په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١٦

وەڵامێک بۆ عادل باخەوان

سەبارەت بە: ئایا ئیسلام بەرپرسیارە لە دواکەوتنی کورد؟


کامیل ژیر      


بابەتێکی سایتی روداوە بەبەرواری ١٧/٦/٢٠١٦ وەک وەڵامێک بۆ کچە کوردێک کە نامەی دوکتۆراکەی لەسەر پرسی کورد ئامادە ئەکاو لەباخەوان ئەپرسێ: تا چەن ئیسلام بەرپرسە لەدواکەوتنی پرسی کورد؟ کاک عادلیش لە پوختەی وەڵامەکەیدا ئەڵێ: ھیچ!! بۆ ئەو ھیچەش، ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و تورکیا بە نمونە ئەھێنێتەوە کە ئیسلام نەبوە ھۆی (دواکەوتنیان!!).لێرەدا ئەبوایە کاک عادل بەڵگەیەکی بۆ ئەم وەڵامەی بھێنایەتەوەو بیوتایە: (بەبەڵگەی ئەوەی دۆزینەوەو داھێنانی کارەباو فڕۆکەو کۆمپیەتەرو مۆبایل و چیوچی، لەپاکستان و ئەڤغانستان و عەرەبستان و وڵاتی فارس و تورکیاوە سەریانھەڵداوە!). سەبارەت کوردیش، تیکەڵی و پێکەڵییەک ئەکاو جیاوازی ناکا لەنێوان بونی قەوارەو نەبونیدا! ئەبوایە بیوتایە کورد لەسەردەمی داگیرکارییەکانی ئیسلامدا، ژێردەسەی فارسبو، ھاتنی ئیسلامیشی بە دەروازەیەک زانی بۆ رزگاربون لە ستەمی فارس، سەرباری زەبری رم و شمشێرەکانی عەرەب. بۆیە، دوای ھەندێ بەرگری، بێ ھیچ مەرجێک کورد کەوتە ژێر دەسی عەرەب بەناوی ئیسلامەوە، بەتایبەتی ھیچ قەوارەیەکی خۆی نەبو تا شێرگیرانە بەرگریی لێبکا، بەڵام ئەوانیتر ژێردەسەی ھیچ لایەکنەبون و قەوارەیەکی خۆیان ھەبو، بۆیە پارێزگارییان لەقەوارەی خۆیانکردو ملیان نەدا عەرەب بەدەردی کوردیانبەرێ. ئاخر ئەوەیە گرنگیی قەوارەی سیاسی.نەک پێکەوەژیان لەگەڵ داگیرکەراندا.


راستە ئەبوایە کوردیش وەک ئەوانیتر رێگەیەکی بدۆزیایەتەوە بۆپاراستنی خۆی، بەڵام نەبونی ھوشیاریی نەتەوەییان، ئەو دەرگایەشی لێداخستن! ئەو نەبونی ھوشیارییە، ئێستەش بەردەوامە! ئەوەتا بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان، چەندین (تاکۆس - بەڵام) ئەخرێتە بەر رەورەوەی دەوڵەتی کوردی!! (بڕوانە وتاری دەوڵەتی کوردی و تاکۆس* - بەڵامەکان)ی نوسەری ئەم چەن دێڕە لە فەیس بوک و ھەندێ لە سایتەکان.

www.emrro.com/dewletikurdiut.htm


ئنجا بۆ مەبەستی پرسیارەکەی ئەو کچە خوێندکارە، لەکاک عادل ئەپرسین: ئەوە ھۆی چیە کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، بەکوردیشەوە، دواکەوتوترینی کۆمەڵگەکانی جیھانن؟


پرسیاری دوەممان: کاک عادل، بەڕێزتان بە چ زمانێک ئەنوسن وا لە وتارێکی یەک لاپەڕەو نیویدا ئەم ھەمو زاراوە بیانیانەتان بەکارھێناوە؟: (ناسیۆنالیزم، مەخزەن، کۆلیکتڤ، میتۆد، ستراکتۆر، بەستراکتۆرکراو، ستراکتۆر دروستکەر، ترانساندانس، غەرق، یۆنیڤیرساڵ، جەوھەر، ئەکشن، نێگەتیڤ، مۆبێلیزە، شەرعیەتدان، میکانیزم، وجود، ئەکتەر، ترادیسیۆن، تراژیدیا، سامبول، جاھیلانە، مەحروم کردوە، جەوھەرگەرا،)!؟ لەکاتێکدا زمانی کوردی پەکی لەسەر ئەو زاراوانە نەکەوتوە،فەرمو ئەوە واتاکانیان:


ناسیۆنالیزم : نەتەوایەتی. (کورد لەجیاتی ئەم دو زاراوەیە، ئەڵێ: کوردایەتی، کە نە ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایە نە قەومیەتی عەرەبی) ھیچ ناوەرۆکێکی رەگەزپەرستیشی تیانیە).

 
مەخزەن: گەنجینە، کۆگا
کۆلێکتیڤ: ھاوبەش
میتۆد: بەرنامە ، رێگە
ستراکتۆر: چێوە
ترانساندانس: تێپەڕین ، زیادەڕۆ
غەرق: نوقم
یونیڤێرسال: جیھانی
جەوھەر: گەوھەر، ناوەرۆک، ماک
ئەکشن: کردار
نێگەتیڤ: نەرێنی
مۆبێلیزە: جوڵێنەر. (کە لە جێگەی خۆیدا بەکارینەھێناوە!)
شەرعیەتدان: رەوایەتیدان
میکانیزم: شێواز
وجود: بون
ئەکتەر: بکەر، نوێنەر
ترادیسیۆن: نەرێت
تراژیدیا: کارەسات، مەرگەسات
سامبول: ھێما
جاھیلانە: نەزانانە
مەحروم کردوە: بێبەشکردوە


جەوھەرگەرا: ئەمەیان، ئەشێ کاک عادل خۆیشی نەزانێ چ واتایەکی ھەیە، وەک واتای (والسماء ذات الحبک) کە لەقورئاندا ھاتوەو کابرای فارس بەمجۆرە لێکیداوەتەوە: (والسماء: یعنی ڤالسماء . ذات: زاتی خودایەست . اما الھوبک: نە من میدانم، نە تۆ میدانی، نە ئەنکی پدەر سوخت گوفت میدانەد) واتا نەمن ئەیزانم، نەتۆ ئەیزانی، نەئەو باوک سوتاوەی وتوشێتی ئەیزانێ. ئەمەش رستەیەکە، بۆ نمونە، لە رستەکانی نوسینەکەی کاکی باخەوان: (ئیسلام ستراکتۆرێکی بەستراکتۆرکراوی ستراکتۆر دروستکەر نیە تا بەشێوەیەکی ترانساندانس بێت!).


جا خەڵکینە: تو ویژدانتان ئەمە کوردی نوسینە یا کوردی لاقەکردنە!؟ بەزەییم بەو خوشکە خوێندکارەدا دێتەوە، ئەترسم وتەکانی کاک عادل، تێکەڵ نامەی دوکتۆراکەی بکا! لە کوێش؟ لە بەریتانیا!!
______________________________
* تاکۆس: دارێکی وەک باگردێنبو دەسکێکی ھەبو، کە پاس یا لۆریی جاران لە ھەورازو نشێودا سەرینەخستایە یا پەکیبکەوتایە، شاگردەکە خێرا ئەو تاکۆسەی ئەخستە بەر تایەیەک بۆئەوەی ئوتومبێلەکە بەپێش یا بەدوادا نەڕوات.
 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک