٣٠\١٢\٢٠١٧
وانەیەک لە سپێدەوە.

نەژاد عەزیز
سورمێ
ئەی ئێستا !
(ئێستا)ی لەتاراوگەی ڕەھاوە ھاتوو
وەک قسە سادە و قووڵەکانی مندڵان ..
خەیاڵی ئێوارە خەمبارەکانی ئاو و
کەزیی ئەستێرە داڕژاوەکان دەکەی ..
نیگەرانییەگی برووسکەدار
بەسەر ڕۆژ و مانگ و ساڵمان تێدەپەڕێ ..
زەماوەندێک بوو
قەسیدەی
بەکڵاوڕۆژنەی کۆڵیتان
بەردەدانەوە ..
ئەی ئێستا !
سوڵتانی ون بووی بیابانان ..
کەشتی بێ چارۆگە ،
نامۆی لەگەڵ ئاودا ئێشکگر ..
شەوی گڕگرتووی
جەستەی ڕووتی
ئاوازە جەنازەییە کڵۆڵەکان ..
لەوێ ،
لەبەرزایی وەحشەتناکی ئیرۆتیکادا
بوارێکی دژوار چاوەرێمانە
دەنگ و ڕەنگی
لەبۆشایی مێینەتیدا دەلەرێنەوە ..
ئەی ئێستا !
گوایە تێشتت لە (ھەزارمێرد) و
فراڤینت لە (چەرمۆ)دا خواردووە و
شەو لە مەیخانەکانی (ئوور)دا
مەست بووی ..
کوا ؟
کوا تێزی ئیرۆتیکا ؟
کوا باڵای ئەبەنووسیی
ساقییە چاوکاڵەکان
زرنگانەوە و کێشمانەی شارستانییەت کوانێ ؟
ئەی ئێستا !
بە کەنارێکدا دەڕۆین
تاریکیمان بەپێش کەوتووە
تاریکیمان لە دوو دەڕوا ..
ھاوارمان ،
لە ھاواری ناو مۆتەکان دەچێ
بە ھەناسەبڕکێی خۆمان ڕادەپەڕین ،
بێدار دەبینەوە .
ئەی ئێستا !
مێینەتی مێژوو چی لێ ھات ؟
پیاوەتی جوغرافیا کوانێ ؟
بە سۆزی (ئێستا)ی ئەوساوە
گوڵێکمان بداتێ
ماچێکمان بکا
لە ڕووناکییەوە ھەڵێنجرابێ .
کە ئێستا ،
پەرچەمی بەردەداتەوە
تەنیا ڕەشایی
لە ئاوێنەدا دەبینێ ..
ئەوە تۆی ئێستا
ئێرۆتیکانە
لەسەر کلیلی ژەنگاوی
بانکەکان
بە دیار گۆڕی
چەند جار ھەڵدراوەی مێژوو و
نگینی چێژ
ڕاکشاوی ..
بیر لە ئاگرەی دەبەنگایەتی دەکەیەوە ..
*
* *
پڕشنگی خۆر
بەناو قژی ئاڵۆزکاودا
دەچێتەوە سەر
ئەو توولە ڕێیانەی
بانگی پەرستگایانی ناگاتێ ..
(ئێستا) لەوێدا
بە ھێمنی ،
غەریبانە گیان دەسپێرێ ..
لەوساوە وێنەی لێچووەتەوە
لەوساوە
بە لاپرسەنی نەدیتکان
لەگەڵ ئاودا دەنوێ و
لەگەڵ ئاودا
خۆی بە تاشەبەرد و
ڕەگی سپیدارەکانی کەنار دادەدا
ئەنکیدۆیانە ،
بەجەستەی ژنێکی ڕشکاو ھەڵدەخەڵەتێ ..
لەوساوە (ئێستا)
بووە بە مەملەکەتێکی کەس بە کەس نەبووی
بێ تەخت و بێ ناونیشان ..
لە غەفڵەتی بارانی ئێواران و
ئاسمانەی نەسیمێکی لەریو
لە شەوێکی نووتەک دەکا ..
ھەراھەرایەتی مردووانی
تێدا زیندوو دەبێتەوە.
*
* *
ئەی ئێستا !
وێنەی ھاوچەرخی دێرینی
لە خوێنێکدا گەوزاو
ڕەنگدانەوەی مانگە
بەئاسمانی تۆراوەوە ..
لەو ئاوێنانەی
لە شەڕەکاندا شکێنران و
لە دیمەنێکی نەدیتراودا
(ئێستا)ی دێرین
دێرینی (ئێستا)
دەدەنەوە ..
ئەی ئێستا !
تۆ نووکە ڕووناھییەکی سپی
بە لووتکە بێباک و ماندووەکانەوە شۆڕ دەبییەوە ..
گەردانەیەکی پچڕاوی
بەسەر جەستە ڕاشکاوەکان وەربووی ..
جوانییەکی ،
نە لار دەبێتەوە ، نە دەشکێتەوە ..
بەڵام ھەرگیز ساف نابێتەوە ..
ئەوە دووکەڵی پەرت بووی سپێدەدەمانی شارە
لە نھێنی ھەڵدێ
بچێتەوە ناو نھێنی ..
خەون بە خەونەوە دەبینێ ..
ئاھەنگ لە ئاھەنگدا دەگێڕێ ..
گریان بەگریان دێنێ ..
لەوێ
لە پەژمووردەیی جەستە ئیرۆتیکاییەکاندا ،
لەبن باخەڵی سۆزاوی مێینایەتیدا
ژیان گوناھێکی بەردەوامە
لە پرسیارە بێ وەڵامەکان ..
شێوازێکە لە شێتیی
بەناو ھاڕمۆنیای ڕەنگە گەرمەکانی
تابلۆیەکدا تێدەپەڕێ ،
ڕووت ..
ئاسودە ..
دڵخۆش بە کورتە خەونەکان ..
دڵخۆش بەو ئایکۆنانەی
نە وێنەی دێرینیان پێوە ماوە
نە ڕووناکی ئێستا !!
ئەی ئێستا !
بۆشاییە
بۆشاییە
بۆشاییە (ئێستا)
بە ڕووباران خوێنی
لەبەر دەڕوا ..
دەشتە بە پیتەکانی سۆمەر
لە (ئێستا)ی ئەوسادا
لەقووڵایی سەقامگرتووی زەوی
دەگیرسێتەوە ..
شەوی بۆیەکراو بە خۆڵ و خاشاکی
شەقامی مەیخانەکان
بە تریفەی وەھم دەدرەوشێنەوە ..
ئەی ئێستا !
تاجەگوڵینەی
وەسوەسەی جەستە پاڵکەوتووەکان !
مەڕۆ.. بمێنەوە
شەبەنگی ئەبەدییەت
بەکوێریش دەبینرێ ..
چاو ،
ھێزی بینین
لە ڕووناکی نا
لە زەردەخەنەی خوداوەندان وەردەگرێ ..
قەسیدەکان بە ڕێگاوەن ..
ئێش ..
لەززەت ..
ھێڵە چەماوەکانی ئیرۆتیکا ..
ئاسمان و زەوی
سێبەری شارستانییەتیان
حەشار داوە ..
ئێوارەت باش
پەلکەزێڕینەی ھەوکردوو !
ئێوارەت باش
بێدەنگی دێرین !
ھێزی تۆ
لە (ئێستا)وە ھاتووە
(ئێستا)ی دێرین ،
دوا قسەی بە گوێی
دار و درەختان دەچرپێنێ ..
ئەمە ئەو (ئێستا)یەیە
ڕۆژانە لە دێرینی دەخوازین
تا لە باڵ (ئێستا)ی ئێستای بکەین
ئەو سرووتە نەخشە بۆ کێشراوانەیە
ڕۆژانە دووبارەی دەکەینەوە ..
ئەو قوولکە بەردانەن
لێمان بوون بە گۆڕستانی
بارانە مردووەکان ..
لێمان بوون بە دروشمی ئەفسانان
لە گۆشەگیرییەکی خۆڵەمێشیدا کۆ دەبنەوە
نیگایان لەو چاوانەیە
گلێنەیان تیا نەماوە
خاچی تێدا بچەقێنن ..
ڕێ لە پەپوولەی بناران و
کارمامزی دوندان بگرن ..
ئەی ئێستا !
خۆش بوو ھەمیشە
بە گەنجیمان دیتبای
گەرم .. بە شەنگ ..
ئەفسووس
نە (ئێستا)ی ئێستای
نە ئێستای دێرین
خۆت دیوە
بەناوی گەشت
بەناوی ئاییندە
بەناوی ھەناسەی کوێستانان
سواری چ کەشتییەکی ڕەشیان کردووی
دەتبەن
لە بەحری زوڵوماتدا بەجێت دێڵن ..
قاقای پێکەنینیان
دەریایان تەی دەکا
ئۆقیانووسان دەبڕێ ..
درێغ تۆیش
ئێستایەتی خۆت
لە ئێستادا نەکرد ..
ئەی ئێستا !
سوڵتانی بێ تەختی ون بووی لمی بیابانان.
حوزەیرانی
٢٠١٧
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|