په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٩\٢٠٢٢

وەفیق سامەڕائی وەک تاوانباری جینۆساید مرد.


عەلی مەحمود محەمەد  


وەفیق عەجیل حەمود سامەڕائی ١-٧-١٩٤٧-٣٠-٨-٢٠٢٢، سوپا سالاری خانەنشین و جێگیری بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراقی و تۆمەتباری ژمارە یەکی لیستی داواکراوانی ئەنفال لە کۆی ٤٢٣ کەسی داواکراوو، سێشەمە ٣٠-٨-٢٠٢٢ لە لەندەن بە نەخۆشی شێر پەنجە مرد.

جێی خۆیەتی وەفیق سامەڕائیش وەک عزەت دوری، ئەرشەد زێباری، هادی شاوەیس ، مەلا عوزێر، لە کوردستان بمرێت یان پرسەی بۆ دابندرێت، یان لەسەر گۆڕەکەی مەزارگەی بۆ بکرێت و ساڵانە یاد بکرێتەوە.

کەمن ئەوانەی لە جیهاندا وەک تاوانباری جینۆساید و تاوانە گەورەکانی دی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی دەمرن، وەلێ لە عێراق و کوردستان زۆرن، مردن وەک تاوانبار بۆ خۆی سزایەکی ئەبەدییە، هەرچەندە لە ژیاندا لە سزا رزگاری بووە، بۆتە هۆی ئازار و ناخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانی، وەلێ هەر مردنێکی نەنگییە.

وشەیەکی لەسەر چارەنووسی ئەنفالکراوان نەوت.

لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنی بۆ کوردستان لە دیسەمبەری ١٩٩٤، پاش ئەوەی پاڵەپەستۆکان لەسەر ڕژێم توند دەکرانەوە، ئومێدێک بە مانی ئەو ڕژێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبوو، وەفیق سامەڕائی وەک فریاد ڕەسێک بۆ سەرتاسەری عێراق سەیر دەکر، هێزە سەربازییەکان لە کوردستان دەخرانە بەردەستی گوایە سەدام دەڕوخێنێت، بەتالیۆن و تیپ و هێزەکانی پێشمەرگە لە خزمەتیدا بوون، بۆ ئەوەی کودەتای سەربازی لە بەغداد ئەنجام بدات، لایەنە سیاسییەکان دواڕۆژی سیاسی خۆیان لەسەر نەخشەکانی ئەو بنیات دەن، لەو کاتەدا ئێمە لە" ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان"کەمپینمان لە دژی رێکخست بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەنفالکراوەکانمان بۆ ئاشکرا بکات، تا ئەوکات ئەو کەمپینە بەرفراوانترین هەڵمەت بوو دژ بە کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوان و بێسەروشێنکراوان بەڕێوە ببردرێت " ئەوانەی ماندوو بوون بەو کەمپینەوە سەرباری خۆم (بەدرەدین حەمە ساڵەح، مامۆستا فەرهاد خالید، فەلاح حەسەن ، سەرهەد تۆفیق ، عادل قەشقە، ڕزگار مام بۆرە.... " لە هەڵمەتەکە داوامان کرد، ئەگەر وەفیق سامەڕائی ئەمڕۆ زانیارییەکان لەسەر تاوانی ئەنفال ئاشکرا نەکات، سبەی لە بەعس خراپتر بە کورد دەکات، دیارە دەربڕین و ئاشکرا کردنی زانیاری لەسەر تاوانی ئەنفال، لە لایەن کەسێکەوە بە گووتەی تاوانبارانی ئەنفال، یەکێک لە ئەندازیارانی سەرەکی و نەخشە داڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکە بوبێت ئەستەمە هیچ ئاشکرا بکات، هەر واشیکرد.

ئەم واژۆیانەی خوارەوە، بەشێکن لە دەقی ئەو هەڵمەتە، بۆ فشار خستنە سەر وەفیق سامەڕائی، بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی ئەنفالکراوان ئەنجاممان د، کە لە ساڵەکانی ١٩٩٥-١٩٩٦ لە رۆژنامەکانی " کوردستانی نوێ، ئەمڕۆ، ڕێگای کوردستان -عەرەبی" بڵاوکراونەتەوە:

ئەم واژۆیانە پارتی عێراقی و کوردستانی، پارتی دەسەڵاتدار و دەرەوەی دەسەڵات، بە کوردی و عەرەبی و زمانەکانی دیکەش بڵاو کرایەوە، ڕجا و تکای دنیامان لە کەسی نزیکیەوە بۆی نارد، تەنها لەسەر چارەنووسی ئەو کەسوکارانەمان لێدوانێک بدات، نهێنیەک ئاشکرا بکات و بدرکێنێت، ئەگەر ماون کەسوکاریان دڵنیا بکاتەوە، ئەگەر مردوون دیسانەوە با ئەو چاوەڕوانییە ئەبەدییە کۆتایی پێ بێت، تاکو بەشێک لە کەسوکاریان ژیانێکی سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە و لە چاوەڕوانی ئەبەدیدا نەژێن، وەلێ ئەم تۆمەتبارە تەنها وشەیەکیشی نەدرکاند، ئاوڕێکی لێمان نەدایەوە، خۆی کەڕ و لاڵ کردو گوێبیستی داواکارییەکان نەبوو، کەچی لەولاوە هەزاران هەزار کوڕ و کەسوکاری ئەنفالکراو خرانە خزمەتییەوە بۆ کردە سەربازیەکانی، نە ڕجا دادی هەبوو، نە فیغان و پاڕانەوەی کەسوکاری قوربانیان، لە کەلی شەیتانی بەعسیانە نەهاتە خوارەوە، نهێنی رفەقای خۆی نەدرکاند، تاوانەکانی ئاشکرا نەکرد، باسی یەک گۆڕی بە کۆمەڵیشی نەکرد، یەک وشەشی لەسەر ئەنفال نەوت، ئادرەسی یەک گۆڕی نەدرکاند، ئەمە چ دڵڕەقیەکە، ئەمە چ بەعسیەتێکە نهێنیەکان تا ناو گۆڕ بپارێزیت، بۆیە هەوڵەکانمان سەری نەگرت.

لە پاڕانەوەوە بۆ شەرمەزارکردن.

وەفیق سامەڕائی بە پەیوەست بوونی بە ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن پێش روخانی بەعس لە هەموو تاوانەکانی پاک نابێتەوە، ئەگەر لایەنی سیاسی کوردی لە مافی خۆیان بە بەرژەوەندی خۆیان خۆش بن، کە بەوەشەوە نەوەستان، کرایە راوێژکاری سەربازی سەرۆک کۆمار، ئەوە دادگاییە دەتوانێت پاکی ئەو و بێبەری بوونی لە تاوانەکان یەکلا بکاتەوە لە بەرامبەر مافی قوربانیان، لێبوردنی کەسوکاری قوربانیان تەنها لە ئەنجامی بڕیاری دادگایەکی سەربەخۆی ئازادەوە دەبێت بەوەی بڕیار لەسەر بێتاوانی گومانلێکراو بدات، یاخود لە پرۆسەی ئاشتەوایی وەک باشوری ئەفریق، ئەویش دوای داننان بە سەرجەم تاوانەکان و داوای لێبوردن کردن، لە پرۆسەی ئاشتەواییدا هەر کەسە وەک خۆی دەردەکەوێت، تاوانبار وەک تاوانبار، قوربانیش وەک قوربانی، رۆڵ گۆڕینەوە بوونی نییە، وەک لە ئێستای کوردستان بۆتە دیاردە، تاوانبار بە مەراسیم و ئاڵای کوردستانەوە دەنێژرێت.

ئاشکرا کردنی تاوانەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە گەشت و هەڵمەتی ئاشکراکردنی تاوانەکانی وەفیق سامەڕائی لە لایەن کەمپینی هەڵەبجە و ئەنفالەوە دەستیپێکرد، کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ ناوەندی چاک و دواتر چاودێری کوردۆساید، کە بەندە بە هاوکاری بەڕێز پرۆفیسۆر ج ق بەڕێوەی دەبرد، هەر لەو کاتەشدا لایەنە شیعەکان بەهۆی پشکداری ناوبراو سەرکووتکردنی راپڕینی ساڵی ١٩٩١د، دەستیانکرد بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەکانی ناوبراو و شەرمەزارکردن و بەرەو بە دادگاییبردنی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو فایلانەی پەیوەست بوون بە تاوانەکانی وەفیق سامەڕائی دران بە کەمپینی هەڵەبجە و ئەنفال " هاوکات پەیوەندی بە پارێزەرەوە کرا لە لەندەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی لەسەری، لەو کاتە هیچ کەس و لایەنێک پشتیوانیان لەو هەڵمەتە ناکرد بگرە بەهۆی نزیکی ناوبراو لە ینک ەوە زۆر تانە و تەشەر و بووختانیش بۆ هەڵمەتەکە هەڵدەبەستر، جگە لە کاک دکتۆر ج ق نەبێت کە هاوکاریەکی زۆری کردین لە وەرگێڕانی بەڵگەنامەکان بۆ زمانی کوردی و نووسینەوەی بەیانامەکان بە زمانی عەرەبی و بڵاو کردنەوەو داڕشتنەوەیان.

ئاشکرا کردنی چەند نموونەیەک لە تاوانەکانی وەفیق سامەرائی.

لە خوارەوە نموونەیەک لەو تاوانانەی وەفیق سامەڕائی، کە لە کاتی خۆیدا بڵاومانکردەوە دەخەمە بەردەستتان:

" بەناوی خوای گەورە و میهرەبانەوە ئیفادە من رائیدی پیادە عەبدولستار حوسێن عەبود ئەلحمیرییە کە لە فرقەی (٢٨) دانراوم سەر بەلیوای پیادە (٧٠٥) ی فەیلەقی یەکەم، بەو پێیەی کە وەکیلی ئامر فەوجی یەکەم و ئەفسەری پەیوەندی بە کەرتەکانەوە بووم، بەڵێن دەدەم لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگ وقەڵاچۆکردنی رەگەزی مرۆڤ ئامادە بم بۆ ئیفادە دانم، چونکە من شایەت حاڵی پرۆسەکانی لەناوبردن و کوشتن و وێرانکردن بووم لەشاری هەڵەبجەو لە کردەوەکانی ئەنفال و ئامادەشم بۆ زانیاریدان و بەناوەکانەوە لەبارەی ئەو تاوانانەوە. ئیفادە پلە: رائید (پیادە) ناو: عەبدولستار حوسێن عەبود ئەلحمیری پۆست: وەکیلی ئامر فەوجی یەکەمی ئەفسەری پەیوەندی کەرتەکان یەکە: لیوای (٧٠٧) فرقەی (٢٨) فەیلەقی یەکەم دەمانەوێت تەواوی ئەو زانیارییانەی کە تایبەتن بە تاوانەکانی لیوای روکن وەفیق سامەراییەوە رابگەیەنین: * لەساڵی (١٩٩٠) وەکو بەرپرسی لێژنەو هۆبەی لێکۆڵینەوەی ورد دامەزراوەو کاتێکیش راپەرین کراوە، سەدام فەرمانی پێکهێنانی (لێژنەی ئیعدامات) ی لە ناوچەکانی باکوور بەسەرۆکایەتی لیوای روکن وەفیق سامەرایی داوە، ئەو لێژنەیە ژمارەیەک ئەفسەری ئیستخباراتی لەخۆگرتبوو لەوانەش عەمید مەروان خزەیر کازم کە ‌ناوبراو بە فەرمانی وەفیق سامەرایی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کوردی لە ئافرەت و منداڵا هێناوە کە ژمارەیان زیاتر لە (٤٥٠) کەس بووە و لە مەعسکەری خالید ئیعدام کراون و بۆ شاردنەوەی ئەو گۆرە بەکۆمەڵەش بارەگای قوتابخانەی کۆشتنکاری مەعسکەری خالیدیان لەسەر بنیاتنناوە.*

لەدوای دەرچوونی سوپای عێراقی لە کویت ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی ئیستخباراتی عەسکەری بە لیوای روکن وەفیق سامەرایی سپێردرا لەجێگەی بەڕێوەبەری پێشوو (تەڵعەت نووری)، یەکەم کردەوەش کە وەفیق سامەرایی ئەنجامی دا گومان کردن بوو بە سەرکردە عەسکەرییەکانەوە لەوانەش لیوای روکن (عیسمەت سابر) سەرۆکی ئەرکانی کردەوەکانی کەنداوی عەرەبی، و بەهۆی ئەو راپۆرتانەش کە سامەرایی لەسەری نووسیوە و بۆسەدامی بەرزکردۆتەوە، لیوا روکن عیسمەت سابر ئیعدام کراو کۆمەڵێک ئەفسەری دیکەش دەستگیرکران لەوانەش لیوای روکنی ئەوکات کامل ساجت ئەلجەنابی. * لەبارەی راپەرینەکەی قەزای سدەتولهیندییەوە، ئەوا لیوا روکن وەفیق سامەرایی سرییەی یەکەمی لە سەرکردایەتی هێزەکانی ئەلعابد (حەرەس جمهوری) ئیعدام کرد بەهۆی ئەو گۆمانەی کەلە ئامری سرییەکە موقەدەم (عەبدوڵڵا ترکی حتحوت) هەیبوو، بۆیە ئەو تەواوی سەربازانی سرییەکە ئیعدام کران.

ئیفادەی موستەشارە کوردەکان ئیفادەی (م. گ. ش) : لە بەراوی (١٠/٦/١٩٨٨) موختاری گوندی کەندک جەلال لە قەزای زاخۆ بە رائید ئەحمەد حەسەن مستەفا ئەفسەری ئیستخباراتی سەرکردایەتی هێزەکانی عومەر عەبدولعەزیز راگەیاند کە (١٩) هەڵاتوو ئەوانەی کەدەیانەوێت بگەڕێنەوە گۆندەکانیان بەگوێرەی بڕیاری لێبوردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرشەوە. رائید ئەحمەد حەسەن بەهێزێک کە لە چوار سرییەی مغاویر پێکهاتبوو گەیشتنە گوندەکەو داوی ئەوەی بەفێل ئەوانەی لەوە دڵنیا کردەوە کە بڕیاری لێبوردن دەیانگرێتەوە، هەر (١٩) کەسەکە تەسلیم بوون، رائید ئەحمەد حەسەن مستەفا رێنماییەکانی ئامری مەفرەزی ئیعدام (وەفیق سامەرایی) خوێندەوەو هەر لەوێش ئەو (١٩) کەسە ئیعدام کران.

ئیفادەی موستەشار (ا.ا. ح. الب): لەسەرەتای قەسابخانەکانی ئەنفالەوە، وەفیق سامەرایی فەرمانی دا بە عەمید محەمەد یاسین ئەلجبوری ئامری هێزی دووەمی لە تەق تەق بە وێرانکردنی گوندەکانی سەر بە کۆیە و دەستبەسەرداگرتنی مەڕو ماڵات و کۆکردنەوەی خەڵکانی ئەو گوندانە و گواستنەوەیان بۆ بارەگای سەرکردایەتی فەیلەقی یەکەم، ژمارەی ئەو گوندانەش (٢٠) گوند دەبوون. رائید سلێمان بەڕێوەبەری هۆبەی مەنزوومەی باکوور لە هەولێر (١٩٨٤-١٩٩١) لەنێو ئەو دەستبەسەرانەی ئەو گوندانەوە دەگەڕاو گومانی لە کوێ بکردابوایە دەستگیری دەکرد و بەپێی فەرمانەکانی وەفپق سامەراییەوەش یەکسەر حوکمی ئیعدامی بەسەر جێبەجێ دەکرد، بۆیە لەپێش چاوی خەڵکی و بە وجوودی منیش دوو کەس ئیعدام کران بەناوی: ١- حاجی جاجی ئاغا. ٢- مەعرووف ئیسماعیل رەزا.".

بڵاوکردنەوەی چەند جارەی ئەم ئیفادانە، بە زمانی کوردی و عەرەبی، ویژدانی پارتە کوردیەکانی نەجوڵاند، واداریانی نەکرد بەوەی دەست لە هاوکاری و پشتیوانی ئەو تۆمەتبارە هەڵبگرن تاکو لە ڕێگەی دادگاوە ئەم گومانانە یەکلا دەبنەوە.

بۆچی دان بە تاوانەکان نانێن؟

ئەم تاوانانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێیان د، لەگەڵ ئەو بەتاوانبارکردنەی لە دادگا لەسەر زاری تاوانکارانی ئەنفالەوە ڕاگەیەنران، دەکرێت لە دادگا یەکلا بکرێنەوە، وە خاوەند ئیفادەکان بانگ بکرێن بۆ دادگا بۆ ئەوەی شایەدییەکانیان دوبارە پێشکەش بکەنەوە، لە ڕاستی و دروستی شایەدییەکانیان بکۆڵرێتەوە، مەرجیش نییە هەموو ئەم ئیفادانە لە دوای لێکۆڵینەوە ڕاست دەرچن، یاخود وەفیق سامەڕائی تاوانباری یەکەم بێت لە ئەنجامدانیان و بکەریان بووبێت، وەلێ لە ئاکامی لێکۆڵینەوەو دەرکەوتنی ڕاستییەکان، کەسانێک دەردەکەون لە پشت ئەنجامدانی ئەم تاوانانەوەن، گرنگ ئەوەیە خودی تاوانەکان ئاشکرا بکرێن، تاوانبار هەر کێیەکە سزای خۆی وەربگرێت، لە رێگای دادگاوە تاوانەکان بە دۆکۆمێنت بکرێن، هیچ کەس کێشەی کەسی نە لە گەڵ وەفیق سامەڕائیدا هەیە نە کەسی دی، ئەوەی هەیە تاوانکار نابێت لە سزا رزگاری بێت، پێگەو پلەو پۆست لە سەردەمی بەعس گومان دەخاتە سەر بەشدارییان لە تاواندا.

ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمن و ئیستخبارات و بەعسی گلاونەتە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراون، یەکێک لەوانەی گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت ڕۆڵی پێشەنگانەی لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانەدا هەبوبێت، بە حوکمی جێگە و پێگەکەی لە هەرەمی دەسەڵاتداریدا وەفیق سامەڕائییە، بێشک لەو پێگە گرنگەوەی و دەسەڵاتیش بەو هەموو دڕندەیەوەی هەر گلاوەتە بەشێکیەوە، ئەمە دادگا یەکلای دەکاتەوە، وەلێ تا ئەوکاتەی بە هەڵاتووی لە بەرامبەر دادگا دەمێنێتەوە ئەوا گومانەکان زۆرن و زیاتر وەک تاوانبار دەرە کەوێت.

گەیشتن بە پۆستی باڵای هەستیار بە بێ تاوان بەدەست ناهات لەسەردەمی بەعسدا.

سکاڵا تۆمارکردن لە وەفیق سامەڕائی.

دیسەمبەری ساڵی ٢٠٠٦ لە سەردانم لە هۆڵەنداوە بۆ کوردستان کە هێشتا لە ماندوویەتی ڕێگا دوورو درێژە ٤٠٠٠ کم یەکە بە ئۆتۆمۆبیل نەحەسابومەوە، ماندویەتی ئەو رێگا دورو درێژە دەرنەچوبوو لە جەستەم، لە ئاکامی ٤ ڕۆژ گەشتی بەردەوامی شەو ڕۆژ ڕێکردنی بێ پشوو و بەردەوامی ناو ئۆتۆمۆبێل، لە ناکاو زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی د، وتیان ڕاستە بەڕێزت هاتوویتەتەوە بۆ کوردستان بۆ بە دادگایی گەیاندنی وەفیق سامەڕائی؟، وەک لە مانشێتی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرتدا نووسراوە "، گوایا وەفیق سامەڕائی لە لایەن ئیوەوە دەدرێتە دادگا " پرسیارێک لە ناکاو بوو بۆ من و قەت لەو لەحزەیە چاوەڕوانیم ناکرد، ئاوا بە خێرایی بەرەو روی ببمەوە، وە خۆشم ئامادە نەکردبوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری قورسی لەو چەشنە، هەرچەندە پێشتر لە کۆبونەوەی ناوەندی چاک لە پاڵتاک ئەو بڕیارەمان دابوو وە منیش ئەو بەڵێنەم دابوو بگەڕێمەوەو جێبەجێی بکەم، بەڵام بەو خێراییە ن، لە وەڵامدا بێ دوو دڵی وتم: بەڵێ ڕاستە، هەرچەندە من ئەو ژمارەیەی کوردستان ڕاپۆرتم بەرچاو نەکەوتبوو کە هەواڵەکەی بڵاوکردبوەوە، وە ئاگام لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بەهیچ جۆرێک نەبوو کە کاک قادر نادر پێیانی دابوو، چاوەڕوانیشم ناکرد شتی وا بەو زوییە بڵاو بکرێتەوە، ئەگەر پرسیان پێم بکردایە نام هێشت، بەتایبەتیش لە مانشێتی ڕۆژنامەیەکەوە ڕابگەیەنرێت، هەواڵەکە زۆر گران بوو بۆ من و خستمیە بەردەم هەوڵی جدییەوە بۆ بە پراتیککردنی، بۆ هەنگاوی یەکەم دەبوایا پارێزەر پەیدا بکرێت، ئەمەش گران بوو بتوانرێت پارێزەرێک پەیدا بکرێت، بۆ بە دادگایی گەیاندنی کەسایەتیەک " موستەشاری سەرۆک کۆمار بێت" لەو کاتەدا کە ترس زیاتر بوو وە هێشتا مانگی هەنگوینی جەماوەر لەگەڵ ئەو پۆستە لە پۆپەدا بوو، کەس لە پارێزەران ئامادە نەبوون شان بدەنە شانی ئەو کەیسە گەورەیە، بەرێزێک کە زۆر قسەی گەورە لە بارەی ئەنفالەوە دەکات، پێم وت: خەریکی کارێکی وام، وتی تەداخولی کاری وا ناکەم و ناوێرم، ئەوکات هێشتا سامی دەسەڵات نەشکابوو، تەنها چەند کەسێکی یاخی بوون خۆمان لە قەرەی ئەو شێوە کارانە دەد، بە پەلە گەڕامەوە هەولێر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکە.

کاک قادر نادر کە سەرچاوەی مانشێتەکەی رۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت و هاندەر و پاڵنەری سەرەکیم بۆ ئەو کارە، وێڕای چالاکوانان و ستافی ناوەندی چاک لە دەرەوە کە هەموو بە سەرو ماڵ لە گەڵ ئەو کارانەدا بوون زۆریان، وتی کاک گۆڤەند بابان ئامادەیە پارێزەریمان بۆ بکات بە خۆڕایی، بەم شێوەیە توانی پارێزەریش دابین بکات، منیش لە دوای گەڕانەوەم بۆ هەولێر، یەکسەر چووم بۆ لای کاک گۆڤەند کە زۆر ئازایانە هاتە پێشەوە و وەکالەتێکم بۆی کرد:


نابێت بۆ مێژوو ئەوەشم لە یاد بچێت، هاوڕێی خۆشەویستم " رزگار مام بۆرە " لەو کارە ، وەک هەمیشە تا سەر هاوڕێم بوو، یەک لەحزەش لێم دانەبڕ، تاکو تەواوی کارەکانم ئەنجامد، رزگار نووسین و شتی وای لە بواری جینۆساید نییە، بەڵکە غیرەتی لە بوارەکە هەیە. واتا لە دەرەوە جگە لە تەواوی رێکخراوەکەمان چاودێری کوردۆساید بە تایبەتیش قادر نادر لە ناوەوەش رزگار مام بۆرە و کاکە گۆڤەند بابان تاکە پشتیوانم بوون، کەسی دی شانی نەدایە بەر، لەو رۆژگارە کارەکە مەترسیدارو قورس بوو، هەرچەندە ئێستاش قسە زۆرە بەلام پشت دانە بەر کاری وا بە تایبەت دادگایی تاوانباران هەر نییە یان زۆر کەمە.

کەس هەقی خۆی نەسەند.

لە گەڵ رزگار مام بۆرەدا لە بازاڕەوە چووین بۆ سەر ڕێێ کۆیە بۆ فەرمانگەی دادنووسی دووەمی هەولێر، شۆفێری تاکسیەکە کرێی ڕێگاکەی لێمان نەسەند، وتی دەتناسم و دەست خۆش بۆ قسەکانت هەموو جارێک لە تەلەفزیۆنەوە دەیانکەیت، چوینە لای عەریزە نووس هەقی دەستیان نە سەند وتی سەربەرزم بە نووسینی ئەم عەریزەیە، خاوەند فۆتۆکۆپی بە هەمان شێوە وتی: لە ئاست ئەم کارە گەورەیە چۆن پارە وەردەگرم ، ڕێمان دەکەوتە لای هەر کێیەک بۆ تەواوکردنی کارەکە، هەمووی دەرگای دڵیان بۆمان دەخستە سەر گازی پشت و کارەکەیان بێ بەرامبەر بە خۆڕایی ئەنجامدەد، هەموو لە ئێمە گەرمتر بوون بۆ دۆزەکە، بە پەرۆشتر بوون بۆ ئەنجامدانی کارەکە، هەڵوێستکانیان هێز بەخشین بوو بۆمان.
ڕۆژی ٦-١٢-٢٠٠٦، کاتژمێر ١٠،٣٧ خولەک لە دادگای هەولێر و کابینەی عەریزە نووسی و فۆتۆکۆپیەکانەوە، سکاڵامان نووسی ، بە هەمان شێوەی ئەوانی پێشووتر، تایپێست و خاوەند کۆپیەکە بێ بەرامبەر ئەنجامیان دا.

عەریزەیەکی سادەو بەلام کاریگەر.

هیچ کات دەستکەوتەکانی بواری جیۆساید بە پارە بەدەست نەهاتوون، بوێری و دڵسۆزی کاری خۆیان کردووە، وەک لە خوارەوە دەیبینن، عەریزەیەکی تاکو بڵێی سادە، وەلێ کاریگەر، عەریزەیەک لە دەرگایەکی بەرینەوە چووە مێژووی دادگایی تاوانبارانەوە، بۆ هەتا هەتایە سکاڵا لێکراوی خستە ڕیزی تاوانبارانەوە، دوای مردنی چووە ریزی ئەوانەی بە تاوانی جینۆساید تۆمەتبارن ، بە پێی وتەی حوسێن تکریتی وەفیق سامەڕائی خاوەند بیرۆکەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، کە کەماڵ ساجت دواجار ناوی ئەنفالی بەدناوی لێ ن، دیارە ناوبراو لە کوشتنی تاوانبار کەماڵ ساجتیش گومان لەسەری هەیە:

چوون بۆ دادگا.

چەند خولەکێک لە کاتژمێر ١٢ ی نیوەڕۆ لایداوە، لە ترسی تەواو بوونی دەوام، لەگەڵ "ڕزگار مام بۆرە "، بە پەلە تاکسیەکمان گرت و سکاڵاکەمان برد بۆ نووسینگەی هەولێری دادگای باڵای تاوانەکان ، لەوێندەرێ سکاڵانامەکەیان زۆر بە سارد و سڕی و سادەیی لێمان وەرگرت، لە کارەکە کەوتمە گومانەوە، لە دڵی خۆمدا وتم ئایا بەم سادەییە سکاڵا لە سەر کەسایەتیەکی وا کاریگەر و گەورە دەکرێت؟، بەو بەڕێزەی سکاڵاکەی لێم وەرگرت وتم: پارچە کاغەزێکم بدەنێ لە بەرامبەر ئەم سکاڵایەی تۆمارم کردووە، بۆ ئەوەی بینێرمەوە بۆ هاوڕێکانم لە رێکخراوەکەمان، چونکە من نوێنەری ئەوانم، ئەو بەڕێزەی سکاڵانامەکەی لێم وەرگرت وتی: بە سەرچاو، خەمت نەبێت دەیگەیەنینە جێگەی خۆی، ئەم پارچە کاغەزۆکە بچوکەی خوارەوەشی پێ دام، کە بینیم یەکجاری متمانەم نەما:

لێ ئێستا ٦-١٢-٢٠٠٦ کاتژمێر ١٢،٤٣ خولەکەو بە فەرمی سکاڵا لە ئەندازیاری ئەنفال وەفیق سامەڕائی تۆمار کراوە، دادگا ڕەوتی ئاسایی خۆی وەرگرتووە.

دەرکردنی بەیاننامە.

لە دوای گەڕانەوەم لە کوردستانەوە بۆ هۆڵەند، ناوەندی چاک بەیاننامەیەکی لەسەر ئەم سکاڵایە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاو کردەوە، کە کاک هیشام ئاکرەیی بە لێزانی خۆی نووسی، خۆشبەختانە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی لەندەنی و الیومی سعودی، ڕۆژی دواتر بەیاننامە عەرەبیەکەیان بڵاوی کردەوە، هاوکات منیش چەندین جار پەیوەندیم کرد بە دادگای باڵای تاوانەکانەوە، ڕایان گەیاند سکاڵاکەمان گەیشتووەتە شوێنی مەبەست.
https://archive.aawsat.com/details.asp?issueno=10261&article=405730&fbclid=IwAR2hfxY-UQ3GRWDnxAHgKvwgeTLFVVVoO49UtMVs_s7LYxgALkMEjDN0Afo#.Yw57jXZByM9
https://www.alyaum.com/articles/463266/%D8%A7%D8%AA%D9%87%D8%A7%D9%85-%D9%85%D8%B3%D8%AA%D8%B4%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D9%8A%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D8%AA%D9%88%D8%B1%D8%B7-%D9%81%D9%8A-%D8%B9%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D9%81%D8%A7%D9%84
http://akhbarkurdistan.blogspot.com/2009/04/blog-post_16.html

تۆمەتباری ژمارە ١.

حوسێن رەشید كە جێگیری سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراقی بای ئەوە زانیاری هەیە كە كێ خاوەند بیرۆكەی تاوانە گەورەكەیە كە دواتر ناوی لێنرا ئەنفال، وەلێ بەهۆی نزیكی لە دەزگا سیخوڕییەكانەوە پاكیان كردەوە لە تۆمەت، بە وتەی حوسێن تكریتی وەفیق سامەڕائی رۆڵی هاینیش هیملەری گێڕا لە پلانی دوا چارەسەری هۆلۆكۆست بۆ ئەنفال، كەچی دواتر هەر بە دەنگی ئەنفالكراوان گەیشتە بەرزترین پۆست، بردیانە كۆشكی سەلام، كۆشكی سەلام دەبێت چەند جەلادی دیكەی تێدا بووبێت؟؟؟.

كاتێك دادگای باڵای تاوانەكان بڕیاری دادگای لەسەر تاوانباران خوێندەوە ، لیستی بانگ كراوان بە وەفیق سامەڕائی دەستی پێكرد، ئەمەش دەربڕی ئەوە بوو، سكاڵای هەموو هاووڵاتیەك لە بەرامبەر هەر دەسەڵاتدارێك چەندە بەرز بێت شوێن خۆی دەگرێت، ئەگەر دادگاكە كەمێك جدی بێت.

لە دوای ئەوەی وەفیق سامەڕائی ناوی لە ڕیزی لیستی تاوانكاران وەك تۆمەتباری ریزبەندی ١ هاتەوە، لە ترسان لە عێراق هەڵات و پۆستە باڵاكەی بەجێهێشت، لە سەرەتادا لە هەموو بۆنەو دانیشتن و چاوپێكەوتنەكان بزر بوو، لە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە فڕێدرایە دەرەوە، شوێن ژیان خۆی گۆڕی، بەڵام دوایی كە بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكان كاری پێ نەكرا، ئەویش وردە وردە هاتەوە سەر خەت و لە راگەیاندنەكان دەركەوتەوە، دواتر لە دادگاییەكی روكەش و لە پێشدا بەڵێن پێدراودا لە رێكەوتی ٦-٣-٢٠٠٨ بێ تاوانیان كرد لە تاوانەكانی، لێ تازە بۆ هەتا هەتایە تارمایی ئەنفالكراوان بەسەر سەرییەوە دەبن وەك تاوانباری جینۆساید چووە مێژووەوە.


لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم هەموو ئەوكارانەی كردمان وەك ئەندامی رێكخراوێك پێی هەڵساین، هەموو ئەندامانی ئەوكات خاوەند دۆسیەكەن.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک