١٧\١١\٢٠١٤
وەڵام بەو هێزە
ڕامیاریی و ئایینی و كولتووریەی
كە لە پشت مەلا
كامەران خۆی حەشارداوە.
هەژێن
بەر لە هەر شتێك، من لەجیاتی هیچ كەسێك وەڵامنادەمەوە، كە مەلا كامەران
نامەكەی ئاراستەكردووە، چونكە من سەر بە هیچ پارتییەك و هیچ دەسەڵاتێك
و هیچ ئایدیۆلۆجییەك نیم و لەوەش واوەتر دژی هەموو ڕێكخستنێكی
ڕامیارییم واتە دژی هەموو پارتییەك و گروپ و سیستەم و فەرمانداریی و
دەوڵەتێكم!
هەروەها پێویستە ئەوەش بڵێم، هەر ئاوا كە كانتۆنەكانی "ڕۆژاوا" مافی
خۆیانە چۆنیان پێخۆشە بڕیار لەسەر ژیان و ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی كار و
چالاكییەكانیان بدەن، هەر ئاواش كۆمەڵێكی دیكە مافی خۆیەتی قورئان و
حەدیس و شەریعەت بكاتە سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی؛ هەر ئاوا مەلا كامەران
مافی ڕەوای خۆیەتی ڕەخنەبگرێت و پێشنیاربكات و سیستەمی ئۆتۆنۆمی
فێدەراڵیزمی دێمۆكراتیك ڕەتبكاتەوە، منیش وەك خوێنەڕێكی بۆچوونەكانی
ڕاستر بڵێم هەڕەشەكانی مەلا كامەران، سەرنج و وەڵامی خۆم بە هێزە
كاراكانی پشت وتارە ئایینییەكانی هەیینی مەلاكان دەرببڕم و بدەم، وەك
گوتم ئەم بابەتە تەنیا سەرنجی منە و پەیوەندی بە هیچ كەس و لایەن و
ئایدیۆلۆجییەكەوە نییە!
مەلا كامەران دەنووسێت "بهو پێیهی بهنده یهكهم مامۆستایهكی
ئاینی بووم كه دژایهتی خۆم بۆ ههڵوێستی گروپه ئیسلامیهكان و
بهتایبهتیش بهرهی نهسره دهربڕی ئهوكات كه له عفرین و ناوچه
كوردیهكان له دژتان دهجهنگان، ههروهها یهكهم مامۆستایهكی
ئاینی بووم كه دژایهتی خۆمم دهربڕی له چوونی گهیاند كه ههر
كوردێك لهشهڕی دژی كوردستانی رۆژئاوا بكوژرێت پێی ناوترێت شههیدو
ستهمكاره، ...".
مەلا گیان، بەڕێزم، ئەوە هەڵەی خۆتە و بۆ تێنەگەییشتنی خۆت لە سیستەمی
خۆبەڕێوەبەرایەتی كانتۆنەكان دەگەڕێتەوە، كە بە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و
سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەرایەتی [ئۆتۆنۆمی] و تاك و كۆمەڵ لەسەر بنەمای
یەكێتی ئازادانەی فێدەراڵیستی لە خوارەوەرا ڕۆنراوە. مەلا گیان دەزانم
كە تێگەییشتن لەو سیستەمە و لەو چەمكانە بۆ تۆ گرانە و پێویستە كاتێكی
بۆ تەرخانبكەیت و لەبارەیەوە بخوێنیتەوە، ئەزیزم گرفتە لەوەدایە، كە تۆ
ئەو بوونەی ئەویش هەر بە سیستەمە گەندەڵەكەی هەرێمی دۆلارستان
تێگەییشتووی، كە هەزاران تەمەڵ و كارنەكەری بەناوی "زانای ئایینی"یەوە
وەك بەرخ بۆ پاییز خڕتكردووە و كاتێك كە دەبیستی لە سایەی
خۆبەڕێوەبەرایتییەكانی "ڕۆژاوا" پەیوەندییەكانی خێزان و نێوان ژن و
پیاو لەسەر بنەمایەكی سڤیلی ڕێكدەخرێن و بوار بۆ كار و كاسبی مەلایان
نامێنێتەوە و قێزەونترین دیاردەی ئایینی "مارە بەجاش" وەلادەنرێت، ئیدی
دادەچڵەكێت و هاوارت لێ بەرزدەبێتەوە. هەڵبەتە وەك خۆر دیارە، كە ئەوە
تەنیا تۆ نیت تووشی شۆك بوویت، بەڵكو دەسەڵاتداران و سیستەمەكیش كە
مووچەی مفتە بۆ مەلایان دابیندەكات، لە تۆ زیاتر تووشی شۆك بوون و
گرفتی تۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە نییە لە كانتۆنەكانی ڕۆژاوا، بەڵكو
ئەوەیە كە تۆ و سەروەران ترسی هەڵكردنی ئەو نەسیمەی پاییزی ٢٠١٤ بەرەو
هەرێمی دۆلارستان ترساندوونی و سەرۆك و پارلەمانتارەکان لەوە دەترسن
ئەو هەواڵانە بگەنە گوێی ژنەکانیان و خەیاڵی ئازادی دێوارە پۆڵایینکانی
خێزانی خێلەکییان ببڕێت و کنە بکاتە مێشکیان، ئاخر مەگەر تۆ بزانیت کە
چەند-ژنە چ ناز و نیعمەتێکی پاشایانە بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و
سەرۆکی پارتییەکان و ئێوەی مەلایان، تۆ خەمی نەمانی مریشکە ڕەشەکە و
"مارە بەجاش"ت لێنیشتووە، ئەزیزم !
".... بهههمان شێوهش بیسهپێنن بهسهر گهلانی ژێر دهستهتانداو
رهچاوی ئاین و بیروباوهڕی زۆرینهی ئهو خهڵكه نهكهن!،
بهتایبهتی ئاینی پیرۆزی "ئیسلام" كه ئاین و بهرنامهی ژیانی
زۆرینهی خهڵكی كوردستانهو دهبێت رێزی لێبگیرێت،".
لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێم کە مەلا كامەران زۆر بە وردی و زیرەكییەوە
هەنگاو بە هەنگاو ئەوەی دەسەڵاتداران بە ئاشكراو و بە شێوەی
ڕامیارییانە لە ئێستادا ناوێرن دنەیبدەن و ئاژاوەی بێبنەما بنێنەوە،
هەر ئاوا كە لە دوو ساڵی ڕابوردوودا بە ناردنی چەندین تیمی تیرۆریست بۆ
تەقاندنەوە و دروستکردنی ئاژاوە لەنێوان كوردان و ئێتنییەكانی دیكە،
هەروا لەنێوان موسوڵمانان و پەیڕەروانی ئایینەكانی دیكە ناردە هەرێمی
کانتۆنەکان، بەڵام بۆیان نەچووەسەر، لەوە دەچێت لە ناتوانایی و بێڕۆلیی
(ئەنەكەسە)دا دەسەڵاتدارانی هەرێم هانایان بۆ نامە و وتاری ئاگراویی
مەلایان هێنابێت. مەلا گیان، لە كوێی گوتار و دەق و بەڵگەنامە و یاسا و
ڕاگەیاندنی كانتۆنەكانی "ڕۆژاوا"دا دژایەتی ئایینەكان بەگشتی و ئایینی
ئیسلام بەتایبەتی كراوە، تاوەكو تۆ لە خەیاڵی خۆتدا جەنگەكیكی ئاوا دژی
خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕابگەییةیت؟
بەبۆچوونی من لەوێندەرێ، بەو ڕاگەیاندنە یاساییە و بە هەنگاوە
کردەییەکانی دوو ساڵی ڕابوردوو، هەم ڕێزیان لە ئایین وەك بیروباوەڕێکی
تاکەکەسیی گرتووە و هەم یەکسانی و هاومافییان بۆ هەموو ئایینەکان
دابینکردووە و هەم ئایینیان لە دەسکەلایی و دەستتێوەردانی
دەسەڵاتخوازان و ڕامیاران و مفتەخۆران و باندە نێودەوڵوەتییەکانی وەك
دەوڵەتی ئیسلامی، پاراستووە! لێرەدا وەك دڵسۆزییەك بۆ تۆ و مەلاکانی
دیکە، تکاتان لێ دەکەم، هەوڵبدەن لە ڕەهەندە پۆزەتیڤەکانی جیایی ئایین
لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ، من ناڵێم "جیایی ئایین لە دەوڵەت" چونکە
پێویستە خودی دوڵەت وەك دومەڵ و وەرەمێکی کوشندە لەسەر جەستەی کۆمەڵ
ڕیشەکێشبکرێت، تاوەکو چیدیکە ئایین نەکرێتە ئامرازی سەرکوتکردن و
چەپاندنی منداڵان و ژنان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە و ئازادیخوازان
بەگشتی. تکایە هەوڵبدەن بە لۆجیك و بە خوێندەوەی ورد بۆ دەسەڵاتداریی
"خەلافەت" و ڕەهەندە نیگەتیفەکانی بۆ ئایین، بەراوردی جیایی ئایین لە
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و ملهوڕیی پارتیی و گروپە ئیسلامییەکان بەناوی
ئایینەوە، بکەن!
"زۆر بهداخهوه وا خهریكه قسهی نهیارهكانمان لهسهرتان دهبێت
بهڕاست و گومانه باشهكانی ئێمهش دهبنه ههڵه و بهرگری
كوێرانهو دهمارگیری!".
مەلا گیان، قسەی نەیارەكانتان كامانەن، كە خەریکە ڕاست دەردەچن، بۆ بە
ئاشكرا و بێبەردە ئاماژەیان بۆ ناكەیت! پاشان ئەو "ئێمە"یە كامەیە كە
بەڕێزتان بەناوییەوە دەئاخفیت؛ مەلایان، دەسەڵاتداران یا كوردان؟ بۆ من
و سەدان هەزار ئازادیخوازی كوردزمان ئاساییە كە تۆ بەناوی دەستەی یەكەم
و دووەمەوە قسەبكەیت، بەڵام ڕێگەنادەین بەناوی هەموو كوردانەوە
قسەبكەیت، چونکە كوردان هەم موسوڵمان و هەم مەسیحی و جولەكە و ئێزیدی و
كاكەیی و بێدین دەگرێتەوە و بەهیچ لۆجیكێك تۆ ناتوانیت بێچەندوچوون
بەناوی گشتەوە قسەبكەیت، یا دەتەوێت وەك خەلیفەی موسوڵمانانی جیهان
(ئەبوبەکر بەغدادی) تۆش بەناوی گشت کوردانەوە بدوێیت؟!
"جگه لهوهی هاوسۆزی و هاو خهمی موسڵمانان و زانایانی ئاینی
میللهتهكهی خۆت له دهست دهدهیت، هیچ بهرههمێكی باشیشی نابێت و
سهرئهنجام دهبێته هۆی بههێزبوونی بزوتنهوه ئیسلامیهكان و
ئینتمایی ئاینی،...".
باشە مەلا گیان، بۆ سێ هەرێمی "ڕۆژاوا"، كە ناتۆنەكانیان پێكهێناوە
مەلایان تێدانییە و لەوێ كەس نییە داكۆكی لە ئیسلامبوونی خۆی بكات، كە
ئاوا تۆ لە پایتەختی ڕۆشنبیریی دۆلارەوە ناچاریت ئەو ئەركە بخەیتە
سەرشانی خۆت؟ ئەگەر سیستەمی ئۆتۆنۆمی دیمۆكراتیكی كانتۆنەكان دژی
ئایینی ئیسلامە، بۆچی موسوڵمانێك، فەقێیەك، مەلایەك دەنگی لێ
بەرزنەبووەوە، یا ئەوەیە کە تۆش بە دەردی ڕامیارەكان و دەسەڵاتداران لە
لوتكەی لوتبەرزیی و لەخۆباییبوونەوە دەتەویت لە بڵندگۆی میدیا
کۆنەپارێزەکانەوە خۆت بكەیتە ئامۆژگاریكەری كانتۆنەكان، ئەو كانتۆنانەی
كە ئەگەر ژنانی ئەوێ نەبوونایە، هەنووكە پایتەختە نەوتینەكە و پایتەختە
ڕۆشنبیرییەكەی هەرێمەکەی بەرێزتان كرابووە حەرەمسەرای خەلیفەی دەوڵەتی
ئیسلامی!
پاشان تكایە بۆ منی ڕۆشنبكەرەوە، چونکە خەریكە تووشی سەرگێژە دەبم؛ تۆ
ترسی ئەوەت لێنیشتووە، كە بزووتنەوە ئیسلامییەكان بەهێزببن و ئینتیمای
ئایینی زیاد بكات، یا ترسی هەڵكردنی نەسیمی جیاکردنەوەی ئایین لە
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ، کە بەرەو هەرێمی دۆلارستان هەڵبکات و ببێتە هۆی
نەمانی كار و كاسپیتان؟
" .... سهرئهنجام شكست دهخۆیت و له لوتكهی كۆشكهكهتدا "قل هو
الله أحد" دهخوێنرێتهوه وهك ئهوهی له كۆشكی كرملن دا خوێنرا،
یان سهرئهنجام وهك ئێستای توركیات لێ بهسهردێ دوای حهفتا ساڵ
علمانیهتی تۆتالیتاری و ستهم و نادادی بهرامبهر ئیسلام دواجار
لهسهردهستی ئیسلامیهكان ملی شكا!".
مەلا گیان سەرت لە منیش شێواندووە، تێناگەم بۆ تۆ پێتناخۆشە " قل هو
الله أحد " بخوێندرت و ئاكەپەیەكی دیكە لە "ڕۆژوا" ببێتە دەسەڵاتدار،
ئەی مەگەر هەموو داخوازی و هیواخوازی ئێوە مەلایان سەرکەوتنی ئیسلام و
دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامیی نییە لە سەرتاسەری جیهاندا؟! تێناگەم ئەو
هەموو هەڕەشەكردن و ترساندنە لەپێناو چی و بۆچی؟ خۆ نە
(خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی كانتۆنەكان) و نە (یەكینەكانی پاراستنی
گەل) و نە خودی (پەیەدە)ش پاگەندەی لەنێوبردنی ئیسلام و كوشتوبڕکردنی
موسوڵمانانیان نەكردووە، ئیدی ئەو گرەوگرتنەوەیە لەسەر چی و دەتەوێت لە
گۆمی لێڵی ڕامیاریی كام دەسەڵاتی ناوچەدا مەلەبكەیت؟ پاشان
لەیادتنەچێت، كە (ئۆردوگان)ی خەلیفەی نیئۆ-ئوسمانییەكان هەموو
كۆبوونەوەیەكی لەژێر وێنەكەی ئەتاتورك و لەسەر هەمان بنەماكانی
بیركردنەوەی نەژادپەرستانە و فاشیستانەی ئەتاتورك بۆ دژایەتی بزاڤی
ئازادیخوازی كوردان دەكات و فاشیزمی ئاكەپە، كەمالیستەكانی خستووەتە
خانەی هێزێكی میانەڕەوی نەژادپەرست!
"ئهوهش بزانه ئیسلام پێویستی خهڵكه نهك پێویستی به خهڵك بێت،
ئیسلام ناسهپهێت بهڵكو دهبێت خۆت زۆر مهمنونی ببیت ئهگهرنا
منهتی پێت نیه،".
هەزاران درود لە گۆڕی پێشینان كە گوتوویانە "... بدوێنە خۆی لێكدانەوە
لەسەر خۆی دەكات/ شەرحی خۆی دەکات"! باشە ئەگەر ئایینی ئیسلام پێویستی
بە خەڵك نییە و ناسەپێنرێت، ئیدی بۆ بەیانی تا ئێوارە مێشكی ئەو
خەڵكەتان کاسکردووە و كاتێكتان بۆ قسەی خۆش نەهێشتووەتەوە؟ ئەگەر
ئیسلام ئایینی سەپاندن نییە، بۆ دەبێت یاسای كۆمەڵ و بەرێوەبردنبێت؟
بۆچی كاتێك كە كۆمەڵێك ئەوە هەڵنابژێرێت، تۆ لە دووری هەزران
كیلۆمەترەوە لە پایتەختی ڕۆشنبیریی مەلایانەوە، شمشێرەكەت دەردەكێشیت و
هەڕەشەی ئەوە دەكەیت، كە كانتۆنەكان وەك ڕوسیە و (توركیە)یان لێدێت و
ئیسلام سەردەكەوێت؟ باشە مەگەر دانیشتووانی كانتۆنەكان كێن، تا ئیسلام
بەسەریاندا سەربكەوێت؟ ئایا دەزانیت تۆ ئاگایانە خۆبەڕێوەبەرایەتی
دیێمۆکراتیکی کانتۆنەکانی "ڕۆژاوا" بە دیکتاتۆریی ستالین و بە فاشیزمی
ئەتاتۆرك دەچوێنێت و ئەمە هەمان فتواكەی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامییە، كە
كوردان بە دژە ئیسلام هەژماردەكات و ژنەكانیشیان بە شایانی کەنیزەكبوون
لە حەرەمسەراکانی خەلیفە؟
"ئێمه له زووهوه وتومانه داعش لیزمه له ئیسلامیدا ههیه و له
چهپ و ماركسی و علمانیهتیشدا ههیه، چونكه لۆژكهكهی سڕینهوهی
ههموو ئهوانی تر و رهنگهكانی تره ئهوكارهی ئێوهش كه له"میرات
و مارهیی ئافرهتان" و وهك پێدهچێت له ههمووشتهكانی تردشدا ههر
وایه!".
باشە مەلا گیان، جارێكی دیكە "ئێوە" كێن؛ بزووتنەوەی ئیسلامی، كۆمەڵی
ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، انصاراللە یا قسەكەرانی سیستەمی دێمۆكراتی
پارلمانی؟ پاشان تكایە جارێكی دیكە ئەو دوو دێڕو نیوە بێسەرەوبەرەیەت
بخوێنەرەوە، بزانە بەخۆشت لێی تێدەگەیت، یا من كوردی نازانم؟
مەلا گیان، منیش پێداگریی لەسەر ئەوە دەكەم كە هەموو ئاراستە و
تێڕوانین و ئایدیۆلۆجییە دەسەڵاتگەراكان سەرەنجام بە خاڵی (داعش) و
(ستالین) و (ئەتاتورك) دەگەن و هەر سەریان لەوێوە دەردەچێت. دڵگران
نەبێت بە هەر جۆرێك ماشینی ئیسلام بهاژوویت، سەرنجام سەری گەشتەكەی هەر
لە وێستگەی ملپەراندنەكەی سعودیە و سێدارە-شەقامییەكانی كۆماری ئیسلامی
و سەربڕینەكانی طالیبان و انصارالاسلام لەخێڵی حەمە و (داعش)
دەردەچێتەوە! بەڵام دەكرێت بزانین بۆ فیكە دێمۆكراتییەكەی تۆ لە "میرات
و مارهیی ئافرهتان"دا باریكدەبێتەوە و كوتاییدێت؟ بێژی
گرێ-دەروونەییەكەی تۆش هەمان گرێی دەروونی سەرانی (ئەنەكەسە) بێت، كە
بە هەموو پارتییەكانیانەوە ژنێكیان لە سێ كانتۆندا بۆ پەیدانەكرا وەك
ژنانی پارلەمانی دۆلارستان مل بۆ ملهوڕیی پارتییەكانی بازارئازاد
كەچبكات! دیسانەوە ناچارم بێژم، كە نائاگایت لە سیستەمەكانی دیكە و
تەنیا سیستەمی بۆرجوازی دەناسیت، كە سیستەمەكەی ڕژێمی بەعس و
سیستەمەكەی هەرێمی دۆلارستان و سیستەمەكەی ئاكەپە و سیستەمەكەی
(داعش)یش دەگرێتەوە!
"ئهوكارهی ئێوهش كه له"میرات و مارهیی ئافرهتان" و وهك
پێدهچێت له ههمووشتهكانی تردشدا ههر وایه!، جۆرێكه له داعشێتی
بهسهر زۆرینهیهكی موسڵماندا،".
مەلا گیان ئەگەر خۆبەڕێوەبەرایەتی دێمۆکراتیکی كانتۆنەكان و یاساكانیان
" جۆرێكه له داعشێتی بهسهر زۆرینهیهكی موسڵماندا،" ئیدی نازانم
گرفتی تۆ لەچیدایە و بۆ خەمت لێنیشتووە؟ مەگەر تۆ دژی دەوڵەتی ئیسلامی
(داعش) و خەلافەت و پەیڕەوكردنی قورئانیت؟ ئایا "داعشیەتی" ناكاتە
كوردتكراوە (دەوڵەتی ئیسلامییەتی)، ئیدی بۆ پێتناخۆشە و هەراسان خۆت
نیشاندەدەیت؟
مەلا گیان، كاتێك كە خەریكی خوێندنەوەی ئەم دەستەواژانەی تۆ بووم،
بڕوام بكە گوێم لە دەنگی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پارلەمانی هەرێم و
هەموو پارتییە ناسیونالیست و ئیسلامییەكان بوو، گوێم لە قسەكەری
کۆمەڵەی بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بوو، ئاخر پرسی "میرات
و مارهیی ئافرهتان" پرسێكی ئابوورییە و پەیوەندی بە كۆی سیستەمە
بۆرجوازییەكەوە هەیە.
!
"ئێمه بهردهوام دهبین له هاوسۆزی و پهرۆشی و یارمهتی و پشتیوانی
بست به بستی خاكی كوردوستان له ههر چوار پارچهكهداو جیاوازی
سلێمانی و كۆبانی بۆ ئێمه نییهو به پهرستاشیشی دهزانین،".
مەلا گیان، پێتناخۆشنەبێت/ دڵگرانەبیت، ئەم قسەیە هی خۆت نییە و ئەگەر
سەرنجی ئەرشیڤی دژایەتی خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی كانتۆنەكان لە دوو ساڵی
ڕابوردووی (ئەنەكەسە) و (پدك) و (ئیسلامییەكان)یش بدەیت، دەبینیت یەكەم
كەس تۆ نیت، كە ئەم قسەیەی كردبێت و هاوکاتیش هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە
و کنەکردن و کردنەوەی شوێنپێی سیخوڕەکانی ئاکەپەی کردبێت!
" خۆ ئهگهر ئێوه پهشیمان نهبنهوه لهو ههڵوێستهتان بهرامبهر
به ئیسلام ئهوه ئێمه پهشیمان دهبینهوهو تهوبهیهكی نهسوحیش
دهكهین لهوهی گومانی باشمان زۆر بوو پێتان و زۆر بهتوندی
رووبهڕووی زۆرێك له مامۆستایانی ئاینی و برا موسڵمانهكانی ناو خۆمان
دهبوینهوه،".
مەلا گیان، ئەگەر ئەمە هەڕەشەی سرێنەوەی بەرانبەر نییە، ئەدی چییە؟
ئەگەر تۆ و ئەوانی پشتپەردەیش كە مووچەی ئێوە دەدەن، بڕواتان بە ئازادی
دیگەران هەیە، دەی هەر ئاوا كە ئێوە [مەلاكان و دەسەڵاتداران و
سەرمایەداران] هەرێمی كوردستانتان كردووە بە بەهەشتی تەراتێنی
كۆمپانییە جیهانلووشەكان و وێرانەی بازارئازاد، با ئەوانی دیكەش
ئازادبن و بەخواست و ویستی خۆیان سیستەمی ژیان و بەرێوەبردنی
کۆمەڵەکەیان دیاریبكەن!
" هێشتا كات زووه بۆ ئهوهی دڵنیابیتهوه له سهلامهتی و
سهقامگیری حكومهتهكهت و بێ منهتیت له ئیسلام و هاوسۆزی موسڵمانان
و زانایانی ئاینی!!!".
بەداخەوە دیسانەوە ناچارم ئەوە بڵێمەوە، كە مەلا گیان تۆ هیچ
زانیارییەكت لەبارەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی لەسەر بنەمای
فێدەراڵیزمی دیمۆكراتیك و پشتبەستن بە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ نییە،
لەبەرئەوەیە كە هەرچەندە ئەوان و زۆڕێكی دیكە دەیڵێن ئەوەی لە "ڕۆژاوا"
هەیە فەرمانداریی "حكومەت" و دەوڵەت نییە، كەچی تۆ و زۆر ناسیونالیستی
دیکەش هەر دەڵێن بیدۆشە! ئەگەر ئەو دەستەواژانەت كورتبكەمەوە، دەكاتە
"شیوەنی هەریسەكە"، واتە هاوسۆزیی بۆ مەلایان "زانایانی بێزانستی
ئایینی"، کە لە یەکسانی ژن و پیاودا کاروکاسپی و "مارە بەجاش"یان
نامنێت و لە جیاکردنەوەی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ مووچەی مفتی
تەمەلییان نامێنێت!
" زۆر بهتوندی رووبهڕووی زۆرێك له مامۆستایانی ئاینی و برا
موسڵمانهكانی ناو خۆمان دهبوینهوه، تا ئهوهی ئێمه ئهوانمان به
خهڵهفاوو ئهوانیش ئێمهیان تكفیر دهكرد لهسهر پشتوانیمان له
جهنابت و پارته ئایدلۆژیهكهت!، ...... ئهگهرنا ههڵوێستمان زۆر
لهوهش توندتر دهبێت ئهوكات لۆمهی كهس نهكهن خۆتان نهبێت!.".
ئەوان كێن؛ ئەو برا موسوڵمانانەی خۆتان كە ئێوە دژیان وەستانەوە
وئەوانیش ئێوەیان "تكفیر" كرد؟ خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و شانە
نووستووەكانی لە هەرێمی ژێر دەسەڵاتی کۆنەپەرستی و خێڵگەرایی یا هێزێكی
دیكە هەیە كە ئێمە ئاگاداری نین و نایناسین؟ پاشان كە بەڕێزتان و
هاوپیشەکانتان پەشیمان ببنەوە چیدەكەن، بێجگە لەوەی كە لاوانی
خۆشباوەڕی هەرێم بنێرنە نێو لەشكری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ
تێكشكاندنی بەرەنگاریی كانتۆنەكانی ڕۆژاوا؟
بەکوتی و بە کوردی لەم ساتەوە، هەر لاوێك لە هەرێمی ئێوەوە بچێتە
سنووری دەسەڵاتی خەلیفەی موسوڵمانان (ئەبوبەکر بەغدادی) یا (جەبهة
النصرة) و جەنگی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکانی "ڕۆژاوا" بکات، ئەوە ئەنگۆ و
بەدیاریکراوی تۆ لێی بەرپرسیت! هەر لاوێکی خوێنگەرمی مێشکسڕاوە ژنێك
هەراسان بکات، ئەنگۆ و تۆ بەدیاریکراوی لێی بەرپرسیت! هەر کەسێك لە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشە لە هەر ئازادیخواز و لایەنگرێکی یاسایی
یەکسانی ژن و پیاو لە "ڕۆژاوا" بکات، ئەوا ئەنگۆ و تۆ بەدیاریکراوی لێی
بەرپرسیت! هەروەها ئەگەر موسوڵمانانی سلێمانی دژی تیرۆر و هێڕش بۆ سەر
(کۆبانێ) و (عەفرین) و (جەزیرە) و (شەنگال) بن، ئەوا پێویستە ڕیزەکانی
نوێژکردن لە پشت سەری تۆوە چۆڵبکەن و بایکۆتی گوێڕادێریی وتارەکانی
ڕۆژانی هەیینی تۆبن، ئەگەر نا ئەوانیش هاودەنگ و هاوسەنگەری تۆ دەبن لە
دژایەتی یەکسانی ژنو پیاودا و بێدەنگەکردنی پارتییەکان و دەسەڵاتدارانی
هەرێم لە ئاستی نامەکەی تۆدا، هیچ پاساوهەڵناگرێت و نیشانەی هاودەنگیی
و هاوبۆچوونییانە لەتەك تۆدا.
من لێرەدا کۆتایی بە سەرنجەکانم دەهێنم و ناچمە سەر هەندێك لایەنی
دیکەی نامەکەت، چونکە هاوڕێیان و هاوەڵانێکی دیکە وەڵامی تەسەلیان بە
کۆدەکانی هەڕەشەکەت داوەتەوە، تەنیا دەمەوێت شتێك بڵێم بەڵام بە خۆت
نا، بەڵکو بە گوێگرانی وتارەکانی ڕۆژانی هەیینی و ئەو میدیایانەی کە
فوویانکردووەتە تۆ و کردوویانی بە شێرە-باڵۆنە [شێری-باڵۆنی] دژی
هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر کۆبانی، کە ئازادی ژنان لە "ڕۆژاوا"
بەرەنجامی خودهوشیاریی و تێکۆشانی ڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و
قوڵکردنەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە بۆ نێوەندی خێزان لە دڵی هەرێمەکانی
میزۆپۆتامیادا لەلایەن ژنانی هەرێمەکانی عەفرین و کۆبانێ و
(جەزیرە)یەوە، ئەگەر ناشتانەوێت لە کەتواری ئەو ڕاستییە تێبگەن،
دەتوانن و ناچارن لەسەر هەڕەشەکردن و ناردنی لاوان بۆ ڕێزەکانی (داعش)
بەردەوام بن!
___________________________
تێبینی:
هەم بۆ بەرێز مەلا كامەران و هەم خوێنەران، مەبەستم لە بەكاربردنی
دەستەواژەی "مەلا گیان" هیچ سووكایەتی و كەمنرخاندنی ئەو نییە، بەڵکو
تەنیا پەیوەندی بە شیوازی دوانی منەوە هەیە و بەس، كە فرەتر حەز بە
بەكاربردنی ئازیز و گیان دەكەم تا زۆر بارەكردنەوەی واژەی "بەڕێز"، كە
لە میدیاکانی دەسەلات و پارتییەکاندا بە درۆ و نێوەڕۆكی بۆشەوە
بەکاردەبرێت.
بۆ خوێندەوەی نامەكەی مەلا كامەران:
http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=18570&Jor=1
ماڵپهڕی ههژێن
|