په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١١

وەهمی داهێنان.


فەرەیدوون سامان 


داهێنان بە زۆر واتاو چەمکی جیاواز لێرە و لەوێ لەسەری نووسراوە و هەر نووسەرە بۆچوون و تێڕوانین و دیدی تایبەت بە خۆی بۆ ئەم چەمکە هەیە، لەکاتێکدا بیرمەند و کەڵە نووسەرە ناسراوەکانى جیهان تێڕوانینى ئەوان لەمەڕ ئەم چەمکانە لەسەر ئاستی چەندان لێکۆڵیەوە یان کتێبدا پێشکەشیان بە خوێنەران کردووە.

 

من نامەوێ بگەڕێمەوە سەر پێناسەکردن و شرۆڤەکردنى ئەم چەمک و زاراوانە و زێتر خوێنەرانى پێوە خەریک بکەم ، چونکە دڵنیام بەم نووسینە شتێکی تازەتر ناخەمە سەر مەبەستەکەم ، مەگەر چەند تێبینى و سەرنجێک نەبێت کە دەمێکە لە بیرو هەستمدا گەڵاڵە بوون ، لەسەر ئەم بنەمایە گەرەکمە بێمە زمان و بێژم ئیدی بەسە با ئەو حەمکە نووسەرانەی ئێمە کە داهێنە نین ئیدی هێندە بانگەشەی داهێنان نەکەن ، ئاخر براگەلینە ئەوانی هەمیشە بانگەشەی داهێنان دەکەن، کەچی وەک بەرهەمی نووسینەکانیان داهێنانێک پێشکەش بە خوێنه‌ران ناکەن، مەگەر جگە لەکۆپی داهێنانی نووسەریکی بیانی نەبێت ، باشە ئەو هەموو تەنزیراتە نابەجێ و بێ بناخانە لە پای چی...

 

دیارە ئێمە مانان لەگوێ گادا خەوتووین و بێ ئاگاین لە داهێنانی نووسەرانی بیانی ، ئەگینا چۆن دەکرێت کەسێ بەخۆی بڵێ داهێنەر ، کەچی بۆ خۆی لە چەمکی داهێنان نەگەیشتبێ و نەزانێ داهێنان چییەو کەی و بۆچی سەریهەڵدا و نەزانێ لەکوێ و چۆن هاتە ناو ئەدەبیاتى کوردی و چۆن رۆشنبیری ئێمە بە چەمک و روئیایەکی تازەوە مامەڵە لەگەڵ تێکستى ئەدەبی دەکەن و چۆن دەبێ و بەرەوای بزانین نووسەرێک بە خۆی بڵێت داهێنەر ، لەکاتێکدا هێشتا لەبواری نووسیندا لەقۆناغی سەرەتایی دایە ، ئاخر داهێنەر لانى کەم دەبێ باکگراوەندێکی رۆشنبیری و فیکری و فەلسەفی قووڵی هەبێت و دواتر میراتێکى گەورەی کلتوری بۆ کتێبخانەی میللەتەکەى بەجێ هشیتبێ و چەندان سەرچاوەی پڕ بەهای بۆ خوێنەران پێشکەش کردبێ ، نەک ئەوانەى بەسەرە قەڵەمێک یان کورتە چیرۆکێک یان دەقێکی شیعری یەکسەر بانگەشەى داهێنان دەکەن و بەرهەمی سەرجەم نووسەرانی بەر لەخۆی ڕەت دەکاتەوە دواتریش لەسەر لاپەڕەیەکی گۆڤارێکدا دیداری بۆ سازدەکرێ و لەسەر حسابی نووسەران و ئەدەبیانی بە ئەزموون بەسەر بکرێتەوە..

 

هاوکات ئەو دەزگایانە کارێکی رەخنەیی یان دەقێکی ئەدەبی بڵاودەکەنەوە و فرێی دەدەنە نێو دەلاقەى فەرامۆشی ، ئێوە بڵًێن پەسەند کردنى بابەتێک لەبەر ئەوە بێت کە لەو هەموو روویەکی هونەری و تەکنیکی و زمانەوانى ماقوڵ و بە جێ بێت بە پێچەوانەوە رەتکردنەوەى ، جا سەبارەت بە لاوازی کرچ و کاڵی بێت کەشایستەی بڵاوکردنەوە نەبێ..

 

من نامەوێ لەو هەموو هۆکارانە بدوێم و ئاماژەیان بۆ بکەم کە بەرپرسێ رۆژنامەیەک یان گۆڤارێک مەزاجیانە رەفتار لەگەڵ دەقێکی ئەدەبی دەکات، کە زۆرجار بەرژەوەندیش رێگەى پێ دەدات یان رێگەى پێ نادات نووسینەکە بڵاو بکاتەوە ، ئەگەر چی نووسینەکەش بە قەڵًەمی داهێنەریشَکیش بێ ، ئەوا سەبارەت بە زۆر هۆکاری نابەجێ ئامادەیە نووسەرێکی ئاسایی بکاتە داهێنەرێک و داهێنەرێکی راستەقینەش وردو خاش بکات و بۆ نووسەرێکی پەراوێزی کراوى وەچەرخێنێ.

 

دیاردەکان هێندە زۆرن وا بە سانایی و بە خێرایی چارەسەری گرفتەکانیان ناکرێ ، بۆ نموونە دەکرێت تەماشای بەرگی چەند ژمارەیەک لە هەفتەنامەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت کە چۆن لە ماوەی چەند مانگیکدا ، چەندان جار ریکلام بۆ شاعیرێک کراوە و بەقەبارەی جیاواز وێنەکانی لەحاڵەتێکی رۆمانسیانەدا بڵاوکراوەتەوە ، جا خوێنەرێکی بیانی ئەگەر سەردانی وڵاتەکەمان بکات بەدڵنیایی وا تێدەگات ئەو وڵاتە هەر تەنها ئەو شاعیرە داهێنەرەی تێدایە ، لەگەڵ رێزم بۆ شاعیرەکە خۆی کە ئەگەر بۆ خۆی حەزی لەو ریکلامە بازرگانییە نەبێت چۆن ئەو مەراییەی بڵاوکراوەکە قبول دەکات ، یان سەیر لەوەدایە کە نووسەرێک بەخۆی بڵێ من رەخنەگرم ، بەڵام کاتێ وتارێکی رەخنەیی دەگاتە لای لە جیاتى بە ئەوپەری بە ئەمانەتەوە بڵاوی بکاتەوە ، هەر زوو ناواخنى ئەم وتارە رەخنەیە بۆ رەخنە لێگێراو دەخوێنێتەوە و بە هەر رێگەو فرت ِو فێڵێک بێت تەنانەت بە هەرەشە کردنیش بێت رەخنەگر ناچار دەکات لە نووسینکەى پەژیوان بێتەوە و پاشەکشەی پێبکات. یان لێرەو لەوێ نووسەرێک یان شاعیرێکی ئاسایی و لەخوار پلەى تێگەیشتنى چەمکی داهێنان ، بۆچوونێکی خۆی لەمەڕ بزاڤی شیعری دەردەبڕێ و دواتر سەبارەت بە زۆر هۆکار چەند ناوێک لە یارانى خۆی ریز دەکات و بەسەر قافلەى داهێنانیان دەژمێرێ و بێ هیچ بنەماو بنەڕەتێکی ئەدەبی و فەرهەنگی و لێکۆڵینەوەی رەخنەیی (کە ئەو ناوبراوانە نەشاعیری ناسراوان نە خوێنەری باشی شیعر) رەخنەنووس دێت و بە مەزاجی خۆی دەیکاتە سیمبولی شیعری نویێ و داهێنان و بزافی نوێخوازی و کەلەپووری ئەدەبیاتى گەلەکەى.

 

سەیرەکە لەوە دایە نییە هەندێ لەو قەڵەمانە لە رۆژگارێًکدا کەڵکیان لەناو و شۆرەتى خۆیان وەرگرتووە و هەندێ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتى یارمەتى داون ، وەلێ سەرەنجام دەبێت بزاڤی ئەدەبی کوردی بگەڕێتەوە سەر رەوتە راستینەکەی خۆی و نووسەری داهێنەر لە مشەخۆر جوێ بکرێتەوە ، ئەو نووسەرانەیش کە هەر لەو وەهمەدا دەژین کە داهێنەرخۆیانن کەسی دیکە نین ، چاکتر وایە سەردانی پزیشکێکی دەروونی بکەن بۆ ئەوەی لەو وەهمە رزگاریان بێت، کە مەرج و خەسَڵەتەکانی داهێنان ئەوە نییە کە ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدوون سامان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک