په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\۴\٢٠١٠

    وەک پیاوێک، خەبەری بووبێتەوە.

بەشدار سامی

دیسان لە بێدەنگی دەدوێم
دیسان لە نیگەرانی و
لە بێ نیشتیمانی دەدوێم.
وەک هەمیشە..
لە کاول بوونی زەوی و
وێران بوونی بەشەریەت دەدوێم.
کە ئینسان کەلکی ڕووناکی نەما لە بارەی شتی سەمەرە دەدوێ
کە ئینسان کەلکی دروستکردنی دنیای نەما...وەک چەندنی نەمام،
دەبێ بە سەر ئێشە و
دار و بەرد دەدا بەیەک،
وەک من کەوا کەوتۆتە سەرم چۆڵەکە بکوژم و
ئاژاوە بخەمە ناو درەختەکان...
پیاوێکیش کە خەبەری بووبێتەوە درەنگ کەوتووە و
دنیا تاریک داهاتووە..
چراکەش شتێک نییە بۆ مانا، بۆ ئینسان..
دەبێ بە ئاژاوە.
کە باسی ئاژاوە دەکەم، هێندەش نا هۆشیار نیم
خەڵکی وابزانن
گوو دەکەمە دەمی ئادەم و
ئەمسالەکانی...
وەک خۆم و ئەوانەی مێژوو دەیان گەڕێنێتەوە... ماڵەکەم
ماڵەکەم وەک تەنەکەی خۆڵی ناوەڕاستی ژوورێک
ژوورێک لە بەردەم چۆڵبووندا
چۆڵبوون لە نیگەرانی پیاوێک
کە وێدەچێ لە شوێنێکی زەوی بەر بێتەوە و
لە وشەیەک زێتر نەبێ،
کەلاکەکەی بۆ سەرمایە.
لەوانەشە نیگەرنی ئەو پیاوەی کەوا...
خەریکە درێژە بکێشێ..
درێژە نەکێشێ
تا ئەو گۆشەیەی
تێدا گۆرەوییەکانی دادەکەنێ و
مەبەستییەتی بڵێ
ئاگاتان لە دنیابێ
لەوەناچێ
زەوی لەوە تاریکتر بێت.
کە باسی تاریکی دەکەم...
شتێک نییە بمگەڕێنێتەوە ماڵ
ئاخر ئنسان لە کۆتایی دێڕەکاندا چی بیربکەوێتەوە باشدەبێ
ئاوڕ لە چی بداتەوە نیگەران نابێ
تەواو نیگەرانم
ئومێدێک نییە ئەو سەرەی من بخاتەوە ناو قاوەخانە و
بەردەم ئەو کتێبانەی بڕیارە بۆعاقڵی باشبن.
کە باسی عاقڵی دەکەم
وەها بخە کەلەت...
بەخراپی دەچمەوە کۆڵانەکەمان و
ژنەکانی کۆڵانیش بەدیارمەوە دەحەپەسێن و
بە دایکم دەڵێن:
کوڕەکەتان شادمانی بە بەردانەماوە
دایکیشم دەگریێ.
من نازانم چۆن دەدوێم
لێ کە دەدوێم..
کە دەبوورێمەوە لە ئاگایی و
بە خراپی جنێو دەدەم و ئارامی دەکەوێتە جولە و
شار ترسی جەنگ دایدەگرێ ..لەوێبە.
کە تاقەتم دەکوژێتەوە لە پیاسە و
گڵۆپی جادەکان دەشکێنم و
وەک نیشتیمان تاریک دادێم...
مەنفا دەبەمە ماڵەکان.. ماڵی باوکم تووش دەکەم..
لەوێبە.
کە وەک جگەرە دەکوژێمەوە،
سۆتەک دەکەم..
دەستەکانت درێژکە و
وابکە کەس نەزانێ لە تەنیاییدا دەکوژێمەوە
با خەڵکی وابزانن شتێک ڕوویداوە
شتێک دەقەومێ..
کە من
لەبێ خانوویی و
لەبێ باخچەیی دەدوێم
کە من
لە بێ ئینسانی و
لە بێ ژیانی دەدوێم،
کە من
هاوارم بەرز دەبێتەوە لە زەوى و
شتێک لە دنیا ناگۆڕێ
کە من
لە بڕی ئەوەی وەک بڕیار بوو سەوزە بۆ ماڵ ببەمەوە
پیاوێک دەکوژم لە خۆم...
بۆ ئەوەی هەرگیز مرۆڤێک بە کێشانەوەی سەوزە ماتەل نەبێ
کە دوای تەواو بوونی ئەو جگەرەیەی بەدەستییەوەیە دەبێ ئیشێک بکات
وەک دوا ئاوڕدانەوە لە دنیا... لە خۆی.
ڕەنگە هەندێ کەس بە لوورەی من...
بە نائومێدی کەلەی پیاوێکی بێتاقەت بە ژیان،
سەریان بێشێ و
بچنەوە ژوورەکانیان و
دەرگاکان داخەن
حەزکەن هیچ نەبیستن،
لێ تۆ وامەبە
کە برینەکانم دەکولێتەوە لە وێبە
کە هاوارم گۆرانییەک نییە لە خۆرا لەوێبە.

 

2010
bashdarsami@yahoo.com