په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٧\٢٠١٢

  وە حەسرەتی دیداری وی!

دارا ئەحمەد

وە حەسرەتی دیداری وی داهێزرابووم

لوولیدابووم..

           هێدی هێدی دەیکرۆژتم؛

تاوس ئاسا رەوتی دەکرد

          رەنگ و جوانیی لێ دەتکاوە..

نەدەکرا نە.. هاسان نەبوو

چاو لە تریسکە رۆشنەکانی بنووقێنم..

             سۆمای چاوانم دابڕژێن!

    *    *    *

وە حەسرەتی دیداری وی داهێزرابووم

لوولیدابووم..

           هێدی هێدی دەیکرۆژتم؛

باران ئاسا دادەباری

نم.. نم تەڕیی و نەرمونیانیی

                       لێ دەڕژاوە..

یێژم کاری نەکردە بوو

خۆ لە سەمای پڕووشەکانی بدزمەوە

                      بیگوزەرێنم!

    *    *    *

وە حەسرەتی دیداری وی داهێزرابووم

لوولیدابووم..

           هێدی هێدی دەیکرۆژتم؛

هەسپ ئاسا قۆشمەی دەکرد

             چوست و سرک

             سمکۆڵانی ئاورینگیەدان..

هاسان نەبوو

هەر لەبنی بنەوە نەدەکرا

    دەگەڵ شەپۆڵی بای رەوتی

        وە (هەلەکەسەما)یان نەکەوم!

    *    *    *

ئاخەر ئەمن سووچم چییە

    ئەو نازدارە هەشوەسەر و بابانکۆرە!

          مانگ لە روویدا شەرمەزارە؛

چون مانگ تەنێ خاکوخۆڵە

         چاوی منە دەینەخشێنی

                    جوان دەینوێنی..

لێ ئەو خۆی خودی جوانییە

    نیگا و روانین و رامانم

          هەمووی تێکڕا دەئافرێنی!

    *    *    *

وە حەسرەتی دیداری وی

           لە ئەستێران وەدواکەتم..

کەنگێ وە مانگ رادەگەم من

     چوون دەف لەنێو لەپانمدا

                   وە سەمای خەم!؟

وە حەسرەتی دیداری وی

           لە ئەستێران وەدواکەتم

     وە لاڕێ چووم.. ئاوگەلە بووم.

    *    *    *

سرووتەک لە تەڕیی رۆشناییەکان

                 گینگلم پێ دەدا

ئاورەک وە بێ پرس

        دەملێستەوە و لووشم دەدا..

نەدەکرا نە.. هاسان نەبوو

   تریسکە دروەشاوەکان وەجێبێلم..

یان دەست وە رووی

      قەقنەسە تەرییەکان وەنێم؛

ئەتکیان بکەن

    دڵ و دەروون و هندوڕیان

        لە قوڕقوشم تەژی بکەن!

وە دار و بەرد.. وە گوللە و کێرد

وە بلۆکباران.. لەژێر سایەی یاسا و هەیتەی

کەسک و سۆر و زەرد و سپی

                 شین و مۆر و ئەوانی دی...

                        گیانیان دەرکەن!

ئەزیش.. دەستانم وەخۆدا شۆڕکەمەوە

هێدی هێدی ئاوزینگان دەم.. گیان بسپێرم!

    *    *    *

کۆراییم دایێ ئەمن هێشتا هەر وە نیازم..

    *    *    *

ئاشتبوونەوەم

   وە گوڵەستێرەکانی سەرشەقام سپارد!!

دەی خۆ چیدی

هۆنراوان نانووسم تا گوللەباران بکرێم!

دەی خۆ چیدی

  چەک وەدست نیم تا گوڵباران بکرێم!

دەی خۆ چیدی

خودام نییە و موسلمان نیم

              تا (جەلد)باران بکرێم!

یان هەر وە زیندێتیی چاوان

    تا بن ملان لە (ئاخ)ێم نێن

         وە خڕەبەردان (رەجم) بکرێم!

ئەز چم دایە لە گوللە و گوڵ

                لە شوولکە دار

                      لە بەرد و گڵ

ئەز چم دایە لە ناو

                  لە باو

                      لە دابی سواو..

دێچم یەک دەفی نازک و جوان

       لە شینکایی و چەرمی ئاسمانان

                          چێدەکەم

هەر رەزمی (خووشک خووشک)ی

                         پێ دەژەنم

تاکو لە نێو.. دڵ و دەروونی دەسرەوم

ئەوسا کڕنۆش لەسەر کڕنۆش

تاهەتایێ

لەبەر تەشک و دامەنانی.. وەردەکەوم!

    *    *    *

وە حەسرەتی دیداری وی داهێزرابووم

لوولیدابووم..

           هێدی هێدی دەیکرۆژتم؛

کۆراییم دایێ؛

هێشتا ئەمن هەر وە هومێدی ئەو مەمانەم

قەندیل ئێرەییان پێ دەبا و

               ئاسمان لەبەریان رادەکا!

                        کۆراییم دایێ..

    *    *    *

وە حەسرەتی دیداری وی

             لە ئەستێران وەدواکەتم..

نووکەش هەروەک جاری بەرێ

هەر وە هەمان خواست و نیازم؛

    وە پاسەوانی مەمکۆڵان دابمەزرێم..

یان هەر رۆژەو

تیلمەک لە جەستەم هەڵبڕن

             مەمدانەکی لێ چێبکەن

کە مردیشم وە مەمدانان بمپێچنەوە و

                    لە گۆڕێم خەن!

*    *    *

وە حەسرەتی دیداری وی

                لە ئەستێران وەدواکەتم

          وە لاڕێ چووم.. ئاوگەلە بووم..

هەیڤ و هەتاو.. هەسارەکان

سەرلەبەری رۆشناییەکان.. گشتیم دۆڕاند..

کۆراییم دایێ؛

هەرچەند ئەمن.. چاک دەزانم

چوون چاوانم.. کە ئەستەمە یەک ببینن

    دیداری ویش..  

             لە ئەستەمان ئەستەمترە

لێ هێشتاکە.. هەر وە نیازم..  

             هەر وە نیازم..

             هەر وە نیازم!!!

                      کۆراییم دایێ...

__________________________________________

فەرهەنگۆک:

* وە: بە.

* وی: ئەو.

* هەسپ: ئەسپ.

* هاسان: ئاسان، سانا.

* هەلەکەسەما: سەمایەکی وە گوڕ و وە جۆش و خێرا.

* هەشوەسەر: قوڕوەسەر، پڕ کێشە و گرفت.

* بابانکۆر: باوان کۆر؛ لە نێو کوردەواریی کە کیژەک لەرادەبەدەر جوان دەبی یان قسەیەک دەکا و دەگەڵ دابونەریت ناگونجێ یان هەڵسوکەوتەکی دژەباو دەکا.. دەیبێژنێ (بابانکۆر)!، واتە وە یەکەک لەو هۆیانە ماڵەباوانی تووشی گرفتان دەکا و کۆری دەکاتەوە.

* چون: چونکە.

* تەنێ: تەنیا.

* دەئافرێنی: دروست دەکا.

* چوون: وەک، ئاسا.

* ئاوگەلە بووم: دەگەڵ ئاوێ چووم، ئاو بردمی.

* ئاور: ئاگر.

* تەریی: تەریو.

* هندوڕ: دوڕ، نێو.

* تەژی: پڕ.

* (جەلد): (جلد)، لێدان، لە نێو موسلمانە توندڕەوەکان ئەگەر کەسەک هەڵسوکەوتەکی پێچەوانەی رێنماییەکانی خودا و دینەکەیان ئەنجام بدا بە تایبەتییش لە رووی سێکس و خۆشەویستییەوە.. ئەوە بە شوولکە دارەکی تەڕ لێی دەدەن، لێدانەکەش بە ئەندازەی گەورەیی و گچکەیی هەڵسکەوتەکە لە لای ئەوان ئاستی کەم و زۆری هەیە، جاری وا هەیە کەسەکە لەبن لێدانەکە گیان لەدەست دەدا! ئەگەر هەڵسوکەوتەکەشی بە لای ئەوانەوە تاوانەکی زۆر گەورە بی.. ئەوە (جەلد)ی ناکەن و هەر بە زیندێتیی وەبن گڵی دەخەن و هاوکات بەردبارانیشی دەکەن تا دەمری! زۆربەی جارەکانیش ژنان وەبەر ئەو سزایە دڕندەیی و دژەمرۆییە دەکەون.. لێ چاوپۆشیی لە پیاوان دەکرێ چونکە دینی ئیسلام دینەکی فرە پیاوسالارییە و بە پێ بەرژەوەندییەکانی پیاوان دامەزرایە، دیارە هەموو دینەکانی دیکەش هەر پیاوسالاریین.

* ئاخ: خاک.

* (رەجم): (رجم)، بەرد لێدان لەو تشتەی بە (شەیتان) ناوزەدی دەکەن کە بە پێی ئەفسانە و ئەندێشەکانی موسڵمانان (شەیتان) بوونی هەیە و پێشتر مەلائیکەتەک بووە و لە خودایەکەیان هەڵگەڕایتەوە!

* دێچم: دەچم، دەڕۆم.

* نازک: ناسک.

* چێدەکەم: دروست دەکەم.

* رەزم: (ریتم)، (ئیقاع).

* خووشک خووشک: جوان جوان.

* نووکە: هەنووکە، ئێستا.

* جاری بەرێ: جاری جاران، پێشان.

 

٧\٧\٢٠١٢ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک