر
ناردمان بە دووای بەرپرسی پێشمەرگەکان و وتمان کەسێک ئامادە بکە بەیانی
زوو ئەرۆێن بەرەو پشتاشان و باشتروایە ھاورێ عەبدولکەریم سەید عەلی بێت
و ھەرئێستا گوریس و ھێسترو کورتانەکانیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بەیانی
شپرزە نەبین.
بەیانی زوو خۆمان بە باشی پێچایەوە بۆ ئەوەی سەرما کارماتێنەکات بە
سواری دوو ھێستر من و عەبدولکەریم بارەگای حیزبمان لە گوندی دولکان
بەجێھێشت و کە لە شاخی زەردگ سەر کەوتین سەرماکە وەک گوێزان وابوو ترسی
رەنوومان ھەبوو چونکە ساڵانە ژمارەیەک کەس ئەبنە قوربانی و بەناو بەفرو
سەرما بۆ پاش نیوەرۆ گەیشتینە بارەگای حیزب لە نۆکان و، یەکسەر پێش
ئەوەی خۆمان نان بخۆێن تورکە پر لە ئاڵف کاوجۆ کردە مل ھێسترەکان.
شەو لە نۆکان ماینەوەو رۆژی دواتر بەیانی زوو کەوتینەرێ وبەفر زۆر بوو
ئێوارە گەیشتینە پشتاشان و لە پاش پشوودان ھاورێیەک ھات و وتی : ھاوری
سلێمان یوسف ئیستیفان ( ئەبوعامل) ئەیەوێت بتبینێت و، منیش چووم و زۆر
بە تورەییەوە وتی تۆ مۆڵەتت وەرگرت بۆ یەک مانگ بەڵام وا دوو مانگ
زیاترەو، منیش بۆم روونکردەوە و وتم ھاورێ ئەبو سەلام منی گلدایەوەو
وتی خۆم ئاگاداری ھاورییانی سەرکردایەتی ئەکەم وپیویستیمان بە تۆیە و
لە دولکان مامەوەو ئێستاش ھاتووم چەک بۆ مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک
وەربگرم و، ھاورێ ئەبو عامل بەرپرسی گشتی ھەموو پێشمەرگەکانی حیزب بوو
تێکۆشەرێکی ناسراوبەڵام زۆر وشک بوو بە منی وت برۆ بۆ لای ھاورێیانی
راگەیاندن و لەوێ بمێنەوەو خۆمان چەک رەوانەی سلێمانی ئەکەین و،منیش
وتم حەز ناکەم لە راگەیاندن بم و ئەگەرێمەوە بۆ سلێمانی و ئێستا
ئەمەوێت برۆم پشوو بدەم و بەیانی قسەی ئەکەین و دەرچووم و ، شەوێکی
خۆشم لە گەڵ ھاورێیان بە سەربردو بەیانی پاش نانخواردن چووم بۆ لای
ھاورێ ئەبو عامل چەکمان بداتی و وتی ئیشی تۆ لە راگەیاندنەو باسی چەک
مەکەو، منیش چووم بۆ لای ھاورێیانی سەرکردایەتی کەریم ئەحمەد ( ئەبو
سلیم ) ئەحمەد مەلا قادر بانیخێلانی ( ئەبو سەرباز) و وتم خۆتان ئەزانن
ھاورێ ئەبو سەلام چۆنەو ئەو منی گلدایەوە و خۆشم حەز ئەکەم لە سلێمانی
بم و نامەوێت لێرە بم و ئەبو عامل ئەیەوێت بە زۆر بمھێڵێتەوەو ئەلێـت
تۆ یاخی بوویت و داواکارم یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبم و
حەزناکەم چیتر ئەبو عامل بدوێنم.
ھاورێیان قسەیان لە گەڵ ئەبو عامل کردو وازی ھێناو لە کاتی چەک وەرگرتن
کاتێک وتم سلێمانی لەمەشیان بەختی نییەو کام چەک خراپە ئەیدەن بە ئێمەو
ئەبو عامل ھەڵچوو وتی بۆت نییە ئەوە بڵێت ئەی کامە باشەو، منیش وتم بە
ھێمنی قشە بکەین باشترە و ئەزانن چەک یەکەم جار ئەگاتە بادینان و بەشی
خۆیان بە زیادەوە وەر ئەگرن و پاشان ئەگاتە پشتاشان و ئینجا بەشی
سلێمانی و کەرکوک جیائەکەنەوەو ئەوەش قسەی من نییەو ھەموو جارێک
وتراوەو ھەرچۆنێک بوو سێ بار چەکیان دا بە ئێمەو وتم ئێمە دوو ھێسترمان
پێیەو، ھاورێ ئەبو عامل نیازی وابوو دووبار ببێن و بۆ ئەوەی تریان
جاریکی تر بگەرێنەوە بۆۆ پشتاشان و منیش وتم چەکەکانمان بدەرێ خۆمان
چارەسەری ئەکەێن ، بە ھەر حاڵ لە ئەبو عامل رزگارمان بوو.
بە یارمەتی ھاورێیان ( بابی سەلیم و بابی سەرباز) ھێسترێکمان وەرگرت و
خۆۆمان ئامادە کردو شەو ئەبو عامل ھات و وتی کۆمەڵێک پێشمەرگە بۆ
سلێمانی گوازراونەتەوەو ئەمەش ناوەکانیانە بیانبەن و، منیش وتم ئێمە
بەیانی زوو ئەرۆێن و پێویستە ئامادە بن و ھەرکەس زوو نەیەت ئێمە
بەجێئەھێڵین.
رۆژ بووەوەو نان و چامان خواردو چەکەکان بارکران و کۆمەڵێک پێشمەرگە
ھاتن و ژمارەیان ١٦ کەس بوو منیش وتم زۆر ساردەو رێگاوبان بەفرو
شەختەیەو دوورە ئەوەی ناتوانێت لێرە بمێنێتەوەو پاشان کەوتینەرێ و
ھەرچۆنێک بوو گەیشتینە نۆکان و، رۆژی دواتریش لە نۆکان گەیشتینە گوندی
بێوران و بەفر زۆر بوو لەوێ خەڵکی گوند وتیان بە شاخدا ناتوانن برۆن و
رێگای ماشینیش ( ئۆتۆمبیڵ) لە بەر نزیک بوونی لە سەردەست ئاسان نییە و
سوپای ئێران چاودیری رێگاکە ئەکات.
بیوران نزیکە لە شاری سەردەشت و ھەروا لە کێلێ کە ئێستا بووەتە دەروازە
لە نێوان کوۆدستان وئێرانە و نزیکە لە قەڵادزێ و بە ھۆی قاچاغچێتی
حیزبی بەعس کەسانی خۆی بە ئاسانی خزاندووە ناو ئەم گوندەو مانەوە لێرە
ترسناکەو جگە لە ھاورێ عەبدولکەریم ھەموو ھاورێیان عەرەبن بۆیە سێ کەسم
لە گوندەکە دۆزێیەوە بە کرێ بەیانی زوو لە گەڵ ھێسترو بارەکانیان تا
دێی دەرمان ئاوا ھاوکارمان بن و ھاورێ عەبدولکەریم سەرپەرشتی ھاورێیان
بکات و لە سەرشاخ بگەنە گوندی دەرمانئاواو، رۆژی داھاتوو شەفەق
عەبدولکەریم و ھاورێیان چوون و من و سێ کەسەکەو ھێسترو بارەکان بە
رێگای ئۆتۆمبیل و لە رێگای مەترسیدار دەرباز بووین و گەیشتینە دەرمان
ئاوا.
لە دانیشتوانی گوند زانیمان ھێستر بە بارەوە ناتوانێت بەناو بەفری شاخی
زەردگ بروات و رێگاکە بە ھۆی رەنوو کردن ( ھەرەس) زۆر ترسناکە. شەو
ھەشت کەسمان بە کرێ گرت و بۆ بەیانی ھاورێیانم کۆکردەوەو وتم ئەم
رێگایە ترسناکەو ئەوەی گورجوگۆڵ نەبێت ئەکەوێتە ژێر بەفرو پێویستە
ھەموو وریابن و یارمەتی یەکتر بدەن و پاشان شەمەندەفەرەکەمان (
ھاورێیان و کەسانی بارھەڵگرو ھێسترەکان) بەبێ بار کەوتەرێ و زۆر بە
سەختی و ناخۆشی گەیشتینە بارەگای حیزب لە گوندی دولکان و ھاورێ بابی
تارا بیرۆکەکەی بەدڵ بوو کە چەکەکان بە کۆڵبەر گەیاندە بارەگای حیزب.
٣\٣\٢٠٢١
_____________________________________________
بەشەکانی
٩،
١٠، ١١، ١٢:
www.emrro.com/wanekanijiyan9101112.htm
بەشەکانی
٥،
٦، ٧،
٨:
www.emrro.com/wanekanijiyan5678.htm
بەشەکانی ١،
٢، ٣، ٤:
www.emrro.com/wanekanijiyan1234.htm
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|