٢٠\١٠\٢٠٢٢ وە کوردی و وە پوختیی!
دارا خونچە لەو سەردەمانەی مردبووم سروودە سپییەکان و گۆرانییە سەرسەوزەکان خەمڕەوێنم بوون.. ناوەناوەش دەستم وە سەری یار دادەهینا لێ وەبیرم نایێ نیشتیمانپەروەران چ کارە بوون هیچ جار دەستیان پڕ گێلاس و زردەلوو بوو؟ گوڵوگوڵزار لەسەر شانیان دەڕوا یان نا؟ ئەوەی وەبیرمدێ لە بەرانبەر هەر پەیڤەکی جوان و زوڵاڵ کە دەمخواست گۆیبکەم لەمپەرەک هەبوو لە ''سەر'' دەدوا. لەوەتەی زندییش بوویمەوە تف لە نیشتیمان نا تف لەو هاوزمانانەی دەیانویست لەسەر هەڵنەواسینی وێنەی خودایەکەیان لەسەر... لەسەر... لەسەر.. لەسەر ئەوەی باوشکیان نەدەهات.. پێنەدەکژین دەنگی پێچی زگیان دەهات.. تڕیان نەدەهات هەڵمبواسن! لە کۆتایی سەربردەکەش شاربەدەر و وڵاتبەدەر! ئێستاکەشی دەگەڵ دابی هاوبیرە هاونیشتیمانییەکانم دەبێژن: - دەگەڵ هیچ هەڵینەدەکرد.. نەدەسازا - هیچ نییە.. نەك رێزی دین.. رێز لە دیندارانیش ناگری! - هیچ نەبوو.. تەنێ حەزی لە چاوی شینی ئەوروپییەکان بوو! - لەوە هیچتر چیە؛ شارەزای کوردییە و شاپبارانی رێزمان دەکا! ئەوەی وە من بڕا.. سەری نازی یار و ئەو هومێدەیە؛ لە سەرتاپای ئەو زێدە گەندەڵنشینە تەختەبانی ماچ چێبکەم لە هەر بستەک سەر کەڤرانیش نەمامڕێژکەم زار و زان و زانستەکان لە دڵمردییە ملکەچەکان داتەکێنم رادەستی پیتۆڵە پەتییەکانی بکەمەوە لێ ئەوانە گشتیان وە کوردی و ئی مرۆڤ بن.. تا مردییانیش بچنە رێواسان!
ئەیلوولی ٢٠٢٢
|