٢۴\٦\٢٠١٠
وەک
مرۆڤێک لە ناوەڕاستی زەوی دام.

بەشدار سامی
لە گەڵ ئەوەشا نازانم ئێستا
چۆن و لە کوێدا سەرقاڵی، بە تۆ پێشکەشە ''سەلار''.
تا ئێستا دەمم تەڕ نەکردووە بە ئارامی
هێندەی فێنکاییی بن باڵی پەپوولەیەکیش
ژیانم کۆنەکردۆتەوە
گەر ئەو کەونە وەک مرۆڤێکی ئاوەدان
بمبەستێتەوە بە چاکەتەکەی قەدیەوە
ئەوە عەرشێکی خاڵییە
لە بێ ئاگاییدا قەرەباڵغ.
من قەت بیرم نایەت چرایەکم بردبێتە بەردەم تاریکی
ئاخر بە چی بزانم ڕووناکی بۆ تەنیاییی من، قەرەباڵغی نییە
کە هەمیشە قەرەباڵغی لە مندا ئاژاوە بووە.
دەمەوێ زۆر شتت پێ بڵێم
دەمەوێ پێت بڵێم:
بە باسکردنی ئەو هەموو برینانەی لەسەر دڵم کۆبوونەتەوە
سەعاتەکانی هیڵاکیت درێژتر دەبنەوە.
دەمەوێ پێت بڵێم:
بە هۆی ئەوەی کاتم پڕ کردووە لە بۆنی گۆرەوی و
لە دووکەڵی جگەرە،
بێدەنگیشم بە هۆی گۆرانییەکی کۆنەوە تاریک؛
شتێک نیە پێی بگوترێ شۆڕش
دنیا چۆڵ دەچێتەوە
کەللەسەری منیشی لەگەڵ،
کە هێندەی ساڵەکانی "نوح"یش بکەوێتە تەمەنەوە
لە پیاوێکی قەترانی زێتر نابم
بۆ مانا،
لە قەرەباڵغی دا.
ڕەنگە لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو تەنیاییەم پێوەبێ
ئەو تەنیاییە چەندی بە کەڵکی تۆ دێ؛
من بە کەڵکی چی دێم؟
لەبەر کوژانەوەی چراکەم گەمارۆدراوم
لەبەر کوژانەوەی چراکەم
دەم و چاوم
تەواوی ڕۆژەکانی فێرە حەپین کردووە؛
کە خەڵکانێک هیلاکی نابیستن و
هەمیشە سەر دەخەنە سەر سەرم و
شتێک ناهێڵن پێی بگوترێ ئارامی.
تۆ تەماشای هیلاکیی ڕۆیشتنەکانم کە،
ئاخر بەو هەموو شەکەتییەمەوە بە کوێ دەگەم،
تەنیایی نەبێ؟
بە دوعاکانی تۆ بوایە، دەبوو ئێستا لەوێدا بام،
لە کۆشی تۆ،
نەک لە پاڵ تەرمی شیعرێک و
تەنیاییی پیاوێکدا.
لەوە ناچێ کرانەوەی پەنجەرەکەم
لە سەرئێشەی ئەو پیاوە کەمکاتەوە؛
ئەو پیاوە بە کوێ دەگات؟
ڕەنگە نەفەس کۆتاییی بێ و
لە بەردەم دڵۆپێک ئاودا تەریق بێتەوە و
لە ڕیزی ژمارەکان، بسڕێتەوە و نەگات.
تۆ بۆنت بە مندا کرد،
گلۆپەکانی ئەو تاریکییە دانەگیرسان.
بە چرپەکانتڕا دیارە ئەو جەنگەڵە نزیک بۆتەوە
لە تەنیاییی من و
لە بۆشاییی تۆ و
شتی تر.
حەز ناکەم لەوە زیاتر سەر بخەمە سەر سەرت؛
سەرت بئێشێنم،
دەنا "دنیا هیچ نییە،"
مرۆڤ و "نیشتیمان"یشی لەگەڵ،
کە چەند سەعاتێک بەر تۆ کەوتوون،
بۆ یاری...
من دەقەیەکیشم نییە
لە دەقەیەک زێتر لە کوێ بێنم بۆ پیاسە
شتێک ناکەم ماڵەوە پێم پێکەنن؛
دراوسێکانم وا بزانن بوومەتەوە مرۆڤ.
من تووشبووم
دەنا کەی بە کەڵکی کردنەوەی دەرگا و
بیستنی جریوەی چۆلەکە و
تەڕکردنەوەی ئینجانە و
تەماشاکردن دێم.
من پیاوێکم لە بێدەنگیدا تاریک دەچمەوە
هێندەی بتێکی تۆراو، ئاوەدانیم تێدا کۆنەبۆتەوە
گەسک دراوم.
یانی ژیان دەم و چاوی منیشی لەگەڵ،
تاریک دەچێتەوە.
حەز ناکەم کە باسی تاریکبوونی ژیان دەکەم،
ئازار بکێشی
حەز ناکەم کە باسی تاریکبوونی ژیان دەبیستی
نەزانی تاریکبوونی ژیان، یانی کوژانەوەی دەم و چاوی مرۆڤەکان.
ببوورە
کە دەڵێم ببوورە
یانی هەرگیز پێیەکانم بۆ دۆزینەوەی ژیان نەخستۆنەتە کۆڵان
یانی هەرگیز لەگەڵ گەڕانەوەی پێیەکانمدا ژیان نەکەوتۆتە ماڵەکەمەوە.
من نازانم کۆتاییی ئەو ڕێگایە کوێیە
هێندە دەزانم
ئەوە خۆشەویستییە کە نامەوێ باوەشم بۆت بگرمەوە و
باوەشت پڕکەم لە حەرفەکانی پیاوێک
نیگەران بە کرانەوەی دەرگا،
ئاسوودە بە برینەکانی تەنیایی.
تۆ شتێک تێکەڵاوی تۆزی سەر لەپم دەکەی
من شتێکی تر بۆ ئەو ئافاتە هەڵدەڕێژم
ئاخر لەوەتەی نیشتمان قوڕی کردووە بە سەری خۆیدا
باوەشێکیم بەرنەکەوتووە.
تۆ دەزانی:
باوەشی نیشتمان هۆیەکە بۆ نزیکیی من و تۆ،
کە نیمانە...
من لە ساتەوەختێک دا
دەستێکم لە خۆم شۆرد
دەستەکەی ترم لە ئەو،
یانی تۆیش.
ئاخر نیشتمانێک لە مرۆڤ داماڵدرابێ
چۆن ناچێتەوە سەر هێڵەکانی بیابان؟
ئاخر مرۆڤ بە بێ نیشتمان چۆن دەکرێ پێی نەگوترێ کوژاوە؟
خەڵکی ئەو شارەی من دەبەستێتەوە بە زەوی
هەریەکە و بە جۆرێک کوژاونەتەوە لە مانا،
بێ ئەوەی هەست بکەن لە سادەیدا،
لە گێژبووندا،
ون بوون!
من خەلەلی ئەو میللەتە دەزانم،
بەڵام وێدەچێ بیڵێم
ژانەسەر بیانگرێ،
شتێک ناڵێم
وس دەبم، بێ دەنگ؛
دەرگاکە دادەخەم.
لەوە ناچێ چوونەدەرەوەم ئومێدێک بێت
بۆ ڕۆشنکردنەوەی دنیا
تاریکیی دنیا دریژە،
درێژ.
من بە کەڵکی چی دێم؟
لەوەتەی پەنجەکانم کەوتوونەتە پاڵ قەڵەم و جگەرەوە
مرۆڤبوونم خاڵی بۆتەوە لە کۆڵان
ئەگەر بەیانییان چۆلەکەیەک
لە دیوی دەرەوەی پەنجەرەکەمەوە برسییەتی ڕەقی نەکردبێتەوە
ڕەنگە،
ڕووی ئاوێنەکەم سووراوی پێوە مابێ
کە بەیانییان مردنێک و پتریش دیارە،
تەماشاکە.
ماڵپهڕی بهشدار سامی
|