وه‌ڵامێکی دۆستانه به پێشنیاره‌که‌ی به‌ڕێز نه‌وزاد شێردڵ ، ده‌رباره‌ی کێشه‌کانی ناوه‌ندی چاک !.
له‌دایک بونی چاک، پێویستیه‌کی هه‌نوکه‌ی وا بوو که دواخستنی، ده‌بوه مایه‌ی له‌بار چوون . ئه‌م پێویستی هه‌نوکه‌ییه ، له‌لایه‌که‌وه که‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاتی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر به‌فه‌رمی ناساندنی جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستان و به‌ته‌نگ نه‌هاتنی که‌سوکاری قوربانیان و له‌لایه‌کی تره‌وه ، ده‌وڵه‌مه‌ند بونی دامه‌زرێنه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی بوو له بواری ناساندنی جینۆسایدیکردنی گه‌لی کورد له ڕێگای یادکردنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان و تاڕاده‌یه‌ک ناسینی به دانیشتوانی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که تیایدا ده‌ژیان . بڕیاری دامه‌زراندنی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه ، هیواو ئاواتێکی مه‌زنی وای لای هه‌ڵسوڕاوانی دروستکرد که چاوه‌ڕێمان ده‌کرد له‌مڕۆ و سبه‌یدا بتوانین وه‌ک یه‌هودیه‌کان ، چۆن هۆڵۆکۆستیان کرده باس ولێکۆڵینه‌وه‌کانی شاره‌زایان و قسه‌وبڕیاری ناوه‌نده بڕیارده‌ره سیاسیه‌کان ، ئێمه‌ی کوردیش کیمیاوی بارانی هه‌ڵه‌بجه‌و بالیسان و ...... کرده‌وه نامرۆییه‌کانی تاوانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال بکه‌ینه کاغه‌زه پڕکراوه‌کانی سه‌رمێزه بڕیارده‌ره‌کان و بتوانین کێشه سیاسیه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌شمانی پێوه ئالوده بکه‌ین . به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هیوا و ئاواته‌مان ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند و ئه‌و خوشک وبرایانه‌ی که دوێنێ که‌پری سه‌ر سه‌ری یه‌کتری بووین، به‌ربوینه که‌رامه‌ت و بوختانکردن و سوکایه‌تی به‌یه‌ککردن . دیاره ئه‌م تاوانانه هه‌ر له‌خۆیانه‌وه سه‌ریان هه‌ڵنه‌دا، به‌ڵکو ئه‌نجامی کومه‌ڵه‌کارێکی نادروستی وا بوون که هه‌رگیز چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا . وه‌ک کاری ژێر به ژێر و ناڕێکخراوه‌یی و دروسکردنی ڕێکخراو له ناو ڕێکخراودا و گه‌نده‌ڵی به‌ڕێوه‌بردن و داریی ناو کۆمیته‌کان. له ڕاستیدا ئێستا چاک دوو به‌شه ، که ئه‌م دووبه‌ش بونه جێگای ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری ده‌یان له که‌سوکاری قوربانیان و دڵسۆزان و ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و هه‌ریه‌که‌یان به‌وشێوه‌یه‌ی که پێی دروست بووه ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌ربڕیوه . قه‌رزارباری خۆمان بۆ هه‌مو ئه‌و به‌ڕێزانه دووپات ده‌که‌ینه‌وه به‌تایبه‌تی نموونه‌ی وه‌ک خاڵه حه‌مه و کاک عه‌بدول قه‌رگۆلی و کاک خه‌لیل غه‌زه‌لی و کاک کامه‌ران عه‌زیز و کاک شه‌یدا بڵباس و کاک حه‌مه غه‌فور و کاک گه‌شبیر و دواکه‌سیش که دڵنیاین دواکه‌س نابێت به‌ڕێز نه‌وزاد شێردڵ که به‌و کورته پێشنیاره دڵسۆزی خۆی ڕاگه‌یاند بۆ ناوه‌ندی چاک، جه‌گه له چه‌ندین دڵسۆز و ڕێکخراو و ناوه‌ند که ئه‌وپه‌ڕی سوپاس و پێ‌زانین و ڕێزمان بۆیان هه‌یه، ئه‌مانه هه‌مووی به مانای دڵسۆزی دێت بۆ ناوه‌ندی چاک و له لایه‌کی تریش شه‌رمه بۆ هه‌ڵسوراوانی ناوه‌ندی چاک که خۆیان ئه‌وه‌نده نزم بکه‌نه‌وه تا ئه‌و ئاسته‌ی که گوێ له که‌سه دڵسۆزه‌کان نه‌گرن. ئێمه وه‌ک ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و که تا ماوه‌یک ناسرابووین به باڵی چاکسازی به ده‌م ئه‌م بانگه‌وازه‌ی به‌ڕێز نه‌وزاد شێردڵه‌وه هاتوین و ئاماده‌ین ده‌یان دۆکۆمێنتی کاغه‌زی و ده‌نگ بخه‌ینه به‌رده‌ست و ملمان له موو باریکتره به‌رامبه‌ر به شمشێری عه‌داله‌تی ڕاستیه‌کان. به‌مه‌رجێ هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی که له پێشنیاره‌که‌دا هاتوه وه‌ک خۆی جێبه‌جێبکرێ.
|