په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠٢١

واقیعی چەپەڵ، میراتی كوشندە.


ئەرسەلان مەحمود    


باوەڕ بەوە مەكە لەدنیادا تەنانەت لەكۆمەڵگە مرۆییە هەرە دواكەوتووەكانیشدا، ململانێ‌ كۆمەڵایەتی و سیاسیەكان، بێگومان نەك هەر لەسەر ئاستە گشتێنەرە جڤاكی و حزبیەكان، بەڵكە لەسەر ئاستەكانی تاكایش، وەك ئەوەی لەكوردەواریدا بووە بەباوو دەگوزەرێ‌، هەبێ‌ هێندە دەربارو هێندە بەربادو ئەوەندە كوێرانەو دڵڕەقانەو تاقەتپڕوكێن و ئاست نزم بێ، ئەم ڕەوشە تەژی لەغەوشە هەر ئەوەندەنا، تەواوی كایەو مایەو بوارو بەرو بازاڕەكانی تری تەنیووەو هەمان ئاوەزو ئاوازو ئاستە لەناوەرۆك و كاردانەوەو ڕەنگدانەوەدا!

لەوەگەڕێ‌ مرۆڤایەتی بەتایبەت لەم ڕۆژگارە خێراو دیجتاڵیەدا چەندە بابەتی و لەچ ئاستێكدا زانستیانەو داهێنەرانەو مرۆییانە ڕێدەكات، یان چۆن زەمان و زەمینەیەكی خوڵقاندوە ژیانی و ژیاری، یاخود لەچ دۆخێكدایە جێگر لەباری سایكۆلۆژی و سەقامگیر لەڕوی ئاسایشییەوە، جیاوازییەكە هێندە زۆرە وێنا ناكرێت، تەنها هاوبەشییەك هەبێ‌ لەم نێوانەدا، ئەوەیە هەموومان لەژێر یەك ئاسمان و لەسەر یەك ئەستێرەن پێیدەگوترێ‌ زەوی!!

مرۆڤی كورد، بەفەرهەنگ هەم لەڕوی جڤاكی و هەم وەك سیاسەت و خود بەڕێوەبەریش، هێشتا زۆر زیاتر لەزۆری دەوێ‌ تابتوانێ‌ لەم واقیعە خوڵقێندراوە دەرەكییەی خۆی تێیبگاو بكارێ‌ لەوەها بەراورد كارییەكدا سەركەوتوانە كێشەو ئاریشەو كێماسیە ڕەهەندەگەراییە جڤاكی و نیشتمانی و سیاسیەكەی دیاری بكات تا ڕێگەیەك بدۆزێتەوە بیگەیەنێتەوە بەخۆی و ڕزگاری بكات لەم بێشوێنییە هەمەلایەنەی تێیكەوتووە!!

كورد تایبەت لەبەشە باشوریەكەیدا، جگە لەتێكەوتەو لێكەوتە قوڵە فەرهەنگیە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكەی، ئاریشە گەورەكەی ئەم شڵەژانە هەڵخڕێنەرە جڤاكییە ترسناكەی ئەمڕۆی، كێشە قوڵەكەی ئەم داڕمانە ئابڕوبەرە سیاسیە مەترسیدارەی ئێستای، لەوەدایە هیچ كاتێك بەهێندەی ئەم ڕۆژگارە نەخۆش و ناخۆشە سەراپاگیرە لەبێخاوەنیدا نەیناڵاندوە، بێباكی تاك بەتاك و یەكە گشتێنەرە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكەی، خەمساردی ناوەندو بژاردە ڕۆشنبیری و مەدەنییەكانی، دەقیان بەپەناو پەسیودانەوە گرتووە، وەك ئەوەی هەیەو ڕوئەدا ئاسایی و سادەبێ‌، وەك ئەوەی ئەم واقیعە تاڵە، تاڵاوەكەی خۆكرد نەبێ‌ و لەئاسمانەوە رژابێ‌، هەمووان چاوەڕوانی خۆشكردنەوەو بەهەڵم و هەوا بوونەوەی گێژاوەكە دەكەن، كەس نایەوێ‌ بابەتیانە دەستكاری واقیعەكە بكات، لاڵانەوەو پاڕانەوە بێدەنگ و دەبەنگی كردون، بەفەرهەنگ هەناسەسوارو تەنگە نەفەس، بەرگەی چجۆرە بەریەكەوتنێك ناگرێت، بەسیاسەت خولانەوە لەبازنە خودسەپێنەرەكانی كەمینەیەك و بەشینەوەی بوغزو غەریزە بێبەهاو ڕوتەكان، بەئەداو ئیدارەدان فاسید، خەڵك بەتەواوی پێكهاتە جیاوازەكانییەوە، دەستی بەكڵاوەكەیەوە گرتووە باهۆزی مەجازو میزاجگەرایی و بەرژەوەندیخوازی نەیبات!!

ئەم واقیعە میراتییە فەرهەنگییە، ئەم حەقیقەتە بەزۆر مارە بڕواو سەپێندراوە سیاسیە چەپەڵە، پەتیارو خۆكردن، هێز نیە بەرەو گۆڕان و گۆڕانكاری گەورەو ڕیشەیی بەرێ‌ كورد خۆی نەبێت، ئەم پرسە وەك خۆی وەك ئەوەی هەیەو دەگوزەرێ‌، كاتیەتی لەدڵ و دەرون و زیهنیەتی تاكبەتاكی یەكە پێكهێنەرە جڤاكییەكەیدا بەكۆمەڵایەتی بكرێت، واقیع بەواقیع نەبێ‌ ناگۆڕِێ، هیچ شتێك بۆ حزب و حكومەت بەهێندەی ئومێدەوار كردنی جڤاك و هێشتنەوەی لەچاوەڕوانییەكی بێهودەو بێئاماندا، كوشندەتر بوونی نیە، هیچ چەكێك لەكۆمەڵكوژكاریدا ئەوەندەی بێدەنگبوونی خەڵك لەبەرامبەر بێدادی و ستەمكاری حكومەت و دەسەڵاتە جیاكاندا، كاریگەر نییە!!

ئەوەی دەبێ‌ حكومەت و حزبەكان خۆیان و خەڵكی پێوە مەشغوڵ و بەركار بكەن، چەلەحانێ‌ و فەیكبازی و گەمارۆدانی یەكترو هەڵخڕاندنی جڤاك نیە، حزب و حكومەتەكان ئامرازی خزمەتی كۆمەڵگە نەك تیرەو هۆزو خێڵ و عەشرەتگەرایی، پردی پەڕاندنەوەی خەڵكن لەقۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی باشتر، دامەزراوەی ئایندەسازی گشتین بەمانا مرۆییەكەی نەك گروپ و دەستەو تاقم و سەركوتكاری ماف و ئازادییە ئەزەلی و سروشتییەكان.

مرۆڤ ناتوانێ‌ هیوا لەسەر حزب و حكومەتێك هەڵچنێت، هەر دەنگ و ڕەنگ و كەسێك بكەوێتە دەرەوەی خواست و ویست و بەرژەوەندییەكانی، تاوانی ئەخلاقی و نیشتمانی و جڤاكی بۆ دابتاشێ، ناكرێ‌ خۆت بەحزب و حكومەت و سەركردەو دەوڵەتمەدارو خزمەتكاری خەڵك جڤاك بزانی بەڵام جگە لەوەی بوێری ئەوەت نەبێ‌ بەپێیەكانی خۆت بەسەر شەقامدا بڕۆی، لەجێگەی ڕیفۆڕمی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و ئیداری و ئاینی، یەكێتیی ڕیزەكانی خەڵك شەق و دەق و ڕەنگ بكەی و بیانكەی بەگژ یەكتردا، مانگانە تەنها ئەو ملیارەها دۆلارەی لەبێبەها كردنی یەكتردا خەرج دەكرێ‌ لەساڵێكدا دەتوانرێ‌ كۆمەڵگەیەكی نەك هەر لەژینگەیەكی نوێدا بەڵكە لەسەر داروپەردوی ڕوخاو پێ بیناو بونیاد بنرێتەوە، كەسایەتییە ڕاستەقینە دیارو پێگە لەپێشە جیاكان، كارەكتەرە حكومڕان و سیاسیە نیشتمانیەكان، ئەوانەن لەپێناو ڕۆشناییدا دەجەنگن نەك لەپێناو خۆد سەپاندنی خۆیاندا، ئەوانەن لەكێشەدان لەگەڵ دوژمنان نەك دۆستی دوژمن و دوژمنی خەڵكی خۆیان.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک