په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠٢٤

   وێنا پایزییەکان.

ئەرسەلان مەحمود

کات،
رژاوەتە ناو وشەکانەوە و
گەڵاکان فێرە ئەلفوبێی بێدەنگی دەکات!
لە نێوان دوو چرکەدا، سەدەیەک تێدەپەڕێت،
هەر وشەیەک موزەخانەیەک بیرەوەرییە،
رۆژە خۆڵاوییەکانمان با
بردنی!

لە کام لای
هاووێنەوە پایز دەست پێدەکات؟
لەو شوێنەی کە ڕەنگەکان خۆیان دەدزنەوە،
دوا تیشکی خۆر، سێبەری زستـان
هەڵدەخا.

رەنگەکان
دەمرن یان تەنها خەو دەیانباتەوە؟
کۆچ دەکەن بۆ جیهانی تر یان دەکەونە ژێر خاک؟
لەوێ، لە تاریکیدا، ڕەنگەکان نوێ دەبنەوە و نوێ
دەچنەوە سەر لێوە ڕەش مەیووەکانی
کاتەوە!

بیرەوەری
چـۆن بـە دەم باوە هەڵدەوەرێ؟
وەک تۆزی پەپوولە لە باڵی کاتدا،
هەر یادێ ئەفسانەیەکە بۆ نەوەی
داهاتوو.

ئەوەی
لەخەودا بێدار و بێدار ترە چییە؟
ئاگایی نهێنی درەختان لە ژێر تەمی خەریفدا،
گفتوگۆی بێدەنگی ڕەگەکان لەگەڵ
خاکدا.

مـانـگ
خۆی لە تاریکیدا دۆزیوەتەوە،
وەک چۆن شاعیر لە بێدەنگیدا دەدرەوشێتەوە،
تـاریکی، پـەردەی ڕوونــاکیی
شانۆیە.

بیری
پـایـزێک دەکـەم هێشتان نـەهـاتووە،
لە ناخی هەر تۆوێکدا، دارستانێک نووستووە،
چاوەڕێی بەهارێکە کە لە خەیاڵدا گوڵی
کردووە.

خەزان
ناوێکە نهێنیی بۆ لەدایکبوونەوە!
لە هەر وەرینێکدا، هەڵفڕینێک هەیە،
پایز، فێرگەی فێربوونی فڕینە بۆ
گەڵاکان.

درەختەکان
فـەلسەفـەی ڕووتـبـوونـەوە، فـێر دەبـن،
حیکمەتی ژیان دەدۆزنەوە، بێبەرگی شکۆی
سروشتە.

کاتژمێرەکان
لە ترسی وەستان خێراتر لێدەدەن،
کەچی ساتەکان لە پایزدا درێژتر دەبنەوە،
وەک بۆشایی نێوان دوو دڵۆپە باران
لەکازیوەدا.

ئەگەر
وشەکـان بووەرن، چـۆن بـاسی پایز بکەین؟
بـە زمانی سەمای گەڵا زەردەکان، بە ئاوازی
شەپۆلە رەنگ روونەکان لە تابلۆی سروشت
روودا؟

چۆن
بزانین سێبەرەکانی بیرکردنەوە چ ڕەنگێکن؟
لە ئاوێنەی خەیاڵدا، سێبەرەکان ڕەنگ دەگرن،
هەر بیرێک، پەڵەیەکی ڕەنگییە لەسەر بووم
ڕۆح.

شـەو،
خۆی لە ڕۆژدا شاردوەتەوە و
ئـاو، تینوێتی خـۆی لـە بیر چووەتەوە!
هەناوی ڕۆژ، هێلانەی شەوە، ئاو خۆی
لە فـەرامـۆشیدا دەدۆزێتەوە،
وەک تۆ.

کامیان ڕاستە:
بینین یان خەیاڵکردن؟
لە نێوان چاو و خەیاڵدا،
سنووری واقیع و خەون
تێکەڵاو دەبن.

با، چیرۆکی ساردبوونەوە دەگێڕێتەوە،
لـە زایەڵـەی بـادا، مۆسیقای گۆڕان دەژەنرێت،
هەر شنەیەک ئاوازێکە لە وەرزەوە بۆ وەرزی تر،
سترانە هەرە سپییەکانت بۆ دەڵێتەوە با.

گەرمی
لە دڵی بـەفردا خۆی حەشار داوە،
وەک چۆن عەشق لە ناخی نەفرەتدا دەشاردرێتەوە،
لە هەر سەهۆڵبەندانێکدا، بەهارێک
هەیە.

ئـایـا
وشەیەک هەیە هەرگیز نەوترابێ؟
لە قووڵایی بێدەنگیدا، وشە نەزاوەکان
دەلەرزن، چاوەڕێی لێوێکن بیانکاتە
گۆرانی.

بێدەنگی
زمـانـێکـە، سروشت پێی دەدوێ.
دەنگە نەبیستراوەکان گوێی بۆ دەگرن،
زمانی یەکەمی گەردوون لێرە فێر
دەبین.

لە کام
دێڕدا پایز دەبێتە زستان؟
لەو ساتەی کە ڕەنگەکان دەبنە تۆن،
یان کاتێک سپێتی باڵادەست دەبێت
بـەسەر پاڵێتی پایزیی دا
دەبارێ؟

لە ناوەڕاستی
وێنەیەکداین کە کەس نایبینێت!
هەریەک لە ئێمە، ڕەنگێکین لە تابلۆی بوون،
بەشێک لە شاکارێک هێشتا تەواو
نەبووە و نابێ.

کاتێک
وەرزەکان لە چرکەدا دەژین!
لە بازنەی ژیاندا، هەر خاڵێک دەکرێ سەرەتا بێت،
کۆتایی وەهمێکە لە خەیاڵی
کاتدا.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک