١٩\١\٢٠١٢
وەڵام بە بابەتێکی
مەلا بەختیار.

تاھیر حەسەن
لە سایتی چاودێردا، بەڕێز مەلا بەختیار، بابەتێکی بڵاو کردۆتەوە لە ژێر
ناونیشانی(یەکەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕین و ڕەھەندەکانی دیموکراسی). ئەم
بابەتەی دەربارەی ئالوگۆڕەکانە لە وڵاتانی عەرەبیدا و،١٥/١٢/٢٠١٢ ساڵێک
بەسەر یەکەمین ساتدا تێدەپەڕێت کە بوعزیز گیانی خۆی کردە قوربانی
دەرئەنجامی ئەو ھەلومەرجە قورسەی لە سەر ژیانی بوو، دیارە ملیۆنانی وەک
بوعزیز لە ھەمان ھەلومەرجی قورسی ژیانی بێکاری یاخود کارێکی مەمرە و
بژیدا دەژیان لە وڵاتی تونسدا. مەلابەختیار، وەک ئەوەی کە جێگە و پێگەی
چینایەتی و سیاسیەکەی جیاوازترە لە کۆی چینێکی کۆمەڵایەتی کە ھەردەم لە
بەردەم چەوساندنەوە و ناخۆشی ژیاندایە، لێکدانەوەکانیشی بۆ ھۆکار و
یەکەم ساتی ڕاپەڕین و شۆڕشی چینی چەوساوە لەو کۆمەڵگا عەرەبیانەدا،
جیاوازە.
لە سەرەتای بابەتەکەیدا، ئیشارە بە خاڵێک دەکات کە ڕاپەڕین و
ڕوداوەکانی وڵاتانی عەرەبی بە ھیچ شێوەیەک لە خەیاڵدانی ھیچ حیزبێک و
فەیلەسوفێک و سەرکردەیەکدا نەبووە، یاخود زۆرینەی ڕوداوەکانی وڵاتانی
عەرەبی لە سەدەی ڕابردوەوە تا دەگات بەم سەدەیەش بەبێ بنەما
بوون.!!!!!!!!!! ئەم دێڕە بۆخۆی ھەڵویستەکردنێکی سیاسی دەخوازێت بۆ
ئەوەی بزانین ئاخۆ ڕاپەڕین و ڕوداوەکان بەبێ بنەما بوون و ھەروا لە
قودرەتی قادرەوە سەریان ھەڵداوە، کە وای لەو ملیۆنان لە ئینسانی
زەحمەتکێش و ئازادیخواز کرد ڕژانە سەر شەقامەکان و بانگی ڕوخاندنی
سیستەم و دەسەڵاتیان بەرز کردەوە؟ ئاخۆ بەڕێز مەلا بەختیار ھیچ
ئاگایەکی لە دەرئەنجامەکانی قەیرانی دارای و ئابوری ئەمریکا ھەیە کە لە
ساڵی ٢٠٠٨ وە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەرئەنجامەکانی ھێنایە دەرەوە و بە
شێوەیەکی خێراش تا گەشتینە ساڵی ٢٠١١ خودی ئەو قەیرانە کۆی وڵاتانی
جیھانی لەم سەرزەمینە گرتەوە؟ ئاخۆ کاتێک باس لە پەیوەندیە
جیھانگیریەکان دەکات و ئاستی ڕوداوەکان و ڕاپەڕینەکانی ئەم سەدەیە بە
جیاوازتر دەبینێت لە چاو سەدەکانی پێشوتردا دەرئەنجامی خودی ئەو
جیھانگیریە، ئەوە چ ھۆکارێکە وا دەست نابات بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو
قەیرانە ئابوریە نێونەتەوەیەی سیستەمی سەرمایەداری کە ھۆکاری سەرەکی
بووە لە دورست بونیدا، ھەروەھا لە خێراتر کردنی ڕاپەڕینی وڵاتانی
عەرەبی و باکوری ئەفریکادا؟ ئاخۆ کۆی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی چینی
کرێکاری جیھان نابینێت بە تایبەتیش لە وڵاتانی ئەوروپا و خودی کیشوەری
ئەمریکا، بە چ ئەندازەیەک دژی بارگرانی سەر ژیانیان شەقامەکانیان
پڕکردۆتەوە و دژی سیستەمی سەرمایەداری لە مەیدناندان تا دەگات بەم
ساتەوەختەش ناڕەزایەتی و ڕێپێوانەکان ھەر بەردەوامن؟
لە کاتێکدا ئەوەی لای بەڕێز مەلا بەختیار بە بێبنەما دەبینرێت، لە باری
واقعی و ھەلومەرجی ماددی ژیانەوە کارێکی چاوەڕوان کراو بووە، لەوەی بۆ
ھەر ساتێک ئەو چینە زەحمەتکێشە فرسەتێکی دەست بکەوێت و دژی ئەو
دەسەڵاتە تۆتالیتارە بێتە مەیدانەوە. بێکاری و گرانی و نەبوونی بیمەی
کۆمەڵایەتی و نەبوونی ھیچ ئازادیەک کە تەعبیر بێت لە دابینکردنی
ژیانێکی یەکسانیخوازی، ھۆکاری سەرەکی بوون لە ڕاپەڕین و شۆڕشی گەلانی
عەرەبیدا.
بوعزیز، بۆخۆی یەک پێناسەی چینایەتی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش
دەگەیەنێت، ئاخۆ بۆ کەسێکی دەوڵەمەندی بەرژەوەند خواز نەھات گڕ لە خۆی
بەربدات، لەبەر ئەوەی ئازادی و دیموکراسی لەو وڵاتەدا نیە؟ ئایا بەڕێز
مەلا بەختیار، چ خوێندنەوەیەکی ھەیە بۆ کۆی ئەو کرێکار و لاوە خێر لە
خۆ نەدیوانەی دوای بوعزیز لە وڵاتی میسر گڕیان لە جەستەی خۆیان بەردا؟
ئایا ئەوە ئەو دەرئەنجامە نیە کە لەلایەک ئاستی چەوساندنەوە بە
ئەندازەیەک بووە، ھەرچ کام لە مانگرتن و سەرھەڵدانە کرێکاریەکان لە
ساڵانی پێشوتردا بە تایبەتیش لە میسردا، بەردەوام لەلایەن ھێزی
داپڵۆسێنەری دەوڵەتەوە ڕوو بە ڕوی لێدان و زیندانی کردن بوو بونەوە؟
بۆچی ھەروا دەبێت بە سادەیی و بەبێ بنەما سەیری سەرھەڵدانی ڕاپەڕین و
ڕوداوەکان بکرێت لە وڵاتانی عەرەبیدا؟ ئاخۆ ئەو چینە ملیاردێرەی لە
وڵاتانی عەرەبیدا ھەن، ھۆکار نین بۆ دەرخستنی زیاتری چەوساندنەوەی چینی
کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لەو وڵاتانەدا؟ ئەو چەندین دەیەی کە بزوتنەوە
قەومیەکان لەسەر دەسەڵات بوون بە ناونیشانی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی
و دیموکراسی و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ، ئاخۆ ئەو ھەلومەرجانە بۆخۆیان
نەبوو بوونە خۆرە بۆسەر گیانی چینی کرێکار و ئینسانی ئازادیخوازی ئەو
وڵاتانە؟. ھیچ کام لە شۆڕش و سەرھەڵدان و ڕاپەڕینەکان لە مێژوی
مرۆڤایەتیدا لە ھەرکام کونجی ئەم سەر زەمینەدا بەبێ ھۆکار و بەبێ بنەما
نەھاتونەتە دەرەوە،بەڵکو ھەردەم ھەلومەرجی ماددی(ئاڵوگۆڕی سیاسی و
ئابوری و کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت) بەشێکی سەرەکی بوون لە کۆی
ئالوگۆڕەکاندا.
بەڕێز مەلابەختیار، ئیشارەت بە خاڵێک دەکات لە نێو بابەتەکیدا، کە لە
وڵاتانی ڕۆژئاوادا ھەمیشە ڕوداوەکان و ئاڵوگۆڕەکان چاوەڕوان کراو بوون
چ لە ڕووی ئابوری و تەکنەلۆجی و تا دەگات بە پێوەری فەیلەسوفان بۆ
ڕوداوە پێشوەخت و چاوەروان نەکراوەکان و چیو چیترەوە، بەڵام لە وڵاتانی
عەرەبیدا ئەم کارە چاوەڕوان کراو نەبینراوە. ئاخۆ کاتێک کەسێکی وەک
مەلابەختیار کە خۆی بە ڕوۆشنبیرێکی مومتاز دەزانێت، ئەم لێکدانەوەیەی
لە چ ئاستێکدایە؟ لە کام وڵاتی ڕۆژھەڵاتدا ھەیە لە کۆی پیویست بوونی
ئاڵوگۆڕەکاندا، خودی چینی زەحمەتکێش و چەوساوە ھەڵسوڕێنەری سەرەکی
نەبوو بن تێیدا؟ بەڵام کاتێک خودی ئەو چینە چەوساوەیە خۆی نەناسیوە وەک
چینێکی یەک ڕیز و ڕێکخراو، ھەردەم دابینکردنی خواستەکانی خراونەتە ژێر
وەعدەو وەعیدی کۆی ئەو عەمیلانەی لەلایەن وڵاتانی زلھێزی
سەرمایەداریەوە بە زۆر سەپێنراون بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیودا. کام یەک لە
بزوتنەوە قەومی و دینیەکان ھەیە لە وڵاتانی عەرەبی و کیشوەری ئاسیادا،
لەلایەن خودی زلھێزانی چەوسێنەری ڕژێمی سەرمایەداریەوە پاڵپشت
نەکرابێتن و بە پێی ئەو داخوازی و بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیانەی
ھەبوە، جڵەوی خودی سیستەمەکانیان لە دەستی خۆیاندا ڕانەگرتبێت؟ بۆچی
کۆی ناڕەزایەتیەکان لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، ھەروا بەبێ بنەماو لە
نەبوونی فەیلەسوفی خەیاڵ داڕێژەوە، سەرچاوەیان گرتبوو، لە مێژوی
ڕابردودا؟ ئاخۆ زیندانەکان و لە سێدارەدانەکان، بەشێک نەبوون لە ھێزی
داپڵۆسێنەری ڕژێمی ناسیۆنالیست سەرمایەداری بەعس، کە گیانی دەیان ھەزار
لە ئینسانی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی عێراقی لە نێو برد. ئاخۆ چ ھۆکارێک
وای لە کۆی بزوتنەوە قەومی و دینیەکانی ئێوە کرد کە بچنە شاخ و بە
سەدان ھەزار لە ئینسانی چەوساوەی کوردستان وا لێبکەن بیتە نێو
ڕزیەکانتانەوە و گیانی خۆی فیدا بکات، بۆ ئەوەی لە دواساتدا شۆڕش
سەربکەوێت و گەلانی عێراق و کوردستان ڕزگاریان بێت لە دەستی ستەمی
دەسەڵاتی فاشستی بەعس؟ ئاخۆ ئەو کارەش ھەر بەبێ بنەما بوو؟ لە کاتێکدا
کۆی ڕژێمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکانی وڵاتانی ڕۆژھەڵات لە ژێر
ھەیمەنەتی پاراستنی وڵاتانی زلھێزی سەرمایەداری جیھانیدا خۆیان
ڕاگرتبوو بە پێوە.
لە بەشێکی تری بابەتەکەیدا، بەڕێز مەلا بەختیار باس لە خاڵێک دەکات، کە
ئاستی راپەڕینەکانی ئەم سەدەیەی گەلانی عەرەبی وەک سەدەکانی پێشو نیە
لە ئاست شێوازی شۆڕش و ھاتنە مەیدانە چینایەتیەکاندا، بەڵکو ئەمەی ئەم
جارە جیاوازترەو کۆی لێکدانەوەکانی پێشوی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، (یانی
مەسە چینایەتی و ئایدۆلۆژیەکان).جارێکی تریش دەبێت بڵێین ئەوەی ڕەوتی
ڕوداوەکانی خێراتر کرد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، دەر ئەنجامی
کارەستباری خودی ئەو قەیرانە ئابوریە جیھانیەیە کە سیستەمی سەرمایەداری
بەرھەمھێنەرەکەیەتی لەم سەدەی بیستویەکەمەدا، سیستەمی قازانج پەرستی
ئەم سەردەمی تەکنەلۆژی و زانستی پێش کەوتنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنان،
بۆخۆی دەرئەنجامێکن کە خودی ڕادەی قازانجی خەیاڵی کردۆتەوە بۆ چینی
دەسەڵاتدار و، بۆئەوەی سەرمایەی سەرمایەدارەکان بە خێراریەکی خەیاڵی و
چاوەڕوان نەکراو بچێتە پێشەوە و لە ئەنجامیشدا خودی ئەو چینەی لە
کۆمەڵگادا بەرھەمھێنەرە دەبێت ئاستی بێکاری و باری قورسی ژیانی زیاتر
بکرێت، خۆ قازانج کردنی ئەو چینە باڵادەستەی لە کۆمەڵگادا ھەیە لە
ئاسمانەوە بۆیان نابارێت، بەڵکو دەرئەنجامی دزینی زیاتری پاروی دەمی
ھەژارانە. خودی ئەو قەیرانە ئابوریە ھۆکاری سەرەکی بوە لە پێشخستنی
ڕاپەڕینەکانی گەلانی عەرەبیدا و لە ناواخنیشدا یەک ڕاپەڕینی چینایەتی و
بەتایبەت چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز بووە دژی کۆی پایە
سەرەکیەکانی دەوڵەت. کە دەوڵەتێکی پان ئیسلامیستی و ناسیۆنالیستین.
لە کۆی وڵاتانی ڕۆژئاواشدا ھەردەم قەیرانە ئابوریەکانی سیستەمی
سەرمایەداری، جەنگێکیان بە شوێن خۆیاندا ھێناوە تا ئەوەی چینی کرێکار
نەتوانێت خۆی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بناسێت، قەیرانی ئابوری ساڵی ١٩٢٩،
بۆخۆی ھۆکارێک بووە بۆ ھەڵگیرساندنی جەنگی دوەمی جیھان، کە خودی جەنگی
یەکمی جیھانیش ئەو ھۆکارە بووە کە قەیرانی ساڵی ١٩٢٩ ی بەشوێن خۆیدا
ھێنا بوو. لەم نێوەندەدا، پلان و پرۆژەکانی زلھێزانی جیھان ھەردەم
سەرکوتکەرانەیە بۆسەر چینی بەرھەمھێنەر لە کۆمەڵگادا.
خاڵێکی تری نێو بابەتەکەی بەڕێز مەلا بەختیار، ترسە لە دەسەڵات گرتنی
ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی ڕاپەڕیوی گەلانی عەرەبیدا، وە بانگەواز بۆ
بزوتنەوە سکولار و چەپ و ڕێکخراوە مەدەنیەکان دەکات بە ئاگا بن و ھەوڵی
جدی بدەن بۆ ئەوەی دیموکراسی بەرقەرار ببێت و بزوتنەوە ئیسلامیەکان
ھەیمەنەتی دیکتاتۆریانەی خۆیان نەسەپێنن بەسەر کۆمەڵگادا!!!!! من
دەمەوێت لە بەڕێز مەلا بەختیار بپرسم، کام یەک لە حیزبە
ناسیۆنالیستەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ژێر ناوی دیموکراسیەت و مەدەنیەتدا
نەھاتنە سەر کورسی دەسەڵات، کە خودی ئەو بزوتنەوە ناسیۆنالیستانە
ھەردەمیش ھەڵگری چەمکە دینیەکەی دینی ئیسلامیش بوون لە نێو دەستور و
یاساکانیاندا؟ ئاخۆ ئیستا ئێوەش بە خۆتان و بزوتنەوەکەتانەوە خۆتان بە
ھەڵگری چەمکی سکولار و لیبراڵیزم و چەپی بۆرژوازی و تا دەگات بە دەست
پێوەگرتنی بنەماکنی دینی ئیسلام، نازانن؟ ئاخۆ ئەگەر ئێوە سکولار و
مەدەنین، لە کام ساتدا توانیوتانە خەبات بکەن بۆ جیای دین لە دەوڵەت و
سەپاندنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو؟ ئاخۆ لە ماوەی ئەم مێژوە زیاد لە
بیست ساڵەیەی حوکم ڕانیتاندا، دەیان ھەزار لە ژنی ژێر دەست و زەحمەتکێش
لەلایەن ھەیمەنەتی دینی و پیاو سالاریەوە نە کراون بە قوربانی؟ ئەوە
کام ھۆکار بووە وا تا ئێستا نەتان توانیوە پەروەردەی ئەو جەنگەڵستانە
لە نێو بەرن کە بۆ ژنان بەڕێخراوە؟ کام دەست ھاتوە دەستانی گرتوە کە
نەتوانن خەبات کەن بۆ جیای دین لە دەوڵەت؟. ئاخۆ ئەگەر ئێوە و
بزوتنەوەکەتان سکولار و مەدەنین، کام ھۆکار وای لێکردن لە گەڵ
کۆنەپەرسترین حیزبی ئسلامی سیاسی لە عێراق ڕێک بکەون و دەستوری ئیسلامی
بسەپێنن بەسەر خەڵکی ئازادیخوازی عێراق و کوردستاندا؟ ئاخۆ ئەگەر ئێوە
و بزوتنەوەکەتان لە خەمی سەرخستنی دیموکراسی و ئارامی کۆمەڵگادان، ئەوە
کام ھۆکار بوو کە خرۆشانی ١٧/٢ تان خوێن باران کرد؟ ئاخۆ ئەگەر ئێوە
خۆتان بە دیموکراسیخواز و عیلمانی دەزانن، ئەوە کام ھۆکار بوو دەستان
برد بۆ کوشتنی کۆمۆنیستەکان لە شاری سلێمانی؟ ئاخۆ ئەگەر ئێوە
بزوتنەوەیەکی دیموکراسی و عیلمانین تا دەگات بە بزوتنەوەی گۆڕانیش،
ھەردەم دەستێکتان بە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیوە نەبوە بۆ ئەوەی ئاستی
وشیاری چینایەتی لە کۆمەڵگادا گەشە نەکات؟ ئێستا چۆنە بانگەواز دەکەن
بۆ ھێز و بزوتنەوە سکولار و چەپەکان کە بە ئاگا بن لەم ساتەوەختەدا کە
بزوتنەوە ئیسلامیە سیاسیەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا دەیبەنەوە.
ئاخۆ بردنەوەی بزوتنەوە ئیسلامیەکان لە وڵاتانی ڕاپەڕیوی عەرەبیدا، بۆ
خۆی بەشێک نیە لەو سیناریۆیەی زلھێزێکی وەک دەوڵەتی ئەمریکا ھیدایەتیان
دەکات؟ ئاخۆ خودی بزوتنەوە ئیسلامیەکان ھەردەم بەشێک نین لە قازانج بۆ
سەرخستنی پرۆژە ئابوری و سیاسیەکانی سیستەمی سەرمایەداری جیھانی؟ بۆ
کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دژی ھەیمەنەتی دیکتاتۆریانەی
ڕژێمی شا ھاتنە مەیدان و توانیان بنج و بناوانی ئەو ڕژێمە لەبەریەک
ھەڵبوەشێننەوە، وە دواجار، چاوەڕوانی ئەوە دەکرا بزوتنەوە چەپەکان بێنە
سەر دەسەڵات، خودی وڵاتانی ڕۆژئاوا تا دەگات بە زلھێزێکی سەرمایەداری
وەک دەوڵەتی ئەمریکا، باش لەو دەرئەنجامانە تێگەیشتن، بۆیە بەپەلە
گەشتنە لای خومەینی خاوەن دەسەڵاتی ڕەشی ئیسلام گەرا لە فەرەنسا و
ناردیانەوە بۆ ئێران و سەپاندیان بەسەر خەلکی شۆڕشگێڕی ئێراندا؟ ئەگەر
خودی زلھێزانی جیھان بەشێک نەبن لە خنکاندنی چینی کرێکار و خەڵکی
زەحمەتکێش لە وڵاتانی ئاسیا و باکوری ئەفریکا و ڕۆژھەڵاتدا، ئەوە ئێستا
نە ئێوە دەتان توانی فەلسەفەی ناسیۆنالیستی لێبدەن و نە ئیسلامی سیاسیش
دەیتوانی بەم ئاستەی ئیستای بگات. چونکە لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا ھیچ
کاتێک چەوساندنەوەی دینی نەبوە، ھیچ کاتێک ڕێگا نەگیراوە لە ھیچ کەسێک
خەریکی خواپەرستی خۆی بێت وە ھەردەم بەپێی شەریعەتی ئیسلامی دادگا و
یاساکان بەڕێوە چوون. وە چەوساندنەوەی ناسیۆنالیستیش لە سەر خەڵکی ئەو
وڵاتانە نەبوە(خەڵکی کوردستان ھەر چوار پارچەکە و ھەندێک کەمە نەتەوەی
تر نەبێت بە تایبەتیش لە ئێران و عێراقدا کە چەوساندنەوەی قەومی بوونی
ھەیە)، بەڵکو خودی دەوڵەت، دەوڵەتێکی چینایەتی بووە و بە پێی قۆناغەکان
و ھەلومەرجەکان سەر بە دەسەڵاتی چەوسێنەری چینایەتی بووە، ئەوەی ناڕازی
بووە بەرانبەر سونەت و کارکردی دەوڵەت، خودی چینی بەرھەمھێنەر بوە لە
کۆمەڵگادا. بۆیە کۆی ھاتنە مەیدان و ڕوداوەکان بنەمای واقعی ماددی
خۆیان ھەبوە و ھەیە. وە ئەوەی لێرەدا نەیتوانیوە سەرکەوتنی خۆی بەدەست
بھێنیت، خۆ نەناسینی چینی کرێکار و ئینسانی ئازادیخوازە لەو
کۆمەڵگایانەدا، چونکە تا ئەو کاتەی ئەو چینە کۆمەڵایەتیە نەتوانێت
ئیرادەی سیاسی چینایەتیانەی خۆی بناسێت، ھەردەم وا بوە لە دواساتدا
لەلایەن بزوتنەوە بۆرژوا قەومی و مەزھەبیەکانەوە کە سەر بە سیستەمی
خاوەندارێتی تایبەتن، گورگانە خوارد کراوە.
____________________________________
لەم لینکەی خوارەوەدا دەتوانن بابەتەکەی بەڕێز مەلابەختیار بخوێننەوە:
http://cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=22780
١٨\١\٢٠١٢
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|