٧\٥\٢٠٢٠
وەڵامێک بۆ دکتۆر
رێبوار فەتاح.

عامر سابیر
سڵاو کاک رێبوار فەتاح.
کاک
رێبوار، لە وەڵامدانەوەی کۆمێنتەکان بۆ وتارەکەت (بنەمای فەلسەفی کتێبی
کاپیتاڵ-ی مارکس-یەکەم) کە لە ٢٢/٠٣/٢٠٢٠ دا لە پێگەی فەیسبووکی خۆت
بڵاوتکردۆتەوە. لەوێدا ئەوەی بۆ من زۆر سەرنج ڕاکێش بوو، ئەوە بوو کە
لە وەڵامێکتدا کە بە (کاک ڕێبوار و ھەموو دۆستان) دەستپێئەکەی. ھێڕشێکی
ناڕەوا و بێ پێشینە، بە فەرھەنگێکی نزم و زمانێکی باڕازی و نا
ئەکادیمیانە، ئەکەیتە سەر مەنسوری حیکمەت. ئەمە بەبێ ئەوەی کە ئەو کاک
رێبوارەی باسی ئەکەی و دۆستانی پێش کۆمێنتەکەی تۆ، کە وەڵامت داونەتەوە،
بە ھیچ جۆرێک باس و پرسیاری مەنسوری حیکمەتیان لێ کردبێتی.
ھەر لەو کۆمێنتەتدا پێش مەنسوری حیکمەت باسی حیزبی شیوعی ئەکەی، کە چۆن
لەگەڵ شیعە تێکەڵ بووە و بووە بەلقێک لە حیزبە شیعیەکان. ھەر ڕێک
بەدوای ئەمەدا ئەنووسی "ھەڵبەت لای ئێمە تەنانەت کاڵفامێکی نەزانی وەک
مەنسوری حیکمەت-یش بە مارکسی ناسێنراوە". کە ئەنووسی تەنانەت، واتە
مەنسوری حیکمەت لە ڕوانگەی تۆوە لە حشع و حشک خراپتر و نامارکسی ترە!؟
سەرەتا وای بۆچووم کە ڕەنگە لە جیاتی ناوی مام جەلال و نەوشیروان و
مەلابەختیار و حەمەی حاجی مەحمود، بە ھەڵە ناوی مەنسوری حیکمەتت لەو
شوێنەدا نووسیبێ. بەڵام کە کۆمێنتەکەت پاش ئەوەی ئیدیت-یشت کردبوو،
ھەمان شتی تیا مابۆوە، زانیم کە بۆچوونت بەوجۆرەیە.
من لەو کۆمۆنیستانە نیم کە پێم ناخۆش بێت و ڕەخنەبگرم کاتێک دکتۆرێک،
ڕۆشنبیرێک، ئەکادیمیستێک یان نووسەرێک، مارکس لەھەموو شتێک دابماڵێ و
تەنھا وەک فەیلەسووفێک بیبینن و بیناسێنن و پێناسەی بکەن. پێش تۆ کاک
دکتۆر محەمەد کەمال کتێبی (مارکس وەکو فەیلەسووف)ی بڵاوکردۆتەوە. کە
ماندووبونەکەی جێگەی دەستخۆشی و ڕێزی زۆرە. من پێم وایە ئەم جۆرە
کتێبانە خزمەت بە کۆمەڵگای کوردستان و کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی
سۆشیالیست ئەگەیەنێ نەک زیان.
مەنسوری حیکمەت بە قەدەر توکی سەری تۆ چاوپێکەوتن و وتاری جیا جیای
نووسیوە. بە قەدەر دەستی پەنجەی تۆ کتێبی ھەیە. بەداخەوە من تا ئێستا
ھیچ وتارێکی تۆ، ھیچ ڕەخنە و کتێبێکی تۆم بەرچاونەکەوتووە، کە تیایدا
ڕوونی بکەیتەوە و بیسەلمێنی کە ئەو نامارکسی و نەزان وکاڵفامە؟
کاتێک لە وەڵامی تۆدا،ھاوڕێ جەمال کۆشش بۆت ئەنووسی "دەزانم ئەمە دنە
دانێکی ھەندێک ئامانجدارانەیە" تۆ لە وەڵامدا جارێکی تر ئامانجدارانە
بەو شێوەیە شرۆڤەی ئەکەی کە گوایە چیت نووسیوە لەسەر مەنسوری حیکمەت بۆ
جەمال ڕۆشن نییە و درێژەی ئەدەیتێ و ئەنووسی "مەنسوری حیکمەت نەزانە و
پەیوەندی بە مارکسیزمەوە نییە"!؟ گلەیی لێ ئەکەی کە گوایە بەم ڕونی و
زمانە بازاڕییەشت لێت تێ ناگات!
تۆ کە ئەکادیمیستێکی و ئامانجت تەنھا ئەوەیە کتێبێکی تر بۆ لیستی
کتێبەکانت و ناوبانگت زیاد بکەی و شەیدای ناوەکەتیتا دانەکەوێ. ئازادی
لەمەدا کە مارکس تەنھا وەک فەیلوسووفێک ئەبینی و بەس. بەڵامبۆ
کرێکارێکی سۆشیالیست و مەنسوری حیکمەت کە مارکس سەرەڕای فەیلەسوفێکی
مەزن و بیرمەندێکی گەورە، بە شۆڕشگێڕێکی ماندوونەناس و ڕەخنەگرێکی
سەرسەختی سیستەمی سەرمایەداری ئەبینن و ھەر وەک مارکس ڕێکخراوی سیاسی
دروستئەکەن و لە ھەوڵی بنیتنانی دنیایەکی باشتردا لە خەباتێکی
بێوچاندان، ئەمانیش ئازادن.
کرێکارانی سۆشیالیست ھەر خەریکی شرۆڤە نین، بەڵکو لەھەوڵی بەعەمەلی
دەرھێنانی ئەو ئەڵتەرناتیڤەدان کە مارکس بۆ سەرمایەداری تەرحی
کردووە.فرێدریک ئەنگلس لە وتەکەیدا لەکاتی ناشتنی مارکسدا لەسەر
گۆڕەکەی لەڕۆژی شەمە لە ١٧ی مارسی ١٨٨٣دا وتی "مارکس پێش ھەر شتێک
شۆڕشگێڕ بوو". ئەنگلس لە وتەکەیدا بۆ یەکجاریش وشەی فەیلەسووفی
بەکارنەھێنا.
کاک رێبوار نەک ھەر تۆی مەڵتی دیسپلینەری و ھاوزمان. بەڵکو چینی
بۆرژوازی بە ھەموو جورنالیست و ئەکادیمیستەکانی، لە باشترین حاڵەتدا
ئەیانەوێ مارکس تەنھا و تەنھا وەک فەیلەسووفێک پیشان بدەن و بەس. ئەوان
زیرەکن و ھوشیارانە و ئامانجدارانە ئەمە ئەکەن. ئەوان ئەیانەوێ ڕەخنەی
قوڵی مارکس لە سیستەمی سەرمایەداری و ئەو بەدیلەی پیشانیداوە و تا مرد
خەباتی بێوچانی لە پێناودا کرد، کەم ڕەنگ بکەنەوە.
کاک رێبوار، لە کۆتایدا، با منیش ئەوەی تۆ بۆ جەمال کۆششت نووسیوە،
دووبارە بکەمەوە و بڵێم؛ ڕەنگە ئەمە لەگەڵ بۆچوونی تۆدا نەگونجێ.
ھەڵبەت ئەوە سروشتی ژیانە و دەبێ قبوڵت بێ.
رێزی زۆرم
عامر سابیر
١\٥\٢٠٢٠
بەداخەوە دوێنێ ئەم کۆمێنتەی سەرەوەم لە سەر پۆستەکەی دکتۆر رێبوار
دانا. بەڵام ھەر زوو لایدا و دلیتی کرد.
دواتر ئەم نامەیەی خوارەوەم لە ڕێگەی مەسنجەرەوە بۆ نارد.
سڵاو دکتۆر رێبوار،
ئەم کاتەت باش و ماندوونەبی.
ئایا ھۆکاری سڕینەوەی ئەو کۆمێنتەم کە دوێنێ لەسەر بەشی یەکەمی
وتارەکەت دەربارەی مارکس دامنابوو چییە؟
رێزی زۆرم
عامر سابیر
بەداخەوە بێ وەڵام بوو. بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەم وەڵامەم بەم جۆرەی
سەرەوە بە پێویست زانی.
بەداخەوە کۆمەڵگای کوردستان ھەر بەھرەمەند نییە لە دەسەڵاتدارانی دز و
گەندەڵ و تاوانبار دەرحەق بە خەڵکی کوردستان. بەڵکو ھەندێ لە نووسەران
و ڕۆشنبرانیش زۆر لوتبەرز و لە خۆبایین. ئەم دوانە ھەردووکیان دوو دیوی
جیاوازی یەک دراون. بەداخەوە کە وایە.
_____________________________________________________
ئەمەی خوارەوە دوان لە کۆمێنتەکانی کاک رێبوارە
لەو پۆستەیدا کەلە سەرەوە باسکراوە کە تیایدا باسی مەنسوری حیکمەت
ئەکات.
١- ئەمەی خوارەوە یەکێکە لە کۆمێنتەکانی دکتۆر
رێبوار فەتاح:
کاک ڕێبوار و ھەموو دۆستان - سوپاس بۆ تۆ و بۆ ھەموو دۆستان. دیارە من
بۆچوونێکی حزبیم نیە بۆ مارکسیزم. ئەمە بەشێکە لە کتێبێک کە بەردەوام
لێی دەنووسم. حەزم نەدەکرد جارێ بڵاوی بکەمەوە. بە تەلەفۆن لەگەڵ چەند
دۆستێکدا ناوەرۆکی ئەم کتێبەم ڕوون کردەوە. ئەو دۆستانە، داوایان لێ
کردم کە بێبەشیان نەکەم لە بۆچوونەکانم، گەر کامڵیش نەبن. منیش بڕیارم
دا لەگەڵ نووسینیدا، بڵاویشی بکەمەوە. بۆ پرسەکەی دیکەت، کە زۆر گرنگە،
بۆچی ئێستا. مارکسیزم بەتایبەت لە عێراقدا ئێستا شێواوە. حزبی شیوعی
لەگەڵ موقتەدای سەدردا بە لیستێک بەشدای ھەڵبژاردن دەکەن؛ یادی حەسەن و
حسێن دەکەنەوە. وای لێ ھاتووە حزبی شیوعی لە باشوور بووە بە لقێک لە
حزبە شیعیەکان. پێ دەچێ شیوعی و شیعە بووبێ بە شیوعە. لە ئەوروپادا
گرفتێکی گەورە نیە، ھەڵبەت لای ئێمە تەنانەت کاڵفامێکی نەزانی وەک
مەنسوری حکەمت-یش بە مارکسی ناسێنراوە. جا بۆیە لام گرنگ بوو، مارکسیزم
بخرێتەوە سەر ڕەوتی فەلسەفی خۆی و لەو ھەموو جڕوجانەوەرانە جیا
بکرێتەوە. دیارە ڕەشنووسکەم گەورەیە؛ ھەوڵدەدەم کەمکەم پاکنوسیان بکەم.
سەرنجی ئێوەش دیارە گرنگە لە کامڵبوونی تێگەیشتنمدا.
٢- کۆمێنتی هاوڕێ جەمال کۆشش و وەڵامی دکتۆر رێبوار فەتاح.
جەمال کۆشش:
دەستخۆشیت لێدەکەم، ئەگەر تەنھا ئامانجت ئەوە بێت کە مارکس وەک
فەیلەسوفێک بناسیێنی، بەتایبەت میتۆدەکەی بۆ شیکاری شێوازی
بەرھەمھێنانی سەرمایەداری لە کتێبی کاپیتاڵدا، زۆر جێگای دەستخۆشی یە.
بەڵام ھەقیقەت کاک رێبوار زۆر دڵگرانم، (دەشزانم ئەمە دنە دانێکی
ھەندێک ئامانجدارانەیە)، بەتایبەت دکتۆرێک بیەوێت لەسەر فەلسەفەش
بنوسێت (ھەڵبەت لای ئێمە تەنانەت کاڵفامێکی نەزانی وەک مەنسوری
حکەمت-یش بە مارکسی ناسێنراوە.). جا نەگبەتیەکەش دکتۆر لەوەدایە ،
مەنسور حیکمەت نەک تەنھا لە نێو ئێمە بە مارکسیست ناسێنراوە. من
حیکمەتیست نیم. بەڵام شایانی خوێندنەوەیە.
رێبوار فەتاح:
مەنسوری حکمەت نەزانە و پەیوەندی بە مارکسیزم-ەوە نیە. یەکیەکە لەوانەی
کە مارکسیزم-یان تەماوی کردووە. ئیدی لەوە ئاشکرا تر نازانم چۆنی
بنووسم. ڕەنگە ئەمە لەگەڵ بۆچوونی تۆدا نەگونجێ. ھەوڵبەت ئەوە سروشتی
ژیانە و دەبێ قبوڵت بێ. ڕێزی زۆرم.
٣\٥\٢٠٢٠
ماڵپهڕی عامر سابیر
|