وه‌ڵامێک بۆ وتاره‌که‌ی د. ره‌فيق سابير به‌سه‌ردێڕی:
چه‌پی کوردستانی ره‌نگدانه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وه‌يی و کۆمه‌ڵايه‌تی
بوو.

جه‌لال ده‌باغ
-
به‌شی دووه‌م -
گۆڤاری رۆژه‌ڤ
که‌نوسراوه "گۆڤارێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کلتورییه‌و له تاران
ده‌رده‌چێت" و به داخه‌وه تابڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی د.
ره‌فيق سابير ناوی ئه‌م گۆڤاره‌م نه‌بيستووه. " له ژماره‌ی (3 و 5) ی
ساڵی 1386دا دۆسێیه‌کی تایبه‌تی به‌ناوی (کورد‌و بیری چه‌پ)"
بڵاوکردۆ‌ته‌وه، نازانم بۆچی ژماره چوار بواردراوه؟! "له‌و
دۆسێیه‌دا چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک روناکبیری کورد‌و
ئێرانی‌دا به‌خۆگرتوه،" که لێره‌دا چاوپێککه‌وتن له‌گه‌ڵ د. ره‌فيق
سابيردا بڵا کراوه‌ته‌وه و "سه‌لاحه‌دين بايه‌زيدی" ناوێک ئه‌مه‌ی
ئاماده‌کردووه.
ئه‌م ديداره له رۆژنامه‌ی (رۆژنامه) و له
ماڵپه‌ڕی (سبه‌ی) يشدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و، به پێويستمزانی لێی بێده‌نگ
نه‌بم.
ئه‌مه‌يه
پرسياری سێيه‌م:
بۆچی چه‌پ له کوردستاندا له‌ناو
کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌چه‌سپاوه‌و وه‌ک گوتارێکی رۆشنبیری بونی نه‌بوه‌و
زیاتر
وه‌ک ئامرازێکی ئه‌حزابی سیاسی
به‌کارهاتوه؟
د.ره‌فيق له وه‌ڵامی ئه‌م پرسياره‌دا ده‌ڵێت: "
تا
ئه‌وکاته‌ی گه‌لی کوردستان مافی خۆبڕیاردانی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یی
نه‌بێت، ناکرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بین که فیکر‌و کلتوری چه‌پ له
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا کاریگه‌ری زۆرتریان هه‌بێت،"! ئه‌مه بۆچونێکی
ورد نيه، وه‌ک چۆن داڕشتنی پرسياره‌که له راستيه‌وه دوره، چونکه
ئه‌زمونی مێژويی پێمانده‌سه‌لمێنێ که گه‌لێ کورد به‌شێوه‌يه‌کی
ته‌واويی مافی بڕياردانی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌يی خۆی هه‌يه، به‌ڵام
دوژمنان رێگه‌يان نه‌داوه ئه‌م مافه په‌يڕه‌وبکات، بۆيه ده‌کرێ
وێڕای ئه‌وه فیکر‌و کلتوری چه‌پ له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا کاریگه‌ری
زۆرتریان هه‌بێت و ببنه فيکرو کوڵتورێکی جه‌ماوه‌ری و کاريگه‌ر له
پێناو په‌يڕه‌وکردنی ئه‌و مافه ره‌وايه‌دا. پاشان راسته‌وخۆ ده‌ڵێ:
"ساڵانێکی زۆر چه‌پی کورد له‌نێو بزاڤی رزگاریخوازیی کورد یان دوربوه
یان هێزێکی لاوه‌کی بوه."! باشده‌بو نوسه‌ر ئه‌و ساڵانه‌ی به
کۆنکرێتی دياری بکردايه. چونکه ئاشکرايه‌و خاسيه‌تێکی وڵاتی ئێمه‌يه
که چه‌پی کورد له‌نێوجه‌رگه‌ی بزاڤی رزگاریخوازیی کوردا بوه‌و لێی
دورنه‌بوه‌و هێزێکی لاوه‌کیش نه‌بوه، ئه‌مه‌ش به‌چی دياری ده‌کرێ؟
به‌و رۆڵه گرنگه‌ی که له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌دا گێڕاويه‌تی و
ته‌نانه‌ت لاباڵی چه‌پ له‌ناو حزبه‌کانیتريشدا رۆڵێکی ديارو نادياريان
بوه.
نوسه‌ر له‌سه‌ری ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: " هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک کاتێک
روبه‌ڕوی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته‌وه‌و پێناسه (شوناس)ی
نه‌ته‌وه‌یی‌و زمان‌و کلتوره‌که‌ی ده‌که‌ونه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی
پێناسه‌و کلتورو زمانێکی بێگانه، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ی ئازادیی
نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک هه‌ر ده‌بێته به‌شێک له میکانیزمی خۆپاراستن‌و
مانه‌وه، به‌ڵکو ده‌شبێته به‌شێکی گرنگی پێداویستییه‌کانی
گه‌شه‌کردنی ئابوری، کلتوی‌و سیاسیی نه‌ته‌وه‌که."! " کاتێک مرۆڤ
له‌سه‌ر کوردبون سزا ده‌درێت، كلتور‌و زمانه‌که‌ی ده‌کوژرێن،
ده‌رفه‌تێکی زۆر بۆ خه‌باتی چینایه‌تی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی نامێنێته‌وه"!
لێره‌دا سه‌رنج بده‌ن، ئه‌گه‌ر به‌شی يه‌که‌می بۆچونه‌که‌ی راستبێ،
له‌به‌شی دوه‌ميدا خۆێ به هه‌ڵه‌دا ده‌بات. چونکه ئه‌زمونه‌که
سه‌لماندويه‌تی که ـ تکايه به وردی سه‌رنج بده‌ن ـ ئه‌گه‌رچی مرۆڤ
له‌سه‌ر کوردبون سزا دراوه، به‌ڵام هێزنه‌بوه بتوانێ كلتور‌و
زمانه‌که‌ی بکوژێت. راسته رێگه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی
ته‌نگه‌به‌رکردۆته‌وه، به‌ڵام نه‌يتوانيوه بيکوژێت. ئينجا نوسه‌ر
رونی نه‌کردۆته‌وه له‌به‌رچی "ده‌رفه‌تێکی زۆر بۆ خه‌باتی چینایه‌تی‌و
کۆمه‌ڵایه‌تی نامێنێته‌وه"! له کاتێکدا ئه‌زمونی هه‌مو گه‌لان و گه‌لی
ئێمه‌ش سه‌لماندويانه که خه‌باتی چينايه‌تی و کۆمه‌ڵايه‌تی داينه‌مۆی
پێشکه‌وتنه‌و، وه‌ک مانيفێستی پارتی کۆمونيست ــ مارکس وئه‌نگلس ــ
جه‌ختی له‌سه‌ر کردۆته‌وه، مێژوی هه‌مو کۆمه‌ڵێک تاکو ئێستا مێژوی
خه‌باتی ناوچينه‌کانه‌و، پێموايه تا چينه‌کانی ناوکۆمه‌ڵ هه‌بن
ده‌رفه‌تێکی زۆريش بۆ خه‌باتی چينايه‌تی هه‌ر هه‌يه‌و، له هه‌ندێ
قۆناغدا زه‌قتر ده‌رده‌که‌ون.
دوای ئه‌وه د. ره‌فيق ده‌ڵێ: " له‌مجۆره دۆخه‌دا، به‌بۆچونی من
خه‌بات بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌بێته خه‌باتێکی دیموکراتانه‌و
چه‌پانه."! وه‌ک خه‌بات بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له خۆي‌دا
خه‌باتێکی دیموکراتانه‌و چه‌پانه نه‌بوبێت. نوسه‌ر ده‌ڵێت:
"چه‌په‌کانی کورد زۆر دره‌نگ له‌م راستییه گه‌یشتن"! پێش هه‌موشتێک
به‌راستی نازانم که چه‌په‌کانی کورد به‌وه تاوانبار بکرێن که زۆر
دره‌نگ له‌و راستییه گه‌یشتون و هه‌ندێکیان هێشتا نایانه‌وێت یان
ناتوانن تێیبگه‌ن و جا هه‌ندێکيان تێيبگه‌ن ياننا له‌و راستيه
ناگۆڕێت.
ئينجا ده‌ڵێت: " ئایا چه‌پبون ته‌نها کۆمه‌ڵه "ئایه‌ت"ێکی
ئایدیۆلۆژییه که مرۆڤ له‌به‌ری بکات‌و هه‌وڵبدات له هه‌ر
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌که،
جیبه‌جێیان بکات؟"! ئينجا به‌ڕێزی رونی نه‌کردۆته‌وه کێ وای گوتوه؟
کێ ده‌ڵێ تايبه‌تمه‌نديی کۆمه‌ڵگه‌که له‌به‌رچاونه‌گيرێت؟. که نوسه‌ر
دوای ئه‌وه ده‌ڵێيت "ئایا پاراستنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له سته‌م‌و
کۆمه‌ڵکوژی‌و ناعه‌داله‌تی نه‌ته‌وه‌یی‌و داکۆکیکردن له زمان‌و
کلتورێکی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو، کارێکی چه‌پانه‌و دادپه‌روه‌رانه نییه؟"،
ده‌ڵێم به‌ڵێ ده‌ق وايه‌و وه‌ک ده‌ڵێيت "چه‌پ له زۆر وڵاتی
ناوچه‌که‌دا که گرفتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوه، ته‌نها ئه‌و کاتانه
قورسایی سیاسیی له کۆمه‌ڵدا هه‌بوه که خه‌باتی چه‌پانه‌و
عه‌داله‌تخوازانه‌ی خۆی به خه‌باتی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی‌و
نیشتمانییه‌وه گرێداوه."! به‌ڵام راستوايه وشه‌ی " ته‌نها" له‌و
بڕگه‌يه لابدات.
که به‌ڕێزی ده‌ڵێيت: " چه‌پی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستان، که
به رای من له ناوه‌رۆکدا هه‌ڵگری خواستی ناسیۆنالیستیی ئه‌و
نه‌ته‌وانه بون، تاوانیان به‌رامبه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌یان‌و باوه‌ڕو
پره‌نسیپه ئه‌خلاقییه‌کانی خۆیان کردوه کاتێک له‌لایه‌که‌وه چه‌په
کورده وابه‌سته‌کانی خۆیان له ته‌ڤگه‌ریی رزگاریخوازیی کورد دابڕی،
له‌لایه‌کی دیه‌وه له سته‌م‌و شه‌ڕی داسه‌پاوی ده‌وڵه‌ته‌کانیان
به‌سه‌ر کورددا بێده‌نگ بون‌و ته‌نانه‌ت له زۆر کاتدا پشتگیریی
ده‌وڵه‌ته ناسیۆناله شۆڤێنیسته‌کانی خۆیان کردوه، به‌و بیانوه‌ی که
گوایا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دژی ئیمپریالیزمن. ئه‌زمونی کورد له‌گه‌ڵ
حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی توده، حیزبی کۆمۆنیستی تورکی‌و سوری، چه‌پی
مارکسی‌و چه‌په کورده وابه‌سته‌کانی ئه‌و حیزبانه‌یان له کوردستاندا
لاواز‌و بێ ئیعتیبار کردوه."!!
ئه‌م بڕگه‌يه‌ی نوسه‌ر چه‌ند تێزێکی نادروست و ناته‌واويه‌کی ئاشکرای
تێدايه:
ــ به‌ڵگه‌يه‌کی ده‌رنه‌خستوه که "چه‌پی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی
کوردستان هه‌ڵگری "خواستی ناسیۆنالیستیی" ئه‌و نه‌ته‌وانه بوبن، که
له واقيعدا وا نيه‌و، هه‌ر هه‌مويان به‌وجۆره‌نه‌بون و نمونه‌ش زۆره
که هه‌ڵگری گه‌لێک خواستی پێشکه‌وتنخوازانه بون.
گومانی تێدا نيه که "خواستی ناسیۆنالیستیی" نه‌ته‌وه‌يه‌کی
ژێرده‌سته زۆر جياوازه له"خواستی ناسیۆنالیستیی" نه‌ته‌وه‌يه‌کی
سه‌رده‌سته. چه‌پی نه‌ته‌وه‌يه‌کی سه‌رده‌سته ئاساييه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ
خواستی ره‌وايانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆيدابێت و، مه‌رج نيه له‌گه‌ڵ
هه‌موو خواسته‌کانی ناسيۆناليستی نه‌ته‌وه‌که‌يدابێت، به‌ڵام مه‌رجه
له‌گه‌ڵ خواسته‌کانی نه‌ته‌وايه‌تيی نه‌ته‌وه‌يه‌کی ژێرده‌سته‌دابێ،
چونکه لێنين واته‌نی خواست وئامانجی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌و
ته‌ڤگه‌ره‌که‌ی له کرۆکدا ديموکرتيانه‌يه.
ــ تاوانبارکردنی چه‌په‌کانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان به‌وه‌ی چه‌په
کورده"وابه‌سته‌کانی" خۆیان له ته‌ڤگه‌ریی رزگاریخوازیی کورد
دابڕيوه، راست نيه، چونکه چه‌په کورده‌کان نه وابه‌سته بون
نه‌دابڕاو له ته‌ڤگه‌ریی رزگاریخوازیی گه‌له‌که‌ی خۆيان.
ــ چه‌په‌کان ئه‌وه‌نده‌ی بۆيان کرابێ له سته‌م‌و شه‌ڕی داسه‌پاوی
حکومه‌ت نه‌ک " ده‌وڵه‌ت" به‌سه‌ر کورددا بێده‌نگ نه‌بون‌و، "پشتگیریی
ده‌وڵه‌ته ناسیۆناله شۆڤێنیسته‌کانی خۆيان" نه‌کردوه، به‌و
بيانوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دژی ئيمپرياليزمن، وه‌ک نوسه‌ر بۆی چوه،
دژايه‌تيکردنی ئه‌و ئيمپرياليزمه که باسی ده‌کات له‌و قۆناغه‌دا
ئامانجێکی به‌رنامه‌يی هه‌مو حزبه‌کانیتريش بوه سه‌ربه هه‌ر
نه‌ته‌وه‌يه‌ک بوبن، نه‌ک ته‌نيا چه‌په‌کان.
ــ "ئه‌زمونی کورد له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی توده، حیزبی
کۆمونیستی تورکی‌و سوری"، وه‌ک يه‌ک نيه، وه‌ک نوسه‌ر هه‌مويانی
خستۆته سه‌به‌ته‌يه‌که‌وه!. به‌ڕای ئێمه، حزبه‌کانی وه‌ک توده‌و
کۆمونیستی ئێرانی وتورکی‌و سوریش، وێڕای هه‌ندێ که‌م و کوڕی و
ناته‌واوی، زۆرلاپه‌ڕه‌ی گه‌شه‌داريان به‌رانبه‌ر کورد تۆمار کردوه.
ــ چه‌پی مارکسی‌و چه‌په کورده‌کانيش وه‌ک باسمانکرد " وابه‌سته"ی
هيچ حیزبێک نه‌بون و، له‌کوردستانيشدا هێنده "لاواز‌و بێ
ئیعتیبارنين" وه‌ک نوسه‌ر باسی کردون !!. باشتر وايه له‌مه‌دا
گه‌لێک هۆکاریتريش له‌به‌رچاو بگيرێن که هه‌ندێکيانی لاوازکردوه نه‌ک
بێ ئيعتيبار.
جا به کام پێوه‌ر ره‌وايه هه‌ڵوێستی چه‌په‌کان به‌گشتی و
بێلێکۆڵينه‌وه به " هه‌لپه‌رستانه" ناوزه‌د بکرێت؟
له دوای ئه‌م بڕگه‌يه‌وه د.ره‌فيق باده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت ئه‌مه
ئه‌وه ناگه‌يه‌نێت که: "چه‌پ وه‌ک گوتارێکی روناکبیری بونی نه‌بوه"و
له‌سه‌ری زياد ده‌کات و ده‌ڵێت: " راسته ژیانی روناکبیریی ئێمه تا
راده‌یه‌کی زۆر ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی سیاسیمانه، به‌ڵام گوتاری چه‌پ
له باشوری کوردستاندا، له کۆتایی ساڵانی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی
رابردوه‌وه تا کۆتایی هه‌شتاکانی، گوتارێکی دیار‌و کاریگه‌ریش بو، به
رای من ئه‌م گوتاره تا راده‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ری له ژیانی روناکبیریی
ئێمه کردوه‌و بیری پێشکه‌وتنخوازانه‌و کۆمه‌ڵه پره‌نسیپێکی نوێی
کۆمه‌ڵایه‌تی‌و عه‌داله‌تخوازانه‌و بیری یه‌کسانبونی گه‌لان‌و ژن‌و
پیاو سێکولاریزم (عه‌لمانیه‌ت)ی له کۆمه‌ڵی کوردستاندا به‌هێز کردوه،
ئه‌مانه‌ش له تێڕوانینی به‌شێکی زۆری روناکبیران‌و له‌نێو كلتوری
کورد‌و ئایدیۆلۆژیای بزاڤی رزگاریخوازیی کورددا، به زه‌قی ره‌نگیان
داوه‌ته‌وه"، ده‌ی با دکتۆر ره‌فيق سه‌رفرازبێت، به‌ڵام
بادانه‌وه‌که‌ی که‌مێک دواخستوه.
پرسياری چواره‌م:
رێکخراوی حیزبی شیوعی عێراق چ
کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد هه‌بوه؟
له وه‌ڵامي ئه‌م پرسياره‌دا د. ره‌فیق به شه‌رمه‌وه ده‌ڵێ:
"حیزبی شیوعی عێراق له‌ڕوی فیکری، سیاسی‌و رێکخستنه‌وه هه‌م
کاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤ‌و هه‌م کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی به‌رامبه‌ری
جوڵانه‌وه‌ی کورد هه‌بوه"، پێده‌چێ له‌م نيوه‌يه‌ی رسته‌که‌يدا که
باسی "کاريگه‌ريی نێگه‌تيڤی حزب" ده‌کا مه‌به‌ستی قايل کردنی به‌ره‌ی
راستڕه‌وانی کوردبێ، بۆيه ئه‌و پارسه‌نگيه ناڕه‌وايه دروست ده‌کات.
لێره‌وه کاک ره‌فيق دوای ناوبردنی دامه‌زراندنی حزبی شيوعی له
1934دا و" دابه‌ش کرانه‌وه‌ی کوردستان و، نه‌توانينی ته‌ڤگه‌ری سیاسیی
کورد که خۆی له رێکخراوێکی مۆدێرنی سیاسی‌دا رێک بخات و، خه‌بات بۆ
سه‌ربه‌خۆبونی باشوری کوردستان له عێراق، به‌تایبه‌تی له‌نێو
روناکبیراندا به‌رده‌وام بو" ده‌ڵێت: " بۆیه تا ناوه‌ڕاستی چله‌کان‌و
گه‌رمه‌ی شه‌ڕی دوه‌می جیهانی، ئه‌م حیزبه هیچ شوێن‌و نفوزێکی سیاسیی
له کوردستاندا نه‌بو "! تکايه سه‌رنجی ئه‌م "بۆيه"يه‌ی بده‌ن و
بزانن بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و چۆن هاوپه‌يوه‌ندی کردوه له‌گه‌ڵ
دێڕه‌کانی پێشتريداو، راستوابو تۆژينه‌وه‌که‌ی بابه‌تيانه‌تربێت و بڵێت
هۆی ئه‌و لاوازيه‌ی ئه‌م حیزبه که ئه‌وکاته شوێن‌و نفوزی سیاسیی له
کوردستاندا وه‌ک پێويست نه‌بو، له‌زۆر ناوچه‌ی عيراقيشدا هه‌روابوو،
ئه‌گه‌رچی ناتوانرێ بگوترێ "هيچ شوێن‌و نفوزێکی سیاسیی له کوردستاندا
نه‌بو" ، ئه‌وه‌بو که حزب تازه دامه‌زرابو، مه‌به‌ست له ساڵانی 934
تا 1944ـ ه.
له
ساڵی 1944دا کۆنفرانسی يه‌که‌م و له1945 دا کۆنگره‌ی يه‌که‌می حشع به
سه‌رکردايه‌تی هاوڕێی نه‌مر فه‌هد پێکهات و ناوی رۆژنامه‌ی ناوه‌نديی
حزب بۆيه کرايه ( القاعدة) چونکه ئه‌رکی يه‌که‌می حزب فراوانکردنی
بنکه‌ی حزبی بو. ئيتر چۆن ده‌بێ له‌و سه‌رو‌به‌نده‌ی سه‌ره‌تادا
ره‌خنه‌ی وا بگيرێت که حزب "هیچ شوێن‌و نفوزێکی سیاسیی له کوردستاندا
نه‌بوه"؟!
راسته وه‌ک نوسه‌ر ده‌بێژێ"تێکشکانی نازیزمی ئه‌ڵمانی‌و سه‌رکه‌وتنی
به‌ره‌ی گه‌لان له شه‌ڕدا، گوڕوتینێکی نوێی به حیزبه شیوعییه‌کانی
ناوچه‌که، له‌وانه حیزبی شیوعی عێراق، به‌خشی. ئه‌وه‌بو ئه‌م حیزبه،
وه‌ک حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری که‌وته
په‌لهاویشتن بۆ کوردستان" سه‌رنج بده‌ن: " په‌لهاويشتن بۆ
کوردستان" نه‌ک دامه‌زراندنی رێکخراوی شيوعی و بڵاوبونه‌وه‌ی له‌ناو
کوردستاندا له ئه‌نجامی زۆر هۆکاردا که گرنگترينيان ناکۆکی چينايه‌تی
و باری ناوخۆی کوردستان بو، دياره خوێندکارانی کوردستان له به‌غداو
حزب خۆيشی رۆڵێکی گه‌وره‌ی هه‌بوه بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی باوه‌ڕه‌کانی حزب
و دامه‌زراندنی رێکخراوه‌کانی حزب. هاوڕێ فه‌هديش داوای له
تێکۆشه‌رانی کوردکرد که حزبی خۆيان پێک‌بێنن و له‌لايه‌ن
شيوعيه‌کانه‌وه کۆمه‌کيان ده‌کرێ. چونکه ئه‌و کاته هێشتا پارتی
ديموکراتی کورد دانه‌مه‌زرابو.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: "له‌وکاته به‌دواوه مێژوی په‌یوه‌ندیی ئه‌م حیزبه‌و
بزاڤی رزگاریخوازیی کورد، که هه‌ندێکجار ته‌بایانه‌و هه‌ندێکجار پڕ
له ناکۆکی‌و ته‌نانه‌ت خوێناوی بوه، ده‌ستپێده‌کات"!. دياره ئه‌م
بۆچونه زياده‌ڕۆيی و زۆرپێوه‌نانی پێوه ده‌بيندرێت. چونکه راست
نيه مێژوی په‌یوه‌ندیی ئه‌م حیزبه‌و بزاڤی رزگاریخوازیی کورد " پڕ
له ناکۆکی‌و ته‌نانه‌ت خوێناوی بوه"! ناکۆکيه‌کانيش هۆکاری
چينايه‌تيان له پشته‌وه بوه‌و ئێستاش هه‌روايه. به‌ڵام مه‌رج نيه
خوێناوی بێت. لێره‌دا ئه‌م پرسياره دێته‌کايه‌وه: ئايا ناوخۆی بزاڤی
رزگاريخوازيی کورديش ناکۆکی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی خوێناويی چه‌ند ساڵه‌ی
تێدا نه‌بوه؟ جا ئه‌گه‌ر هه‌ندێ ناکۆکيی و پێکداهه‌ڵپژانی سنوردار،
له ئه‌نجامی هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی که‌م و زۆری هه‌مو لايه‌نه‌کان و جاروبار
به فيتی دژمنان قه‌ومابێت، ئه‌مه ده‌بێته مێژوی په‌يوندی که سه‌دان
لاپه‌ڕه‌ی رۆشنی تێدايه؟.
پاش
ئه‌وه د. ره‌فيق دان به‌هه‌ندێ راستيدا ده‌نێت که ده‌ڵێت: حزب "
ته‌ڤگه‌رێکی فیکری‌و سیاسیی نوێ بو بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق که
تازه له‌ژێر وێرانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ستابوه‌وه‌و روبه‌ڕوی
سته‌می کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی بوبوه‌وه، ئه‌م حیزبه له
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که نوقمی دواکه‌وتویی، نه‌خوێنده‌واری‌و خورافه بو،
پێشه‌نگی بیری سێکولار (عه‌لمانی)و رۆشنگه‌ری‌و سۆسیالیستی‌و خه‌باتی
کۆمه‌ڵایه‌تی‌و رزگاریخوازی بو، سه‌رکه‌وتنی ئه‌م حیزبه، به‌ر له
هه‌ر شتێک له‌وه‌دابو که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پڕ له سته‌می
کۆمه‌ڵایه‌تی‌و چینایه‌تی‌و ژێرده‌سته‌ی کۆلۆنیالیزمدا، توانی خه‌باتی
رزگاریخوازیی نیشتمانی‌و خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و چینایه‌تی پێکه‌وه
گرێ بدات".
لێره‌دا دوای ئه‌مه، د، ره‌فيق ديسان به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت وسنورێک بۆ
ئه‌وه داده‌نێت که حزب ته‌ڤگه‌رێکی رزگاريخوازی بوه، گوايه تا
شۆڕشه پيرۆزه‌که‌ی 14 ی ته‌موزی 1958وابوه که به "کوده‌تا"ی
ناوده‌بات! ئیتر به ناڕاستی لافی ئه‌وه لێده‌دات گوايه " ئه‌م
حیزبه داکۆکیی له هه‌ندێک مافی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد ده‌کرد،
به‌ڵام له‌دوای ئه‌م کودێتایه‌وه، دیلێما (ته‌نگژه)ی فیکری‌و
ئایدیۆلۆژی‌و سیاسیی ئه‌م حیزبه شه‌ڕو کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد‌و
جوڵانه‌وه‌که‌یدا ده‌ستپێده‌کات"!!.
با
لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌يه‌ک بکه‌ين و سه‌رنج بده‌ين
د.ره‌فيق چی ده‌بێژێ؟ حزب "داکۆکی له "هه‌ندێک"! مافی نه‌ته‌وه‌يی
گه‌لی کورد ده‌کرد"!! به‌ڵام پيشانی نه‌داوه ئه‌و
مافه‌نه‌ته‌وه‌ييانه‌ی گه‌لی کورد کامانه‌ن که گوايه حزب داکۆکی
لێنه‌کردون؟ تۆ بڵێي کاک ره‌فيق سه‌رنجی ئه‌و هه‌مو بڵاوکراوانه‌ی حزب
و لايه‌نه نيشتيمانپه‌روه‌ره‌کانی نه‌دابێ، يان بێئاگابێ له هه‌مو
هه‌ڵوێست و قوربانيه گرانبه‌هاکانی حزب بۆ داکۆکی کردن له ته‌واوی
مافه نه‌ته‌وه‌ييه ره‌واکانی گه‌لی کوردمان؟. کاک ره‌فيق که خۆی
له‌ناو حزب و له کۆڕی تێکۆشاندابوه، هه‌ر به‌وه‌نده به‌سناکات و
ده‌ڵێت:
"له‌دوای ئه‌م کودێتایه‌وه ـ دياره له‌م دواييانه‌دا فره به زمانی
خۆشه شۆڕشه پيرۆزه‌که‌ی 14ی ته‌موز به کوده‌تا ناوزه‌دبکات و بڵێت:
"... ئه‌م حیزبه‌و شه‌ڕو کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد‌و
جوڵانه‌وه‌که‌یدا ده‌ستپێده‌کات"!!. ئاوا به ناڕه‌وا حزبی شه‌هيدان
ده‌کاته حزبێکی "شه‌ڕانی"وگوايه "کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ گه‌لی
کوردوجوڵانه‌وه‌که‌يدا" ده‌ستپێکردوه!.
ده‌بو
د.ره‌فيق سابير وه‌ک توێژه‌ره‌وه‌يه‌ک واقيعبينانه بيگوتايه که شه‌ڕو
کێشه‌کانی به هيچ جۆرێک له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد‌و جوڵانه‌وه‌که‌يدا
نه‌بوه، به‌ڵکو حزب به‌رگريی له بون و مانه‌وه‌ی خۆی کردوه‌و به‌رگری
کردنيش مافێکی ره‌وايه‌و، نامه‌وێ برينی کۆن و ساڕێژبو بکولێنمه‌وه‌و،
ته‌نيا له د.ره‌فيق ده‌پرسم: کێ وبه فه‌رمانی کێ له ساڵی 1964دا
ده‌به‌يه‌ک نه‌وتيانکرد به‌سه‌ر سه‌رکرده‌ی جوتيارانی سلێمانی و
ئه‌ندامی ليژنه‌ی ليوای سلێماني‌ی حزب هاوڕێ ئه‌وره‌حمانی سالحي خدر‌و،
هاوڕێ مه‌لا عه‌لیی شيوعيی سه‌رکرده‌ی کرێکارانی سلێمانی و سکرتێری
نه‌قابه‌ی کرێکارانی ئاو‌و کاره‌بای شاره‌وانيی سلێمانيداو هه‌ردوکيان
به زيندويی سوتاندن؟.چه‌ندان تاوانی ديکه‌شيان ئه‌نجام دا.. هێزه‌کانی
کێ په‌لاماری پێشمه‌رگه‌کانی لقی ده‌ی تێکۆشه‌ريان له قه‌ره‌داغ دا؟
..تاد.
حزبی ئێمه به درێژايی مێژوی پڕ له شانازيی خۆی نه‌ک شه‌ڕی له‌گه‌ڵ
گه‌لی کورد نه‌کردوه، به‌ڵکو له‌ڕيزه‌کانيداو له پێناو مافه‌کانيدا
به‌نرخترين قوربانيی به‌ختکردوه‌و، هه‌ڵه‌کردنی حزب له‌هه‌ندێ بواردا،
که ئازايانه ره‌خنه‌ی له‌و سياسه‌تانه‌ی خۆی گرتوه هيچ له
راستيه‌کانی تێکۆشان ناگۆڕێت.
دوای
ئه‌م هه‌مو راستی به‌رئاوه‌ژوکردنه‌وه‌يه کاک د. ره‌فيق به‌خێرێ دێت به
گوته‌ی خۆی‌لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کان له‌م خاڵانه‌دا چڕده‌کاته‌وه:
"1-
حزبی شیوعیی عێراق ... قه‌ت رۆژێک له رۆژانه دانی به‌و راستییه‌دا
نه‌نا که کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو به زۆر به عێراقه‌وه
لکێنراوه‌و گه‌له‌که‌ی وه‌ک هه‌ر گه‌لێکی ژێرده‌سته‌و وڵات
داگیرکراو، مافی خۆیه‌تی له ژێرده‌ستیی بێگانه زرگاری ببێت‌و
سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه حیزبی
شیوعی له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵگری هه‌مان ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیانه‌و
داگیرکه‌رانه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب‌و ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق بو.
له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق به زه‌بری له‌شکرو کوشتاری
خه‌ڵکی کوردستان ده‌یویست کوردستان به ژێرده‌ستی له‌نێو چوارچێوه‌ی
داتاشراوی عێراقدا بهێڵێته‌وه، که‌چی حیزبی شیوعی بۆ ته‌واوکردنی
کار‌ی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی عه‌ره‌ب، به زه‌بری شمشێری ئایدیۆلۆژی‌و
تێڵای فیکری‌و به خیانه‌تدانانی هه‌ر ویستێکی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی
جوڵانه‌وه‌ی کورد، هه‌مان کار‌ی ئه‌نجام ده‌دا، له‌مه‌یشدا هێزی خۆی له
سۆڤیه‌ت‌و بلۆکی سۆسیالیستی‌و ته‌نانه‌ت ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب
وه‌رده‌گرت. حیزبی شیوعی بیری ناسیۆنالیستانه‌ی خۆی به تێزێکی
گومڕاکارانه داپۆشی بو که پوخته‌که‌ی ئه‌وه بو: گه‌لانی عێراق، به
کورد‌و عه‌ره‌ب‌و که‌مینه نه‌ته‌وه‌کانییه‌وه، له‌ژێر ده‌ستی
کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانیدان، رزگاربونی عێراق له کۆلۆنیالیزم واتای
رزگاربونی هه‌موانه، بۆیه کورد وه‌ک عه‌ره‌ب، ده‌بێت خه‌بات دژی
کۆلۆنیالیزم بکاته ئامانجی سه‌ره‌کی خۆی. بزاڤی رزگاریخوازیی کورد
له‌به‌رده‌م په‌لاماری سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و په‌لاماری
ئایدیۆلۆژی‌و سیاسیی حیزبی شیوعیدا، دروشمی رزگارکردنی کوردستانی گۆڕی
بۆ ئۆتۆنۆمی، که دروشمی حیزبی شیوعی بو، به‌مه‌ش داگیرکردنی
کوردستان‌و مانه‌وه‌ی له‌نێو چوارچێوه‌ی عێراقدا، لای کورد خۆی
ره‌وایه‌تیی پێدرا. به بۆچونی من به‌بێ ئه‌م شه‌ڕه فیکری‌و
ئایدیۆلۆژی‌و سیاسییه‌ی حیزبی شیوعی، که هه‌مان هه‌ڵوێستی شۆڤێنیستانی
عه‌ره‌ب بو، ئاسان نه‌بو داگیرکردنی کوردستان لای خه‌ڵکی کورد‌و
جوڵانه‌وه‌ی کورد، هێنده به ئاسانی بگۆڕدرێت به راستییه‌کی
قبوڵکراو."!!
ئه‌مه ده‌قی خاڵی يه‌که‌می قسه‌کانی نووسه‌ر
بوو.
سه‌رنجبده‌ن کاک ره‌فيق ئايدۆلۆژيا به شمشێرو فيکر به تێڵا
ناوده‌بات!! جا ئه‌گه‌ر ئه‌م نووسينه‌ی له‌م سه‌روبه‌نده‌دا گومڕا کردن
نه‌بێت، ئه‌ی گومڕاکردن چۆنه؟.
ــ حزبی شيوعی يه‌که‌م حزب بوه له عيراقدا که ته‌نانه‌ت له پێش
هه‌مو حزبه کورديه مۆدێڕنه‌کانه‌وه رايگه‌ياندوه که کوردستان
داگيرکراوه‌و به ده‌ستی ئیمپرياليزم دابه‌شکراوه‌و، دوای رزگاربون له
کۆلۆنياليزم، حزب وبزوتنه‌وه‌ی نيشتيمانی و، ته‌ڤگه‌ری رزگاريخوازی
کوردستانێش، ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدابێ دروشمی ده‌وڵه‌ت و جيابونه‌وه‌ی
کوردستانيان له عێراق هه‌ڵنه‌گرتوه. ئه‌وه حزبی ئێمه‌بوه که مافی
بڕياردانی چاره‌نوسی هه‌موو گه‌لانی بڕيارداوه‌و له پێش
هه‌مويانه‌وه، گه‌لی کورد که چه‌ندانجار له به‌رنه‌مه‌کانی حزبدا
جه‌ختيان له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه که گه‌لی کورد مافی ره‌وای بڕياردانی
چاره‌نوسی خۆی به‌ده‌ستی خۆی هه‌يه به جيابونه‌وه‌ش ودامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌تی خۆی و مافی يه‌کێتی نه‌ته‌وه‌يی، واته يه‌کگرتنه‌وه‌ی
هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان له ده‌وڵه‌تی خۆي‌دا.
حه‌زم نه‌ده‌کرد پياوێکی به‌ڕێزو شاعيرێکی داهێنه‌ری وه‌ک کاک ره‌فيق
سابير بنوسێت: حزبی شيوعی "هه‌ڵگری هه‌مان ئایدیۆلۆژیای
کۆلۆنیالیانه‌و داگیرکه‌رانه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب‌و ده‌وڵه‌تی
داگیرکه‌ری عێراق بو"!. چونکه حزبی شيوعي حزبێکی نه‌ناسراو نيه‌و
سياسه‌ته‌که‌شی شاراوه نيه، تا ئاوه‌ژوکردنه‌وه‌ی راستيی ئاوا
به‌رويدا بدرێت. ده‌بێ خوێنه‌ران چی به نوسه‌ری ئه‌و دێڕانه بڵێن که
له‌م کاته هه‌ستياره‌ی پێش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌کاندا بۆچونی
ناڕه‌وای له‌و چه‌شنه‌ی بدرێ به روودا!
کوا به‌ڵگه‌و تاقه دۆکومێنتێکی نوسه‌ر که‌له خۆڕايی ده‌ڵێت:
"له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق به زه‌بری له‌شکرو کوشتاری
خه‌ڵکی کوردستان ده‌یویست کوردستان به ژێرده‌ستی له‌نێو چوارچێوه‌ی
داتاشراوی عێراقدا بهێڵێته‌وه، که‌چی حیزبی شیوعی بۆ ته‌واوکردنی
کار‌ی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی عه‌ره‌ب، به زه‌بری شمشێری ئایدیۆلۆژی‌و
تێڵای فیکری‌و به خیانه‌تدانانی هه‌ر ویستێکی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی
جوڵانه‌وه‌ی کورد، هه‌مان کار‌ی ئه‌نجام ده‌دا"! به‌پێی ئه‌م لۆژيکه نا
دروسته ده‌بێ حزبی شيوعی ئايديۆلۆژی و فيکری مارکسی ـ لێنينی خۆی بۆ
ئامانجه‌کانی خۆی و چين و گه‌له‌که‌ی وبڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشمه‌ندی
به‌کارنه‌هێنابێ، به‌ڵکو بۆ ته‌واوکردنی کار‌ی ده‌وڵه‌تی ناسيۆنالی
عه‌ره‌ب! به‌ڵام ناڵێ که‌ی و له سه‌رده‌می کام رژێمی ديکتاتۆردا؟
چونکه ئه‌گه‌ر به کۆنکرێتی ئه‌وه بنوسێ خه‌لکی ده‌ڵێن ئه‌مه له
پڕوپوچ به‌ده‌ر شتێکی‌تر نيه. چونکه ئاگادارن چۆن شيوعيه‌کان گيان
له‌سه‌رده‌ستانه له‌دژی هه‌مو رێژيمه دکتۆره‌کان وبه‌هاوکاری له‌گه‌ڵ
ته‌واوی لايه‌نه‌کانی ديکه‌ی بزاڤی رزگاريخوازيی گه‌لی کوردستان
وعيراقدا خه‌باتی به‌رده‌واميان کردوه. ده‌ی سا بۆچی نوسه‌ر پێمان
ناڵێت حزبی ئێمه "کام ویستی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی جوڵانه‌وه‌ی کورد" ی به
خيانه‌ت داناوه؟ و که‌ی جوڵانه‌وه‌ی کورد، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که
نوسه‌ر باسيان ده‌کات تا ئێستا داوای سه‌ربه‌خۆيی کردوه؟!
نوسه‌ر له‌وه‌دا که ده‌ڵێت: "بزاڤی رزگاریخوازیی کورد له‌به‌رده‌م
په‌لاماری سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و په‌لاماری ئایدیۆلۆژی‌و سیاسیی
حیزبی شیوعیدا، دروشمی رزگارکردنی کوردستانی گۆڕی بۆ ئۆتۆنۆمی"!
ئه‌مه‌ش فڕی به راستيه‌وه نيه. چونکه، يه‌که‌م: بزاڤی رزگاریخوازیی
کورد له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌يلولدا دروشمی رزگارکردنی کوردستانی
هه‌ڵنه‌گرتبو تا بيگۆڕێت. دوه‌م: حکومه‌تی عيراق نه‌ک "ده‌وڵه‌ت"، رێی
تێناچێت به په‌لاماری سه‌ربازی دروشمی (ئۆتۆنۆمی ـ حوکمی زاتی)
داسه‌پێنێ، چونکه له‌دژی ساده‌ترين مافی نه‌ته‌وايه‌تی گه‌له‌کمان بو
چ جای ئۆتۆنۆمی. راسته دروشمی ئۆتۆنۆمی يه‌که‌مجار له‌لايه‌ن حزبی
شيوعيه‌وه له به‌ڵگه‌نامه‌ی (سياسه‌تمان و رێگامان بۆ چاری
مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وايه‌تی کورد 1962 راپۆرتی کۆميته‌ی ناوه‌ندی)
دارێژراو لێکدرايه‌وه‌و به‌رزکرايه‌وه، که له‌لايه‌ن پارتی ديموکراتی
کورستان وشۆڕشی ئه‌يلول وگه‌له‌که‌مانه‌وه به‌سه‌رۆکايه‌تی بارزانيی
نه‌مر په‌سندکراو، بوه دروشمی شۆڕش و پارتيش. ئه‌وه‌ی ئه‌م دروشمه‌ی
به‌سه‌ر حکومه‌تی ره‌فتار فاشيی به‌عسی سه‌دام ـ عه‌فله‌قيدا، دوای
هه‌شت ساڵی‌تر له شۆڕش داسه‌پاند، ئه‌وه شۆڕش و پارتی و حزبی شيوعی و
کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بون، نه‌ک په‌لاماری سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی
عێراق، که د.ره‌فيق سابير نازانم به کام لۆژيک ده‌يڵێت.
ماويه‌تی
29/12/2008
|