په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٦\٢٠٢٠

وانەکانی ژیان.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

- بەشی پێنجەم -


لە تووژەڵەوە بۆ مەریوان و لەوێشەوە بۆ بنکەی بەلەبزان.

لە شەوی ١٢ ی تەموز بابی سەرباز ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق وتی ئامادە بە بەیانی بەرەو ھەورامان ئەتنێرین بۆ لای ھاورێیانی سلێمانی لە بنکەی بەلە بزان و ئەبێ لە مەریوان پرسیاری ئەو شوێنە بکەێت و ھەندێ رۆژنامەو بەیان و راگەیاندنەکانی حیزبم پێچاوەتەوەو بیانبە لە دزڵی برایانی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عیراق بارەگایان ھەیە و پێچراوەکە بدە بەوان و لە بەرەبەیانی رۆژی ١٣/٧/١٩٧٩ بەرەو بێوران و سەردەشت رێگام گرتەبەرو لە سەردەشت لە کەبابخانەکەی عەڵی نانم خواردو چوومە گەراجی گواستنەوە (نەقلیات) و لە گەڵ چەند کەسێک سواری لاندروفەرێک بووین و، خەڵکەکە ‌بە گەرمی باسی بارودۆخی کوردستان و پێشمەرگەو ئێرانیان ئەکردو منیش گوێگر بووم و یەکێک لە تەنیشتمەوە روویتێکردم و وتی برا بۆ بێدەنگی؟ و وتم بێدەنگی باشەو ئێمە یەکتر ناناسین و لە بانە لە یەک دائەبرێن و ئیتر بوو بە وتی و وتم تا گەیشتینە بانەو ھەریەک بەلایکدا چوو.

لە بانە بە ئۆتۆمبێلێکی جوان و قەشەنگ ساخت ایران ، واتە (دروستکراوی ئێران) و ناوەکەیم لە بیرچووەتەوەو بەرەو مەریوان کەوتینەرێ و بۆ ئێوارە گەیشتینە مەریوان و، پیاسەیەکی کورتم کردوکەبابخانەیەکم دۆزێیەوەو نانم خواردو بە وەستاکەم وت کاکە ئوتێلێکی باش چۆن بدۆزمەوەو یەکسەر بەدەستی ئاماژەی کردو وتی : ئەوە باشترین ئۆتێلەو منیش چووم و، ھەر لە دەرگاوە یەکێک بەرەورووم ھات و وتی : کاکە شناسنامەکەت و، منیش پێم وت پێم نییەو کابرا ھەڵچوو وتی ئەی بوو ھاتویت بۆ ئێرە؟ وتم کاکە من لە سلێمانییەوە ھاتووم و بەرەو ھەورامان ئەرۆم و خەڵکی ئێرە نیم و، لەو کاتەدا پیاوێک وتی کاکە وەرە بۆ لام و، چووم وداوای لێبووردنی کردو وتی دڵتەنگ مەبە ئەو ھەرزەیە کورمەو، منیش وتم کاکە ھیچ رووینەداوەو کێشە نییەو، پیاوەکە ( کاکە) زۆر شتی پرسی لە بارەی رژێمی خوێنرێژی سەدام حسەێن و حیزبی بەعس و، لە کۆتاییدا وتی خەیرە بەرو ھەورامان ئەرۆن؟ وتم برایەکم پێشمەرگەیە ئەرۆم بۆ سەردانی و، پیاوەکە قسەخۆش و زۆر بڵێ بوو پرسیاری زۆر کردو بە کورتی وەڵاممدایەوەو، کە زانی حەزم لە خەوەو ھیلاکی رێگام بە کرێکاری ئوتێلەکەی وت جێیەکی باشی بۆ دابنێ و میوانی منە.

بەیانی زوو رۆژی ١٤ ی تەموز ( جولی) ١٩٧٩ لە خەو ھەستام و ویستم برۆم خاوەن ئوتێلەکە وتی مەرۆ دەرەوەو ھێشتا زووەو ئەبێ پێکەوە نان بخۆێن و، سفرەیەکی لە سەر مێزێک راخست و بە کاکڵەگوێزو ھەنگوین و ماست وپەنیر رازاندەوەو لە نانخواردن بووینەوەو کاکە وتی براکەت پێشمەرگەی کێیە؟ وتم حیزبی شیوعی و، کاکە بەبێ وەستان وتی کۆمۆنیستەکان خەڵکی باشن و، پرسی بۆچی لە ھەورامانن؟ و لە کوێی ھەورامانن؟ منیش لە وەڵامدانەوەکە دوورکەوتمەوەو وتم نازانم تەنھا بە منیان وتووە لە بەڵە بزانن و،نزیک چاشتانگا سوپاسی کاکەم کرد بۆ میواندارییەتییەکەی و قسە خۆشەکانی وخواحافیزیمان لە یەکتر کردو لە ئوتێلەکە دەرچووم و بەرەو ئۆتۆمبێلەکانی دزلی – نەوسودئەرۆیشتم لە پر دووسێ دەستدرێژی گوللە کراو،کەمێک وەستام دەنگی تەقە زیادیکردو منیش بە پەلە گەرامەوە بۆ ئوتێلەکەو، کاکە یەکسەر بە پیرمەوە ھات و وتی چێبووە؟ وتم نازانم دوو سێ دەسترێژ کراو ولە شوێنی خۆم وەستام و ھێندە نواریم لە دەورو پشتم ھیچ نەبوو ناچارگەرامەوە بۆ ئێرەو، کاکە چووە خوارەوەو تەقەکردن گەرمتر بوو لە پاش کاتژمێرێک کاکە گەرایەوەو ھاتە سەرەوەو، وتی دانیشەو مەرۆ شەر لە نێوان یەکێتی جوتیاران و تاقمی موفتی زادە گەرمەو، لە دەوروبەری نیوەرۆ تەقە وەستاو بیستم یەکێک بەناو (عەبە حەبیب) بەرپرسی تاقمی موفتی زادە سەر بە رژێمی ئێران کوژراوە.

نیوەرۆ نان و کەبابم خواردو سواری ماشین بووین و لە نزیک بێکەرە کۆمەڵێک چەکدار ماشینەکەیان راگرت و چەکدارێک ھاتە پێشەوەو سەیری دەموچاومانی کردو بە منی وت کاکە شوناسنامەکەتم پێبدەو، وتم پێم نییەو شوفێرەکە وتی ئەم برایە خەڵکی ئەو دیوەو ئەوروات بۆ ھەورامان و چەکدارەکە ھیچی نەوت و زیاتر لێم وردبووەوەو وتی فەرمو برۆن و شۆفێرەکە وتی ئەگەر لە رێگا پرسیاریان لێکردی من وەڵام ئەدەمەوەو وتم باشەو، گەیشتینە دزڵی لە بن کەپرێک ھەندی چەکدار زیتبوونەوەو بە یەکدەنگ وتیان ھەرھەمووتان بێنە خوارەوەو یەک یەک دابەزێن و، ھاوکات زانیم ئەمانە برادرانی پارتین و نۆرە ھاتە سەر من و، چەکدارێک لێی پرسیم بۆ کوێ ئەرۆێت؟ و منیش پێچراوەکەم لە جانتاکەم دەرھێناو وتم بگرە ئەمە لە حیزبی شیوعییەوە بۆتان ھاتووەو، چەکدارەکە بانگی برایەکی تر کردو دیارە بەرپرسیان بوو داوای لێبوردنی کردو فەرموو فەرموویەکی زۆرێکرد دابەزن پشوویەک بدەن، کاکەی شوفێر وتی درەنگەو برۆێن باشترەو دزڵیمان بەجێھێشت و ‌ گەیشتینە سەرشاخ و، شاخەکە درێژەی زەنجیرەی شاخی سورین و ملەخورد بوو زۆر بڵندو دەشتی شارەزورو ھەڵەبجەو ھەورامان ھەر ھەموویان جوان و دڵفرێن دەرکەوتن و، لە بەر ئەوەی باری ماشێنەکە قورس بوو کاکەی شوفێر بە ئەسپایی ئۆتۆمێلەکە گەیاندە شارۆچکەی نەوسود‌و لە بەر ماڵێک وەستاو دوو پەری وەک گوڵەباغ و جوانی نەوسود ھاتنەدەرەو بەخێرھاتنیان کردین و، بە زاراوی ھەورامی لە گەڵ شوفێرەکە کەوتنە قسەکردن و یەکێکیان چووە ژوورەوەو ئاوی خواردنەوەی بۆمان ھێناو، لە کۆتاییدا شوفێرەکە وتی سوار بە با برۆێن درەنگەو، دوو قۆڵی من و کاکەی شوفێر سەرەوخوار بووینەوە پردێکی بچکۆلە لە سەر رووبارێک بوو وپرسیارم کرد ئەم رووبارە ناوی چییە؟ کاکەی شوفێر وتی قوربان ئەو رووبارە سیروانەو ئێستا بە کناری ئەرۆێن و، کاکە راستیکرد شۆوبووینەوەو لە پاش ماوەیەک گەیشتینە دێیەک لە سەر رووباری سیروان بەداخەوە ناوەکەیم لە یادچووەو منی بردە ماڵیک وتی ئەم برایە ئەچێت بۆ بەلەبزان بۆ لای ھاورێیانی حیزبی شیوعی و، ماڵەکە بەو شەوە مریشکیان سەربری و بەدەم قسەکردن و نانخواردن نیوەی شەومان تێپەراندو ھیلاکی رێبووم و بە باشی نووستم و، بەیانی ھەستام لە خەو دوو چەکدارم بینی و، خاوەن ماڵەکە وتی وەرە ئەمانە پێشمەرگەی خۆمانن و، لە میانی قسەکردن وتم پێشمەرگەی کێ لەم ناوچەیە ھەیەو وتی ئێرە بە دەستی حیزبی دیموکراتی ئێرانەو نان وچام خواردو خاوەن ماڵەکە تا دەرەوی دێ لە گەڵم ھات و رێگایەکی پیشاندام وتی ئەم رێگایە بگرە ئەتباتە ناو بەلەبزان و، منیش ملی رێگام گرت و لە نیوەی شاخەکە ھاوری بورھان ئەحمەد ( ھاورێ عەت) م بینی و لە پاش چۆنی وچاکی وتی من ئەرۆم بۆ پاوەو تۆش کەمت ماوە سەرکەوە بۆ لای ھاورێیان و، ئەو بەرەو خوار بووەو منیش بەرەو سەرەوەو گەیشتمە لای پیرەپیاویک وتم قوربان خاڵۆ کیان بەلەبزان زۆری ماوە، خاڵۆ پێکەنی وتی وەرە دانیشەو ئاوێک بخورەوو منیش دانیشتم وئاوم خواردەوەو خاڵۆ وتی ئێرە بەلەبزانەو پاش کەمێکیتر بۆ نانخواردن ھەموو برادەران دێنە خوارەوە ئەگەر حەز ئەکەێت کەمە کەمە سەرکەوەو کەپرەکان ئەبێنێت و، سەرکەوتم پۆل پۆل ھاورێیانم دی و پێشوازییان لێکردم و ھاورێیان کۆمەڵ کۆمەڵ دابەشکرابوون و من چوومە ئەو کۆمەڵەی ھاوری حەمەکریم قەرەچەتانی (حەمە ساڵح).

 

٣٠\٥\٢٠٢٠

 

 

- بەشی شەشەم -


مەلا عەلی کادیرێکی پێشکەوتوو و فەرماندەیەکی سەربازی لێھاتوو.

عەبدولا مەلا فەرەج قەرەداغی ناسراو بە مەلا عەلی کادیرێکی پێشکەوتووی حیزبی شیوعی و ئەندامی کۆمیتەی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەیەکی پێشمەرگەی لێھاتووبەرپرسی پێشمەرگەکانی مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوکی حیزب و ئەندامی نووسینگەی سەربازی ناوەندی و تێکۆشەرێکی ئازادیخوازی ئازاو نەترس بوولە پێناو بەرگریکردن لە ھەژارو چەوساوەکان و گەل و خاک و نیشتمان وحیزب.

لە پاش کۆدەتا شوومەکەی ٨ شوباتی رەشی ١٩٦٣ رێخکراوەکانی حیزب لە دەربەندیخان لە یەک ترازابوو تێکچووبوو، لە تەموزی ١٩٦٤ ھاورێ حەمە رەق ھات بۆ ماڵی کاکم لە کەمپی خوارەوەو پشوویەکیداو وتی ھاورێیەک ھاتووەو لە ماڵی خۆمانەو ئەیەوێت بتببینێت و دووقۆڵی ھاتینە سەرەوەو لە ماڵی ھاورێ حەمە رەق بۆ یەکەمین جار چاوم کەوت بە ھاورێ کەمال سێوسێنانی* و، باسی رێکخراوەکانی دەربەندیخان کراو، ھاورێ وتی ئێوارە پێکەوە ئەرۆێن بۆ ماڵێک لە سەلێم پێرک و لەوێ لە گەڵ ھاورێیەکی تر کۆئەبینەوەو، دەمە ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە ماڵی عیبدوڵلای کاکیلی خەیات و، بۆ یەکەمین کەرەت چاوم بە ھاورێیەک کەوتبە ناوی مەڵا عەڵی و، کۆبۆۆنەوەیەکی سێ قۆڵیمانکردو، من و ھاورێ کەمال ھەندێ نووسین و راپۆرتمان سەبارەت بە رێکخراوەکانی دەربەندیخان گەڵالە کردبوو ھاوری مەلا عەلی ھەموویانی خوێندەوەو دەستخۆشی لێکردین وسەرنج و تێبینییەکانی خستەروو، لە کۆتاییدا ئامۆژگاریکردم و وتی ئەبێت زۆر وریا بێت و، لە پاش چەند کاتژمێرێک ھاورێیان مەڵا عەلی و کەمالم بەجێھێشت و گەرامەوە بۆ کەمپی خوارەوە.

لە پاش یەکەمین چاوپێکەوتن بە دوواوە لە ساڵانی ١٩٦٤ ، ١٩٦٥ ــ ١٩٧٠ من و مەلا عەلی بووین ھاورێی یەکترو لە زۆر شوێن پێکەوە بووین لە دەربەندیخان و سەلیم پیرک و گوڵانەکان و بانیخیڵان و دەرەدۆین و پساکان و چەند دێیەکی قەرەداغ و، لەو رۆژانەدا بەرپرسی رێکخراوی دەربەندیخان بووم و، رۆژێکیان ھاورێی تێکۆشەر عەبدوڵلای مەلا فەرەج قەرەداغی ( مەلا عەلی) نامەیەکی بۆ ناردم لە گەڵ پسووڵەی گواستنەوەی محەمەد ناوێک ( رەیس عورەفا) لە کەتیبەی (٣٢) لە دەربەندیخان و، پسووڵە تایبەتییەکەی محەمەدم وەرگرت و، بەشیوەیەکی گونجاو چاومان بەیەکتر کەوت و، دیار بوو محەمەد زێتەڵ و وریایە، بۆیە پێش ئەوەی بیخەینە ناو رێکخراوی تایبەتی سەربازەکانی تر لە ( کەتیبەی ٣٢ و بەتالیۆنی دەربەندیخان) ، داوای زانیاری زیاترم لە مەلا عەلی کردو بە داخەوە ھیچم بۆ نەھات و، گومانم لە ھاتنی محەمەد زۆر بوو، دڵنیا نەبووم بخرێتە ناو رێکخراوی سەربازەکان و، ھەرواش دەرچوو محەمەد پیاوی ئیستخباراتی عەسکەرییەو لەو بارودۆخەدا لە رۆژی ٧/٨/١٩٦٥ گیرام.

لە ماوەی ٥٦ ساڵ خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان لە زۆر شوێن من و مەلا عەلی پێکەوە کارمان کردووەو یان وەک دوو ھاورێ لە بوارەکانی ژیاندا یەکمان گرتووەتەوەو پەیوەندیگەلێکی کارکردن و ھاورێیانەی بەھێز لە نێوانماندا بووەو زۆرجار چالاکیگەلێکی بێ ھاوتاشمان ئەنجامداوەو، لە دەربەندیخان و سلێمانی و لە شاخ لە بلەبزان و ھەزارپەس نوکان و تووژەڵە، حاجی مامەند، قەرەداغ، باوەخۆشێن، ئەحمەد برنەو شارەزور، ئەحمەدئاواو کەرەجاڵ و دۆڵی جافایەتی، مۆسکۆو سوید، مەلا عەلی قسەخۆش نوکتەبازو دەم بە پێکەنینبوو بەوشەی نەستەقلە ناو پێشمەرگەو ھاورێیان وخەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو.

مەلا عەلی لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێکی بە ئەمەک و کەسایەتییەکی ناسراوو خاوەن رەوشتی جوان وسادەو خاکی و بێ فێزو بە توانا بوو، ھەر چۆن لەناو رێکخراوەکانی حیزب گیروگرفت و کۆسپەکانی چارەسەر ئەکرد بە ھەمان شێوە رۆڵی کاریگەری ھەبوو لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر بە شێوازێکی ھێمنانەو لە سەرخۆ وای لە خەڵک ئەکرد گوێرایەڵی قسەکانی بن و، ھەر لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پیاوێکی میوان دۆست و دەست و دڵ ئاواڵا بوو، ھەر ئەو میوان دۆستی‌یەش بوو بە ھۆی ئەوە کە خەڵکێکی زۆر بناسێت و بیناسنو زۆر بە وەفاو مرۆڤدۆست بوو.

مەلا عەلی وەک فەرماندەیەکی سەربازی ( پێشمەرگە) لە ساڵی ١٩٨٢ لە نۆکانەوە ھات بۆ پشتاشان و سەردانی سەرکردایەتی حیزبی کردو بۆ ئێوارەکەی وتی لە کوێ بخەوم و، زانیم زۆر ھیلاکەو پێویستی بە پشووەو وتم حیزب جێی بۆ داناوی و، وتی لە کوێ ؟ وتم ھەر کاتێک کارەکانتان لە گەڵ ھاورێیان تەواو بوو وەرە بۆ ‌ خێوەتەکەی راگەیاندنی عەسکەری، من و ھاورێیان رێزداران مامۆستا ئەحمەد دڵزارو و حەمە رەشید ( ئەفراسیاو شاوەیس) لەوێن ولە سەر جێگاکەی من بخەوەو، من ئەرۆم بۆ لق ئەخەوم وتی لق کامەیەو، وتم ٧٢ کەس لە ھەولێرەوە ھاتوون و پەیوەندییان بە حیزبەوە کردووەو ھاورێ بەھادین نوری بەرپرسی سیاسی ناوەندی گشت پێشمەرگەکانی حیزب منی وەک بەرپرسی سیاسی ئەو ھاورێیانە داناوەو لەوێ جێی نووستنم ھەیەو بەیانی زوو ئەگەرێمەوەو، من چووم وبەیانی زوو بە دوو شەقاو چوومە لای ھاورێیانی نانەواو چەند نانی گەرمم ھەڵگرت و زووگەیشتمە لای مەلا عەلی و ھێشتا ھەموویان نووستببوون و، بە کتری و قۆرییەکەی خۆمان چام کرد و ماست** و پەنیری کرافت و زەیتون قاپێکی گەورە شاتووم داناو مەلا عەلی وتی لەسەر بەزمەکە ماویت؟ وتم ئەی بۆ ناو وتی ھاورێیان ئێرە ( پشتاشان) شوێنێکی زۆر خۆش و دڵگیرو بە سەرکردایەتیشم وتووە لە رووی عەسکری شوێنیکی زۆر خراپەوبەم ھێزەی ئێمە ناتوانین بەرگری بکەین و تووشی شکست ئەبین و لە پاش ساڵێک کارەساتەکەی پشتاشان روویداو بۆچوونەکەی مەلا عەلی ھاتەدی.

لە کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی ئەنفالی چەپەڵ لە ناوچەی قەرەداغ ماڵی مەلا عەلی نزیکەی ٥٠٠ مەتر لە خوارووی بارەگای مەڵبەندی سلێمانی و کەرکوکی حیزب بوو لە ئەستێڵی سەروو، نمە نمە باران ئەباری و شەوێکی زۆر تاریک بوو، ئێمە لە مەڵبەند زیندانییەکانی لای خۆمان خستەکاروبە ٣ ھێستر شتومەکی مەڵبەندمان ئەگواستەوە بۆ قۆپی قەرەداغ لە کەلی ( دەرگای) نیرامسین و، بەرێکەوت لە گەل ھاورێیان چووم لە دووری ٥٠ مەتر ھاورێی پێشەوە وتی بوەستن و، وتمان چییە وتی شتێکی سپی لە سەر رێگاکەیەو، وتمان ھیچ نییەو لە بەیانییەوە نان وچا خوراوە ھاتووچۆ ئەکەێن و کەمە کەمە نزیک بووینە ھاوریکەی پێشەوە میلی کلاشنکۆفەکەی راکێشاو کێی زەلام بە پێکەنینەوە مەلا عەلی لە گەل مام کەریم پێکەوە بوون وتی خۆمانین و لە بەر باران چووینەتە ژێر ئەم نایلۆنەو بەرەو قۆپی ئەرۆێن وھەموو سەرکەوتین و لە قۆپی لە یەکتر جیا بووینەوەو، لە رۆژی دامەزراندنی حیزبی شیوعی عێراق ٣١/٣/١٩٨٨ ھێزەکانمان و برایانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرەو ژوورو گەیشتینە سەر شاخ و سەرەو خوار بووینەوە بەرەو گەرمیان و، لە پاش ئەنفالە دێزو چەپەڵەکەو شەرو بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەی شیوعی و یەکێتی لە بناری گل و ئاوایی شیخ حەمیدو تازەشارو شەھید بوونی ٨ پێشمەرگەی شیوعی و١٣ یەکێتی وەبە دەم شەرەوە ئەوەی مابوون بەرەو دوواوە ھاتنەوەو لە ئاوسپی لە گەل مەلا عەلی و حەمە جەزای ھونەرمەند یەکمان گرتەوەو پێشمەرگە دابەش کرا بە سەر ٣ رەتڵو، مەلا عەلی و حەمە جەزا بەر رەتڵەکەی ئێمە کەوتن و شیخ جەعفەر مستەفا فەرمانەدی ھێزە تێکڵاوەکەی شیوعی و یەکێتی بوو، پێکەوە بووین تا دێی گەورەدێی چەمی رێزان و لەوی لە یەکتر جیابووینەوە.

چەند لە سەر مەلا عەلی بنووسرێت ھێشتا کەمە ، بەڵی ھاوریی سەرکردەو فەرماندەی پێشمەرگەی خۆشەویست ، چی لە سەرتان بنووسم ، باسی چیبکەم. باسی دەربەدەری، باسی ھاوسەرە شێرەکەتان و گوڵالە جوانەکان کە لەم ماڵ ئەو ماڵ ئەژیان بکەم، باسی چییان بکەم لە شار راونان ولە شاخ لە ژێر تۆپباران و فرۆکەی جەنگی و ھەلیکۆپتەرو پیلاتۆز لەم ئەشکەوت بۆ ئەو ئەشکەوت، ئێوە نەمرن و ناوتان بە زیندوویی ھەر ئەمێنێتەوە وەک کادیرو فەرماندەی سەربازیی لێھاتوو بەڵام خۆتان ئەتانوت من سەربازێکی حیزبم و حیزب جێی شانازیمە.

بەداخەوە لە ١٥/٤/٢٠٢٠ سەر لە بەیانی لە وڵاتی سوید ھاوریی تێکۆشەرو خۆشەویستم سەرکردەی فرماندە عەبدوڵلا مەلا فەرەج قەرەداغی ناسراو بە(مەلا عەلی ) کۆچی دوایی کرد. ماوەیەکی دوورو درێژ لە رۆژانی سەختی حیزبایەتیدا وەک دوو شیوعی لە شارو لە لە لادی لە کۆمیتەی ( جوتیاران ) ی تیکۆشەر کە مەلا عەلی بەرپرسی بوو پێکەوە کارمان کردووەو، لە رۆژانی پێشمەرگایەتی دیسانەوە پێکەوە کارمان کردووە، فەرماندەیەکی سەربازی لێھاتوو و پیاوێکی کۆمەڵایەتی ناسراو قسەخۆش بوو. ھاوری مەلا علی کەسێکی رۆشنبیرو مێژوونووس بوو خاوەن چەندین کتێبەو خاوەنی تێکۆشانو قوربانیەکی دوور و درێژە دژ بەرژێمی دیکتاتۆری سەدامحسەێن و حیزبی بەعسی عەرەبی و موستەشارجاشەکان.
__________________________________________________
پەراوێز:
* کەمال سێوسێنانی: ھاورێیەکی گەنج و بە تواناو شیوعی قەرەداغی ناسراوبوو، لە گەڵ کەرتخوازانی عەزیز ئەلحاج کەوت و، حیزبی بەعسی خوێنرێژ شەھیدی کردو تەرمەکەیان لە سەر کۆڵانێک فرێدرا.
** ماست: شیری نیدۆمان ئەکری و ھاورێی تێکۆشەر فریشتە خوشکی کاک دڵزار بۆی ئەکردین بە ماست و لە ھاورێیەوە فیری ماست دروستکردن بووم.
 

١\٦\٢٠٢٠

 

 

- بەشی هەفتەم -


بنکەی حیزبی شیوعی لە بەلەبزان.

لە ١٥/٧/١٩٧٩ گەیشتمە بنکەی حیزبی شیوعی عێراق لە دێی بەلەبزان (Belebzan)* لە ناوچەی ھوڵی سەر بە شارۆچکەی پاوەی رەنگێن و جوان سەر بە کرماشانەو لە سەر شاخەوە شارۆچکەی جوانرۆ زۆر نزیک دەرئەکەوت و لەم دێیەدا کۆمەڵێک رووەکی بە سوودو گرینگ ھەیەو دارەوەن واتە دار قەزوان یەکێکە لەو رووەکە گرینگ و پڕبایەخانەی بە رووبەرێکی بەرفراوان لە ناوچەی ھوڵی بەدی ئەکرێت و خەڵکی ناوچەکە ھەڵئەسن بە بریندارکردنی درەختەکان و ھەر دارێک لە چەند جیگایەک بریندار ئەکرێت و لە خوار ھەر برینێک کوچەڵەیەکدا** ئەنێن و بەو شێوەیە بنێشتەتاڵ کۆ ئەکەنەوەو سەرچاوەیەکی باشە لە رووی ئابووری و دابینکردنی بژێوی خەڵکەکە.

مانگی تەموزەو زۆر گەرمەو ژمارەمان زۆرەو ئاو کەمەو پێشمەرگە کۆمەڵ کۆمەڵ دابەشکراوەو ھەرکۆمەڵێک بریتییە لە ١٠ ــ ٢٠ پێشمەرکەو ژمارەمان لە ١٥٠ زیاتر بوو رۆژێ سێ جار گشتمان ئەھاتینە خوارەوەو لە نزیک کانیاوەکە کۆ ئەبووینەو بەیانی نان و چاو نێوەرۆ چاو نان و ئێوارە ھەردووکیان خواردنی رۆژانەمان بوون، لە پاش نانخواردن سەرئەکەوتین ھەریەک بۆ شوێنی خۆی لە بن دارەوەن و، بەو گەرمایە زۆر جار بنێشتەتاڵە ئەھاتە خوارەوەو تکەی چۆرە ‌چۆرەی بنێشتەکە ئەکەوتە ناو چاوانمانەوە یان ئەکەوتە سەر جلەکانمان.

ژمارەمان زۆرەو چەکمان کەمەو، ئەوەی ھەبوو ١٠ ــ ١٥ دانە بوو زوربەیان لە حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دیاری ‌بۆمان ھاتبوو، لە مێژەوە پەیوەندی نێوانی حیزبی شیوعی و حیزبی دیموکرات بە ھێز بوو ژمارەیەک لەکادیرە ناودارەکانی دیوکرات لە ماڵی ھاورێیانمان لە سلێمانی بە نھێنی ئەژیان لەوانە : ئەستێرەی درەوشاوە سلێمان موعینی ، محەمەد ئەمین سەراجی، سمایلی شەریفزادەو مەلا رەحیمی وێردی و کەسانیتر.

رۆژێکیان لە کاتی نانخواردنی نێوەرۆ چوومە خوارەوە بینیم ھاورێانی ئابووری ئازوقە ( ئیدارە) دوو خرتیان کریوەو مقۆمقۆیانەو ئەڵێن ئەگەر سەر بران کێ ئەزانێت و ئەتوانێت لێیبنێت؟ ھەر ھەموو بێدەنگ بوون ومن وتم من ئامادەم، وتیان ئەزانێت تا ئێستا چێشتت لێناوە؟ ، وتم پرسیار مەکەن و لە ژیانمدا بۆ نەوسنی نەبێت نزیکی چێشتخانە ( مەتبەخ) نەکەوتووم و، پەلە بکەن و سەریان ببرن و با دوو ھاوری یارمەتیم بدەن و، شەش حەوت ھاوری ھاتنە پێشەوەو، بۆ یەکەمین جار فەرمانم دەرکردو بە دوو ھاورێم وت چواردە قتو*** فاسۆلیا بشۆنەوەو، گۆشتمان بە تەوراس لەت لەت کردو، دوو مەنجەڵ ( فاسۆلیا و گۆشت) ھەریەک لە سەر سێکوچکە ( ئاگردان) دانراو ئاگری بەھێزمان ھەڵکردو لە ماوەی دوو سی کاتژمێر رامانگەیاند چێشت ئامادەیە، لەبەر تاریکی ئەو ئیوارەیە زوو چێشت خوراو ھەر ھەموو دەستخۆشیان لێکردم و ھەروا لە ھاورێیانی بەردەست ( یارمەتیدەر) و، تا درنگانێکی ئەو ئێوارەیە دەستکرا بە ھەڵپەرکی.

ناو بەناو ھاورێیانمان بۆ پێداوێستی و کرێنی شتومەک روویان لە شارۆچکەی پاوە ئەکردو ، منیش دانم ئازای ئەدام و، داوای روخسەتم ( مۆڵەت) کردو، لە گەڵ ھاورێیان حەمە حەسەن ژاڵەناوی ( ھاتووچۆی کرد بوو شارەزایی ھەبوو) و عادل عەلاف کەوتینەری و سەرەو خوار بووینەوە لە سەر جادەکەی نێوان دوو ئاو ھێرتاو زی ئۆتۆمبێلکمان دەستکەوت و چووینە پاوەی دڵگیرو قەشەنگ و رازاوەو، برایانی دیموکرات لەویبوون و، لە گەڵ ھاوری حەمە رویشتین بۆ خەستەخانەی شارو چوومە لای دوکتۆرێک و تەماشای کردو وتی ئەبێ ئەو دانەت پاک بکریتەوە و پر بکرێتەوەو بەلای کەم سێ رۆژ ئەخایێنێت و، وتم مۆڵەتم وەرنەگرتووەو، وتی ھەر کاتێک ھاتیتەوە بەلای کەمەوە سی رۆژی ئەوێت و، دەرچووین و ھاوری حەمە زوو گەرایەوە بۆ بەلەبزان و من ھاوری عادل پیاسەیەکی باشمان کردو ھەستمان بە خۆشی و سەربەستی و ئازادی ئەکردو شیعرێکی کەڵە شاعیر مەولەوی بە خەیاڵمدا ھات:
ئاماوە وەھار، وەھاری شادی بوی عەتر نەسیم غونچەی ئازادی

دەوروبەری ئێوارە من و ھاوری عادل ئازادانە گەراینەوە بۆ بنکەو، بۆ رۆژی دوایی چووم بۆ لای ھاوری مەلا عەلی بەرپرسی گشتی ھیزەکان وتم چووم بۆ پاوەو وتیان دانەت سێ رۆژی ئەوێت و، وتی ھاوری ئاسایی کەی ویستت برۆو، لەوێ دەرچووم ھاوری حەمە کەریم ( بەرپرسی گروپەکەمان) بەرەو رووم ھات و وتی چیبوو؟ وتم مەلا عەلی وتی کەی ویستت برۆ، لە بەرەبەیانی رۆژی داھاتووداچوومە پاوەو یەکسەر بۆ لای دکتۆرو ناردمییەوە بۆ لای ھەمان دانساز ( س) کە لە کاکە حەمە پرسیارگەلێکی زۆری لە بارەی منەوە کردبوو، گەیشتمە لای لە گەڵ کورێکی گەنج وەستا بوو زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکردم وکچەکە وتی ئەمە برامەو، سوپاسی ھەستیانم کردو، کچەکە دەستیکرد بە پاککردنەوەی دانم و، بە براکەی وت برۆ لیوانی ئاو بێنەو، وتم لیوان چییە و، وتی ئێستا ئەزانیت وئاواکەی لە لیوانەکە ( پەرداخ) ھێناو، سێ چوار جار بە ئاوەکە غەرغەرەم کردو وتی برۆ بەیانی وەرەوەو، پرسیاری ئوتێلم کردو خۆی و براکەی وتیان ئوتێلی چی؟ میوانی خۆمانی و، زۆر ھەوڵمدا بەڵام نەیانھێشت و دەوروبەری کاتژمێر یەک ودوو سێ قۆڵی چووین بۆ ماڵیان و، دایک و باوکی پێشوازی زۆر گەرمیان لێکردم و، نانی نیوەرومان خواردو دایکی روویکردە من و وتی حەز لە چی خواردنێک ئەکەێت؟ وتم وەک ئێوە چی ئەخۆن منیش ئەیخۆم، من و( ک) ی برای دووقۆڵی چووین بۆ پیاسەو بازار کراسیک وفانیلەو ھەندێ وردەواڵەم کری و، گەراینەوەو لە پاش نانخواردن سێ چوار جۆر چەرەسات و کۆمەڵێک میوەیان داناو، دەرکەوت ھەموویان سەر بە حیزبی دیموکراتن و، زۆر نیگەران بوون کاتێک پیستیان ژنێک و پێنج منداڵم جێھێشتووەو، بەو شێوەیە سێ رۆژ لایان بووم و، جێی خۆشەویستی رێز بوون و قەت لە بیریان ناکەم و، حێی داخە لە پاش ھاتنەوەم بە حەوت ھەشت رۆژ جنایەتکارەکانی رژێمی ئیسلامی ھێرشیان کردە سەر پاوەو بیستم (س) گیراوەو پاشان سەریان بریوە لە داھاتوودا باسی ئەکەم.
__________________________________________________
پەراوێز:
* Belebzan: زۆر لە ھاورێیانی عەرەب کە لە شاخ پێکەوە بووین ناتوانن وشەی بەلەبزان وەک خۆی بڵینەوە بۆیە بە ئینگلیزی بۆیان ئاسانترە.
** کوچەڵە: قاپێکە ، خۆڵی بێژراوی بۆ ئامادە ئەکەن و ئەیکەن بە قورو، لە قورەکە کۆمەڵێک کوچەڵە دروست ئەکەن ‌ بۆ ئەوەی بنێشتە کاڵەکە ( بنێشتەتاڵەکە)‌ لە شوێنی برینەکانەوە بچێتە ناو کوچەڵەکان
*** قتو: قوتوی بەتاڵی دۆشاو تەماتە ٨٠٠ گرامەو، ھەرقتوویەک بۆ دە کەس ـ ١٢ کەسەو، ئەمە لە دووەمین رۆژم لای ئەبو ئەحمەد بەرپرسی ئیدارەی گشتی حیزب لە تووژەڵە دانشتبووم بە یەکێکی وت قتویەک بۆ ١٠ ـ١٢ کەسە.
 

٣\٦\٢٠٢٠

 

 

- بەشی هەشتەم -

 

شەڕی پاوە و رۆڵی ھاورێیانی حیزبی شیوعی.

حکومەتی شای ئێران لە درێژایی تەمەنیداو لە رێی دەزگای سیخوری ساڤاک ھەوڵیداوە بۆ کپکردنی دەنگی ئازادیخوازان و حیزبی تودەو ھێزە چەپەکانی گەلانی ئێران بە کوردو فارس و ئازەرو عەرەب وبلوشەوەو کپکردنی ھەر دەنگێکی ناڕەزایی‌و چەوساندنەوەی چینایەتی‌و نەتەوایەتی خسڵەتی حکومەتەکەی شا بوو پاشان گوازرایەوە بۆ حکومەتی ئیسلامی ئێران ھەرچەندە خەڵک شۆرشیان بەرپاکرد بۆ ئەوەی ببێتە مایەی ئاڵۆگۆرێکی گەورە بەرەو سەربەستی و ئازادی و دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانی بۆ ھەموو حیزب و ھێزی سیاسی و توێژەکانی کومەڵەگا کە بەشدار بوون لە خەبات و تێکۆشاندا بۆ لەناوبردنی حکومەتەکەی حەمە رەزا شا.

لە گەڵ روخانی تەخت وتاجی حکو‌مەتەکەی حەمە رەزاشا گەلی کوردو حیزبە کوردستانییەکان دەستیان گرت بە سەر زوربەی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و، زۆری پێ نەچوو لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران باڵی خومەینی لە بەڵینەکانی بەرامبەر بە ئازادی و خۆشگوزەرانی و مافی ھەموولاکانی بەشداربوو لە تێکۆشان دژ بە شا ھەڵگەرایەو زاڵ بوو بە سەر ھێزەکانی ترو، کەوتە لێدانیان و یەکە یەکە ھێزەکانی تەفرو توونا کرد بە راونان و گرتن و زیندانیکردن و کوشتن و لە درێژەی ئەو شاڵاوەقیزوەنە شەر بەرۆکی میللەتی کوردی گرت.

پاش شەش مانگ لە روخانی شاو سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران بیری کۆنەپەرستی و سەرکوتکەری سەرانی کۆماری ئیسلامی لە رۆژی ٢٣/٨/١٩٧٩ تا ٢٨/٨/١٩٧٩ ھێزەکانی ئاخوندەکان ھێرشیان کردە سەر شاری پاوەی کۆڵنەدەر، پاوەی دوژمن بەزێن و بە سەرۆکایەتی عەلی ئەسغەر فیسالی و سەرپەرشتی سەرتیپ وەلی اللە فەلاحی فەرماندەی ھێزی زەمینی ئێران و بە ئامادەبوونی مستەفا چەمران نوێنەری حکومەتی ئێران و، شەرێکی خوێناوییان بەرپاکردو حیزبی دیموکرانی کوردستان بە گشتی و کۆمەڵەو خەڵکی بە شەرەفی پاوە بەرنگاری ھێزەکانی دوژمن بوونەوەو بەپێی راگەیاندنی بەرپرسانی حکومەتی ئێران جگە لە سوپا ئەم ھێزانەش بەشدار بوون: گاردی بە ناو شۆرشی ئێران و جیندرمەو ٣٠ ھەلیکۆپتری کۆبراوفرۆکەی تریش ، زیانەکانیان زیاتر لە ٢٠٠ بریندارو کوژراوو خستنە خوارەوەی فرۆکەیەک بە دوو فرۆکەوان و ھەلیکۆپتەرێک و، لە تۆڵەی شەرەکەو بەرنگاربوونەوەی قارەمانانەی پێشمەرگەکان، ھێزەکانی دوژمن بەربوونە گیانی خەڵک و قەسابخانەو کۆمەڵکوژیان ئەنجامداو دیلەکانیان گوللەبارانکردو لە پاش شەرێکی خوێناوی دەستیانگرت بە سەرشارەکەدا..

بارەگای ھێزی حیزبی دیموکراتی ئێران بە فەرماندەیی ( سەروان کەریمی) لە نەوسودبوو، لە مێژەوە پەیوەندی لە نێوان حیزبی شیوعی عێراق و حیزبی دیموکراتی ئێران بتەو بەھێز بوو، لە سەر داوای شەھیدی قارمان شەھید عەبدولرەحمان قاسملو ژمارەیەک لە کادیرو پێشمەرگەو ھاورێان بۆ ھاوکاری و یارمەتیدانی ھێزەکانی دیموکرات تەرخانکرابوون و، ھەر لە سونگەی ئەو ھاوکارییە لە مانگی ٩ ی ١٩٧٩ بەرێز سەروان کەریمی ئامر ھێزی پێشمەرگەکانی دیموکرات بە نامەیەک داوای لە حیزب کرد ٧٠ پێشمەرگە بنێرین بۆ سەر شاخی ( کەمەرەبەتاڵ) بۆ یارمەتێدان و ھاوکارکردنی پێشمەرگەکانیان چونکە بە ھۆی شەرەوە زۆر ھیلاک بوون و، بۆ ئەوەی ھێزەکانی ئاخوندەکانی ئێران پێشرەوی نەکەن و، کەمەرە بەتاڵ ئەکەوێتە سەر رێگای سەرەکی پاوە ــ نەوسودو، ئەروانێتە سەر دێی نوریاوەو نەجاروشاری پاوەو ناوچەیەکی فراوان، بۆ ئەو مەبەستە نووسینگەی سەربازی ( مەکتەبی عەسکەری) بریتی بوو لە ھاورییان یادیان بەخیر: عەبدوڵلای مەلا فەرەج ( مەلا عەلی) بەرپرسی مەکتەب و شەھید نەسرەدین عابد ھەورامی و شەھید توفیق حاجی و ھاوری حەمە رەشید قەرەداغی ئەندامانی مەکتەب کۆبوونەوەی کردو وەڵامی نامەکەی سەروان کەریمیان دایەوەو تیادا نووسرابوو ھاورێیان ئامادە ئەکەێن و چەکمان کەمەو پێویستیمان بە ٥٠چەکەو، ھەر ئەو رۆژە بەرێز سەروان کەریمی و چەند فەرماندەیەکی تر ھاتن بۆ بارەگای حیزب و ٥٠ چەکەکەیان ھێناو دابەشکرا بە سەر ٥٠ پێشمەرگەو، لە سەر بریاری مەکتەبی عەسکەری بریاردرا ھاورێ حەمە رەشید قەرەداغی بەرپرسی ھێزەکەی حیزب بێت و سەرپەرشتی بکات و، ھاورێیان مام ئەسکەندەریادی بەخیرو شەھید مەحمود حەسەن ژاڵەناوی و شەھید عەبدوڵلای ئامین و ئەوڵقادری فارس و فەتاح گەڵالی و دەیان فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمان ٤٥ رۆژ لە سەر شاخی کەمەربەتاڵ بوون و خەڵکی ناوچەکە بۆ سەردان و دیدەنی ئەھاتن و خواردنیان بۆ پێشمەرگەکان ئەھێناو زۆر خۆشحاڵ بوون پێشمەرگەی حیزبی شیوعی یارمەتی خەڵکی ناوچەکەو حیزبی دیموکرات ئەکەن و، پەیوندی توندو تۆڵ و بتەویان لە گەڵ ھاوریاندا ھەبوو.

لەو ماوەیەدا حکومەتی ئێران ھێرشی نەکرد بەڵام جاروبار ناوچەکەو سەنگەرکانی حیزبیان بۆردوومان ئەکردو، فەرماندەیەکی پێشمەرگە بەناوی نوری سەردانی ھاورییان ئەکردو لە گەڵ ھاورێ حەمە رەشید قەرەداغی کاروباری پێشمەرگەیان رێک ئەخست و جێی داخە شەھید کراو، لە پاش ٤٥ رۆژ مانەوە لە سەر شاخی کەمەربەتاڵ ھاورێیان داواینکردو وتیان ئێمەش حەز ئەکەێن دابەزین و بچین بۆ ناوچەکانی خۆمان بۆ بەرنگاربوونەوەی ‌ حیزبی بەعسی عەرەبی و، ئەوە لە پاش ٤٥ رۆژ بە ئۆتۆمبێل ھاورییانیان برد بۆ نەوسودو لە بارەگای ھێز نیوەرۆ خوانێکیان سازکردو، زۆر سوپاسی حیزب و ھاورێیانیان کردو ٥ پارچە چەکیان وەک دیاری پێشکەش بە حیزب کرد.

یەکێک لە گیروگرفتەکانی حیزب خێزان و ماڵی ھاورێیان ئەحمەد حەسەن ژاڵەناوی و شەھید مەحمود حەسەن ژاڵەناوی بوو منداڵی ساویان ھەبوو لە ناو شاری پاوە مابوونەوەو، ھاورێ مەڵا عەلی و ھاوری حەمە ‌رەشید قەرەداغی پەیوەندی کۆمەڵایەتی باشیان لە گەل خەڵکی ناوچەکە ھەبوو، توانیان لە رێی شێخی ئیرشاد بەرێز شێخ محەمەدی نەجار خێزانەکان بە سەلامەتی بێنە دەرەوە.

 

١٩\٦\٢٠٢٠

_____________________________________________

بەشەکانی ١، ٢، ٣، ٤: www.emrro.com/wanekanijiyan1234.htm


ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک