ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری خۆی به‌رژه‌وه‌ندی حه‌یاتیی کۆمه‌ڵگایه!
(وه‌ڵام به مه‌سعود به‌رزانی)
حه‌مه‌غه‌فور ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه به‌ڕێز مه‌سعود به‌رزانی له سه‌لاحه‌دین له‌گه‌ڵ به‌رپرس‌و ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی‌و پارتی کۆبۆوه‌و ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یاسای ڕۆژنامه‌نووسی کوردستان که چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه په‌سه‌ندکرا قسه‌وباسی‌کرد. با له‌وه‌گه‌ڕێین که ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار تائێستا له‌کوێ‌بوون وه نه‌خشیان چی‌بووه له داڕشتنی پڕۆژه‌یاسای سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسان‌داو ئێستا چی شتێک ڕووی‌داوه وا به هه‌ڵه‌داوان گه‌یشتوونه‌ته لای به‌رزانی‌و بۆچی (دوێنێ نا) ئه‌مڕۆ باس له که‌م‌وکه‌سریی دیموکراسی‌بوونی پڕۆژه‌که‌ده‌که‌ن، گوایا له‌پێناوی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیمو‌کرات‌دا زه‌حمه‌تیان‌کێشاوه‌و له‌گه‌ڵ باڵای کورتی ئه‌و وه‌عدوبه‌ڵێنانه‌دا به‌راووردیان‌ده‌که‌ن که ساڵانێکه به‌ده‌یان شێوه‌و به‌سه‌دان زمان به خه‌ڵکیان‌داوه‌و ئێستاش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست چوونه‌ته خزمه‌تی مه‌سعود به‌رزانی‌و ده‌سه‌ودامێنی بوون تا ئیمزای له‌سه‌ر نه‌کات‌و بیگێڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مان بۆ چاککردنی!
هه‌روه‌ها با ئه‌وه له‌وێ بوه‌ستێ که بڕیاربوو په‌رله‌مان "که هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵکی کوردستان بوو!"و نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وان بکات، نه‌ک پڕۆژه‌یاسای پێشنیارکراو بۆ به‌رده‌ستی به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی خه‌ڵکییه‌وه مۆربکا، به‌ڵکو له بنچینه‌دا قه‌راروایه په‌رله‌مان خۆی ده‌زگاو ئۆرگانێکی موعته‌به‌رو هه‌ڵبژێردراو بێ له‌لایه‌ن خه‌ڵکییه‌وه به مه‌به‌ستی نووسین‌و داڕشتنی ته‌واوی یاسا جۆراوجۆره‌کانی ڕێکخستن‌و به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا. ده‌بووایه ڕۆح‌و جه‌وهه‌ری ئه‌و یاسایانه‌ش هه‌وێنی پاراستنی هه‌مه‌لایه‌نه‌و هه‌میشه‌یی سه‌رجه‌می مافه‌کانی تاک تاک‌و کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵی ته‌واوی هاووڵاتیان‌و دانیشتووانی ووڵات‌و کۆمه‌ڵگایه‌ک پێک‌بێنێ. له‌وانه‌ش یاسای ڕێکخستنی ئازادی ده‌ربڕینی بیروڕاو ئازادی ژوڕنالیستی‌و ڕۆژنامه‌وانی! که‌چی په‌رله‌مانی له‌مه‌ڕ ئێمه خۆی وه‌کو دیارده‌یه‌کی نه‌شازو زیاده‌و سه‌ربار پڕۆژه‌یاسایه‌ک مۆر‌و په‌سه‌ند ئه‌کات که دژی سه‌رله‌به‌ری پێناسه‌و مانا‌و مه‌فهومی ڕه‌کیزه‌کانی دیموکراتی‌و کۆمه‌ڵگای مۆدێرن‌و مه‌ده‌نی‌یه!
به‌م هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مان نیشانی‌دا که هیچ شوێنێکی ئه‌و شته‌ی ناوی‌لێ‌نراوه په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ماف‌و خواست‌و ئاوات‌و ئاره‌زووی خه‌ڵکی کوردستان‌دا یه‌ک‌ناگرێته‌وه! ده‌نا ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی‌و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رووخه‌ڵکی ئه‌م په‌رله‌مانه نابزوێنێ، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ده‌زگایه‌ک نییه بۆ خه‌مڵاندنی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ‌و سه‌روخه‌ڵکی دوو حیزبی سه‌ره‌کی، بۆچی نازانن ڕاگه‌یاندن ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه له کۆمه‌ڵگای کراوه‌دا ده‌بێ ڕێکخستنی هه‌مواربکرێ! ئه‌گه‌ر به‌هه‌ق دیموکراتییه‌که‌یان به‌های پووشێکی هه‌بووایه له‌لایان، هێنده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ماف‌و ئازادییه‌کانی جه‌ماوه‌ر، بزاوتێکی عه‌زیمی ڕۆژنامه‌گه‌ری‌و جووڵانه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی ژوڕنالیستی گه‌وره له کوردستان به‌هێند ده‌گیراو دوور له‌هه‌ر عورفێکی سه‌رده‌م ده‌نگیان به‌یاسایه‌کی ڕۆژنامه‌وانی له‌و چه‌شنه نه‌ده‌دا که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یاساکه کت‌ومت تیرۆرکردنی ووشه‌ی بوێر‌و ئازاده‌و داخستنی ده‌می هه‌ر جۆره ده‌ربڕینێکه، مێژوویه‌کی حه‌ڤده ساڵه‌ی بزاوتی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی، که به‌هیممه‌تی سه‌دان‌و هه‌زاران ئینسانی ڕووناکبیرو ئازادیخواز به‌ئێره گه‌یشتووه، چۆڕچۆڕ به شیله‌ی ته‌مه‌نی جوان‌و نازداری خۆیان په‌روه‌رده‌یان کردووه نه‌ده‌خرایه ژێرپێ‌وه!
مه‌سعود به‌رزانی به ده‌می خۆی ئاوا هه‌ڵوێست ده‌نوێنێ گوایا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و فه‌لته‌یه‌ی که به‌سه‌ر په‌رله‌مانه‌که‌ی‌دا تێپه‌ڕیوه‌و گه‌ره‌کیه‌تی ڕاستی‌کاته‌وه که له ئه‌ساس‌دا بۆ هێوڕکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری‌و ناڕه‌زایه‌تی ڕۆژنامه‌وانان‌و ئازادیخوازان له کوردستان؛ " ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی ئه‌و پیشه‌یه ره‌چاو نه‌كات با هه‌ر ده‌رنه‌چێ باشتره". هه‌روه‌ها له به‌شێکی تری قسه‌کانی‌دا ده‌ڵێ؛ " پێمان خۆشه میدیاكان ره‌خنه له‌ده‌سه‌ڵات بگرن، به‌ڵام ئه‌و ره‌خنه‌یه ده‌بێ ره‌خنه‌یه‌كی بونیاتنه‌ر بێت، ده‌بێ هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكرێ له‌نێوان ئازادییه‌كی ته‌واو و راده دانان بۆ ئه‌و نووسینانه‌ی كه ئامانجیان ناو زڕاندنه، یاسایه‌ك ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی ئه‌و پیشه‌یه ره‌چاو نه‌كات با هه‌ر ده‌رنه‌چێ باشتره." به‌رزانی له‌به‌رده‌م ده‌زگاکانی ڕاگه‌یانیان‌دا بێ‌ترس‌و بێ ئه‌وه‌ی ویژدانی ئازاده‌ی کۆمه‌ڵی کوردستان به‌هه‌ند بگرێ‌و ملیۆنه‌ها ئینسانی ڕۆشنبیر، نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس، ژوڕنالیست‌و ئازادیخواز‌و تینووی ئازادی‌و دیموکراسی‌و مه‌ده‌نییه‌ت به نه‌فام‌و ناحاڵی له‌قه‌ڵه‌م‌ده‌دات‌و پێیان‌ده‌ڵێ؛ (ئه‌و یاسایه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی ئه‌و پیشه‌یه له‌به‌رچاو‌نه‌گرێ)!! به‌رزانی ده‌یه‌وێ کڵاو‌بنێته‌سه‌ری خه‌ڵکی کوردستان‌و له‌پێشیانه‌وه ڕۆژنامه‌نووسان‌و ئازادیخوازان. ئه‌و ده‌یه‌وێ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌و ئازادی بیروڕاو ئازادی ژوڕنالیستیی‌و ئازادی ڕه‌خنه‌و لێدووان به‌گوێره‌ی خواستی خۆی‌و حیزب‌و ده‌سه‌ڵاتی پێناسه‌بکاو به‌خه‌ڵکیشی بقه‌بڵێنێ! ئه‌و ده‌بێژێ؛ که یاسایه‌ک بۆ پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری! له‌کاتێکدا مه‌سه‌له‌ی یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌شێکی دانه‌بڕاوه له مه‌سه‌له‌ی ئازدی ده‌ربڕن‌و ئازادی بیروڕاو ئازادی به‌یان‌و بڵاوکردنه‌وه! ئه‌مه چه‌مکێکی هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه له کۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆداو به‌بێ دانپیانانی‌و به‌بێ سه‌لماندنی ئه‌م شاده‌ماره‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، باسکردن له هه‌ر ماف‌و ئازادی‌و دیموکراسییه‌ک جگه له هه‌وڵدان بۆ فریوکاری‌و له‌باربردنی جووڵانه‌وه‌ی حه‌یاتیی له پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشبردنی کۆمه‌ڵگادا، هیچ ناوه‌رۆکێکی تری نابێ!
یاخود باسی ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر ده‌کات!! ئه‌مه به‌ر له هه‌ر شتێک له به‌هانه‌یه‌ک به‌ولاوه تر نییه بۆ هێرش‌بردنه سه‌ر هه‌ر ده‌نگێکی ڕه‌خنه‌گرو ئازا‌و سه‌ربه‌خۆو ئازاد! بۆ سنووردارکردنی ڕۆژنامه‌وانان‌و بلاوکراوه سه‌ربه‌خۆکان. ده‌نا حیکمه‌تی هه‌ردوو حیزب‌و په‌رله‌مان‌و ده‌سه‌ڵاتیان له‌م چه‌ند ساڵه‌دا جگه له گه‌نده‌ڵی‌و ڕاووڕووت‌و بێ‌مافی خه‌ڵکی چی تریان له‌کارنامه‌دا بووه! ئه‌گه‌ر لاف‌و گه‌زافێک هه‌رچه‌ند به‌نابه‌دڵیش بێت لێره‌وله‌وێ ده‌تووانن به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردساتان‌و وه‌زعی سیاسی کوردستانه‌وه لێی‌ده‌ن‌و باسی فره‌یی‌و دیموکراسی‌و ئازادی‌و ئه‌م شتانه‌بکه‌ن، ته‌نها ئه‌و بزاوته فراوانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌و ئه‌و مه‌ودا فراوانه‌ی ژوڕنالیستی کوردستانه که بۆتان کۆنترۆڵ ناکرێ‌و ده‌تانه‌وێ خۆتانی پێوه‌بابده‌ن!
هه‌ق وایه ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئێستای کوردستان، وه ده‌نگی بوێری ڕۆژنامه‌وانان‌و ژوڕنالیسته‌کان‌و ڕووناکبیران‌و ئازادیخوازان، ڕێکخراوتر بکرێن‌و تۆکمه‌تر پێ‌له‌سه‌ر داڕشتنی یاسایه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌ری شایه‌نی ئه‌م سه‌رده‌م‌و بزاوته‌ی جووڵانه‌وه‌ی ڕۆشنبیری‌و سه‌حافی له کوردستان دابگرن. داڕشتنی ئه‌و یاسایه‌ش ده‌بێ ده‌ورو نه‌خشی جددی‌و سه‌ره‌کی ئه‌م جووڵانه‌وه ژوڕنالیستی‌یه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستان جێگابکاته‌وه‌و لیژنه‌ی چاودێری سه‌ربه‌خۆ له هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارو له په‌رله‌مان، له ڕۆژنامه‌وانان‌و ڕووناکبیرانی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ پێکبهێنرێ بۆ زامنکردنی سه‌رجه‌می مه‌ودای ئه‌و ڕه‌وته ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌و ئه‌و خواسته شمولی‌و جه‌ماوه‌ری‌و سه‌رتاسه‌رییه که له که‌ناڵی دیارده‌ی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه ده‌ڕواته‌به‌ره‌وه. به‌رزانی له‌وشوێنه‌وه ئیمزای خۆی نه‌دا له‌و پڕۆژه‌یاسا په‌سه‌ندکراوه‌ی په‌رله‌مانه‌که‌ی خۆی که ئازادییه ڕۆژنامه‌وانیه‌کان‌و ئازادی به‌یان‌و ئازادی ڕه‌خنه‌و بڵاوکردنه‌وه کۆت‌وبه‌ند ئه‌کات، به‌ڵکو له‌و گۆشه‌یه‌وه ئیمزای نه‌خسته‌سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ک ئه‌م لێشاوه ناڕه‌زایه‌تییه‌ی ڕووناکبیران خاوکاته‌وه، له‌ولای تریشه‌وه له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ئیعتیبارێک بۆ په‌رله‌مان بگێڕێته‌وه. به‌ڵام پێ‌ناچێ به‌ڕێزیان له هیچ کامیان‌دا سه‌رکه‌وتوو بێت. چونکه خه‌ڵکی کوردستان له‌وه هووشیارترن که به‌خه‌یاڵی ئه‌وان‌دا دێت!
17/12/2007
|