٢١\٢\٢٠١١
وه‌همه‌کانی
دیموکراسی له کوردستان.

د. عادل باخه‌وان*
له چه‌ند ڕۆژی ڕابوردودا کۆمه‌ڵێک ڕوداو دیسانه‌وه کوردستانیان هه‌ژاند.
له به‌یانه‌که‌ی گۆڕانه‌وه تا خۆپیشاندانه‌که‌ی پێنجشه‌مه و
هێرشکردنه‌سه‌ر لقی چواری پارتی و ته‌قه‌کردنی پاسه‌وانه‌کان و پاشان
شه‌هیدبوون و بردینداربوونی چه‌ندین که‌س. ئه‌م ڕوداوانه، جارێکی که
ئێمه ده‌خه‌نه‌وه سه‌ر ڕاوه‌ستان له‌سه‌ر ئاڕاسته‌کانی دیموکراسی له
کوردستان و سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.
له‌هه‌موو دونیادا هیچ دیموکراسیه‌ک به‌بێ بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
دروستنابێت و بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش نابێت به بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
تا به‌لای که‌مه‌وه دوو مه‌رجی سه‌ره‌کی تیادا نه‌بێت : یه‌که‌م ده‌ستنیشانکردنی
به‌رامبه‌ر و دوههمیش ده‌سنیشانکردنی سروشتی ململانێی مه‌ده‌نی.
هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ک نه‌یتوانی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌ستنیشانبکات
بێگومان ناتوانێت ستراتیژ و به‌رژه‌وه‌ندی و به‌رنامه‌ی کارکردنی دیاری
بکات. هه‌روه‌ها هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ک نه‌یتوانی پابه‌ندبێت به
ململانێی مه‌ده‌نی بێ زه‌بروزه‌نگه‌وه، له بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
داده‌بڕێت و ده‌بێت به شتێکی دیکه (تیرۆریست یان شۆڕشگێڕ) و
کوردستانی ئێستاش نه پێویستی به تیرۆریسته نه به شۆڕشگێر.
له‌هه‌مانکاتدا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک، بۆ ئه‌وه‌ی دیمۆکراتیک بێت نابێت به‌هیچ
شێوه‌یه‌ک ملاملانێکان به ئاڕاسته‌ی زه‌بروزه‌نگدا به‌رێت. هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک
له‌به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و مانیفێستاسیۆنهکانیدا زه‌بروزه‌نگی
به‌کارهێنا، بێگومان ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ربه‌ری و وه‌حشیگه‌را و پهروهردهنهکراوهوه
و دوره له دیموکراسیه‌ت و ژیانی مه‌ده‌نیه‌وه. له‌پێناوی دروستکردنی
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیمۆکراتخوازی تۆلێرانتدا، ئێمه له‌یه‌ککاتدا ده‌بێت
دوو شت ئیدانهبکهین.
یه‌که‌م به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ره‌کانه‌وه دژ
به لقی چواری پارتی. خۆپیشانده‌ره‌کان ده‌بێت بزانن که بزوتنه‌وه‌ی
کۆمه‌ڵایه‌تی به‌وه له بزوتنه‌وه تیرۆریسته‌کان جیاده‌کرێته‌وه که
زه‌بروزه‌نگ به‌کارناهێنن دژ به به‌رامبه‌ره‌کانیان. ئه‌کشنه‌که‌ی
ئێوه تا ئه‌و شوێنه ڕه‌وایه که به‌شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه گوزارشت
له به‌رژه‌وه‌ندی و خه‌ون و خه‌یاڵ و حه‌ز و ئاره‌زوی ئه‌و که‌سانه
بکات که نوێنه‌رایه‌تیان ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و چرکه‌یه‌ی که پهنادهبن
بۆ زه‌بروزه‌نگ ئه‌وه به‌ده‌ستی خۆتان زیان ده‌گه‌یه‌نن به بزوتنه‌وه‌که‌تان
و گورز ده‌ده‌ن له هه‌نگا و به‌ره‌و دیمۆکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌ی
کوردی. بایه‌خه مه‌زنه‌کانی بزوتنه‌وه‌که‌ی ئێوه له‌وه‌دایه که
توانیوتانه ده‌ستنیشانی «به‌رامبه‌ره‌که‌تان» بکه‌ن. به‌رامبه‌ره‌که‌تان
ژماره‌یه‌کی ڤیرتیول نیه، به‌ڵکو هێزێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی واقیعیه
و پڕ چه‌که به سه‌رمایه ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ته‌نانه‌ت
سه‌ربازیه‌کان. هه‌روه‌ها ئه‌و که‌س و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که ئێوه
نوێنه‌رایه‌تیان ده‌که‌ن که‌س و گروپی ڤیرتیول نین، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و
که‌س و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تیه سته‌ملێکراو و پهراوزێکرا و بێبهشکراوانهی
کوردستانن که تاسهرئێسقانیان به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریه
و نایه‌کسانیه‌وه ده‌ناڵێنن. ئێوه هه‌موو شانسهکانتان له‌به‌رده‌ستدایه
بۆئه‌وه‌ی ببن به بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بابه‌تیانه، به‌مه‌رجێک
سروشتی ململانێکهتان له‌گه‌ڵ بهرامبهرهکهتاندا ئینحراف نه‌کات به‌ره‌و
تیرۆریسم یان شۆڕش و له‌چوارچێوه مه‌ده‌نی و دیمۆکراتیهکاندا بمێنێته‌وه.
دووهه‌م به‌کارهێنانی زه‌بروزه‌نگ له‌لایه‌ن لقی چواری پارتیه‌وه ده‌بێت
به توندی ئیدانه بکه‌ین، چونکه پارتی که به‌شێکه له‌ده‌سه‌ڵات، گه‌ر
بڕیاربێت له‌سه‌ر دیموکراسی کاربکات و وه‌ک ده‌سه‌ڵات و وه‌ک حیزب
دیمۆکراتیک بێت، نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌ڵامی زه‌بروزه‌نگ به زه‌بروزه‌نگ
بداته‌وه، نابێت وه‌ڵامی تیرۆریسم به تیرۆریسم بداته‌وه. ته‌قه‌کردن
له خۆپیشانده‌ران خراپترین ئاماژه‌یه‌که که پارتی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆی
ده‌نێرێت. ئه‌و ئاماژه‌یه ده‌مانباته‌وه سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ی که تا
ئێستاش چه‌ند ئه‌م حیزبه، وه‌ک حیزبه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، له
دیموکراسیه‌وه دورن و چه‌ند هه‌ڵگری ستراکتۆری بیناکراو له‌سه‌ر
تۆتالیتاریسم و بهربهریهتن و چه‌ند له پرۆسێسی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌ی
مه‌ده‌نیه‌وه دوورن.
ڕوداوه‌کانی هه‌فته‌ی ڕابوردو دو پاتیانکردهوه که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه
به حیزبه‌کانیه‌وه، به بزوتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیه‌وه، بهدهسهڵاتیهوه،
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی په‌روه‌رده نه‌کراوه‌و تائێستاش له‌ده‌ره‌وه‌ی
چوارچێوه‌کانی دیموکراسیدایه و له‌یه‌که‌م ئیمتیحانی دیموکراسیدا هه‌موو
درۆکانی ده‌رده‌که‌وێت و هه‌موو دروشمه‌کانی یه‌ک له‌دوای یه‌ک به‌تاڵ
ده‌بنه‌وه.
گه‌ر ئه‌و به‌ردانه‌ی که لاوانی بێکار و په‌راوێزکراو و مه‌حرومی
سلێمانی گرتیانه لقی چواری پارتی ئینحرافبێت له ململانێی مه‌ده‌نی
بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، بێگومان ئه‌و فیشه‌که ڕاسته‌قینانه‌ی
که پارتی دیمۆکراتی کوردستان نایان به خۆپشانده‌رانه‌وه به‌ته‌نها
ئینحرافنین به‌ڵکو تاوانی گه‌وره‌ن و ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی ڕاپێچی
دادگا بکرێن. به‌ڵام ئایا، له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا، که حیزبه‌کانی، بزوتنه‌وه
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی، حکومه‌ته‌که‌ی دیمۆکراتیک نه‌بێت ده‌کرێت چ
ئومێدێکمان به سه‌ربه‌خۆی و شه‌فافیه‌تی دادگاکانی هه‌بێت ؟ ئایا
ڕاکێشانه به‌رده‌م دادگای تاوانباران و بکوژان و خوێنڕێژان چ مانایه‌کی
ده‌بێت ؟ دادگایه‌ک که شه‌فاف و بێلایه‌ن نه‌بێت، دادگایه‌ک که له
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نا دیمۆکرات‌دا کاربکات ده‌کرێت چاوه‌ڕوانیی ئهوهیلێبکرێت
که به‌ڕاستی و دادپه‌روه‌رانه بڕیاره‌کانی بدات ؟ ئایا ده‌کرێت له‌دادگای
حیزب‌دا خودی حیزب دادگایی بکرێت ؟ ئایا دادگایه‌ک که بکوژه‌کان
دروستیان کردبێت توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رگری له مافی کوژراوه‌کان
بکات ؟ له هیچ قۆناغێکی مێژوویدا بینیومانه جه‌لاد ببێت به پارێزه‌ری
قوربانی ؟
________________________________________
*
سۆسیۆلۆگ، قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای
زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، پاریس.
19\2\2011
|