په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١٢

وانه‌کانی کۆمۆنی پاریس، ھەمیشە بۆ چینی کرێکار زیندوون!‌


نوری بەشیر      


چینی کرێکار ھەر ئێستاش پێویستە ‌بە ھوشیاریەکی زۆرەوە ‌لە ئه‌زموونی کۆمۆنی پاریس، وەک یەکەمین شۆڕسی کرێکاری و بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم چێنە ‌بڕوانێ و وانه‌ و پەندەکانی بۆ خەباتی ئێستای بەکاربەرێ، بە تایبەتی لە دونیای ئەمڕۆدا کە شۆڕش و نارەزایەتیەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ‌باکوری ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی و عێراق و کوردستان، ھاوکات خۆپیشاندانە جەماوەریەکان لە وڵاتانی قه‌یران ‌گرتووی ئەو‌روپا و ئەمریکادا، ئەو ڕاستیەی جێگیر کردووە ‌کە ‌نائامادەیی چینی کرێکار لەم شوڕش و ھەلومەرجانەدا، چۆن بۆتە مایەی ئەوەی کە چینی بۆرژوازی و ڕەوتەکانی بە دژی شۆڕش ھەنگاو ھەڵگرن وڕێگا بگرن لەوەی کە شۆڕش بە ئاراستەی بەدیھاتنی ئەو خواست و ئومێدانەدا بڕوات کە کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆی ھاتنە مەیدانەوە و شۆڕشیان بۆ کرد. ئەمە ‌لە کاتێکدایە ‌کە ‌ئه‌زموونی یەک ‌ساڵی ڕابردووی شۆڕش‌و ناڕەزایەتیە ‌جەماوەریەکان، کۆمەڵگای بەرەو ئەو ئاستە ‌ڕاپێچ داوە ‌کە ئەکرێت ئەزموونی کۆمۆنی پاریس خۆی دووبارە ‌بکاتەوە ‌وچینی کرێکار دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ و ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی خۆی دامەزرێنێ. ھەر بۆیە ‌ئەم واقعیەتە ‌داوامان لێدەکات کە لە ساڵیادی کۆمۆنی پاریسدا جارێکی تریش، ھەرچەند بەکورتیش بێت، ‌پەند و وانه‌کانی ئەم ئەزموونەی چینی کرێکار لە فەڕەنسادا، باس لێوەبکەین، ‌بە تایبەتی کە ھێشتا تارمایی شۆڕش لە ئاسمانی ولاتاندا دەگەڕی و ھێشتا نارەزایەتیە جەماوەر‌یەکان بە ڕووی دەسەڵاتە ‌سەرمایەداریەکاندا، مەیدانە ‌سەرەکیەکانی پایتەختی حکومەتانی چینی بۆرژوازی چۆڵ نەکردووە.

کۆمۆنی پاریس لە ڕۆژی شەممەی ١٨ی مارسی ١٨٧١دا واتە ١٤١ ‌ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمین جار چینی کرێکار لە فەرەنسا توانی ھێزی خۆی بھێنێتە مەیدان و دەسەڵاتی سەرمایەداری لە شاری پاریس تێک بشکێنێ و بۆ ماوەی ٧٢ ڕۆژ ھەموو سیستەمی ئابووری و سیاسی وڵات ئاڵۆگۆڕ پێبکات، ئەم ماوەیە ‌ئەگەرچی زۆر کورت بوو لە تەمەنی دەسەڵاتدارێتی چینێک، کە قارەمانانە ‌بەرامبەر ھێرش و پەلامارەکانی چینی بۆرژوازی و تاوانکارێکی وەک ناپلیۆن پۆناپارت و دڕندەیی و کوشتارەکانی ڕاوەستا، بەڵام زۆر کاری گەورە و دەستکەوتی بۆ چینی کرێکار و ھەژاران و کۆمەڵگای مرۆڤ بەدەست ھێنا. دەسەلاتدارانی ئەو کاتەی فەڕەنسا لە بەرامبەر ئەو قه‌یرانه‌ی کە دەسەڵاتی بۆرژوازی تووشی ھاتبوو، و ببووە ‌بارگرانیەکی گەورە ‌بەسەر کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشانەوە، لە ھەوڵێکی بەردەوامدا بوو بۆ ئەوەی ھەم پاشماوه‌کانی ئەم قەیرانە ‌بەسەر خەڵکی کریکار و زەحمەتکێشدا بشکێنێتەوە و ھەم بۆ ئەوەی لە مەترسی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانە ‌کرێکاریەکان، خۆی دەرباز بکا. بۆ ئەمەش بڕیاری چوونە ‌نێو شەڕێکەوەی دا ‌لەگەڵ دەوڵەتی پروسیادا، تا خۆی لە شۆڕش و داڕمان دەرباز بکا. واتە ‌چینی بۆرژازی ئەم شەڕەی پێویست بوو. دەسەڵات ئەوکات دەیزانی کە ھەرچەندە ‌بە ھۆی ئەم شەڕەوە ‌خەڵکی کۆمەڵگاکەی بەکوشت دەدا و دەیزانی ئابووری وڵات خراپتر دەبێ، بەڵام ڕێگایەکە ‌بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی. لێرەدا دەبێ وەک یەکەمین خاڵ دووپات له‌سه‌ر ئه‌و وانه‌یه‌ ‌بکەینەوە کە شۆڕشی کرێکاری لە پاریس، ئەو حەقیقەتەی سەڵماند کە چینی بۆرژوازی و سەرمایەداران ئامادەن دەست بۆ ھەموو ھەنگاوێک بەرن لە پێناو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، ھەر بۆیە ‌چینی کرێکار نابێ لە خەباتی خۆیدا ھیچ خۆشخەیاڵیەکی بە ھیچ بەش و باڵێکی بۆرژوازی ھەبێت، بەڵکو دەبێ بەوپەڕی تواناوە ‌بەرامبەر بە سەرتاپای چینی بۆرژوازی و ڕەوتەکانی ڕاوەستێ و تا گرتنی دەسەڵات ڕێگا و ده‌رفه‌تیان لێببڕێ. بە تایبەتی کە لە سەردەمانی شۆڕشگێڕیدا، باسی ئاشتی و برایەتی و دیموکراسی و نیشتمانپه‌روەریی و ئاسایشی نەتەوە و ‌وڵات لە لایەن ئەم یان ئەو بەشی بۆرژوازی و حیزبەکانیەوە ‌دێتە ‌گۆڕێ. تەنانەت بە ھۆی ھەر ئەم حوکمەوە ‌بوو کە بۆرژوازی دواتر لەپێناو سەرکوتی شۆڕشی پاریسدا کەوتە ‌پیلانگێڕی و کوشتاری خەڵکی وڵاتی خۆی، ھەر بۆیە نابێ چینی کرێکار و خەڵکی ڕاپەڕیوی سته‌مدیدە، ئەوە لە یاد بکەن کە ئەوەی بۆرژوازی بە ناوی گەل و نیشتمان و خەڵکی خۆوڵاتیەوە ‌بانگەوزای بۆ دەکات شتێکی تری بە دواوە ‌نییە، جگە ‌لە ده‌رفه‌ت وەرگرتن و ھەڵخەڵەتاندنی جەماوەر، تا چنگ لە ئاگر و ئاسن گیر بکا و ئەوپەڕی سەرکوت و کوشتار لە بەرامبەر ھاوڵاتیانی ژێردەستی خۆیدا بەڕیوەبەرێ.

تەنانەت پیلانی چینی بۆرژوازی بەرامبەر بە شۆڕشی پاریس ئەوەبوو بکەوێتە ‌سازش لەگەڵ "دەسەڵاتدارانی دەرەکی"دا، واته‌ ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن "دو‌ژمنی دەرەکی" و خۆی راده‌ستی دەوڵەتی پروسیای ئەو کات کرد و بەڵێنی بژاردنی ھەموو ئەو زیانانەی جەنگی دا، تەنھا بە مەرجێک پروسیا ھاوکاریی بکات تا لە دەست شۆڕشی کرێکاری کۆمۆنی پاریس ڕزگاری ببێت. ھەڵبەت دەوڵەتی پروسیاش ئەمەی پێباش بوو لەبەر ئەوەی کە ئاگری ‌شۆڕشی پاریس، پڕوسیاش نەگرێتەوە. بەم جۆرەش توانرا چینی بۆرژوازی فەرەنسا و پروسیا، لە پلانێکدا یەکەمین دەسەڵاتدارێتی کرێکاری تێک بشکێنن و کۆمۆنەکان لەخوێن ھەڵکێشن. لیرەدا ئەکری بڵێین کە ئەگەرچی کۆمۆنی پاریس سەرکوتکراو نەیتوانی لە بەرامبەر به‌رگریی چینی بۆرژوازی و سوپاکەیدا تاسەر خۆی ڕابگرێ، بەڵام لە لایەک وانه‌یه‌کی گەورەی ‌بۆ چینی کرێکار و شۆڕشەکەی لە سەراسەری جیھان و میژوودا بەجێھێشتووە، و لە لایەکی تریشەوە ‌ترسێکی گەورەی لە ھەناوی بۆرژوازی و دەسەڵات و دەوڵەتەکاندا لە سەراسەری ‌جیھاندا چاندووە.

وانه‌کانی کۆمۆن ئەوە ‌بوو کە لە یەکەم ھەنگاودا توانی دەسەڵات ودامودەزگاکانی سەرمایەداری لەبەریەک ھەڵوەشێنێ و دەسەڵاتدراێتی کرێکاران لە رێگای ھەڵبژاردنی نوێنەرانەوە ‌لە کۆمۆ‌نەکانی گەڕەک و کارگە و ناوەندەکانی کار و بەڕێوەبردنی شاردا، دامەزرێنێ و دەسەڵاتی کۆمۆنەکان بکاتە ‌نموو‌نەیەکی زیندووی حکومەتی کرێکاری. ھەروەھا کۆمۆ‌نی پاریس دینی لە دەوڵەت جیاکردەوە و دەسەڵاتی کلێساشی کە تا ئەوکاتە ‌بەشێکی بنچینه‌یی بوو لە دەوڵەتی فەرەنسا لەناوبرد.

ھەروەھا کۆمۆنی پاریس لەماوەی ٧٢ ڕۆژھ‌ی تەمەنی خۆیدا سیستەمی له‌سێداره‌دانی نەھێشت و ھەموو مەقسەڵەکانی ملپەڕاندنی سوتاند و ھاتنە ‌مەیدانی ژنانی وەک مرۆڤی ئازاد و یەکسانی ناو کۆمەڵگای بانگەواز کرد و ئازادی ڕۆژنامەگەریی و ئازادی سیاسی و رێکخراوبوون و بیرورای ڕاگەیاند و لەشکری پێشەیی ھەڵوەشاندەوە و لەبری ئەو چەکدارکردنی جەماوەری ڕاگەیاند. ھەروەھا مافی خۆھەڵبژراندن ودەنگدانی بە بێ لەبەرچاوگرتنی دین و نەتەوە و ڕەنگی پێستی بۆ ھەموو ھاوڵاتیان بە یەکسانی چەسپاند، کرێی خانوی ھەڵگرت و باری قورسی شانی کرێکارانی سووک کرد و عه‌مباری خواردنەکانی دەست بەسەردا گرت و دابەشی کرد بەسەر کرێکاران و بێبه‌شانی کۆمەڵگادا ....

بەڵام ئەو خاڵەی کە جێگای دووپاتکردنه‌وه‌ و وەرگرتنی وەک وانه‌یه‌که‌ ‌بۆ کرێکاران، ئەوەیە، کە چینی ‌کرێکار پیش شۆڕش ئامادەییەکی تەوایان بۆ ئەم شۆڕشە ‌نەبوو لە خۆرێکخراوکردن لە حیزبی پێشرەوی خۆیاندا واتە ‌حیزبی کۆمۆنیستی چەکدار بە تیۆری مارکسیستی. خالێکی تری لاوازی ئەم شۆڕشە ‌ئەوە ‌بوو تەنیا لە شاری پاریسدا قەتیس مایەوە ‌و دەستی نەبرد بۆ تەفروتونا کردنی سەرتاپای دەسەڵات و ھێزی چینی بۆرژوازی داڕووخاو. ئەمەش کار ئاسانی کرد کە ھێزە ‌تێکشکاوەکەی بۆرژازی سەرشۆڕ بکات بۆ ھێزی دەرەکی پروس و ھێرشێکی دڕندانه‌ و خوێناویی بکاتە ‌سەر پاریس و کۆمۆنارەکان و‌ کوشتار و له‌سێداره‌دان و زیندان و دوورخستەوە و تۆمارێکی خۆێناویی لە کوشتنی به‌کۆمه‌ڵی کرێکاران لە مێژووی پڕ خوێناویی سەرمایەداریدا بەڕیوەبەرێت و بینووسێتەوە. مارکس پێشبینی شکستی ئەم شۆڕشەی دەکرد کە بە ئامادەیی پێویستەوە ‌نەھاتبوە ‌مەیدان و دەیزانی کە بە لاویی لەناودەبرێ، بۆیە ‌بە دوایدا ڕاستیەکان ئه‌زموونێکی گەورەی خستەبەردەم لینین و بەلشەفیزم لە شۆڕشی ڕوسیادا بۆ شکانی یەکجاریی دەسەلاتی بۆرژوازی لە سەراسەری وڵاتداو دامەزراندی دەسەڵاتی کرێکاری....

ئەوەی بۆ کرێکاران جارێکی تر لەمرۆدا جێگای بایەخە، کە سەرمایەداری بە وڵاتانی جیھانی سێھەم و ئەوروپا و ئەمه‌ریکا و ‌لە قه‌یرانێکی ئابووری ھێندە ‌سەرپاگیردایە ‌کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ‌لە لێواری داڕمان نزیک دەبێتەوە. ئەوەتا ‌دەوڵەتی یۆنان بۆ ماوەی ٣ ساڵیشە ‌وەک دەوڵەت و دەسەڵات لە توانایدا نییە ‌کۆمەڵگا بەڕیوەبەرێت. ئیسپانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا ترس لە شۆڕش سەرتاپایانی داگرتوە، نارەزایەتیەکانی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، ژنان و بێکاران، ناوەندەکانی گەلێک لە شارەکانی جیھانیان گرتووه‌ و دەڵێن "ئێمە ‌زۆربەین". دەسەڵات و حکومەتەکانی تونس، میسر، یەمەن و لیبیا رووخان و سوریا و کوەیت و عێراق و کوردستان لەبەردەم نارەزایەتیەکی گەورەدان، بەڵام بە بێ ئامادەیی چینی کرێکار و رێکخراوبون و ھاتنەمەیدانیان لە حیزبی چینایەتی کرێکاران و رۆشن بە تیۆری مارکسیزم، ئەم جوولانەوانە و ئەم خەباتە ‌ناتوانێت دەسەڵاتی بۆرژوازی بە قازانجی چەوساوەکان بڕووخێنێ و دەسەلاتی دڵخوازی کرێکاران و بێبه‌شانی کۆمەڵگا دامەزرێنێ.

 

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک