٢٩\٤\٢٠١١
وەهمى نوێخوازیی.

فەرەیدوون سامان
ئەگەر نوێخوازیی بریتییە لە پرۆسەى رەتکردنەوە و رەتکردنەوەى هەموو
واتاکانى بەرایی بەمەبەستى ئەفراندنی واتاى نوێ و چەمکى نوێ ، کەواتە
نوێخوازیی پابەندى کات یان توێژ و نەوەیەک نییە کە لەسەردەمێکى
بەسەرچوودا ئایندە رەت بکاتەوە، مەرجیش نییە ئەوانەى هەموو واتاکانى
پێشوو رەت بکەنەوە ، هەر ئەوانن دەتوانن بەدواى ماناى تازەدا بگەڕێن .
نوێخوازیی یان تازەگەرى وەک زاراوەیەک لەبوارەکانى هزر و فەلسەفە و
ئەدەب و هونەردا ، ماوەیەکە لێرە و لەوێ لەسەر رووپەرى رۆژنامە و
گۆڤارە کوردییەکاندا رۆژانە چەندە بارە دەبنەوە، زۆر لەو نووسەران (
بەتایبەتیش نووسەرە لاوەکان) کە ئاماژە بەم زاراوەیە دەکەن و دەیکەن بە
مانشێتى وتار و نووسینەکانیان لەژێر رۆشنایی بۆچوونە جیاوازەکانیان
دەقە ئەدەبیەکانیان پێ شیدەکەنەوە، مایەى تێڕامانە بێ حاڵى بوون لە
چەمک و واتاکانى نوێخوازیی... توێژێک لەو نووسەرو هونەرمەندە لاوانەى
ئێمە بێ ئەوەى بزانن نوێخوازی لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە و چۆن سەرى
هەڵداوە و کەى لای رووناکبیرانى ئێمە پراکتیزەى ئەم نوێخوازییە لەسەر
بەرهەمە ئەدەبیە هونەرییەکاندا کراون ، مخابن بێ ئەوەى لەو بوارە
هونەرى و ئەدەبیانە بەو ئەزموونە قوڵەی خوێندنەوە تێپەڕیبن و بە تەواوی
لەواتاکانی ئەم چەمکە گەیشتبن و گەڵاڵەى ئەو هەموو زانست و
زانیاریانەیان کردبێت ، لە راستیشدا وەک زاراوەیەکى لاساییکەرەوە
بەکاریدێنن و دەیکەن بە باسى نووسینەکانیان.
پرسیارگەلێک لێرە خۆی رەپێش دەکات ، ئاخۆ نوێخوازیی لای ئێمە مانان هەر
تەنها رەتکردنەوەى ئەو کەلتوورە دێت کە نووسەران و بیرمەندانی بەر
لەئێمە بۆیان بەجێهێشتووین، ئاخۆ نوێخوازیی پاپەندى زەمینێکى دیارکراوە؟
چەندان پرسیارى دیکە کە ساڵانێکە لە بیر و ناخماندا پەنگى خواردۆتەوە .
باشە نووسەران و ئەدەبیانى ئێمە تا چ ئاستێک توانیویانە بە دەقی شیعرى
و چیرۆک و رۆمان تەنانەت وتار و لێکۆڵینەوە رەخنەییەکان بە تەکنیکی
نوێخوازیی ، قاڵبەکۆن و سواوەکانی تێکستە ئەدەبییەکان تێکبشکێنن کە ئەم
ستایلە کۆنە بۆتە تەلبەندى داهێنان و هرز و توانستە مەعریفیەکانی
نووسەرانی ئێمە ... کەواتە نوێخوازیی لە کوێی ئەدەبیاتى کوردیدا بوونی
هەیە و سەرى هەڵداوە و تا چەند نووسەران و رەخنەگرانى بە ئەزموون و بە
میتۆدى شیکردنەوەی ئەکادیمی و زانستی لێکۆڵینەوەکانیان تازەگەرانە
رەفتار لەگەڵ دەقدا دەکەن. تا نووسەرە لاوەکانیش دوور لە کۆپى کردنى
شێوازى ئەوان دەقێکى ئەدەبی بێگانە چ بەناوى بونیاتگەریی یان
شیکردنەوەى زانستى بەسەر خوێنەرانى حاڵى نەبوو بەچەمکى نوێخوازیی
بسەپێنن ، کەمن پێم وایە زۆرێک لە نووسەرە لاوەکان لەوە زیاتر جێ
پەنجەیان لە پرۆسەى نووسیندا دیارە و دەکارین بێژین هەر خودى توێژى
نووسەرە لاوەکان بۆ خۆیان لە ئایندەدا دەبن بە میراتگرى داهێنان ،
بەڵام دیسان جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە نوێخوازیی تەنها بە قسەکردن
بە ئەنجام ناگەیەندرێت ، بەڵکو کارکردنى گەرەکە و مەبەستیش بەشدارى
کردن لەم پرۆسەیەدا کە پرۆسەى نوێخوازییە نەک وەهمى نوێخوازیی و
بەردەوام بوونە لە ئەزموونەکانیاندا و کە هەموو واتا و چەمکە جێگیرەکان
رەتدەکاتەوە، چونکە روانینى جێگیر بەڵگەى بڕواکردنە بە راستییەکی جێگیر
، کە لە پرۆسەی نوێخوازیشدا هیچ راستییەک رەها وجێگیر نییە . هەر بۆ
نموونە ستایلی ئاڵۆزی لە نووسیندا ، کە مەبەستم ئەوەیەکە نووسینێَک
لەرواڵەتدا جوان و لەناواخندا کرێت وپووچ بێ، لەدیمانەیەکدا لە
رۆماننووسى ناوداری فرەنسى ، فرانسوا ساگانیان پرسی: چ شتێ لەو وتارە
رەخنەییانەی کە لەسەر رۆمانەکەت ( ئەی خەم بەیانی باش) نووسراوە فێرى
بووی ، لەوەرامدا دەڵێ : هیچ شتێک فێر نەبووم ، چونکە ئەوان لەشتێک
دەدوێن کە هەرگیز مەبەستی من نەبووە ، بەر لەسەدەیەک وەک مۆدێکی
نوێخوازی لای نووسەرانی رۆژاوا مۆدیلی ستایلێکى نووسینی ئاڵۆز
سەریهەڵدا، کە تارادەیەک ئەو ئاڵۆزییە لەنووسیندا ببووە ئامانجێک لای
ئەو نووسەرانەی کە بەدوای کورتترین رێگادا دەگەڕان بۆ خۆناساندن و
شۆرەت پەیداکردن، چونکە ئەوانە پێیان وابوو ئاشکراو روونی لەنووسینی
دەقی ئەدەبی وەک شیعرو چیرۆک و وتارو لێکۆڵینەوەی رەخنەییدا، واتە
پێنەگەیشتنی هزری و هونەری و ئەفراندنی نووسەرەکە، هەڵبەت گوتمان ئەمە
بەر لەسەدەیەک تا نیو سەدە لەرۆژاوا باوو مۆدێلی نووسین بوو، وەلێ لای
خۆمان هەندێ لەنووسەران بۆ ئەوەی بیسەڵمێنن کە دەقە ئەدەبیەکانیان
گەیشتۆتە ئاستێکی باڵاو بە جیهانی بوون ، هەر بۆیەش پەنایان بردۆتە
بەرئەو ستایلە لەئاڵۆزی نووسین و بڕینی تخوبەکانی زمان و یاساکانی
رێزمان ، (ئیگۆر براون) دەڵێ : جا ئەگەر ئەدەب وهونەر لەیەک سەرچاوەی
مەعریفیدا هەڵبقوڵێن ، ئەوا ئەو هونەرمەندەی مەبەستە تایبەتیەکەی خۆی
نەزانێ هەرتەنێ کار بۆ دیوی دەرەوەو رواڵەت بکات ، لێ ئەگەر بشزانێ و
نەتوانێ گوزارشتی لێ بکات ، ئەوا بێگومان بێتوانایی ئەو هونەرمەندە
نیشان دەدات، بێگومان ئەم بۆچوونە لەسەر دەقی ئەدەبیشدا جی َ بە
جێدەکرێت، بەتایبەتیش بۆ ئەو نووسەرانەی کە مەبەستەکانی نووسینی خۆیان
نازانن وناکارن بەسانایی بەخوێنەرانی بگەیەنن ، ئەگەر بشزانن ئەوا
ناتوانن گوزارشتی لێ بکەن، ئەوا بێتوانایی ئەوان نیشاندەدات، لەوانەش
هەندێ لە رەخنەگران لێکۆڵینەوەکانیان بە
چنینێکی زمانەوانی ئاڵۆز بەرهەم دەهێنن، لەئاکامی بەگەڕخستنی هەندێ
وشەو زاراوەی نامۆ تەنانەت گواستنەوە و بەکارهێنانی هەندی رستەی نامۆ ،
کە نووسەرەکە هەندێجار بۆ خۆیشی تێی ناگات ، لێرەدا بەمەبەستی نوێخوازی
ئاڵۆزی لەنووسیندا دەبێتە ئامانجی سەرەکی ئەو جۆرە نووسەرانە ،
زۆرجاریش لەخشتە بردنی خوێنەرانی کەم ئەزموون و نەشارەزا لەزمانە
بیانییەکانە ، باشە بۆتێگەیشتن لە چەمکی نوێخوازی سروشتی رۆحی سەردەم چ
پەیوەندییەکی بە بەکارهێنانی وشەو زاراوەو رستەی نامۆ هەیە ، راستە
ئێمە لەداڕشتنی هەر دەقێکی ئەدەبیدا دژی سادەو ساکاریین بەتایبەتیش
نووسینە رەخنەییەکان ، چونکە لەبنەڕەتدا بەرهەمهێنانی زمانی دەقی
ئەدەبی بەرهەم هێنانێکی هونەری باڵایە و جیاوازە لەگەڵ ئەو زمانە باوەی
قسەی پێدەکرێت، من هەمووجار ئەو نوکتەیە بۆ هاورێیانم دەگێرمەوە کە
تێگەیشتن لە دەقێکی ئەدەبى کە بە زمانێکی بیانی وەک فارسی و عەرەبی
نووسراوە ، بۆ من زۆر ساناترە لەودەقانەی کە هەندێ نووسەر وەک
سەرچاوەیەکی بەرهەم هاتووی هزری خۆیان بەکاری دەهێنن ، بەڵام مخابن
ناکارن راستگۆیانە و بەراشکاوی واتاو مەبەستەکانی نووسەرە ئەسلییەکە
وەک خۆی بگوازنەوەو بە خوێنەران بگەیەنن.
ماڵپهڕی فهرهیدوون سامان
|