٥\٧\٢٠٢١
وانەکانی ژیان.

ئهحمهد رهجهب
- بەشی
هەڤدە -
لە دولکانەوە بۆ
حاحی مامەند.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٣ بە ھاتنی ھاورێیانی نوێ لە دەرەوەو مەڵبەندەکانی
بادینان و ھەولێر ژمارەمان لە ھەڵکشان بوو بۆیە بریاردرا بارەگای حیزبی
شیوعی عێراق لە دولکان بگوێزرێتەوە بۆ بارەگای مەلبەندی سلێمانی ــ
کرکوکی حیزب لە دێی حاجی مامەندو لە گەڵ ھاورێ ابراھیمی سۆفی محمود (
بابی تارا) کە ھێشتا لە بەر ئازاری برینەکانی کە لە شەری سنە تووشی بوو
بوو ئەیناڵاند چۆنێتی رویشتنمان باسکردو ھاورێ جەلالی عەلی دەوڵەت {
شێرزاد} پێشمەرگەی ئازاو گورجوگۆل دەستنیشاکرا بۆ یارمەتیدانمان.
بەیانی زوو رژی ٤/١/١٩٨٣ ھاورێیان ( ژمارەیەکی زۆر ژنان) بوون ئامادە
بوون و چوار ھێستر بارکران و بەناو بەفرو شەختەو سەھۆڵبەندان و سەرماو
سۆڵەو بەناو خاکی رۆژھەڵاتی کوردستان بەرێکەوتین وکزە بایەکی سارد گڤە
ئەھات و مرۆڤی ھەراسان ئەکردو کە گەیشتینە دێی خەجەک ( خەرجک) شاخی
گمۆی ماوەت دەرکەوت و فرۆکە جەنگییەکانی سەدام حوسەێنی دیکتاتۆر و
حیزبی بەعسی عەرەبی لە بۆمبارانی شارەکانی ئێران و کوردستان
ئەگەرانەوەو، ھیلاکی بە دەموچاوی ھاورێیان دیاربوو بۆ لای ئێوارە
گەیشتینە دێ نێوران سەر بە شاری بانە.
برادەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ـ ئێران ( حدکا) بە گەرمییەوە
پێشوازییان لێکردین و زوربەیان ھاورێ بابی تارایان ئەناسی بارەکانمان
لە لای ماڵێک داگرت و، ھاورێیان دابەش بوون بە سەر ماڵەکان بۆ
نانخواردن و. من وبابی تارا بووینە میوانی بەرێز ھاشم کەریمی ئەندامی
کۆمیتەی ناوەندی ( حدکا) و شەوێکی خۆشمان بە سەربرد.
لە رۆژی داھاتووداو لە پاش قاوەڵتی خواردن ھێسترەکان بار کران و
کەوتینەرێ و، رێگاکە بوو بوو بە سەھۆڵبەندان و ھەندێ لە ھاورێیان بەم
لاو ئەولا ئەکەوتن و گەیشتینە جێیەکی زۆر لێژو ترسناک و ئامۆژگاری
ھاورێیانمان کرد زۆر وریا بن و لەو کاتانەدا ھێسترێک بە بارەوە
خەلیسکاو لە بەرزی شەش و حەوت مەتر کەوتە خوارەوەو زوو لە گەڵ چەند
ھاورێیەک فەریا کەوتین و ھێسترەکە زیانی پێگەیشتبوو ناچار بووین
بارەکەی بە سەرخۆماندا دابەش بکەێن و ھەرچۆنێک بوو گەیشتینە دێی
چەمپاراو لە مزگەوت باری ھێسترەکانمان داگرت و لە سەر ماڵان دابەش
بووین و بۆ نوستن سەرو بەتانیمان لە ماڵان وەرگرت.
بەفر زۆر بوو رێگای شاخی سورەبانی بریبوو ھاتوچو لە نێوان چەمپاراو
چاڵە خەزێنە نەمابوو چوار رۆژ ماینەوە بەیانی و نیوەرۆو ئێوارەو سێ ژم
خواردن بارقورسی بوو بۆ دانیشتانی دێ بۆیە لە گەڵ ھاورێیان بابی تاراو
شێرزاد باسی دێی چەمپاراومان کردو بە ھۆی ئەوەی ئەکەوێتە سەر سنووری
ھەردوو وڵات عێراق وئێران دوور نییە دوژمی ھەردوولا کاسەلێسی خۆیان
خزاندبێتە ناو دێکەو باشتروایە ھەوڵ بدەین لێرە دەربچین و، رێکەوتین
بەیانی زوو ھاوری شێرزاد لە گەڵ ھاورێیەکدا برۆن بو چاڵە خەزێنە و
ھێسترێک بە کری بگرن و بێنەوە بۆ سەرشاخ و ئێمەش چەند کەسێکی شارەزا لە
دێکە بە کرێ ئەگرێن و یارمەتیمان بدەن تا سەر شاخ و خەمی سەرەکیمان
بابی تارا بوو چۆن بگاتە سەر شاخ.
لە رۆژی پێنجمدا ھاورێ شیرزاد و ھاورێیەکی تر چون و ئێمەش بە یارمەتی
کەسانی ناو دێ ھێسترەکانمان بار کردو کەوتینەرێ و بابی تارا زۆر
ئازایانە تا سەر شاخ بە پیادە ھات و لەوێ ھاورێ شیرزاد ھێسترێکی
ھێنابوو لە سورەبان بەرەو خوار شۆر بووینەوەو زۆر ناخۆش بوو گەیشتینە
دێی چنارەو لەوێ ماینەوە بۆ رۆژی داھاتوو گەیشتینە بارەگای مەڵبەندی
سلێمانی و کەرکوکی حیزب لە دێی حاجی مامەندو شایانی ئاماژەیە مەڵبیندی
یەکی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لە ھەمان دێ بوو..
٩\٣\٢٠٢١
- بەشی هەژدە -
تێکۆشان لە
پێناوی وشە.
پاش ئەوەی رژێمی دیکتاتۆری ھەموو دەرگاکانی بەرووی چالاکی ئەدیبان و
نووسەرانی پێشکەوتنخواز لە کوردستان داخست و بە ھەموو شێوەیەک کەوتە
ھەوڵدانی سرینەوەی ئەدەبی پێشکوتخوازی کوردی لەلایەک و, لەلایەکی ترەوە
پشتگیرکردن لە بیری شۆڤەنیستی ودواکەوتن و, دوژمنیاتیکردنی گەلی کوردو
زمانی کوردی و نەمانی یەکێتی نووسەرانی کوردو، لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ ئەو
یەکێتییە چالاکانە پەرەی بە ئەدەب و رۆشنبیریداو قەت نەچووە ژێر رکێفی
فاشیستەکان و ئەوان دیانوێست ببێتە زورنایەک لە زورناکانی پیاھەڵدان و
پروپاگەندەی بەعسیان.
نووسەرو ئەدیبانی کور دبە بوغزو توورەییەوە دژی بریارەکانی بەعس
بوونەوەو ئەوەش لە دوو خاڵدا دەردەکەوێت : یەکەمیان ژمارەی ئەو
کوردانەی کە چوونەتە ناو ئەو یەکێتیە کە حیزبی بەعس دروستیکردووە گوایە
یەکێتییەکە بۆ ھەموو عێراقییەکان لە پەنجەکانی دەست تێناپەرن و
دووەمیان بانگەوازێک لەلایەن ژمارەیەک لە نووسەرو ئەدیبانی پێشمەرگە بۆ
نووسەران و ئەدیبانی کورد لە ٣ ی کانونی یەکەمی ١٩٨٠ بڵاوکرایەوەو لە
گەڵ بانگەوازەکە ( دەستەی کاتی یەکێتی ئەدیبانی کوردستان) راگەیەنرا
وەک درێژەپێدان بۆھەمان ئامانجی پیرۆزی { یەکێتی ئەدیبانی کورد} و
ھەروا بەشدارییەکی ئەدیبانی کوردە لە شۆرشی نوێی گەلی کورد بە تایبەتی
و گەلی عێراق بە گشتی و لە بانگەوازەکە ھاتووە:
ھیچ نەماوە تەنھا بەرنگاربوونەوەی توندوتۆڵ دژ بەو کردارانەی بەعسییە
فاشیستەکان نەبێت و، بە پاکی ومتمانەوە شان بە شان لە گەڵ رۆشنبیرانی
گەلەکەمان بەرگری لە باوو نەریتی پیشکەوتنخواز بکەێن وەک چۆن ئەدەب و
رۆشنبیری بە درێژای مێژوو پارێزی لێکردووەو، بانگەوازەکە بەروونی ئەوە
دەخاتەروو کە دروستبوونی ئەم یەکێتیە بە ئامانجی پاراستنی { ئەدەب و
ھونەری پێسشکەوتووخوازی نەتەوەکەمانە} و، دووربێت لە چەواشەکردن و
تایبەتمەندی رەسەنی نەتەوایەتی بپارێزێت و قووڵتر بکرێتەوە و بەرنگاری
ئەدەب و ھونەری دوواکەوتوو ببێتەوە کە ھەوڵدەدەن بۆ چەواشەنەکردن
وپەرەدان بە رەگەزپەرستی و تیرۆرو تاوان و دەیانەوێت موراڵ وئەخلاق
ونەریتیسەدەکانی ناوەراست و تاریکستان لە کوردستان و ھەموو عێراق بڵاو
بکەنەوە
لە دوای کردەوەکانی رژێمی دیکتاتۆری حیزبی بەعس دەستەی کاتی ب
نووسەرانی شاخ کەوتەکارکردن و لەم بەرێزانە پێکھاتبوو : ئەحمەد دڵزار،
محەمەد عەباس ( حاجی مەمۆ) ، رەفیق سابسرو ھەڤاڵ کوێستانی ئەبو بەکر
خوشناو، زەنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداو، لە کۆبوونەوەیەکدا
بریاردرا دەستەی دامەزرێنەر کۆبکرێتەوەو ورێخراوێکی ئەدەبی سەربەخۆ بۆ
ھەموو نووسەرانی شاخ بەبی جیاوازی بیرو بۆچوون و حیزبایەتیەتیان
پێکبھێنرێت و ناوی { کۆمەڵەی نووسەرانی کوردستنان } بێت و، لەو
کۆبەەنەوەیەدا ئەمانە ئامادە بوون : ئەحمەد دڵزار ، رەفیبق سابیر،
حوسەێن بەفرین ، محەمەد رەنجاو ، عەباس محەمەد ( حاجی مەمۆ) ، شەھاب
عوسمان ، ھاشم کۆچانی ، ئەبو بەکر خۆشناو ، فەرید ئەسەسەرد ، ناسر
حەفید ، ئەحمەد رەجەب، ئەرسەلان بایزو ھەڤاڵ کوێستانی و، ھەر لەو
کۆبووننەوەیەدا بریاری دەرکردنی گۆڤارێک بە ناو { پێروو} دراو ، ژمارە
یەکی لە ئازاری ١٩٨٠ بڵاوکرایەوە و لە پاڵ وتاری ژمارەکە بانگەوزازی
دەستەی کاتی بۆ نووسەران و ئەم بابەتانەی تیادابوو : شیعری بەرەنگاری ـ
ئەبو بەکر خۆشناو،ئەدەب و شۆرش ـ محەمەد رەنجاو, چاوپێکەوتن لە گەڵ
شاعیر سۆڤێت یەڤەشینکۆ ( وەرگێران) ، دەربارەی رەخنە لە فارسییەوە ،
ژانی برسییەکان ـ شاعیری شەھید جەمیل رەنجبەر ( پێشمەرگەی یەکێتی بوو
لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٠ شەھید بوو) ، چوار ھۆنراوە ـ رەفیق سابیر، چوار
ھۆنراوە ــ ھەڤاڵ کوێستانی ، دوو ھۆنراوە ـ مامە نالە، ھۆنراوەیەک بۆ
شەھیدی شیوعی وھونەرمەند موعتەسەم عەبدولکەریم ـ رەحیم عەزیز ، دوو
ھۆنراوەی شاعیری ئێرانی خەسرەو گوڵسورخی ـ وەرگێرانی بابی ئازاد ،
دۆزەخ ( چیرۆک) فەرید ئەسەسرد، دوو چیروک زەکریا تامر ـ وەرگێرانی کاکە
باس لە عەرەبییەوەو ، لە چیرۆکەکانی چیرۆکنووسی ئێرانی شەھیدی نەمر {
سەمەد بەھرنگی ــ بەدەستی شای ئێران و دەزگای ھەواڵگیری ساواک ـ لە
رباری ئاراس خنکاو شەھید کرا} ــ وەرگێرانی ئەحمەد رەجەب لە فارسییەوە.
سەرەرای گیروگرفت و کێشەی زۆر دەستەی کاتی توانی ( پرۆژەی پەیرەوی
ناوخۆی یەکێتی ئەدیبانی کوردستان) ئامادە بکات و گۆڤارەکە لە ( پێروو
بۆ نووسەری کوردستان) بگۆرێت و ، ئەمجارەشیان بە شێوەیەکی باشترو و
ھەروا ناوەرۆکێکی دەوڵەمەندوبڵاوکرایەوەو، ناوی یەکێتییەکەش بوو بە {
یەکێتی ئەدیبانی کوردستان}.
کۆمەڵەی کوردستان:
لە ھاوینی ١٩٨٤ ئێمەی نووسەرو رۆژنامەوانانی پێشمەرگە لە بنکەی
پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وشکەناو لە نێوان خۆرنەوەزان و
ئەحمەدئاوا کە لە ھەمان کاتدا بارەگای لقی سێی پارتی بوو
کۆبوونەوەیەکمان کردو، لەو کۆبوونەوەیە دا ئەم برایانە ئامادە بوون :
سەید فەتحوڵلا کاکەیی کارگێری لقی سێ ، ئازاد قەرەداغی ـ ئەندامی
کۆمیتەی ناوەندی پارتی و بەرپرسی لقی سی، مامۆستای پەروەردەو نووسەرو
ھونەرمەند فەھمی کاکەیی ، پێشمەرگەی شاعیر رزگار کاکەیی ( وێڵ) ولە
حیزبی شیوعی عێراق ئەحمەد رەجەب و, ، لەوێدا بریاری دروستکردنی کۆمەڵەی
نووسەرو رۆژنامەنووس و ھونەرمەندانی پێشمەرگەی دیموکراتی عێراقمان داو،
ئەم کەسانە بوونە دەستەی سەرۆکایەتی : عەبدوڵلا قەرەداغی ( فازل) سەرۆک
، مامۆستا فەھمی کاکەیی و ئەحمەد رەجەب و، گڤاریکمان بەناوی ھەڵمەت
دەرکرد و پێناسەکەی : ھەڵمەت گۆڤارێکی وەرزییە ـ لقی کەرکوک و سلێمانی
{ کمەڵەی نووسەرو رژنامەنووس و ھونەرمەندانی پێشمەرگەی دیموکراتی عێراق
بە کوردی و عەرەبی دەری دەکات} وئەم کەسانە بوونە دەستەی نووسەران:
عەبدوڵلا قەرەداغی ( فازل) ، مامۆستا فەھمی کاکەیی و ئەحمەد رەجەب.
______________________________________________
تێبینیی:
پەرتووکی: ئەو رۆژانەی
نیشتمان ھی ھەمووان بوو ـت ھەڤاڵ کوێستانی.
ئەرشیفی رێزدار مامۆستای پەروەردە و نووسەر و ھونەرمەند فەھمی کاکەیی.
١٤\٤\٢٠٢١
- بەشی نۆزدە -
لە حاجی
مامەند بووم.
لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٣ گەیشتمە بارەگای حیزب لە دێی حاجی
مامەندو ھاوکات بارەگای مەڵبەندی یەکی یەکێتی نێشتمانی کوردستان (ینک)
لەوێ بوو بە ھوێ لووتبەرزی (ینک) وسیاسەتی قورخکاری نێوان ینک وپارتی (
پدک) کە ینک ناھێڵیت پدک بێتەوە ناوچەکانی سلێمانی و بە شێک لە
ناوچەکانی ھەولێرو پدک رازی نابێت ینک بچێتە ناوچەکانی بادینان و
بوچوونەکانی حیزبی شیوعی عێراق (حشع) وەک ئەندامێکی بەرەی جودھەوڵی
دەدا ئالوزی وناکوکی لە نێوان لایەنەکان نەمێنێت.
ینک بە ھوێ کەسانی گومراوو ئاغاو دەرەبەگ بەشێکی باڵادەست بوو لە
دروستکردنی ئاڵوزی و، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠ وە دەستیانکرد بە
پروپاکەندەی ھیچ و پوچ بۆ نموونە لە ئایاری ھەمان ساڵد لە رۆژێ ١ ئایار
بۆ سوکایەتی پێکردن بەرپرسێکی یەکێتی لە وتارەکەیدا شەکری شکاندو وتی
ئێمە ( داڵدەی !؟) حیزبی شیوعی عێراقماندا داوە وەک بڵێت کوردستان
تەنھا موڵکی ئەوانەو، ئەو گەرەلاوژەیەی ئەو بەرپرسە دەنگیدایەوە ناو
رێکخستنەکانی حیزب وپێشمەرگەو بە کارێکی خراپ و دوژمنکارانە ناوبراو تا
ماوەیەک حیزب ھەوڵی ھێوەرکردنەوەی بارودۆخەکەی دەداو ئەو رەفتارە یەکێک
بوو لە سەدان رەفتاری لەو چەشنەو دەر ھەق بەحیزبەکانی ترو ھەردەم لە
ھەڵکشانا بوو.
ــ لە مانگی شوباتی ١٩٨٣ لە دێی قولەگیسکانی شارباژێر نوێنەری یەکێتی
نیشتمانی کوردستان (ینک) ئاسو نوری لە گەل نوێنەرانی بەرەی (جود) پارتی
دیموکراتی کوردستان (پدک) و حیزبی سۆشیالیستی کوردستان (حسک) بە
مەبەستی ئاشتبوونەوەو وازھێنان لە قورخکاری و شەری یەکتری رێکەوتنێکیان
واژوو کردو شایانی باسە دوو ئەندامی حیزبی شیوعی عێراق ھاورێیان {
عەبدوڵلا قەرەداغی ــ مەلا عەلی و شیخ سعید} وەک شایدحاڵ و چاودێر
ئامادەبوون ھەرچەندە حیزب لە بەرەی جود بوو بەڵام دژی شەربوو، لە پاش
ماوەیەکی کورت لە مانگی ئازارو نیسان (ینک) لە دەوروبەری دێی چاڵە
خەزێنە بەبێ گوێدان بەو رێکەوتنە شەری دژ بە (پدک وحسک وپاسۆک)
ھەڵگیرساندو مەلا بەختیار بەرپرسی مەڵبەندی یەکی ینک لە رێی جێھازەو
ھاوری دەکردو ھانی چەکدارەکانی دەداو دەیوت ئەم خایینانە بکوژن و
دەریان پەرێنن و، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھیدبوون و زەرەروزیانێکی زۆر بەر
ھێزەکانی جود کەوت.
ــ رۆژێکیان تووشی سەر ئێشە بووم ودوکتور ھەڤاڵ دەرزییەکی لێدام و لە
پاش کاتژمێرێک ھەستمکرد باری تەندروستیم خراپتر بووەو پێستی لەشم رەش
دەبێت و دەرژێمەوەو دکتوریان ئاگادر کردو ئەویش بە قەڵەمباز لە
خەستەخانەکەی حیزب گەیشتە بارەگای مەڵبەند ( نێوان خەستەخانەکە و
مەڵبەند ١٠٠ ــ ١٥٠) مەتر بوو منی بینی یەکسەر وتی ژەھراوی کراویت
ودیارە ئەو دەرزییە کە بەکارمان ھێنا ژەھرای بووەو ھاوری بەھادین نوری
ھات و منی دی ورووی کردە ھەڤاڵ وتی جێتان زیندانەو پێویستە لە بەرچاوم
نەبیت، دوکتور ھەڤاڵ وتی : ھیچ دامەپۆشن و بزانن کێ دەرزییەکانی
ناردووەو کێ ھیناویەتی دیارە حیزبی بەعس دەرزی ژەھراوی رەوانەی
بارەگاکانی حیزب دەکات و ئێستا کاتی لێپرسینەوە نییە با دوو سێ
پێشمەرگە یارمەتیم بدەن ھاورێ ببەمە خەستەخانەکەو ھەوڵدەدەم چارەسەری
بۆ بدۆزمەوەو منیان ھەڵگرت و گەیشتمە خەستەخانە و ھەڤاڵ دوو سێ دەرزی
تێکڵاو کردو وتی ھیوادارم ھەڵگەرانەوەی پێستت بەرەو رەشی رابگرێت و لە
شانسی من دوای رۆێک دوکتور نازم جواھری( دکتور دڵشادو دوکتور ئیمان
سەلام عادل ) گەیشتن وبۆ ماوەی چل رۆژ لە ژێر چاودێری دوکتور دڵشادو
دکتورەکان بووم وچاکبوومەوە و، داوام لە ھاورێ بابی سەلام کرد لە دکتور
ھەڤاڵ ھاوریی خوشەویستم خۆش بێت و کارەکەی بە مەبەستی چاکبوونەوەی من
ئەنجامداوەو زۆر ھاورێمە و ئەو کارە کاری بەعسییەکان بووە.
ــ بۆ ٣١ ئازار جەژنی دامەزراندنی حیزب ھاورێ بەھادین کۆبوونەوەی
پێکردین و بریاردرا ئاھەنگ بگێرێن و خۆی وتاری حیزب بخوێنێتەوەو منیش
وتاری لاوان وپێشمەرگەو مەبەستی ھاوری ئەوە بوو سەنگ و قورسایی حیزب
پیشانی خەڵکی دێی و میوانەکان ( یەکێتی) پیشان بدەێن و، ھەرواش بوو لە
٣١ ی ئازاردا ھاورێ بەھادین وتاری حیزب و منیش وتاری لاوان و پێشمەرگە
خوێنرانەوەو لە پاش گۆرانی و ھەڵپەرکی ئاھەنگ کۆتایی پێھات.
ــ ھاورێ بەھادین وەک بەرپرسی یەکەمی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک دژی
سیاسەتی حیزب بوو نیازی ھەبوو لە گەڵ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی حیزبێکی
سیاسی دروست بکەن وھەر لەو رووەوە دژایەتی ھاورێیانی رێکخستنی دەکرد کە
ھەموویان عەرب و کادیری لێھاتووی حیزب بوون بە سەرپەرشتی ھاورێ عەدنان
عەباس ئەندامی کومیتەی ناوەندی و شایانی باسە ھەندی لەو ھاوری
قارەمانانە شەھید بوون وەک : ھاورێ رەسمییە جەبر ( دایکی لینا) و ھاورێ
شاکر و ژمارەیەکی تریش و پرۆژەکەی ئەبو سەلام سەرینەگرت و بووە ھۆی
سرکردنی وپاشان بانگ کرا بۆسەرکردایەتی حیزب بۆ لێکولینەوە بەلام ھاورێ
بابی سەلام رایکردو ئەوەش بووە ھۆی دەرکردنی لە حیزب.
٢١\٦\٢٠٢١
- بەشی بیست -
لە حاجی مامەند بەرەو قەرەداغ و
دەربەندیخان.
ھاورێیانی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک لە مانگی نیسانی ١٩٨٣ ئاگادار
کرابوون کە ساردی و گرژی لە نێوان حیزب و یەکێتی نیشتمانی کوردستان(
ینک) ھەیەو، بۆ ئەوەی حیزب تووشی شەر نەبێت ژمارەیەکی زۆر لە ھاورێیان
بە تایبەت ھاورییانی عەرەب و ئەوانەی پێویستیان بەتیمارکردن ھەیەو
ناردیان بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی وڵات نێردران بۆ سەرکردایەتی حیزب لە
پشتاشان و ، ھاورێ برایمی سۆفی مەحمود { بابی تارا} لە گەڵ مەفرزەیەک
لە دێی حاجی مامەند رەوانەی ئەحمەدئاوای ھەورامان کرابە نیازی
دۆزینەوەی شوێنێک بۆ بارەگای مەڵبەندو لە بەرەبەیانی ٣٠ ی نیسان (
ئەپریل) ھاوری بەھادین نوری (بابی سەلام) و ھێزێکی گەورە بەرەو قەرەداغ
کەوتنەرێ.
لە رۆژی ١ ی ئایاری ١٩٨٣ لە پشتاشان شەر بوو، ئێمە نەمادەزانی شەرەو
مەڵبەندی یەکی ینک چۆڵ بوو ھەموو پێشمەرگەکانیان رەوانەی پشتاشان
کرابوون بۆ بەشداری کردن لە کوشتنی شیوعییەکان و ، لە ھەمووی سەیرتر بە
بۆنەی چەژنی کرێکارانی جیھان شاندێکی مەڵبەندی یەکی ینک پێکھاتبوو لە
کاک سالار عەزیزو یەکێکی تر ھاتن بۆ پێشکەشکردنی چەژنە پیرۆزەو و من
ھاورێی کۆچکردوو مەحمود دیکتاریۆف پێشوازیمان لێکردن و، لە ٢ ی ئایار
ھەرچی ھێزامان ھەبوو بە فەرماندەیی ھاورێ مەلا عەلی بەرەو قەرەداغ
کەوتینەرێ ، واتە مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوک لە حاجی مامەند نەماو
چۆڵکرا.
لە دێھاتی کەماڵان و دەروەن فەقەرەو ئەو ناوچانە بووین رادیۆکەی ینک
مزگێنی و مژدەی سەرکەوتنی قەسابخانەکەی پشتاشانی بڵاو دەکردەوەو
نەوشیروان مستەفا کەسی دووەمی ناو یەکێتی بە شانازی و لووتبەرزییەوە
ئەیقیژاندو دەیوت “” تەحریفییەکانمان”” مەبەستی شیوعییەکان بوو کوشت و
کەمیان ماوە پەروباڵیان دەکەین و لەناویان دەبەێن و، حیزب زۆر جار
تووشی وشەی لە ناویان دەبەێن بووەتەوەو درندەترینیان شاڵاوەکەی حیزبی
بەعسی عەرەبی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو بوو، ھیرشە چەپەڵەکەی
پشتاشان کە پێشتر لەلایەن سەرکردایەتی ینک پەلانی بۆ دارێژرابوو بووە
ھۆی شەھیدکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کادیرو پێشمەرگەکانی حیزب بەڵام بە
کوێرایی چاوی دوژمنان لە ھەموو ئەو جۆرەشاڵاوانە شیوعییەکان سەربەرزو
روو سووربوون و دوژمنان سەرنەویی وسەرشۆرو دۆراوو روو زەرد بوون.
لە رێگادا بەرەو قەرەداغ لە ٢/٥/١٩٨٣ چەکدارێکی ( ینک) مان بەناوی
رەحیم گرت و لە پاش چەند کاتژمێرێک ئەو کادیرەمان بەرەڵا کردو،
نەمانزانی چەکدارەکانی ینک لە دێی مەسۆیی قەرەداغ ترسنۆکانە بۆسەیان بۆ
ھاورێیانمان داناوە ، بەڵێ ، لە ٢/٥/١٩٨٣ لە دێی مەسۆیی قەرەداغ
چەکدارەکانی مەڵبەندی یەکی ینک کەمینێکیان بۆ مەفرەزەیەکی ٧ کەسی لە
ھاورێیانمان داناو ئەم دوو قارەمانە : کادیری پێشکەوتوو نەجیب شیخ
محەمەد قادر { گۆران} و کامیل ئەحمەد سەمینی کانی ساردی شەھید بوون و،
ئەم تێکۆشەرانە : کامەران عەلی عەبدولقادر{ کامەرانی عەلە رەش} و
ساڵەحی مینەی گەوھەرو رەووف حاجی محەمەد کاکەوڵا گوڵانی { جەوھەر}
بریندار کران و ھەردوو پێشمەرگەی ئازا حەمە سەعیدو ئیسماعیل بەدیل
گیران.
ھێزەکانی حیزب لە قەرەداغ بڵاوەیان پێکرا لە دێھاتی : ئەستێڵ و کۆشک و
تەکییەو سێوسێنان و، من لە گەڵ ھاورێی چاونەترس و ئازا تەوفیق
فەتحوڵلاو ژمارەیەک پێشمەرگەی دلێر لە ئەستێڵ ماینەوەو،واتا ئێمە لە
ھێڵی پێشەوە بووین بۆ رووبەرووبوونەوەی دوژمنان و لەو کاتانەدا
ژمارەیەک چەکداری ینک ویستیان دەست بوەشێنن و لە یەکەمێن ھاواری ھاورێ
تێکۆشەر تەوفیق رایانکردو تا نزیک دێی چەمی سمۆر بەدوایان بوو بە زۆر
وبە ھاوارکردن ھاورێ تەوفیق گەرایەوەو بۆ لامان و ئەوەی سەیرەو جێی
ئاماژەیە لەو بارە دژوارەدا دوو پێشمەرگەمان لە بن دار برویەک خەوتبوون
و چەکەکانیان کردبوو بە چڵێکی دارەکە و من ھاورییەک بە ئیسپایی
چەکەکانمان ھەڵگرت و دوورمان خستنەوەو لە دووری نزیکەی٥٠ مەتر دوو سێ
فیشەکمان تەقاندو ھەردوو پێشمەرگەکە بە ئاگا بوون و ھاتن و داوای
چەکەکانیان دەکردو ئێمەش وتمان ملی ئەم رێگایە بگرن برۆن بۆ دێی تەکییە
و ئەبو سەلام لەوێیە و چەکەکانتان لەوی وەرگرنەوەو ویستیان دەمە دەمە
بکەن بەڵام وتمان ئێوە لەلایەن ئێمەوە دەرکراون و تا زووە بچن وفێر بن
ئەگەر جارێکی تر خەوتن با چەکەکانتان لە ژێر سەرتان بێت.
ھێزەکانمان لە گەڵ ھێزی حیزب لە قەرەداغ و گەرمیان یەکیان گرتەوەو ،
بەسەر دێھاتی دێوانەو باوەخۆشێن و ئیمام قادر بڵاوبوونەوەو،
رێکخراوەکانی حیزب لە دەربەندیخان و دیھاتی دەورو پشت خواردن و
پێداویستییەکانیان گەیاندە پێشمەرگەکان.
بۆ ئێوارەکەی لە سەر شاخ لە نزیک ئیمام قادر چەکدارەکانی ینک کەوتنە
تەقەکردن لە ھاورێیانمان کە لە سەر شاخ بوون و لە پاش چەند سەعاتێک
تەقەکردن لە نێوان ھاورێیان و چەکدارەکانی ینک ھەڵھاتن وشاخەکەیان
بەجێھێشت و چوون و، لەو رۆژانەدا لە باوە خۆشێن براژنم خانزادو بەشێک
لە خزمان لە دەربەندیخانەوە بە کەباب و گۆشت وچێشتی گەرمەوە ھاتن بۆ
دیدەنیم.
لە ١٠ ئایاری ١٩٨٣ لە دێی دێوانە رێککەوتنامەیەک لە نێوان حیزبی شیوعی
عێراق بە نوێنەرایەتی ھاورییان : مەلا عەلی و نەسرەدین وشیخ سعید و
یەکێتی بە نوێنەرایەتی : حەمەی فەرەج، ماموستا ئەنوەرو مەلا ئیبراھیم
واژوو کراو سەرجەم ھاورێیان ٦ ، ٧ کەس نەبێت ھەر ھەموو دژی
رێککەوتنەکەی ابو سلام و ملا بەختیار بوون و ھەندی لە ھاورییان ئەوەندە
بیزار بوون ودەیانوت ئەبو سەلام دەکوژین وئەبو سەلام ناچارکرا پاشگەز
بێتەوە لەو رێککەوتنامە پر شەرمەزارییە و ئەم خالەش بووە ھۆی سرکردنی
و پاشان دەرکردنی لە حیزب.
بریاردرا ھێزەکانی حیزب بەرەو شارەزور بروات و دیارە ئاسان نییە ھێزێکی
گەورە لەناو دوو دوژمندا و پەرینەوەی لە جادەی نێوان دەربەندیخان و
سلێمانی گوزەر بکات بەڵام بە سەلامەتی ھێزەکانی حیزب پەرینەوەو کە
چووینە عازەبان و ئەحمەدبرنەو ئالان و حاسڵ و قەڵوەزەو کانی بەردینەو
دیھاتی شارەزور چەکدارەکانی یەکێتی بە نیازی دەستوەشاند بوون و چەندین
جار ھەوڵیانداو زەرەریانکردو و ژمارەیەک بەدیل گیران و یەکێک لەو
چەکدارانە لە دێی سواری بە برینداری گیراو بردمانە دێی تەپەکەل و بە
رێزەوە لەلایەن پزیشکەکانی حیزب تیمارکراو رۆژیک دواتر بەخەڵکی دێکە
رەوانەی لای ھێزەکانی ینک کرا.
ھێزەکانی بەرەی جود لە شارەزور یەکیانگرتەوەو بریتی بوون لە : حیزبی
شیوعی عێراق ، پارتی دیموکراتی کوردستان ، حیزبی سۆشیالیستی کوردستان و
پاسۆک و . ھپزەکانی حیزب لە شارەزور گەورەترین ھێز بوو بڵاو بوونەوە بە
سەر دێھاتی ناوچەکەو تووشی شەری قورس بوونەوە لە گەڵ سوپای حیزبی بەعس
و دیکتاتور سەدام حوسەێن و جاش و. لە شەری ئەحمەد برندە ھەر لە
بەیانییەوە تا ئێوارە شەر بوو. دوو ھاورێ بە سوکی بریندار بوون بەڵام
لە داستانەکەی سوێلەمیشدا لە ٢٥/٩/١٩٨٣ دوو ھاوری: یاسین حاجی قادرو
جەلال وێندەرێنەیی لە حیزبی شیوعی عێراق و قارەمان شیخ جەڵال لە حیزبی
سوشیالیستی کوردستان شەھیدبوون و سێ ھاوریمان بەدیلی کەوتنە دەستی
دوژمن و ئەوانیش : محەمەد فەرەج { غەمبار} ، ئاراس ئەکرەم { ساماڵ} و
کازم وروار { یوسف عەرەب} و، لە ٢٧/٩/١٩٨٣ دەسەڵاتی فاشیستی بەغدالە
رێی چلکاوخۆروجاش رەشەی ساڵحە لە سەر ێگای ھەڵەبجە ــ سید سادق
گولللەباران کران و. لەو کاتانەدا یەکێتی لە گڤتوگۆیەکی گەرم بوو لە
گەڵ رژێمی بەعسداو ھێزەکانی چەندین جار ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی حیزب
بەڵام شکستیان ھێنا..
ھیزەکانی بەرەی جود کەمیان کردو ئەندامەکانیان رەوانەی بارەگاکان
دەکران و لەبەر نزیکی شارەزور لە سەربازگەکانی دوژمن حیزب ھەستی بە
بارگرانیکردو بڵاوەی بە ھێزەکانی کردو ژمارەیەکی باشی بۆ ناوچەی
شەمێران ناردو لە مانگی تشرینی یەکەم { ئەکتۆبەر} ھەرچی ھێز ھەیە لە
شارەزور کشایەوە بەرەو شاخی سورێن ـ بانی شارو ئەحمەدئاواو کەرەجاڵ.
٢٨\٦\٢٠٢١
_____________________________________________
بەشەکانی
١٣،
١٤، ١٥، ١٦:
www.emrro.com/wanekanijiyan13141516.htm
بەشەکانی
٩،
١٠، ١١، ١٢:
www.emrro.com/wanekanijiyan9101112.htm
بەشەکانی
٥،
٦، ٧،
٨:
www.emrro.com/wanekanijiyan5678.htm
بەشەکانی ١،
٢، ٣، ٤:
www.emrro.com/wanekanijiyan1234.htm
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|