په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

وانەیەک بۆ هەمووان و دەستخۆشییەک لە ئەحمەد تورک
با ئێمەش داوای لێبوردن بکه‌ین.

    
عەلی مەحموود محەمەد


وەکو لە هەواڵەکانا خوێندمانەوە ، سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک " دەتەپە " ڕێزدار ئەحمەد تورک ، لە شارۆچکەی میدیاتی سەر بە شاری ماردین ، لە سەردانیدا بۆ دەزگای کولتوری سریانی ، بەهۆی ڕوداوەکانی ساڵی 1915 ەوە ، داوای لێبوردنی لە سریان و ئەرمەن کرد ، لەوەی کورد ئەگەر هەر ڕۆڵێکی لەو ڕوداوانە هەبووبێت ، بەڕێزی وتی : "له‌وانه‌یه ئێمه‌ش وه‌ک کورد رۆڵمان هه‌بوبێ له‌ له‌ناوچونی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه کلتورییه. ئه‌مڕۆ که سه‌یری برایه‌کی ئه‌رمه‌نی و ئاشوری ده‌که‌ین، شه‌رم ده‌مانگرێت." ئه‌حمه‌د تورک وتی "چونکه له‌ناخه‌وه ئه‌و ژانه هه‌ست پێده‌که‌ین، داوای لێبوردن به‌پێویست ده‌زانین. گه‌رچی له‌تورکیادا داوای لێبوردن بۆته مۆد، به‌ڵام لێبوردنی ئێمه زۆر جیاوازه. هه‌میشه ئێمه ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵه‌کانمان داوای لێبوردن بکه‌ین."


بە بڕوای من هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانەیە ، پێش ئەوەی داوای لێبکەن ، خۆی دەستپێشخەری دەکات و داوای لێبوردن دەکات ، لە لایەکەوە ئاستی بەرزی مرۆڤدۆستانەی دەربڕی ، لە لایەکی دیکەوە سەلماندی کورد تەواو پێچەوانەی ناسیۆنالستی تورکی سیاسەت دەکات ، بە داوای لێبوردن کردنەکەی دانی نا بە تاوانەکانی 1915 دا ، دیارە پێشتر زۆر لە ڕۆشنبیران و نووسەران هەڵوێستی ئازایانەیان لە ئاست ئەو هەموو زەبرو زەنگ و جینۆسایدە هەبووە ، بەرامبەر بە ئەرمەن و ئاشور و کلدان و سریان و یەزیدی ئەنجامدراون ، بێشک کورد و کوردی موسڵمان پشکیان بەرکەوتووە، چۆن ئێمە دێین پاشای کۆرە تەقدیس دەکەین ، کەچی سەرسەخترین دوژمنی یەزیدییەکانە ، ئەوان جیای نابینن لە تاوانکارێکی گەورە .


لێرەوە پێویستە هەڵوێستی ئازایانەی ڕێزدار ئەحمەد تورک و دەتەپە ، لە ئاستی گەلدا تەعمیم بکرێت ، پێویستە :


- سەرجەم پارتە کوردستانییەکان هەڵوێستی لەم چەشنە بەرامبەر بەو پێکهاتانەی ناویانم هێنا بنوێنن .


- پێویستە دە تە پە ئەم هەڵوێستە بباتە پەرلەمانی تورکیاوەو لە ئاستی گشتی کاری بۆ بکات و بیکات بە هەڵوێستی فەرمی خۆی .


- پێویستە پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێراق و سەرۆکی هەرێم بە بڕیاری فەرمی داوای لێبوردن بکەن ، ئەگەر لە ڕابردوودا کورد وەک نەتەوەیەکی ژێر دەست و لە ژێر کاریگەری جیاوازی ئاینی و نەتەوە سەردەستەکان ، هەر کارێک ئەنجامدرابێت زیانی بەو نەتەوانە گەیاندبێت .
- قەربوکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو بە دانی ئیمتیازات و خزمەتکردنی ئەو هاووڵاتیانە دەکرێت لە ئێستادا ، پێشنیار دەکەم :


1- پوازی ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی لە تایبەت بە کلدان و ئاشور و سریان لە کوردستان پێک بهێنرێت ، هەموو مافێکی نەتەوایەتیان پێ بدرێت ، مومارەسەی ئازادانەی مافە نەتەوایەتی و ئاینی و کولتورییەکانیان بکەن و گەشەی پێ بدەن .


2- بودجەی تایبەتی بۆ گەشەدان بە ناوچەکانیان دابین بکرێت ، لە هەموو مافێکی هاوڵاتی بوون بەهرەمەند بن .


3- لە دەسەڵاتی کوردستاندا بە فەرمی بەشداربن ، پۆستی سیادیان بدرێتی نەک بەشداری ڕوکەش وەک ئێستا هەیە ، مامەڵە لەگەڵ نوێنەرەکانیانا بکرێت ، نەک پارت و لایەنە درووستکراوەکان .


4- ئەو کەسایەتیانەی وەکو ڕەمزی نەتەوایەتی مێژوویی دەبینرێن و دەستیان لە سەرکووتی ئەواندا هەبووە ، پێویستە وەک ڕەمز سەیر نەکرێن و لە پرۆسەی خوێندن دەرکرێن و هیچ دەزگاو شوێنێک بە ناویانەوە ناو نەنرێت ، چۆن بوونە و چیان کردووە ئازایانە باس بکرێن ، ئازاری مەعنەویان لە ڕێگەی ئەو ناوانەوە نەدرێت .


5- ناوچەی یەزیدی نشینەکان ، لە هەڵمەتی نیشتەجێکردنی کوردانی موسڵمان ، کە ئەوان بە هەڕەشەی پاکتاوی دەزانن پاککبکرێتەوە ، تەواوی زەوی و گوند و .... بۆ بگەڕێنرێتەوە ، ئەوانەی نیشتەجێ کراون و بوونە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان .


6- جیاکاری ئاینی و نەتەوایەتی لە کوردستاندا وەک ڕاستیزم سەیر بکرێت و سزای توندی بۆ دابندرێت .


7- ناوچەی یەزیدی نشینەکانیش حوکمڕانی خۆیان بۆ دیاری بکرێت ، خۆیان دەسەڵاتدارییەتی ناوچەکانی خۆیان بکەن .

ئەمانەی ئاماژەم پێیان دا ، تەنها سەرە قەڵەمێکە لەو کارانەی پێویستە بکرێن ، بەرەو گەیشتن بە هەقیقەت و پاککردنەوەی خود لە هەڵەکانی ڕابردوو .


مخابن نەک دەسەڵاتداریەتی کوردی و هەندێک لایەنی ئاینی ئەم بۆچوونە ڕەت دەکەنەوە ، لە 13-10-2008 لە هەولێر لە کۆنفرانسی ئەنفالدا (خانەی حیکمەت ) ڕێکی خستبوو ، ئەم بۆچوونەم خستە ڕوو ، لە لایەن بەڕێوەبەری کۆڕەوە بە توندی وەڵام درامەوە .


چۆن ناسیۆنالستە عەرەب و تورک و فارسەکان بە نەنگی دەزانن کە داوای لێبوردن لە کورد بکەن ، ئاوا بیردەکەنەوە ، باشە بۆ نەنگی بێت :


- لە پای تاوانێک مەلای کۆرە بەرامبەر بە یەزیدییە کوردەکانی کردووە ، داوای لێبوردن بکەین ؟.


- باشە بۆ نەنگییە لە بەرامبەر هەندێک تاوان کە شەڕی ئاینی فەرزی کردووە لە دەڤەرەکەمان و لێرەو لەوێ کوردیشی تێوە گلاوە ، ئەوانەشی کە ئەو کارانەیان کردووە لە ژێر کاریگەری نەتەوەی سەردەست و ئاینیدا ئەنجامیان داوە ، ئەمڕۆ بڵێین هەڵە بووینە ببورن .


هیوادارم هاوبیرەکانم ئەم بۆچوونە گەشە پێبدەن ، بگەینە خوێندنەوەیەکی ڕیالیستی بۆ ئەو کارەسات و ڕوداوە ڕەشانەی لە ڕابردوودا لە وڵاتەکەمان مرۆڤی تێدا کوژراوە ، بەشێک زۆر لەو قوربانیانە کوردی یەزیدی بوون .

 


http://renesans.nu/articles.php?id=8327