٢١\١٠\٢٠١٠
وانەی کوردی بۆ
پۆلی یەکەم بەم شێوەیە دەگوترێ؟!

سەلام
عەبدوڵا
مامۆستا! نە کەڵەشێر،
مریشکە، نە سۆنە قازە و نە سەگ دڕندەیە
و کورد دەڵێ قوری، نەک(قۆڕی)!
سەرپەرشتیارێکی پەروەردە بە روخسارێکی مۆن هەوڵدەدا مامۆستایان،
دایکوباوکان و قوتابیان لە کەناڵی تەلەفزیونی گەلی کوردستان/خانەقین
فێری ئەلفبێی کوردی بکات. لە بینینی دوو وانەی مامۆستا عەلی ئەرکەوازی
لەکەناڵی ناوبراو و خوێندنی نامیلکە(بێ ناوە)کەی بۆ وتنەوەی ئەلفبێ،
ئەم تێبینی و رەخنانەم لەلادا گەڵاڵە بوون و بە پێویستی دەزانم یەک بە
یەکیان بخەمەڕوو، بەو ئومیدە ئەم هەڵە کوشندە و ناپەسەندو خواروخێچ و
پێکەنیناوییانە دووبارە نەبنەوە. مامۆستا دەبێ بە شێوەیەکی دۆستانە
لەگەل هاوپیشەکانی رەفتار بکات و کەسیش پێی وانەبێت"ئوستادە"!
هەموومان هەڵە و کەموکوڕیمان هەیەو لەبری رەفتارو گفتاری ناشرین و
بێڕێزی، دەبێ دەستی یەکتر بگرین و بە پشووی درێژ و دۆستایەتییەوە،
ئەرکە گەورەو جوان و باڵابەرزەکەمان بۆ پێشەوە ببەین!
وانەی یەکەم:
1- مامۆستا کەوانە لەناو کەوانە بەکاردەهێنێت.
2- گشتی یە دەبێ پێکەوە بنووسرێت(گشتییە).
3- لەکاتی روونکردنەوەی بەشی یەکەم کە تەنها لە وێنەکان پێکهاتووە،
مامۆستا هەڵەیەکی کوشندە دەکات و دەڵێ(تا بتوانن بخوێنن و بنووسن)
4- لەمەیانی قسەکانی دەڵێ(هەموو پێداویستییەکانمان ئامادەکردووە).
لەراستیدا نوقسانی زۆرە.
5- لەبری ئەوەی بڵێ(ئامرازەکانی فێرکردن- الوسائل التعلیمیە)،
دەڵێ(هۆیەکانی فێرکردن)!
6- لە پیشاندانی بەشەکانی کتێبی ئەلفبێ، دەنووسێ:
بەشی یەکەم: لە لاپەڕەی3تاکو 28
بەشی دووەم: لەلاپەڕەی 29 تاکو68
بەشی سێیەم: لە لاپەڕەی 68تاکو کۆتایی لاپەڕەی78
دەبوو مامۆستا لە دیاریکردنی بەشی سێیەم بنووسێ: لە لاپەڕەی69تاکو
لاپەڕەی78
7- دەڵێ(هەمووی تەرجوومە کراوە)، بەڵام لەڕاستیدا هیچ وەرنەگێڕدراوە!
8- مامۆستا نووسیویەتی(رێگاکانی ووتنەوەی ئەلفبێ)، بەڵام دەبو
بنووسێ(رێگاکانی وتنەوەی ئەلفبێ) و لەبری تێکەڵ، نووسیویەتی(تێکەل)!
9- وشەی عەرەبی(تعریفی)واتە پێناساندن، نەک پێناسە(تعریف).
10- ئەو دەنووسێ(بابەتی گشتییە)، راستەکەی ئەوەیە بنووسێ(بابەتی گشتین)
11- مامۆستا بەهەڵەش دەخوێنێ: لە کتێبەکە نووسراوە(سوپاس بۆ مامۆستای
رابەر)، بەڵام کاک عەلی(ی)دەقرتێنێ و دەڵێ(مامۆستا رابەر)!
12- لەکاتی پیشاندانی وێنەکان دەڵێ(تا بخوێنن، ئەوجا بنووسن)، بەڵام
لەراستیدا هیچ ناخوێنن و نانووسن، چونکە تەنها وێنەن.
13- دەڵێ(بە فەردی و جەماعی)و دەبوو بڵێ بە تاک و کۆ!....زۆر وشەی
عەرەبی بەکاردەهێنێ کە زۆر جار پێویستی پێ نییە!
وانەی دووهەم:
1- دەڵێ تەلەفزیون گەلی کوردستان و دەبێ بڵێ(تەلەفزیونی گەلی کوردستان)
2- نووسیویەتی پرۆگرامی. درووستەکەی(پڕۆگرامی)یە.
3- لەبری(لاپەڕە)، نووسیویەتی(لاپەرە)!
4- دەڵێ(مامۆستا قسەی بۆ دەکات)و دەبوو بڵێ(مامۆستا قسەیان بۆ دەکات)!
5- نووسراوە(مامۆستاکان)کەچی بە زارەکی دەڵێ(مامۆستایان)!
6- نووسراوە(لاپەرەی8)و دەبوو بنووسێ(لاپەڕەی8)
7- نووسراوە(حەوشە)، کەچی دەڵێ(حەوش)!
8- وێنەی لاپەڕەکە(قاپ)یان(دەوری)نیشاندەدا، کەچی پێدەڵێ(سینی)!
9- بەهەڵە نووسراوە(بەوێنە)و راستەکەی(بە وێنە)یە!
10- لە لاپەڕەکە(ئەسپ)پیشاندەدا، کەچی ئەو پێدەڵێ(حەیوان)!
11- لە وێنەکە(کەڵەشێر)نیشاندەدا، کەچی پێدەڵێ(مریشک)!
12- دەڵێ(جەوەڵ و شاخ وداخ)، هەردوکیان هەر یەکن و بەسە ئەگەر
بڵێ(چیا)یان(شاخ و داخ)!
13- مامۆستا ئاماژە بۆ وێنەی کۆتر دەکات و دەڵێ(کۆتر ناخورێت)، بەڵام
لەڕاستیدا کۆتر دەخورێت!
14- مامۆستا نووسیویەتی(وەڵام دانەوە)، بەڵام دەبێ پێکەوە
بیانووسێ(وەڵامدانەوە).
15- نووسیویەتی(گیان لەبەر)و راستەکەی(گیانلەبەر)ە!
16- مامۆستا نووسیویەتی(مامۆستای پۆلی یەکەم بۆ ماوەیەک ئاشنایان دەکات
لە گشت شتەکانی ناو حەوشە و گۆڕەپانی قوتابخانەکە). راستەکەی ئەمەیە: (مامۆستای
پۆلی یەکەم بۆ ماوەیەک قوتابیان ئاشنادەکات بە گشت شتەکانی ناو حەوشەی
قوتابخانەکە)!
17- (توند و تیژی) بەم شێوەیە بەیەکەوە دەنووسرێت(توندوتیژی).
18- مامۆستا لە پێشکەشکردنی یەک وانە، ئەم هەموو وشە عەرەبییانە
بەکاردەهێنێت، وەک:
(حاجز
خوف، قصص،
محادثة،
جحيم، جو، استفادة، معالم، ساحةي مكتب، ماضي، ادارة، جرس ،
طفو(مةبةستي
طفلة)،
رحلة، صبورة، مبردة، أشباع،
طلبة،
اعتيادي، مدير،
غراض،
درس،
رياضة،
حانوت، نفسيا، رغبة، ملاعيب،
تطبيق،
مؤقت،
رسم، شلال،
طير،
علاقة،
مطار،
نقل، حلقةو زؤر وشةي عةرةبي تر).
19- (حەلەقە و زنجیر). بەسە ئەگەر مامۆستا بڵێ: تا زنجیرەیەکی تر!
مامۆستا عەلی حوسێن عەبد عەلی نامیلکەیەکی بەناو(وەزارەتی پەروەردە،
بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی خانەقین، یەکەی سەرپەرەشتیاری
پەروەردەیی)بڵاوکردووە:
نامیلکەیەکی بێ ناو!
1-مامۆستا دەبوو ناوێک بۆ نامیلکەکەی هەڵبژێرێ، بۆ نموونە(رێبەری
گوتنەوەی وانەی ئەلفبێ)! بەداخەوە ئەم کارەی نەکردووە!
2-لە لاپەڕەی2، کەمال محەمەد غوڵام عەلی(خۆی نووسیویەتی کمال محمد غلام
علی!)، سەرەتایەکی بۆ نامیلکەکە"بێ ناوەکە"نووسیوە. کاک کەمال لە
نووسینی ئەو(سەرەتایە)، بێجگە لەوەی رەچاوەی هیچ خاڵبەندییەکی
نەکردووەو دەیان هەڵەی کوشندەی کردووەو جێگای قبوڵ نییە لە یەکێک
ناوی(سەرپەرەشتیاری پەروەردەیی یەکەم لە پەروەردەی خانەقین)هەڵبگرێ و
هیوادارم بەخۆی پێداچوونەوەی بۆ بکات.
لەبارەی نامیلکەکە:
لاپەڕەی3:
1-وشەی سیفەت بەکاردەهێنێ و بە کوردی پێدەڵێن(خەسڵەت- کورداندنی خێلەی
عەرەبییە)!
هەروا دەبوو لەبری(سیفەت)بنووسێ سیفاتەکانی، چونکە لەخوارەوە باس لە
5خەسڵەت دەکات!
2- مامۆستا نووسیویەتی(بۆ ئەوەی سیفەتە بنچینەییەکانی مامۆستای پۆلی
یەکەم ئامانجە پەروەردەییەکانی جێبەجێ بکات، ئەم خاڵەی خوارەوە لەبیر
نەکەین کە تەواوکەری ئەو سیفەتانەن).
دەبوو مامۆستا بەم شێوەیە بنووسێ: (بۆ ئەوەی مامۆستای پۆلی یەکەم لەگەل
خەسلەتە بنچینەییەکانی، ئامانجە پەروەردەییەکانی جێبەجێ بکات، دەبێ ئەم
خاڵانەی خوارەوە کە تەواوکەری ئەو خەسلەتانەن، لەبیر نەکات:
لەبەر ئەوەی مامۆستا لەخاڵی(ب) ئاماژەی بە(مامۆستای پۆلی یەکەم)کردووە،
دەبوو لە خاڵی یەکەم بنووسێ(بەستنی پەیوەندی هاوڕێیانە لەگەل قوتابیان).
3- لە خاڵی چوارەم نووسیویەتی(خوڵقاندنی جەوی خۆشتر)و دەبوو
بنووسێ(خوڵقاندنی کەشوهەوای خۆشتر).
4- لە خاڵی چوارەم نووسیویەتی(...چونکە لە جەوی پڕ لە نازونیعمەت و
خۆشەویستییەوە هاتوون). من ئەوەندە دەزانم کە زۆرێک لە قوتابیان لە
بنەماڵەی هەژاردا گەورەبوون، ئاخر باسی کامە"نیعمەت" دەکات؟!
5- نووسراوە(ئەنجامدانی چالاکی کورتی وەرزشی یان هونەری لەکاتی وانە
ووتنەوە چونکە قوتابی پۆلی یەکەم لە(10-15)خولەک زیاتر خۆی ناگرێ و
حەزی لە جووڵەیە.
دەبوو مامۆستای بەڕێز بنووسێ(لە کاتی وانە گوتنەوە چالاکی وەرزشی یان
هونەری کورت ئەنجام بدا، چونکە قوتابی پۆلی یەکەم لە(10-15)خولەک زیاتر
خۆی ناگرێ و حەزی لە جووڵەیە.). مامۆستا خاڵبەندی و وێرگوڵ ناناسێ و
وشەکان ریزدەکات و وتنەوە بە دوو(وو)دەنووسێ.
6- نووسیویەتی(پێوستە)، بەڵام دەبوو بنووسێ(پێویستە).
7- لە خوار سەردێڕی(هەندێ دیاردەی دزێو)، بە هەڵە ئەم وشانەی نووسیوە:
کورد دەڵێ(هەر یەکێکیان)، نەک(هەر یەکەیان)، لەبری(پڕۆگرامی)،
نووسیویەتی(پرۆگرامی)، لەبری(نەرێنی)، نووسیویەتی(سلبی).
لەبری(قوتابخانە)، نووسراوە(قەتابخانە).
8- هیچ پێویست ناکات لە تەنیشت وشەی(شەڕەنگیزی)بنووسێ(دژایەتی)بۆ
وەرگێڕانی(ڤاهرە العدوان). ئەوجا وەرگێڕانەکەیشی هەڵەیە، چونکە
شەڕەنگیزی واتە(العدوانیە)یە نەک (العدوان)!.
9- ا- لەبری ئەوەی بنووسێ(جا بۆ ئەوەی ئەو دیاردانەی سەرەوە روونەدەن)،
نووسیویەتی(جا بۆ ئەوەی ئەم دیاردانەی سەرەوە روو نەدەن). ب- مامۆستا
رستەسازیش نازانێت و دەنووسێ(جا بۆ ئەوەی ئەم دیاردانەی سەرەوە روو
نەدەن لە نێوان منداڵانی پۆلی یەکەم ، دەبێت پرۆگرامی ئامادەکردن بە
هەردوو قۆناغەکەیەوە بەشێوەیەکی راست و ردووست و تەواو فێری قوتابیان
بکەین کە وەکو لای خوارەوە هاتووە...).
ئەو دێڕە بەم شێوەیە دەنووسرێت: (جا بۆ ئەوەی ئەو دیاردانەی سەرەووە لە
نێوان قوتابیانی پۆلی یەکەم روونەدەن، دەبێت پڕۆگرامی ئامادەکردن بە
هەردوو قۆناغەکەیەوە بەشێوەیەکی راست و درووست و تەواو وەک لای خوارەوە
هاتووە، فێربکرێن)!
لاپەڕەی4:
1- نووسراوە(سەرەتای ساڵ پیشاندەدات کە دایکو باوک منداڵ بۆ یەکەم جار
دەبەن بۆ قوتابخانە).
راستەکەی: سەرەتای ساڵی خوێندن پیشاندەدا کە دایکوباوکان، منداڵەکانیان
بۆ قوتابخانە دەبەن. بەداخەوە لە وێنەکە تەنها نێرینە منداڵەکان بۆ
قوتابخانە دەبەن.
2- پێشوازی کردن پێکەوە دەنووسرێت(پێشوازیکردن).
3- نووسراوە(ناساندنی یەکتر و ئاشنابوون بە یەک)و راستەکەی: ناسین و
ئاشنابوون بە یەکتر.
4- دەستشتن و ئاوخواردنەوە، نەک (دەست شتن و ئاو خواردنەوە).
5- (مامۆستای پۆلی یەکەم چەندین جۆری یاری لەگەڵ قوتابیان ئەنجامدەدات
و دەبێت بە هاوڕێی قوتابیان).
راستەکەی: مامۆستای پۆلی یەکەم چەندین جۆری یاری لەگەل قوتابیان
ئەنجامدەدات و دەبێت بە هاوڕێیان. ئاخر بۆچی وشەیەکی دیاریکراو و
ناسراو لەیەک رستەدا، دووجار دووبارە بکرێتەوە؟!.
6- (خوڵقاندنی جەوی خۆشتر پڕ لە یاری بە ئارەزووی خۆیان)و راستەکەی:
خوڵقاندنی کەشوهەوای خۆشتر و پڕ لە یاریکردن بە ئارەزووی خۆیان.
7- (ناوحەوشە و ساحەی قوتابخانەکە...) هەڵەیە و دەبێ بنووسێ: (ناو
حەوشەی قوتابخانەکە...). (دەست پێ دەکات) پێکەوە دەنووسرێت(دەستپێدەکات).
لاپەڕەی5
مامۆستا(التژکر البێری)بە(بیرکەوتنەوەی چاوی)وەردەگێڕێت و دەبوو بەم
شێوەیە وەریگێڕێ: وەبیرهاتنەوەی بیناییانە)
1- رێگەی دەربڕینە بە وێنەی جودا(التعبیر بالێور المنفێلە). دەبوو
مامۆستا بنووسێ(گریقە التعبیر بالێور المنفێلە).
2- (هونەری پرسیارکردن وەڵام دانەوە فێر دەبن) و راستەکەی
ئەمەیە(هونەری پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، فێردەبن).
3- گێڕانەوە مانای(التعبیر)نادات، بەڵکو دەبوو بنووسێ(سرد)و دەربڕین
واتە(تعبیر)!
4- (اسلوب المحادپە)واتە(شێوازی گفتوگۆکردن).
5- لە خاڵی 4و5، وەک خاڵی 1،2،3نانووسێ(قوتابی)!
6- نووسراوە(قوتابی بیرکردنەوەی چاوی بەهێز دەبێت). ئەگەر ئەم رستەیە
بۆ عەرەبی وەرگێڕین، ئەوا بەم شێوەیە لێدێت: (یقوی تژکر العین عند
الگالب)و ئەمەش هیچ مانایەک نادات! دەبوو مامۆستا بنووسێ: قوتابی
وەبیرهاتنی بیناییانەی بەهێزدەبێت.
7- نووسراوە(قوتابی فێر دەبێت رووداوەکان ببەستێت بە یەکەوە). دەبوو
مامۆستا ئەم رستەیە بەم شێوەیە بنووسێ: قوتابی فێردەبێت رووداوەکان بە
یەکەوە ببەستێ.
8- نووسراوە(قوتابی فێری داڕشتنی چیرۆک دەبێت بێ ئەوەی پەنا بەرێتە بەر
وێنە). دەبوو مامۆستا ئەم رستەیە بەم شێوەیە داڕێژێ: قوتابی فێری
داڕشتنی چیرۆک دەبێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ وێنە ببات).
9- نووسراوە(منداڵە کەم رووەکان هاندەدات بۆ بەشداری چالاکی گفتوگۆ
کردن). دەبوو مامۆستا ئەم رستەیە بەم شێوەیە بنووسێ: منداڵە شەرمنەکان
هاندەدات بۆ بەشداری لە چالاکی گفتوگۆکردن.
10- نووسراوە(ئەم چالاکییە ئەوەیە قوتابی رابهێنرێت لە سەر ناسینەوەی
ئەو شتانەی کە لە یەک دەچن و ئەو شتانەی کە لە یەک ناچن واتە ئەم
چالاکییە بیرکەوتنەوەی بینین((التژکر البێری)) لە ناسینەوەی لە یەک
چووەکان و لە یەک نەچووەکان((المۆتلف و المختلف))بەهێز دەکات.
دەبوو مامۆستا بەم شێوەیە رستەسازی ئەو خاڵە بکات: ئەم چالاکییە بۆ
ئەوەیە قوتابی رابهێنرێت لەسەر ناسینەوەی ئەو شتانە کە لە یکدەچن و ئەو
شتانە کە لە یەکناچن، واتە ئەم چالاکییە، وەبیرکەوتنی بیناییانە بۆ
ناسینەوەی لەیەکچووەکان و لەیەکنەچووەکان بەهێزدەکات.
11- نووسراوە(هەروەها بۆ درک بکات بە جیاوازی کە لە نێوان دوو پیتی
شێوە لە یەکچوودا هەیە وەک: ر-ڕ-ز-ژ). لەراستیدا ئەم رستەیەش بەم
شێوەیەی خوارەوە دەنووسرێت: هەروا بۆ ئەوەی قوتابی درک بە جیاوازی
لەنێوان دوو پیتی شێوە لەیەکچوو بکات...).
لاپەڕە6:
1- نووسراوە: وێنە پەیوەندیداران((رسومات العلاقات)).
راستەکەی: وێنە پەیوەندیدارەکان!
2- نووسراوە(کردەیەکی هۆشی مێشکییە، قوتابی فێردەبێت کە بە ئاسانی ئەو
شتانەی کە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە بەیەکەوە گرێیان بدات بریتی یە لە:
درووستەکەی: کردەیەکی هۆشی مێشکییە، قوتابی بە ئاسانی فێردەبێت چۆن ئەو
شتانەی پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە، بەیەکەوە گرێیان بدات و بریتین لە:...
3- نووسراوە(قوتابی ووردبین دەکات کە وشە بەناتەواوی نەنووسێت لە
رینوسدا.
راستەکەی: قوتابی وردبین دەکات تا لە رێنووسدا، وشە بە ناتەواوی
نەنووسێت.
4- نووسراوە(بەخێرایی وشەی نووسراوی ناتەواو درک پێبکات.)
راستەکەی: بەخێرایی درک بە وشەی نووسراوی ناتەواو بکات.
5- نووسراوە(مامۆستا دەتوانێت شتە ناتەواوەکان بە مقەبا درووستبکات و
بیخاتە شوێنە ناتەواوەکان)
درووستکەی: مامۆستا دەتوانێت شتە ناتەواوەکان بە مقەبا درووستبکات و
بیانخاتە شوێنە ناتەواوەکان.
6- نووسراوە(فێرکردنی قوتابی وێنەکێشان بە شێوەیەکی دروست دوور لە
ناتەواوی)
درووستەکەی: فێرکردنی قوتابی بە وێنەکێشان بەشێوەیەکی درووست و دوور لە
ناتەواوی.
7- نووسراوە(فێرکردنی قوتابی درککردن لەووشەی ناتەواو لەکاتی نووسیندا.)
راستەکەی: فێرکردنی قوتابی بە درککردنی وشەی ناتەواو لەکاتی نووسیندا.
ئەم رستەیە بەم شێوەیەی خوارەوە جوانتر و روونترە: قوتابی فێردەبێ کە
لە کاتی نووسیندا، درک بە وشەی ناتەواو بکات.
8-نووسراوە(فێرکردنی قوتابی ناوی رەنگەکان.)
راستەکەی: فێرکردنی قوتابی بە ناوی رەنگەکان یان قوتابی فێری ناوی
رەنگەکان دەبێ
9- نووسراوە(فێربوونی قوتابی جیاوازی نێوان ڕەنگەکان)
راستەکەی: فێربوونی قوتابی بە جیاوازی لەنێوان رەنگەکان. یان قوتابی
فێری جیاوازی لەنێوان رەنگەکان دەبێ.
10- نووسراوە(فێربوونی قوتابی لێکچوونی رەنگەکان.)
راستەکەی: قوتابی فێری لێکچونی رەنگەکان دەبێ.
11- نووسراوە(مامۆستا قوتابییەکانی فێری قەڵەم گرتن بکات بەشێوەیەکی
راست.
راستەکەی: مامۆستا فێری قوتابیەکانی دەکات چۆن بەشێوەیەکی درووست قەڵەم
بەدەستەوە بگرن.
لاپەڕە 7:
1-نووسراوە(قوتابی فێردەبێت کەنووسین لەراستەوە بۆ چەپ.)
درووستەکەی: قوتابی فێردەبێت کە نووسین لە راستەوە بۆ چەپە.
2- نووسراوە(قەتابی فێردەبێت کەنووسین لە سەرەوە بۆ خوارەوە.)
راستەکەی: قوتابی فێردەبێت کە نووسین لەسەرەوە بۆ خوارەوەیە.
3- نووسراوە(قوتابی لەم چالاکیە ماسولکە وردەکانی دەستی نەرم دەبێت و
رادێت و ئامادە دەکرێت بۆ نووسین.)
درووستەکەی: لەم چالاکییە ماسولکە وردەکانی قوتابی نەرمدەبێ و بۆ
نووسین رادێت و ئامادەکرێ.
4- نووسراوە(ڕێگاکانی ووتنەوەی ئەلفبێ)و دەبوو بەم شێوەیە بنووسرێت:
رێگاکانی وتنەوەی ئەلفبێ.
5- نووسراوە(رێگاکانی ووتنەوەی ئەلفبێ تەنیا دوو جۆرە بەڵام لەهەریەکە
لەو رێگایە رێگای تر لێ دەبێتەوە کە بەم شێوەیەی خوارە وەیە).
درووستەکەی: رێگاکانی وتنەوەی ئەلفبێ تەنیا دوو جۆرە، بەڵام لە هەر
یەکێک لەو رێگایانە، بەم شێوەوەی خوارەوە، رێگای تریان لێدەبێتەوە:
لاپەڕەی8:
کڵۆڵی مامۆستا لەرادەبەدەرەو خەریکە منیش بۆ راستکردنی هەڵەکانی تا
دوالاپەڕە، تاقەتم نامینێ. لەبەر ئەوەی لەسەرەوە نووسراوە(مامۆستای
رێزدارو خۆشەویست)، پێویست ناکات دووبارە لەناو رستەکان
بنووسرێت(مامۆستای بەڕێز). لەبری ئەوەی بنووسێ(بتوانی)،
نووسیویەتی(بتوانێ)و لەبری ئەوەی بنووسێ(رەچاوی ئەم خاڵانە بکەی)،
نووسیویەتی(رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت)!
لاپەڕەی9:
تەختە ڕەش بەم شێوەیە دەنووسرێت: تەختەڕەش.
لاپەڕەی 10:
نووسراوە: ...پیتی(ش)بە سوور نووسرابێ+ تەباشیر رەنگاو رەنگ.
ئەمەش هەر بەهەڵە نووسراوەو دەبوو بنووسێ(تەباشیری رەنگاوڕەنگ)و نابێ
مامۆستا تەباشیری رەنگاوڕەنگ بەکاربهێنرێت!
بۆ ئاگاداری: مامۆستا عەلی پێشتر نامیلکەیەکیتری بڵاوکردبوو. ئەو
نامیلکەیە دوو هێندە هەڵەی تێدابوو، بەداخەوە کۆپی ئەوەم لەبەردەست
نەماوەو گوایە ئەم نامیلکەیە پاش هەڵەبڕی بڵاوکردۆتەوە!
بەداخەوە مامۆستا کەڵکی لەم رەخنانە وەرنەگرت و لە وانەی چوارەم هەڵەی
کەمەرشکێنی کرد، بۆ نموونە: سەگ بە دڕندە ناودەبات و چەندین جار بە
قوری دەڵێ(قۆڕی) و بە پێڵاو دەڵێ(قۆندەرە)، خۆزگا هەر بە وتنی(کەوش)ەکە
بەسی بکردبا!
بەگشتی ئەوەی نامیلکە بێناوەکەی مامۆستا عەلی ببینێ، بۆی دەردەکەوێت کە
مامۆستا بەهیچ شێوەیەک رەچاوی خاڵبەندی نەکردووە، بۆ نموونە(خاڵ،
وێرگوڵ-بۆر-، جووتخاڵ، خاڵبۆر، کەوانە، جووتە کەوانە، بۆشایی-سپەیس-،
هێڵ، تەقەڵ)و ئەگەر هەر یەکێکیان بەکارهێناوە، ئەوا بە هەڵە
بەکاریهێناوە.
سەلام عەبدوڵا
مامۆستای پۆلی یەکەم لە قوتابخانەی ئەرکەوازی تێکەڵاو
- 07700595583 - dwaroj@yahoo.de
____________________________________
تێبینی:
ئەم رەخنە و تێبینیانە بەهیچ شێوەیەک بۆ ناوزڕاندن، شکاند،
سوکایەتیپێکردن و ناحەزی نەنووسراوە.
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|