په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٥\٢٠١٢

وه‌همی ده‌وڵه‌تی قه‌ومی، بۆته‌ وسڵخانه‌ی حیزبه‌ کوردییه‌کان.

 

ئەنوەر فەتاح

 

ماوەیەکە وشەی دەوڵەتی کوردی بووەتە ویردی سەرزمانی ھەموو حیزبە کوردییەکانی کوردستانی عێراق بەڕاست و چەپ و ڕیفۆرمخوازەکانیشەوە. گەلێکیشمان، بەتایبەتی سەرۆکی حیزبەکان ‌ خۆشیان دەزانن، کە باسکردن لە شتێکی ئاوا باس و خواسەکەی دەمێکە بەسەر چووە.‌، تەنانەت خوودی جەلال تاڵەبانی ئەو مەسەلەیە بە خەونی شاعیرانەی دەزانی . ھەرچیش مەسعود بارزانییە بۆ داپۆشین و ڕزگاربوونی خۆیی و حیزبەکەیەتی لەو قەیرانەی کە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزییدا، ڕووبوڕوی بوەتەوە، کەلەلایەن نوری مالیکییەوە ھێڕشی دەکرێتە سەر سەبارەت بەو ڕاووڕوتەی کە ئەمان بەردەوامن ھەروەھا مەسەلەی دزین و بەتاڵانبردنی نەوتی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی ‌ ئازادییەەکانی خەڵکی و کێشەی نێوانی خۆیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و ئێراندا. کوردیش دەڵیت بەھاران وەرزی خوێنجمانە بۆیە بۆ بارزانی و حیزبەکەی ئەم ھاتوھوریایە خراپ نییە تاکو کەمێک خوێنیان تێبجمێتەوە.


زۆریشن و زۆریش بوون ئەوانەی بەناوی دەوڵەتی قەومی و یەکێتی خاک و نیشتمانەوە ، بەیتوبالۆرەیەکی زۆریان بەوناوەو ھەروەھا بە ناوی میللەت و دڵسۆزی بۆ میللەتەوە ، لێداوەو ھەندێکیشیان ھەر بەوناوەو بۆخاتری کییان و سەروەرێتی نیشتمان ، تەنانەت نەتەوەو نیشتمانیشیان خستۆتە بەردەم گەرداوو قەیرانی شەڕو جەنگێکی ماڵ و خاک ویرانکەرانەوە، لەوانە : ‌ سەدام وقەزافی و حافز ئەسەدو بن عەلی وجەمال عەبدولناێرو. بەڵام دوواتریش دەرکەوت ئەوانەی کە ھەموو ئەو سەرکردانە لافوگەزافانەی پێوە لێدەدا ، گوایە بۆ بەرژەوەندی ئەوان، ھاووڵاتیان، دەیکەن ، ھەر ئەو میللەت و ھاووڵاتیانەیان بوون کە لێیان ڕاپەڕین و بەرەنگاریان بوونەوە.


گەرچی ئەم ڕاستییانەش لای ئەم سەرۆکانەی ئیمەش ڕوونو ئاشکرایە، بەڵام لەوە ناکات کەھیچ وانەیەکیان لەو ڕووداوانەی ئەمساڵ و پار وەرگرتبێت ، یا ئەوەتا ئەم بانگەشە نوێیەیان بۆ ئەوەیە کە گووڕو تینێکی پێبدەنەوە گیانی مردوی خۆیان.


لە کاتێکدا کە ئەمانەی سەرەوە حەقیقەتن ، بەڕای من گرنگە کە ئێمەی خەڵک چی تر بەم دەف و تەپڵەی ئەمان ھەڵنەپەڕین وخۆمان نەبەستێنەوە بە دروشمە عەنتەرییەکانی ئەم حیزب و سەرکردانەوە، کە ھەرھەمویان یەک بابەتن و بەڵام لەژیر ناوی جیا جیادا ، دروشمی جیاجیادا دەیانەوێت ھەڵمانخەڵەتێنن، بە دروشمی زەقی : دەوڵەتی قەومی، ئازادی ، دیمکراتی، کە ئەمانەش ھیچێک نین جگە لە وشەو ڕستەی سواوی ڕوی ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکان نەبێت. خۆگەر وانییە ، کە ئەمان بۆ ماوەی ٢٠ ساڵی ڕەبەقە دەسەڵاتیان لەدەستدایە بۆچی بەشێکی کەمیشیان لەوانە جێبەچی نەکردووە؟ بۆ لەسەرەتای ھاتنی ئەمەریکاو داگیرکردنی عێراقەوە پێیان لەسەر دەوڵەتی کوردی دانەدەگرت؟ بۆچی نەک ھەر کاریان لەسەر گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان نەکرد بەڵکو ڕێگەشیان دا کە پارچەو خاکی تریشی بێتە سەر؟!!!!


ئەزموونەکان نیشانی دەدەن کە دەوڵەتی قەومی نە ئازادی و نە نان و نە ئاوو نە سەرفرازییان بۆ خەڵکانی بەشخوراوو ھەژارانی وڵاتەکانیان نەھێناوە، دوای ئەوەش کام سەرۆکی دەڵەتە کە لە کاتی بەرگری کردنی ھاووڵاتییانیدا لە مافەکانیان ، دەستیان بە خوێنێان سوور نەبووبێت؟!!


ھەموو سەرکردەی دەوڵەتە قەومیەکان کە دەڵێن ئێمە یەک میلەتین، یەک چارەنوسی ھاوبەشمان ھەیە، ئەوە گەورەترین درۆو خیانەتە کە بەحەقی خەڵکی دەیکەن، منیش ‌وەکو ھەموو خەڵکێکی دژ بەدەسەڵات ، ئەوە دەزانم کە دەسەڵاتیان بۆ بازرگانیکردنە بە خوێنی ھەژارانەوەو بۆ کۆنترۆلکردنی خەڵکییە، لە خانەیکی جیادان و ئێمەش لە یەکێکی تردا، ئەوان میللەتێکی ترن و ئێمەش یەکێکی دیکە. ئێمە نە وەکو ئەوان بێشەرمین و نە وەکو ئەوان دژی مرۆڤین، بەڵام ئەوانن ، ئەو دیکتاتۆرانەن کە ھەمیشە ئێمە دەخەنە خانەی خۆیانەوە، ‌ بەناوی یەک میللەتەوە ڕۆژیی چەندجارێک ئەمان فرۆشن و دەمانکڕنەوە.، توشی وەھمی نشتمان پەروەریمان دەکەن ودەوڵەتی قەومیمان پێدروست دەکەن و ھەر بە ‌یاساکانی دەوڵەتەکەشیان ئەمان کوژن، بەندمان دەکەن، باجمان لێدەسەننو، داوامان لێدەکەن کە وەلامان بۆ یاساکانیان ھەبێت، کە سەرجەمی ئەو یاسایەنەش یاسای چینایەتییەو بە سوودو بەرژەوەندی چینایەتی دەسەڵاتداران و دۆستەکانیان ، دەشکێتەوەو کاردەکات. دەسەڵات و دەوڵەت چەمکێکی چینایەتیە، نوێنەری چێنێکی دیاریکراوە، ناتوانێ نوێنەری ھەموو خەڵک بێت، ئەگەر دەوڵەت نوێنەری ھەموو خەڵک بێت ئەو ھەموو ئەدەواتی کوشتنو تۆقێنەرەی بۆچییە؟


من پێم وایە ھەموو حیزبە قەومیەکان ئەگەرھەست بە مەترسییەک نەکەن یا لە قەیرانێکدا نەژین ‌ ، ئەوە بە دڵنیاییەوە دەڵێم ، ‌ گەرحی دەوڵەتی قەومی ناکەن بۆ میلەتێکی کوڵۆڵی وەکو کورد، کە خۆیان زۆر باش دەزانن کە لە ئێستاداو ڕەنگە لە ئایندەشدا زەمینەی دروسکردنی دەوڵەتی کوردی نەڕەخسێت. بۆیە بە ڕای من ئەمە بۆ ئستھلاکی ناوخۆییەو بەیادکردنەوەی خەیاڵی ٤٠ ساڵەی حوکمی زاتی و ٢٠ ساڵ حکومەتی فیدراڵییە کە دەیانەوێت ئەم جارەیان ٣٠ ساڵی تریش کورد بەناوی دەوڵەتی کوردییەوە ، ھەڵپەڕێنن، کە ئەمەش وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد دروشمێکی درۆیەو بۆ گەمژاندنی سەرجەمی خەڵکی کوردستانە، چونکە ھەزار دەوڵەتی قەومی مناڵێکی برسی تێرناکات، ھەزارەھا وشەی ئازادی وسەربەستی جوتێک پێڵاو ناھێنێ بۆ منا:ڵێکی بێ پێڵاو، بەڵام خەڵکانێک لە ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتدان ، ئەمە بە ‌پیرۆزی دەزانن و قەبەیان کردووە، بەڵآم ناواخنێکی بەتاڵ و بێناوەرۆکە. گەر ئێستا تورکیاو ئێران داوای ڕونکردنەوەیەکیان لێبکات و فشاریان بخەنە سەر، ئەوە لە ھەمووی پەشیمان دەبنەوە.


من بەش بەحاڵی خۆم ھیچ ئومێدێک لەسەر ئەم خیتابە حەماسییانە ، ھەڵناچنم، وە دەوڵەتی قەومی و نا قەومی ھەمووی لای من وەھمەو بۆ ھەستانی حەماسی خەڵکی بێئاگایە لە وەزعی سیاسی ئەم دونیا جەنجاڵەی ئێستا کە ئەم سیستەمە بەرھەمیھێناوەو ‌ کردویەتی بە ‌دۆزەخێک بۆ ھەژاران مەگەر ھەرخۆیان بتوانن پارەو سەروەتی دزراوی تیا کۆبکەنەوە.


لە لایەکی ترەوە من پێم وایە ئەو حیزبە دەسەڵادارانەو ئەوانەش کە بەشوێن دەسەڵاتەوەن، کەسانێکی بەرژەوەند پەرست و شکست خواردون گەرەکیانە بەمشەخۆری ، بەردەوام بن لەسەر ئەو ژیانەی کە ئەمڕۆ ھەیانە و لەسەر کەڵاکی خەڵکی کارگەرو ھەژاری کوردستان ، دروستیان کردوە. لەگەڵ ئەوەشدا ھەر ئەم خەڵکە گەورەو دەسەڵاتدارەن ‌ بەکۆن وتازەیانەوە کە ئەزانین چۆن لەبەردەم دەوڵەتانی خاوەن ھێزدا چۆک دابدەن، کە لە کاتێکدا جەلادی ئێمەن.


ناوەرۆکی ئایدۆلۆجی حیزبە نەتەوە پەرستەکان لەسەرانسەری دنیادا دەرکەوتووەو لەسەر بنەمایەکی توندو سەقامگیر ڕانەوەستاوە و چوونەتە مۆزەخانەی مێژوووەوە، ھەر بەم ھۆیەش بوو کە سەرۆکی تۆخترین حیزبی قەومیش بە خەوی شاعیرانەی دەزانێت ، کە بەڕای من ئەوەتی ئەم کابرایەش سەرکردەی حیزبەکەیەتی و سەرەک کۆماری عێراقە بەدەگمەن قسەی واڕاستی کردوە. وەگەر دەوڵەتی قەومیش لەھەر شوێنێک ھەبێت بۆ خەڵکانی کرێکارو زەحمەتکێش، ھیچ نییە جگە لە بازاڕێکی فرۆشتنی ھێزی کارو نان پەیداکردن نەبێت.


دەمەوێت ئەوەش بەیادی خوێنەر بێنمەوە کە ‌ لەساڵی ١٩٩١دا، حیزبە ناسیوناڵستەکان لە کوردستاندا خەڵکیان ھان و فریو دەدا بۆ رزگاری کەرکوک، کەچی لەولاوە لەگەڵ سەدام مفاوەزاتیان ھەبوو.


لە کاتێکدا کە سەرۆکی ھەرێم بانگھێشەی دەوڵەتی کوردی دەکات ، حەز دەکەم ئەوانەی لەگەل ڕای ئەودان با پرسیارێکی لێبکەن کە بۆچی مەلیکی دەوڵەتێکی عەرەبی ئیسلامی وەکو سعودیە گەورەترین وبەنرخترین نوگی وڵاتەکەی خۆی بدات بە دوو سەرکردەی دوو حیزبی ھەرە سەرەکی کوردستان و دەسەڵاتەکەی کە ئەو مەلیکە ‌ نە زۆرو نە کەم پەیوەدی بە میللەتی کوردەوە نییە؟ ئەگەر ئەمە بەرتیل نەدان نەبێت تاکو ئەم دوو سەرۆکە تەنازول لەسەر داخوازی مافێکی گەوەرە بکەن ، کە دروستکردنی دەوڵەتیکی کوردییە ، چیترە؟


ئەوەتا مەسعود بارزانی تازە بەتازە ئەوە بەعەرەبی شیعە ئەفرۆشێتەوە کە بە ٥٢ ڕۆژ لەبەغداد حکومەتی عێراقی دامەزراندۆتەوە ، ئێستا کردویەتی بە منەت بەسەر شیعەکاندا کە ئەگەر ئەمان نەبونایە ئەوە ئەوحوکمەتە دا نەئەمەزرا،.


زۆربەی زۆرمان ھیشتا ھەر لەبیرمانە کە لە کاتێکدا سەدام سەرگەرمی کوشتن و بڕینی خەڵک بوو ھێشتا دووکەڵی کیمیاباران وکاروان و ڕاوە ئەنفال نەڕەوابوووە کەچی ئەم حیزبە کوردیانە سامانی سەر زەوی ژیر زەوی ولاتەکەیان بەتاڵان دەبرد دواتریش لە شەڕی براکوژییاندا ئەمانیش ئەنفالیان بۆ جاری دووھەم نیشانی کۆمەڵگەی کوردی دایەوە، گەرچی لە سنورێکی تەسک و بچوکدا بوو.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌نوه‌ر فه‌تاح محمه‌دئه‌مین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک